"an independent online kurdish website

به‌لای منه‌وه‌ لێدوانه‌كه‌ی خالید مشعل ده‌رباره‌ی سه‌ركه‌وتنی حه‌ماس له‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌، سه‌یر نه‌بوو، ئه‌و ده‌ڵێت: “زیانه‌كانمان ته‌كتیكییه‌ و زیانی دوژمنه‌كه‌مان ستراتیژییه‌ و سه‌ركه‌وتن به‌ڕێوه‌یه‌”. ئایا مشعل به‌م ساده‌ییه‌، ساڵێكی ره‌به‌ق له‌ وێرانكاریی كه‌ تووشی گه‌لی فه‌له‌ستین بووه‌، كورتده‌كاته‌وه‌؟


ئه‌م لێدوانه‌ی مشعل یان ئه‌م لێدوانه‌ی “ئه‌بو وه‌لید” وه‌ك ئه‌وه‌ی وا بانگی ده‌كه‌ن، لێدوانێكی كۆنی ئه‌وی بیرخستمه‌وه‌ كه‌ كه‌متر له‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر و دوای رووداوه‌كانی 7ی ئۆكتۆبه‌ر رایگه‌یاند و وتی ئه‌وه‌ی روویدا: “سه‌ركێشییه‌كی حیساب بۆ كراوه‌/ مغامرة محسوبة”.

من نازانم ئایا سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس، به‌ دروستی ئاگاداری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا چی روویداوه‌ یان نا؟ نازانم ئاخۆ مه‌به‌ستی له‌م لێدوانه‌ی بۆ دڵنه‌وایی خۆیه‌تی و ته‌نها له‌ سنوری قسه‌كردندا ده‌مێنێته‌وه‌ یان به‌ راستیی مه‌به‌ستییه‌تی.

ئه‌گه‌ر مشعل به‌ راستی وا ده‌ڵێت، ئه‌وا له‌سه‌رمانه‌ لێی بپرسین: ئایا زیانه‌ ته‌كنیكییه‌كان كه‌ ئه‌و له‌ لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێداوه‌، قوربانییه‌كانی شه‌ڕه‌كه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ زیاد له‌ 42 هه‌زار فه‌له‌ستینییه‌؟ ئایا زیاد له‌ 80 هه‌زار كه‌س ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ژێر داروپه‌ردوی باڵه‌خانه‌ رووخاوه‌كاندا برینداربوون، ئایا زیاد له‌ سه‌دا 90%ی دانیشتوانی كه‌رتی غه‌ززه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ئاواره‌بوون و ماڵ و حاڵیان به‌جێهێشتووه‌ و خانووه‌كانیان ته‌ختی زه‌وی كراون‌؟

له‌ به‌رامبه‌ردا و به‌ به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ زیانه‌كانی ئیسرائیل، ئایا زیانه‌ ستراتیژییه‌كانی ئیسرائیل، رزگاربوونی حكومه‌تی ئیسرائیل له‌ هه‌مو كۆت و به‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌خۆده‌گرێت؛ كه‌ وایكردووه‌ رۆژانه‌ به ‌ئاره‌زووی خۆی و بێ هیچ ترس و سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، تاوان و كوشتوبڕه‌كانی خۆی ئه‌نجامده‌دات؟

ره‌نگه‌ تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌ له‌ چه‌مكه‌كاندا هه‌بێت، ده‌نا مشعل چۆن چۆنی هه‌مو ئه‌م زیانانه‌ ده‌گۆڕێت و ده‌ڵێت حه‌ماس سه‌ركه‌وتووه‌؟!

راسته‌ له‌مڕۆدا بازرگانی به‌ “وه‌هم”ه‌وه‌‌، بازرگانییه‌كی باو و به‌ربڵاوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مو كاتێكدانا. من له‌و بڕوایه‌دام هه‌نووكه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر، هه‌ست به‌و وه‌همه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حه‌ماس هه‌وڵیدا تێیدا بژی و وایكرد زۆرێك له‌ هاوڵاتیانیش تێیدا بژین.

به‌ دڵنیاییه‌وه‌، من نامه‌وێت ئه‌و گوتاره‌ی مه‌شعل شیبكه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌كه‌م ساڵیادی هێرشه‌كه‌ی 7ی ئۆكتۆبه‌ر پێشكه‌شی كرد. وه‌لێ لێدوانه‌كه‌ی، وه‌ك لێدوانه‌كانی دیكه‌ی‌ رایگرتم، له‌وانه‌ بۆ نمونه‌ “ده‌ستكه‌وته‌كانی هێرشه‌كه‌ی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر، بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ درێژده‌بێته‌وه‌”.

به‌ڵێ به‌ڕێز مشعل، ناوچه‌كه‌ خه‌ریكه‌ له‌به‌ر ده‌ستكه‌وت گڕده‌گرێت! هه‌نوكه‌ لوبنانی بریندار له‌ رووی ئابوری و سیاسییه‌وه‌، باجێكی گه‌وه‌ری سه‌ركێشییه‌كانی حه‌ماس و حزبوڵڵا ده‌دات، موشه‌كه‌كانی ئیسرائیل ده‌گاته‌ یه‌مه‌ن و دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا.

خالید مشعل له‌ گوتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت كاروانی رێگای رزگاری، پێویستی به‌ باجی قورس و گرانبه‌هایه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی 42 هه‌زار كوژراو به‌س نه‌بێت! هه‌روه‌ها ده‌ڵێت په‌یامی تۆفانی ئه‌قسا، ئه‌وه‌بوو یه‌كگرتوویی به‌ره‌كانی مقاوه‌مه‌، ده‌بێته‌ هۆی سه‌ركه‌وتن و په‌رتوبڵاوكردنی تواناكانی ئیسرائیل و داوای كردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی نوێ ده‌كات، له‌وانه‌ش به‌ره‌ی كه‌ناری خۆرئاوا!

به‌لای به‌ڕێز مشعل-ه‌وه‌، ژماره‌ی شه‌هیده‌كانی غه‌ززه‌ و باشوری لوبنان و بێروت به‌س نییه‌، ئاخر سه‌رانسه‌ری ناوچه‌ی عه‌ره‌بی، گوێیان له‌ مشعل و له‌وانه‌ گرت كه‌ ئێران كۆمه‌ك و پشتگیرییان ده‌كات، ئێستاش ده‌یه‌وێت به‌ره‌یه‌كی نوێ بكرێته‌وه‌، واته‌ شه‌هیدی دیكه‌ی ده‌وێت.

به‌ڕێز ئه‌بو وه‌لید، سه‌ركه‌وتن به‌م رێگایه‌ نابێت، سه‌ركه‌وتن بریتییه‌ له‌ هه‌ستكردن به‌ قه‌باره‌ی هێزی خۆت و به‌كارهێنانی له‌ كات و ساتی گونجاو و به‌ شێوازی گونجاو، سه‌ركه‌وتن بریتی نییه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گوتاری وه‌هم و درۆزنه‌ سه‌ركه‌وتن و ده‌بێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی زۆرباشت بۆ بارودۆخه‌كه‌ هه‌بێت.

ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی تۆ ده‌ڵێیت وا به‌ڕێوه‌یه‌ و له‌و بڕوایه‌دایت نزیكه‌، به‌هۆی سه‌ركێشییه‌كانتانه‌وه‌ كه‌ وتت حساب بۆ كراوه‌، ئێستا زۆر دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌و گوتارانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی پێ چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن دوورتریش ده‌كه‌وێته‌وه.

سەرچاوە: وێستگانیوز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی