"an independent online kurdish website

 هەمومان شاهیدی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و، لە کاردانەوەش دا داغانکردنی حەماس بوین لەلایەن ئیسرائیلەوە. ئێستاش دەبینین کە هێرشە موشەکییە بەردەوامەکانی حیزبوڵا وایکرد ئیسرائیل هێرشی چڕی ئاسمانیی بکاتەسەر پێگەکانیی حیزبوڵا لە لوبنان.

لێرەدا پرسیارێک دێتەکایەوە: ئەگەر ئێران هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت سەبارەت بە لێدانی حیزبوڵا، کە پێشتر هەر ئێران کاردانەیەکی [کاریگەر!!]ی نەبو لەبارەی داغانکردنی حەماس لە غەززە، کەواتە؛ ئێران حەماس و حیزبوڵای فرۆشتوە بە ئیسرائیل-ئەمریکا لە پێناو مەلەفی نهێنیی نێوان ئەمریکا و ئێران.

پێموایە: بێدەنگبونی ئێران وادەکات هێندەی تر، نەک هەر لە دەرەوەی دا، بگرە لەناوخۆی خۆیدا ڕژێمی ئێران زیاتر بپوکێتەوە، چونکە بۆ جیهان و خودی پرۆکسییەکانی دەسەلمێنێت کە هەمو خۆهەڵکێشان و هەڕەشەکانی؛ درۆینەن.

خۆ ئەگەر دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران بۆ یەکەمجار لە ژیانی سیاسییان دا ڕاستگۆ بن و، [بەکردەوە!] بڕۆنە پاڵ حەماس و حیزبوڵا و، هێرشی ڕاستەوخۆ بکەنەسەر ئیسرائیل، ئەوا: ئێمەش دڵشاد دەبین و، ئەوەی ئاواتیی هەمو کوردێکی مەردە دێتە دی، ئەویش داغانبونی یەکێک لە ترسناکترین داگیرکەرەکانی کوردستانە، کە؛ ڕژێمی ئێرانە.

 یەکێک لە مەسەلە گرنگەکان ئەوەیە: ئێمەی کورد نابێت دڕندەیی ئەو عەرەبە سوریی، لوبنانیی، فەلەستینیی و میسرییانە لە یاد بکەین کە لە شەستەکانەوە هەتا نەوەدەکان، لە پاڵ ڕژێمی عێراق دابون و، لە هێرشە [جینۆساید]کارییەکانیان بۆ سەر باشوری کوردستان بەشداربون.

ناشبێت ئایدۆلۆژیای فاشیستانەیان بەرانبەر بە کورد کە لە ڕۆژنامەکانی سوریا و فەلەستین و لوبنان دا بڵاویان دەکردەوە، لە یاد بکەین. کە لەو بڵاوکراوانەیان دا دەیانگوت: “کوردەکان نەوەی جنۆکەکانن. کوردەکان وەک قەرەجەکان بێ خاکن. کوردەکان بەربەرین. کوردەکانن کە بەشێک لە نیشتیمانی عەرەبیان داگیرکردوەو هاتونەتە باکوری عێراق و سوریا و دەبێت لەناویان ببەین”.

  لە بابەتی پێشوش لە وێبسایتی ئاوێنە، ئەو بەڵگەنامانەم خستەڕو کە عەرەبەکانی سوریا-لوبنان، فەلەستین و میسر، هاوشانی سوپای فاشیستی عێراق لە ١٩٦٣ وە تا ١٩٧٠ بەشداری پرۆسەکانی پاکتاوی ڕەگەزییان لە باشوری کوردستان کردوەو، ئەتکی هەزاران ژن و کچی کوردی خوار تەمەن هەژدە ساڵیشیان بە بەرچاوی هەمو جیهانەوە، کردوە. بە هەمان شێوەش لە پرۆسەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ساڵانی هەشتاکانیش هاوشانی عێراق بون و، تەنانەت کچانی خوار تەمەن هەژدە ساڵانی ئەنفالکراوی کورد لە بازاڕەکانی میسر دەفرۆشران.

زیاتر لەوانەش، لە هەوڵی تیرۆرکردن و، تەنانەت خودی تیرۆری سەرکردەکانی کوردییش دا، عەرەبە سوریی، لوبنانیی، فەلەستینیی و میسرییەکان بەشداربون. یەک نمونە دەهێنمەوە؛ دادگای ئەڵمانیا [بە تەواوی] سەلماندی کە گروپێکی حیزبوڵای لوبنان هەستاون بە تیرۆرکردنی شەرەفکەندی و، تیرۆریستەکانی حیزبوڵاش لە دادگای ئەڵمانیا دانیان بە تاوانەکانیان دانا.

هەروەها، لە زۆرینەی هێرشە موشەکییەکانی حەشدی شەعبییش بۆ سەر باشوری کوردستان، ڕاوێژکارانی سەربازیی ئێران و حیزبوڵای لوبنانیان لەگەڵ دابوەو، ئەندازیاری سیاسیی و سەربازیی حەشد بون.

  تەنانەت سەرکردەکانی حیزبوڵای لوبنان و، خودی حەسەن نەسروڵا، لە کاتی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان دا، بە ئاشکرا هەڕەشەی بەردەوامیان دەکرد کە کوردەکان بۆیان نییە باکوری عێراق لە نیشتیمانی عەرەب داببڕن. لەوەش زیاتر، حیزبوڵای لوبنان و پاسداران بەشداربون لە داگیرکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکوک و دوزخورماتو و خانەقین لە ساڵی ٢٠١٧ دا.

کەوابو، مێژوی هاوچەرخ دەیسەلمێنێ کە عەرەبەکانی سوریا، لوبنان، فەلەستین و میسر بەشداربون لە کیمیاباران و ئەنفالکردنی کورد لە ساڵی ١٩٦٣ وە تا ٢٠١٨ و، ئەتکی هەزاران ژن و کچانی کوردیان کردوە. بۆیە مرۆڤێک کە [تۆزقاڵێک!] کەرامەت و شەرەفیی هەبێت ئەوە لەیاد ناکات!

نەزانین و ناهوشیاربونیی سەرکردەکانی هێزەکانی گشت بەشەکانی کوردستان لە داڕشتنی ستراتیژ و تەکتیکی نەتەوەییش بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، وایکردوە؛ بە ئاسانیی هەمو کوردێک درک بەوە بکات کە گروپەکانی کوردستان لە ئاست پێویستییەکانی ئەم قۆناغەدا نین.

کوردبون: شەرەفمەندییە، خوداناسییە، حەقخوازییە، مافخوازییە، یەکسانخوازییە، ئازایەتییە، نەترسییە، ڕاوەدونانی فاشیستانە، ئازادیخوازییە، ڕزگاریخوازییە، نیشتیمانپەروەرییە، پاراستنی کەرامەت و خاکە. کوشتنی داگیرکەرەکان و [ڕەگەز و پرۆکسییەکانی داگیرکەران]یش هەر کەس و لایەن و هەر دەوڵەتێک بۆ هەر مەبەستێک بیکات: دڵشادیی و ئیلهام بە ئازادیخوازانی کوردستان دەبەخشێ!

سەرچاوە: ئاوێنە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی