"an independent online kurdish website

ئەگەر بە ڕوحێکی ئارام و نیازێکی پاکەوە لە دروست بـوونی مرۆڤ ڕابمێنی. بتەوێ ڕاستیەکی لێ دەربێنی، دەردەکەوێ خودی مرۆڤ توانا و زانست و لێهاتوەکانی بۆ ئاوەدانی جیهان،


  بەختەوەری و دابین کردنی هیمنی و ئارامی دروستکراون. بۆ دەستەبەرکردنی ئەوئامانجە مەزنە، هەرکامەیان شارەزای  شتێکن و توانای ئەویان هەیە. عەقڵ و شعور و  زانستی جۆراوجۆریان هەیە، تا هەر کامەیان لە لای خۆیەوە کەلین و کەلەبەرەکانی ژیان پڕ کاتەوە. بۆ ئەو مەبەستە بەهۆی کەسانی لێزان و دیـار یـاسا و قـانـونی جـۆراوجۆر دانراون و دادەنرێن. لە دنیای ئیسلامـدا ئـەو پـڕۆسەیە لە قـورئاندا بە تەواوی دارژاوە و سەر لەبەر شێوەی ژیانی مرۆڤ و پیداویستیەکانی گونجێندراوە. کورت و پوخت ، سەرجەم دینەکانی خوایی بۆ ڕێنوێنی و شارەزا کردنی مرۆڤەکان بە چۆنیەتی  ژیـان و تـێـکۆشان و چی بکەیـن و چی نـەکەین نـاردراون، بـۆ ڕاگەیاندنیان پەیامبەران لە لایەن خواوە مەعمورکراون. شعورو زانستی گەلێک پیداون  تا بتوانرێ کەڵکی پێویستیان لێوەر بگیرێ. بـەداخـەوە  مـرۆڤ عەجولە، سەرکێشە، لاسارە، ئێرەیی بەرە، چاوچنۆکە، خولیای هـیـز و دەسەڵاتە. بۆ گەیشتن بەو حەز و ئارەزویانەی خۆی دەست بۆ هەموو کردەوەیەکی نەشیاو  دەبا. ئەو بیرە شومە، ئەو ویستە ناڕەوایـە کارێکی کردوە، کەس بـڕوای بەکەس نەماوە، چونکە برا غەدری لە برا کردوە و خەڵکیتریشی بە درۆ فریو داوە. ئـەو دنـیـایـەی کە دەبـوو بـبـێـتە گۆڕەپـانی ژیـانێکی ئەمـیـن و ئارام و  شەڕافەتمەندانە و بەختەوەرانە، بۆتە  ئامراز و کەرەسەیەک، وەک جەهەندەم  دەسوتێنێ. بەزەیی و ڕوحم دەمرێنێ. مـرۆڤ بـۆتـە مـاشـێنی مەرگ و وێرانی. دنیای خۆشەویستی و هاوکاری و برایەتی، بۆتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانە و دوژمنایەتی. بازاڕی عەقڵ و مەنتیق بە تەواوی کەسادە. دوکانی شەڕاژۆیی و زۆرە ملی و ملهوڕی، جمەی دێ لە مشتەری. مافی مرۆف و یاسای بەخشین و لێبوردەیی، هەر ناویان ماوە و کەس ئاوڕێشیان وێنادا. من دڵنیام ئەو وەزعە  نا لەبار و  مەترسیدار و هە مەلایەنە، تایبەتی وڵاتێک و نەتەوەیەک نیە. خۆ سەپاندن و سوننەت شکاندن، بۆتە باوی ڕۆژو . سوژەو مەبەستی باسەکەی من هەمودنیا نیە.چۆنکە خۆم باوەڕی ئایینیم هەیە ڕوی قسەم لەموسوڵمانانە  .چونکە هەرکەس ماڵی خۆی بۆچاک نەکرێی بێگومان ناتوانی مالی خەڵک  چابکا! بەڕاستی ئەوەی لـە دنـیای بـەناو موسوڵمانان دەگوزەرێی ئازارێکی بەژان ودەردردێکی بێدەرمانە ، ڕەوتێکی غەڵەت ومەترسـیـدارە .  بـڕوانە قانونی بنەڕەتی وبڕواپێکراوی ئیسلام قورئانە، یەک بەناوی ئیسلام خەڵکی  پێدەکوژێی، یەکـیـتـر هـەربـە نـاوی ئـیسلام دەیسوتێنی!! ئیسلام دوای کابە مزگەوت بە پێرۆترین مالی سەرزەوی دەزانێ ، یەکیش هـەر بەناوی خواو  ئیسلام وێرانی دەکا، یەکیش ئاوەدانی دەکا!! دێنێک کە خوائیسلامی ناوناوە،  قانونێک کە بەقورئان ناسراوەولە ئیختیاری مەرۆڤ بە تایبەتی موسوڵمانان دایە. هەر بـڕیارو کردەوەیەک لەدەرەوەی ئوسولو دەستورەکانی ئەوبێی  لە لای خوا قبوڵ نەکراوە ، ئەرکو واجبەکانی هەمو یەکن وخوا چۆنی ناردون زیادو کەمیان نیە. هەمو یاساوڕاساکانی بۆ بەرژەوەندی مرۆڤەکانە .بۆهیچ  مە بەستێک ڕێگەی گۆڕین ودەست تیوەردانی نەدراوە. سەرجەم قورئان و دین بۆ شارەزا کردن و گەیشتن بە بەختەوەری مرۆفەکانن . نە لە قورئاندا و تەنانەت لە بەرنامەو پڕۆگڕامی مرڤەکانیشدا یەک وشەش بۆ ڕۆژ ڕەشی مرۆڤ نەهاتوە ، ئەوە مرۆڤ خۆیانن ئەو یاساو ڕاسا  غەڵەتانەیان بە ناوی ئـیـسلام بـۆ دونـیـای مـرۆڤـایـەتی دانـاوە. ئـەو ئـیسلامـە کە هـەمـوئـوسـول بڕیارەکانی هەر یەک ونەگۆڕن ، کەچی مخابن مـرۆڤەکان  بۆ دابینکردنی حەزو ئارەزوو بەرژەوەندی خۆیـان دەیـان دیـنو مـەزهـەبـیـان تـێدا هێناوە، بۆ وێنە : لە ئیسلامدا سونەو شیعە ، لـە سوننەدا شافعی ، حەنەفی ،  مالکی وحەبنەڵی وهیتر لە شیعەدا ١٢ ئیمامی ،عەلیەڵاهی وجەعفەری ، وێلایەتی وهتد . ئیزەدی،یارسان،  زۆریتر کە من یان ناویان نازانم یان لە بیرم نین. واتە ئەوهەمو لکە لە یەک دار پەیدابون  کە میوەی  گشتیان تامی جیاوازی  هەیە. سەد حەیف مخابن لەکوردستانە داگیر کراوەکەی ئێمەدا،لە هەمودنیا  زیاتر پەرەی پێدراوە.هـەمـو بـەخەیـاڵ یەک خوا دەپەرستن کە دەیان جێگر واتە خوای چکۆڵە ، وەک بوتەکانی پێش ئـیسلام بـۆ دروست کردوە،  هەر هەمویان دوژمنی یەکترنوکەس ناتوانێی حاشای لێبکا هەربە ناوی ئەو دینە یەکتریان بەکافر ناوبردوەوفتوای جیهادوکوشتو قەڵاچۆکردنیان داوە.بڕوانن  یـەکێک لـە مـەرجەکانی مـوسـوڵـمـان بـون ئـەوەیـە کـە بــڕوات بـە گــشت پەیامبەرانی خواهەبێی، ڕەد کردنەوەی هەرکامیان بە مانای ڕەد کردنەوەی دینەکەیە . بەڵام  لـە ئیسلامی ئـەوڕۆدا نەک دەگەڵ ئۆمەتی پەیامبەرەکانیتر بـەڵکو لە نێو پەیڕەوانی یەک دینـیش کە ئـیسلامـە ، نـەک جـیـاوازی بـەڵکو دوژمـنایـەتی قـوڵ و خوێـنـاوی هـەیـە !! زۆر بە داخـم زەبری زۆر قورس لە ئیعتیبار و کەسایەتی ئەو دنیە دراوە، بەداخترم لە دەرەوەی دینیش مـرڤایەتی  ڕیز و ئیعتیباری نەماوە ، بەداخم هـەر ئەوانەی بەدرۆ، یان بە نەزانی خۆیان  بە موسوڵمان داناوە ، هەر ئەوانن ئـەو خەسارە قـورسەیان  لە مرۆڤایەتیش داوە. کێشەکە بەڕای غەیرە موسوڵمان نیە ، ئەوان بـڕوایـان بە دینەکەی تۆ نیە وبێگومان نە شوێنی دەکەون ونە تاریفیشی دەکەن. ئەو شەڕو گەنگەشە ترسناکەی لە دنیای ئیسلام دا لە ئارادایە. نە بۆ دنیە ونە فڕی بەدینەوە هەیە  و نەهیچ بەهرەیەکی بۆ ئیسلام و موسوڵمـانـان هـەبـووە و دەبێ! مـن خـۆشـم موسوڵمانم  و بەشم بەو هەڵەو پەڵانەشەوە هەیە ، بەڵام ڕاستی کوتن گوناح نیە، خواش ڕاستگۆی خۆش دەوێن. ( قولوألحق ولو علینا ) کەسێک لەکوتنی عەیبی خۆی بـتـرسێـی نـاتـوانێ و ناشوێـرێ عەیبی کەسانیتر بڵێی . لە دوا قسەدا دەڵێم : موسوڵمانان بە دەستی خۆیان ئاگرێکیان لە ماڵی خۆیان بەرداوە  کە خامۆش کردنی ئەگەر محاڵ نەبێ ، هاسانیش نیە !!

بۆ ئەوەی موسوڵمانان بزانن و مامۆستایانی ئاێینیش لە خەوی غەفڵەت ڕاپەڕن  ئەرکی ئایینیانە ئەو گشتە جـێـگرەوەی خواکە هـەرکامـەیـان جـۆرێـک بــیر دەکاتەوە  بە ناوی ئیسلام فتوای دژ بەیەک دەردەکەن، دەبێێ بڵێن خوا هەر یەکە و جێگرەوەشی نیە. خواش فەرمـویە { لوکان فیهما ألهة إلا أللە ،لفسدتا } ئەگەر لەو زەوی و ئاسمانانەدا  چند خوا هەبان فاسد دەبوون و تێک دەچوون . ئەگەر بەودیوەی ئەوڕۆشدا تەماشای کەی ئەو کوشتار و جینایەت و سوتـانـ و  وێرانکاریە، خواکانی سەرزەوی دەیکەن و کەس ناتوانێ ئەویتر قبوڵ بکا . پێشینانیش کوتویانە دو پادشا لە یەک وڵاتدا ناحاوێنەوە.

ئاکام باسەکەم ئەوەیە ئیسلام یەکە، قورئان یەکە، پەیامبەرەکە یەکە، ڕۆگە ( قوبڵە ) یەکە، ئوسولەکانی دینی یەکن.کردەوە و پاداش و سەزاکانی ئی هــەر کەس بۆخۆیەتی. بۆ حیساب و کیتابیش خوا حەشر و قیامەتی بۆ لێپرسینـەوە داناوە! پێم ناڵێن بۆچی سەرتان لـەو خەڵکە شـێـوانـدوە، کە بـە هـەزاران لەو ڕێگە هەڵە و هەتڵەیە سەریان داناوە. شیرازەی ژیانی مرۆڤایەتی بە تەواوی شێواوە، تەنانەت نیزیکترین کەسەکانیش بڕوایان بە یەکتر نەماوە . بەڕێزان منیش موسوڵمانم، بەشی خۆشم کەمێک لەو دینە دەزانم . باوەڕیشم وایە و قبوڵیشمە، لە بارەگای خواشدا خۆم بەر پرسیاری قسە و کردەوەکانـم دەزانـم فرشتەش نیم ئینسانم، پێموایە مرۆفەکان بەگشتی بگەڕێنەوە سەر ئەسڵەکەی  خۆیان کە ئینسانن و ئەوانیش خوا ئەرک و مافی بۆ دیاری کردون و تەنـیا بەڕێوە بردنی دەوێێ. ڕێبەرانی دینیش دەبێ فەرمان لـە قـورئان وەرگرن. بەداخەوە ئەو شەڕە وێرانکەرە دەمـارگرژی و تێنەگەیشتویی و خۆویستی و کەس نەویستی و بەرژەوەندی تاکی گروهی، یـان بـاشتر بـڵێم چاوبەستن و بە لاڕێدا بردن هەلـێگـیـرسانـدوە، مەگەر خوا بیکۆژێنێتەوە ئەگینا بەکەس نـاکوژێـتـەوە.دنـیـای ئـیـسلامـیش سـەرەڕای زیـادبـونی نفوسەکەی. لەباری مەعنەویو ناوەرۆکەوە، وەک مۆتەی مەرگ نـاسراوەوئوفتی کردوە. بۆوێنە  خوا فەرمویە { ألا بذکرأڵلە تطمئن القلوب} کە چی کۆماری ئیسلامی ئێران  بـە نـاوی خـوا بـەبـێ دادگایی خـەڵـکی ئـیعدام دەکرد بە نێوی (مفسیدی فی الأرض)یان بـە {أللـە أکبـر} شـەلـم کوێـرم کەس نـابـوێرم خەڵکی کوردیان دەکوشت، واتە لەجیاتی بە بیستنی نـاوی خـوا دڵـنـیـایی پـەیـدا بـکەن توشی تـرس و دڵـە ڕاوکێی دەبــون وزۆریــتـریـش. بـۆیـە دەڵـێـم شەڕی دیـن نیە ویستی دەمار گرژانە.

هیوادار و دڵنیاشم سەرئەنجامی هەق سەرکەوتنە و شکست و سەرشۆڕی و ڕەنج  بە خەساری  بۆ دوو ڕوو، ودرۆزن و  خەڵک هەڵخەڵەتێنەرانە.

براتان مەلا ئیبراهیمی مەجید پور  ٣٠ گەلاوێژی ٢٧٢٤ کوردی

  ٢٠ / ٨ / ٢٠٢٤ زایینی         

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی