"an independent online kurdish website

  کاتێ تامووسکی ده‌نگت دێته‌ هاوار

 به‌ گۆنای گوڵا شه‌ونم دێته‌ خوار

 هه‌ستی په‌نگخوارده‌ی ده‌روونی ئاوه‌نگ

 ئه‌بێت به‌ به‌سته‌ و ئه‌بێت به‌ ئاهه‌نگ

 پاشان ئه‌فڕن بولبولی دڵان

 بۆ دیداری گوڵ گوڵی سه‌رچڵان

 به‌ یادی تۆوه‌ ده‌س له‌ مل ئه‌که‌ن

 هه‌ستی ئاگرێن ئاڵوگۆڕن ئه‌که‌ن

 ئێژن: هه‌ر گه‌شه‌ گوڵی فه‌تانه‌

 هه‌تا بمێنین وا له‌ باخمانا –

 ده‌نگی‌‌ ئاهه‌نگی سه‌بری گوڵفروش 

دڵی پیر و لاو ئه‌خاته‌ خورش!

**

ئه‌و چه‌ن رسته‌ پێموابێ بیست ساڵ پێش نووسیومه‌، له‌و‌ کاته‌دا یا له‌ ده‌م یه‌کێ له‌ دۆستانم بیست یا له‌ سایتێکی ئه‌نترنێتیدا بینیم که‌ (فه‌تانه‌ وه‌لیدی) ماڵئاوای له‌ ژیان کرده‌، ئه‌و چه‌ن دێڕم نووسی و ره‌وانه‌م کرد بۆ چه‌ن سایتی کوردی. دۆستی خۆشه‌ویستم کاک فاتێح مه‌ردووخ ئاگاداری کردمه‌وه‌ که‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ دروست نییه‌. هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ به‌ نووسراوه‌یه‌کی کورت داوای لێبوردنم له‌ به‌ڕێز فه‌تانه‌ وه‌لیدی و خزموکه‌سی کرد و سپاسی زۆر بۆ کاک فاتێح مردووخ.

25/9/2024

سه‌عی سه‌قزی قایشی

پێشمەرگەکان: مەراسمی بەخاک سپاردنی هونەرمەند فەتانە وەلیدی بە سەر شانی ژنانەوە

رووداو دیجیتاڵ:  فەتانە محەممەد شەریف وەلیدی ناسراو بە فەتانە وەلیدی، خانمە هونەرمەندی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی 71 ساڵیدا لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دواییکرد.

 بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، فەتانە وەلیدی ئێوارەی سێشەممە 2024-09-24 لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە کۆچی دواییکردووە.

 فەتانە وەلیدی لەدایکبووی 1953ی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بڕوانامەی میوزیکی لە زانکۆی تاران بەدەستهێنا و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا لە رێگەی حەسەن کامکار و محەممەد شەریف وەلیدی باوکیەوە ئاشنای جیھانی میوزیک و هونەری گۆرانی بووە.

فەتانە دەنگێکی دیاری هونەری کوردییە و خاوەن 56 گۆرانییە، کە لە رادیۆکانی سنە و کرماشان تۆمار کراون.

 تەرمی فەتانە وەلیدی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024/09/26 لە شاری سنە بە خاک سپێردرا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی