لەم رۆژانەدا بەهۆی پرۆژەی رەشنووسی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی عێراق 1959، مشتومڕی زۆر هەیە لەسەر ئەو یاسایە و وردەكارییەكانی، یەكێك لە دیارترینی بابەتەكانی پەیوەست بەو پرسە كە مشتومڕی زۆری لەسەرە رێگەدانە بە بەشوودانی منداڵ و پێنەگەیشتوو (ناباڵق)،
رەشنووسی پرۆژەكەش ئەركی داڕشتنی نێوەرۆكی یاساكە بە هەردوو دیوانی وەقفەكانی شیعە و سوننە دەسپێرێت بۆ ئەوەی بەپێی فیقهی هەردوو مەزهەبەكە ئامادە بكرێت. منیش بەپێویستی دەزانم بەر لەوەی ئەو (مدونە)انە لەلایەن هەردوو وەقفەكە ئامادە بكرێت گەشتێكتان پێبكەم بەنێو فیقهی سوننە و شیعە و ئاشناتان بكەم بەبابەتی بەشوودانی منداڵ و پێنەگەیشتوو لەنێو كتێبەكانیان.
كێ بە منداڵ و پێنەگەیشتوو ئەژمار دەكرێت؟
منداڵ: بەپێی پێناسەی رێكەوتننامەی مافەكانی منداڵ، بەو كەسە دەگوترێت تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بێت. لە فیقهی ئیسلامیش بەم شێوەیە پێناسەی منداڵ كراوە: بچووك لەساتی جیابوونەوەی لە دایكی -لەدایكبوونی- تا باڵق دەبێت. بڕوانە (حاشية ابن عابدين: 613. و نيل الأوطار: 7/331).
(القاصر) یان نەكارە و پێنەگەیشتوو، بریتییە لە هاوسەرگیری مێینەیەك بەر لەوەی بگاتە (بلوغ) یان بگاتە قۆناخی پێگەیشتن و (روشد).
کەی باڵق دەبێت؟
بڕیاردان بەكۆتاییهاتنی قۆناخی منداڵی و گەیشتنە قۆناخی (بلوغ) باڵقبوون لە فیقهی ئیسلامیدا بۆ مێ بە دوو شت دەبێت، یەكەم: دەركەوتنی نیشانەكانی، وەك: (احتلام) سێكسكردن لە خەودا، رووانی موو لەسەر شوێنی هەستیار و كۆئەندامی زاوزێ، سووڕی مانگانە، سكپڕبوون. دووەم: گەیشتنە تەمەنێكی دیاریكراو، كە لەمەشدا زانایانی فیقهی ئیسلامی رای جیاوازیان هەیە:
یەكەم: رای زۆرینەی زانایانی مەزهەبەكانی حەنەفی، شافیعی، حەنبەلی، بەشێك لە مالیكی بریتییە لە تەواوكردنی 15 ساڵ بۆ رەگەزی مێینە. بروانە: (المبسوط, للسرخسي: 9/184. والأم: 3/220. الانصاف: 5/320. والكافي: 1/331).
دووەم: لاى بەشێك لە زانایانی مالیكی، تەمەنەكە بەوە دەبێت ئەو مێینەیە 16 ساڵ تەواو بكات. بروانە: (منح الجلیل: 6/87).
سێیەم: باڵقبوون بەوە دەبێت مێینە 17 ساڵ تەواو بكات، ئەوەش قسەیەكە لای مالكییەكان و لە خودی ئەبوو حەنیفەشەوە گێڕدراوەتەوە. بروانە (ابن عبدالبر: 1/331. و ابن عابدین: 2/132).
چوارەم: هەر كاتێك مێینە 18 ساڵی تەواو كرد؛ ئەوە باڵق بووە، ئەوەش بۆچوونە باوەكەی مەزهەبی مالیكییە. بروانە: (منح الجلیل: 6/ 87).
پێویستە ئەوەش بزانرێت كە بریاڕدان بە باڵقبوون لەسەر بنەمای تەمەن لەلایەن شارەزایانی فیقهی ئیسلامی لەكاتێكدا كاری پێدەكرێت ئەگەر نیشانەكانی دیكە پێش ئەو تەمەنە دەرنەكەوتبن، بەڵام هەر كاتێك نیشانەكانی دیكە دەركەوتن ئەوا ئەو كچە بە باڵق ئەژمار دەكرێت، بەبێ گوێدانە تەمەنەكەی.
بەشوودانی منداڵ و ناباڵق
زانایانی شەریعەت دابەشبوونەتە سەر دوو بەرە:
بەرەی یەكەم: نابێ بەهیچ شێوەیەك منداڵ و ناباڵق بەشوو بدرێت، هیچ كەسێكیش نە باب و باپیر و نە كەسی دیكەش بۆیان نییە ئەو كارە بكەن و مێینەیەك پێش ئەوەی باڵق بێت بەشووی بدەن، هەر یەك لە (ابن شبرمة و أبوبكر الأصم) لەو بەرەیەدا هەن. بروانە: (المحلی: 9/459. و بداية المجتهد: 2/5).
بەرەی دووەم: دروستە منداڵ و مێینەی ناباڵق بەشوو بدرێت لەلایەن باوك یان باپیر، ئەوەش رای هەر یەك لە مەزهەبە دیارە سوننەكان لە حەنەفی، مالیكی، شافیعی، حەنبەلی و زاهیری. بڕوانە (البرح الرائق: 3/83. اللباب في شرح الكتاب: 1/251. وبداية المجتهد: 2/7. والمهذب: 2/40. وحاشية البجيرمي: 3/358. وكشاف القناع: 5/62).
بەڵگەكان:
ئەوانەی رەوایەتی بە بەشوودانی مێینەی ناباڵق دەدەن چەند بەڵگەیەكی شەرعییان بەدەستەوەیە، لەوانە:
لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: (واللائي يئسن من المحيض من نسائكم إن ارتبتم فعدتهن ثلاثة أشهر واللائي لم يحضن) (الطلاق: 4) واتە: ئەوانەشی كە هێشتا نەگەیشتوونەتە سووڕی مانگانە پێویستە لەسەریان لەكاتی جیابوونەوەیان (عیدە) بكێشن، واتە كاتێكی دیاریكراو چاوەرێ بكەن بەر لەوەی شوو بكەنەوە.
خوا دەفەرمووێت: (وأنكحوا الأيامى منكم) (النور: 32) واتە: ئێوە ئەو یەتیمانە مارەببڕن كە هاوژینیان نییە. دیارە كە یەتیمیش بە بچووك دەگوترێت بەر لەوەی باڵق بێت.
لە فەرموودەشدا لە عائیشەوە (ر.خ) هاتووە: “أن النبي صلى الله عليه وسلم تزوجها وهي بنت ست سنين، وأدخلت عليه وهي بنت تسع” (البخاري 3894 ومسلم 1422)، كەواتە پێغەمبەر (د.خ) عائیشەی لە تەمەنی حەوت ساڵی مارەبڕیوە و لە تەمەنی نۆ ساڵیش چووەتە لای، لەبەر ئەوە درووستە هەر تاكێكی دیكەی موسڵمان هەمان رێچكە بگرێتە بەر و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا ئافرەتێك بگوازێتەوە و بیكاتە هاوژینی خۆی.
پێشەوا شافیعی یاداشتی كردووە زیاد لە هاوەڵێكی پێغەمبەر (د.خ) كچەكانیان بە منداڵی مارەبڕیوە. بڕوانە: الأم: 7/163)، كەواتە مارەبڕینی منداڵ لەناو عەرەب ئەو كات نەریتێكی باو بووە. زانای دیار (ابن المنذر)یش كۆی رای زانایان لەو بوارەوە دەگوازێتەوە كە كۆكن لەسەر رەوایەتی بەشوودانی منداڵی ناباڵق. بروانە: (الإجماع: 1/78)
هەڵوەشاندنەوەی مارەبڕینی ناباڵق
سەرەڕای ئەوەی كە زانایانی چوار مەزهەبە دیارەكەی دنیای سوننە و مەزهەبی جەعفەری كە مەزهەبە سەرەكییەكەی دنیای شیعەیە، كۆكن لەسەر شەرعیەتی بەشوودانی مێینە پێش باڵقبوون و پێگەیشتن، بەڵام قسەشیان لەسەر ئەوە كردووە ئایا ئەو مێینەیە كە باڵقبوو بۆی هەیە ئەو مارەییە هەڵوەشێنێتەوە یان نا؟
یەكەم: بەگشتی بۆی هەیە ئەو مارەبڕینە هەڵوەشێنێتەوە جا هەر كەسێكی ئەوەی كردبێت باوكی بێت یان كەسانی دیكەی، ئەوەش بە رای هەر یەك لە: حسن (ك: 110ك)، عمر بن عبدالعزیز (ك: 101ك)، عطاء (ك: 114ك), طاووس (ك: 106), قتادة (ك: 118ك)، ابن شبرمة (ك: 144ك)، والأوزاعي (ك: 157ك)، بەڵام هەندێك لەوانە ئەو مافەیان بەو مێینە نەداوە ئەگەر لەپێش باڵقبوونی لەلایەن باوكی یان باپیرییەوە مارەبڕابێت.
دووەم: بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە ئەو مارەبڕینەی هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەش رای (أبو یوسف) لە حەنەفییەكان و مەزهەبی حەنبەلیشە. بڕوانە: (شرح فتح القدیر: 3/278. والمغنی: 7/ 383).
هاوسەرگیری منداڵ و ناباڵق لای شیعە:
زانا هەرە دیار و متمانەپێكراوەكانی مەزهەبی جەعفەری شیعە وەك: (الكليني، العلامة المجلسي، الشيخ المفيد، الطوسي، الطبرسي و… هتد) هاوڕان لەسەر بەشوودانی منداڵی بچووك لەلایەن باوك یان باپیر، هاوكات رەوایەتیشیان بە بەشوودانی مێینە داوە كاتێك تەمەنی نۆ ساڵ تەواو دەكات، كولەینی لە كتێبە متمانەپێكراو و بەناوبانگەكەی (الكافي) دەیان فەرموودەی لە رێگەی (ئال و بەیت)ی پێغەمبەر (د.خ) گێڕاوەتەوە كە رەوایەتی بە بەشوودانی مێینە دەدەن كاتێك نۆ ساڵ تەواو دەكات، مەجلیسیش لە كتێبەكەیدا (بحار الانوار)دا بەهەمان شێوە كۆمەڵێكی زۆر ریوایەتی بۆ پاڵپشتی ئەوە هێناوە، ئەو نۆ ساڵییە نابێتە بەربەست لە بەردەم مارەبڕینیان ئەگەر ئەوەی مارەیان دەبڕێت باوك یان باپیر بێت، واتە باوك و باپیر بۆیان هەیە كچ و نەوەیەكەیان بەشوو بدەن بەر لەوەی بگاتە نۆ ساڵیش، بەڵام ئەو كچە بۆی نییە گرێبەستەكە هەڵوەشێنێتەوە كە باڵق بوو، كەواتە مادام لەلایەن باوك یان باپیرییەوە مارەبڕاوە ئەوە تەنیا رێگەی خۆبەدەستەوەدانی لەپێشە. بڕوانە: تهذيب الأحكام، الطوسي: 7/ 382. ووسائل الشیعة: 20/104).
زانایانی سەردەمیش وەك لێڤەگەڕی باڵای شیعە سەید عەلی سیستانی، بە روونی لە كتێب و فەتواكانیاندا لەسەر هەمان رێچكەی زاناینی پێش خۆیان رۆیشتوون. بڕوانە: منهاج الصالحين, بەرگی دووەم و پێگەی فەرمی نووسینگەی سیستانی لە ئینتەرنێت.
مارەبڕین یەكسان نییە بە سێكسكردن
زۆرینەی رەهای ئەو زانایانەی رێگەیانداوە باوك یان باپیر، كچ یان نەوەكەی بەر لە باڵقبوون و بە منداڵی بەشووبدات، كۆكن لەسەر ئەوەی مارەبڕین یەكسان نییە بە سێكسكردن، بەو واتایەی بۆیان هەیە بەشوویان بدەن بە منداڵی، بەڵام هاوسەرەكانیان بۆیان نییە سێكسیان لەگەڵ بكەن تا دەگەنە تەمەنێكی وا لەرووی جەستەییەوە توانای سێكسیان دەبێت، ئەمەیش گرنگە كە بزاندرێت بۆ ئەوەی نەكەوینە بێویژدانی لەكاتی قووڵبوونەوە لەو بابەتەدا.
سێكسكردن و چێژوەرگرتن لە ناباڵق
جگە لە سێكسكردن لەگەڵ مێینەیەك نۆ ساڵی تەواو نەكردبێت، هاوسەر بۆی هەیە چێژ لەو ژنە بچووكەی وەربگرێت بە دەست لێدان، ماچكردن، بۆن، هەتا ئەندامی زاوزێشی بخاتە نێوان هەردوو رانی، لەبەر ئەوەشە ئەو بابەتی چێژوەرگرتنە لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا بە فەتوای رانەكان (فتوی الفخذين) يان (التفخيذ) ناوی دەركردووە، شەرعزانان كە رێگرییان كردووە نێر و مێ لەدەرەوەی هاوسەرگیری چێژ لەیەكتر وەربگرن، لێرە رێگەیانداوە یەك لایەنە نێر چێژ لە مێینەیەكی بچووك وەبگرێت، بەڵگەكەشیان بوونی مارەكردنی شەرعییە، ئەوان دەڵێن مادام ئەوانە مارەبڕان ئەوا هەر جۆرە چێژ لەیەك وەرگرتنێك رێگەپێدراوە، تەنیا سێكسكردن نەبێت، ئەمەیش چونكە توانای ئەو كارەی نییە، بۆ ئەمەیش زۆر جار پەیڕەوانی سوننە و شیعە بەو “فەتوای رانەكان” لەیەكتر دەدەن، بەڵام لەراستیدا لە كتێبەكانی فیقهی هەردوولایان ئەو بابەتە رێگەپێدراوە لای بەشێكی دیاری زانایانی هەردوو لا. بۆ دڵنیابوونەوە لە بۆچوونی زانایانی سوننە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەكانی: حاشية رد المحتار: 3/622. و البیان في مذهب الإمام الشافعي: 4838. هەرچی سەرچاوەكانی شیعەشە ئەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەكانی: العروة الوثقى: 2/ 644. و وسيلة النجاة: 3/145. ومباني في شرح العروة الوثقى: 1/ 126. وتحرير الوسيلة: 430. ومستمسك العروە: 14/ 80.
شوێنەوارە خراپەكانی بەشوودانی ناباڵق
سكپڕی لەكاتێكی زوودا كۆمەڵێك شوێنەواری خراپی لێدەكەوێتەوە، لەوانە: پشتئێشە، خوێنبەربوونی بەردەوام، هەوكردنی كۆئەندامی زێ، سكئێشە. ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزربوونەوەی رێژەی مردن لای هاوەسەرە گچكەكان.
تەواونەكردنی كاتی سرووشتی سكپڕی و لەبارچوون، ئەو بچووكەی هێشتا نەشونمای تەواو نەبووە لەرووی جەستەییەوە رەنگە تووشی كەمخوێنی ببێت، لەبەر ئەوە رێژەی مردنی ژنانی بچووكی نێوان 15 بۆ 19 زیاترە وەك لەوانەی سەرووی 20 ساڵی.
سكپڕی و منداڵخستنەوە مەترسی گەورەی تێدایە لەكاتی هەرزەکاری، بەپێی داتاكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ كەمترە پێنج ئەوەندە زیاترە لەوانەی لەو تەمەنەن بەهۆی موزاعەفاتی سكپڕی و منداڵبوون، لەوانە: بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن، خوێنبەربوون، لەدایکبوونی منداڵی لاواز، بەهۆی ناتەواوی جەستەیی و فسیۆلۆژی.
لە رووی كۆمەڵایەتییەوە:
– ناشارەزایی لە بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵ و ئەرك و بەرپرسیارێتی خێزان، كە زۆربەی جار دەبێتە هۆی كێشەی قووڵی خێزانی و رەنگە سەربكێشێت بۆ جیابوونەوە و هەڵوەشانەوەی خێزان.
– دابڕان لەخوێندن و خۆپێگەیاندن.
– نەبوونی و لازبوونی پێگەی ژن لەناو خێزان بەهۆی كەمتوانایی و كەم زانیاری و هەژاری مەعریفە.
تێبینیەكانی ئێمە
– پێویستە بەر لەهەر شتێك ئەوە بزانین كە ئەو بۆچوونانە زادەی تێگەیشتنی مرۆڤە لە دەقە شەرعییەكان، دواجار مرۆڤیش هەڵە دەكات، هیچ مرۆڤێك پارێزراو (معصوم) نییە و هیچ موسڵمانێكیش لەسەری پێویست نییە پەیڕەوی تێگەیشتنی كەسێكی دیكە بۆ دەقە شەرعییەكان بكات، مەگەر نەخوێندەوار بێت، لەبەر ئەوە هەموو ئەو رایانە هەوڵی تێگەیشتنە لە ئیسلام نەك خودی ئیسلام بێت و پیرۆز بن.
– تێگەیشتنی زانایان زادەی مەعریفە و دنیابینی و ئەو كاتەیە كەتێیدا دەژین، لەبەر ئەوەشە زانایان جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە فەتوا بەپێی (كات، شوێن و خەڵك) دەگۆڕێت، بەو واتایەی فەتوایەك ئەگەر گونجاو بووبێت بۆ ناوچەیەكی جیوگرافی لە سەردەمێكی دیاریكراودا مەرج نییە بگونجێت بۆ پەیڕەو لێكردن تا كۆتایی دنیا.
– بەشێكی دیاری فەقیهـ و شەرعزانانی دنیای ئیسلام پێگەیشتن (الرشد)یان بەمەرج داناوە بۆ ئەوەی سەروەت و سامانی هەتیوەكە كە گەورە بووە بخرێتە بەر دەستی تا خۆی مامەڵەی پێوە بكات، لەكاتێكدا تەنیا نۆ ساڵیان داناوە بۆ ئەوەی مرۆڤێكی بخرێتە بەر دەست، ئەرێ بەڕاست مرۆڤ گرنگترە یان سەروەت و سامان؟ باشە ئەگەر بۆ خستنە بەردەستی سەروەت و سامان (پێگەیشتن) مەرجبێ كە زۆربەی كات بە 18 ساڵ خەمڵاندوویانە، ئەی نەدەبا بۆ ئەوەی خانمێكی تەسلیم بكرێت هیچ نەبا ئەوەندەی سامان نرخیان بۆی دانابا؟ یان خانم لە ماڵ بێبەهاترە؟!
– بابەتی هاوسەرگیری پێغەمبەر (د.خ) لەگەڵ عائیشەی دایكی باوەڕداران گفتوگۆی زۆری لەسەرە، زۆر بە كورتی: هەندێك زانایان دەڵێن ئەوە تایبەت بووە بە خودی پێغەمبەر و شوێنكەوتووانی بۆیان نییە هەمان شت بكەن، توێژینەوەش هەیە دەیسەلمێنێت تەمەنی دایكی باوەڕداران عائیشە ئەو كات 18 ساڵ بووە نەك نۆ ساڵ.
– كاتێك زانستی پزیشكی ئەوە دەسەلمێنێت ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە ناپێگەیشتووە دەبێتە هۆی پێگەیشتنی ئەو هەموو زەرەر و زیانانە، پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: (لا ضرر ولا ضرار)، ئەوەش بووەتە بنەمایەكی فیقهی ئیسلامی، كەواتە پێویستە مەرجەعە باڵاكانی دنیای ئیسلام و دامودەزەگاكانی فەتوا بوێر بن و رێگری بكەن لە هەر جۆرە هاوسەرگیری و مارەبرینێكی پێش 18 ساڵ وەك ئەوەی شێخی ئەزهەر ئەحمەد تەیب كردوویەتی.
– بەشوودانی منداڵێك لەسەر بێشكە یان هەتا لە نۆ ساڵیش كە هێشتا هەر خەریكی یارییە سەندنەوەی كەڕامەتە لە مرۆڤ، ئەو كەڕامەتەی خوا پێیداوە (ولقد كرمنا بني آدم) (الإسراء: 70).
– بەشوودانی مرۆڤێك بەر لەوەی هیچ جۆرە پێگەیشتنەك و تێگەیشتنێكی بۆ دنیا لا دروست ببێت و بەزۆر بیخەیتە ماڵێك و بەر كەسێك بۆ هەمیشە؛ بەڕاستی ستەمە، ستەمیش لە دەیان دەقی قورئان و فەرموودە حەڕام و قەدەخەكراوە.
– بابەتی رێگەدان بە بەشوودانی منداڵ بەبێ ئەوەی هیچ حیسابێك بۆ خواست و ویستی ئەو كچە بكرێت بەناوی (ولی مجبر) ئەوە بۆ سەردەمی خۆی بووە، ئێستا لەم سەردەمی پێشكەوتنی زانیاری و زیرەكی دەستكرد و ئەو چیرۆكە دڵتەزێنانەی كە بەرگوێمان دەكەون لە ستەمی باوك یان باپیر لە منداڵەكانیان و رەچاو نەكردنی بەرژەوەندی ئەو منداڵانە پێچەوانەی ئەو مەرجانەیە كە زانایانی شەرعزان بۆ (ولی مجبر) دایانناوە و پێویستە رێگری لەو خراپەكاریانە بکرێت كە لەو دەرگایەوە دێنە ژوور و بابەتی (ولی مجبر) بە یەكجاری كۆتایی پێبهێندرێت.
– بەشوودانی منداڵی ناو بێشكە و دواتریش بەر لەوەی پێبگات پێچەوانەیە لەگەڵ مافی ژن لە بڕیاردان لەسەر پێكهینانی ژیان و رەزامەندی دەربڕین، ئەوەیش هیچ رەوایەتییەكی نیە و پێویستە بوەستێندرێت، چونكە دەقەكان بەروونی سەنگیان بە رەزامەندی ئافرەت داوە، هیچ نرخێكیش بۆ ئەو رەزامەندییە نییە كە لە منداڵێكی ناپێگەیشتووەوە و دەردەچێت، كەواتە پێویستە چاوەڕێ بكرێت تا خۆی دەگاتە (روشد) و ئەو كات خۆی ئەگەر رازی بوو مارەببڕێت.
دواجار دەتوانم بڵێم: “ئەوەی ئێستا دەكرێت لە بەشوودانی منداڵ و ناباڵق و ناپێگەیشتوو بەبیانووی ئیسلام و خواو پێغەمبەر ئەوە ستەمە لە مرۆڤ و بگرە لە خوا و پێغەمبەریش!”.