"an independent online kurdish website

لە رێکەوتی6ی خەرمانانی 1361 هەتاویدا، هێرشێکی بەربڵاوی دوژمن بە جاش و پاسدارێکی زۆرەوە بۆ سەر دوایین بەشی ناوچەی پیرانان لە مەڵبەندی پیرانشار، ” گوندەکانی  سۆغانلوێ، نەمنجێ، بادیناوێ، کێوی گۆڕێ دیلانان، تا دەگاتە پردی بادیناوێ” کرا .

لە پێش کازیوەی بەیانیڕا شەرێکی سەنگەر بەسەنگەر و دەستەویەخە لە نێوان پێشمەرگەکانی پارێزەری نیشتمان لە لایەک و جاش و پاسدار و بەسیجی دژی گەلی دەستی پێکرد، رۆڵە بەجەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لەو بەرگریە کەم وێنەیەدا، زیاتر لە 80 کەس پاسدار و بەسیجی و جاش بە دەستی پێشمەرگە خۆڕاگر و بوێرەکان حیزب کوژران، هەر لەو شەڕەدا “ناصر کاظمی” فەرمانداری پێشووی شاری پاوە و فەرمەندەی ئەوکاتی عەمەلیاتی قەرارگای فەیلەقی هەمزە و مینەی کاکەسواری سەرۆکی بە ناوبانگی جاشەکان، لەبەرەی شەڕی نێوان بادیناوێ و نەمنجێ لە ناو کوژراوەکاندا بوون. “مینەی کاکەسواری پێگەی تایبەتی لەلای دوژمن هەبوو، دەسەڵاتدارێکی بە ناوبانگی ناوچەکانی مهاباد بوو، کوژرانی ئەو لە ناوەندی کوردستان دەنگی دایەوە و بوو بە هۆی خۆشحالی خەڵکی تاڵ چێشتوو لە دەست بەکڕێگیروانی رێژیم، دوای کوژرانی ئەو، جاشەکانی مینەی کاکە سواری ورەیان تێکڕووخا و پیرانشاریان بەرەو مهاباد بەجێهێشت.”

بەداخەوە لەو شەڕەدا پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕات، پۆلێک لە پاڕێزەرانی خاکی کوردستان، پۆلێک لە ڕۆڵەکانی نیشتمان، بە نێوەکانی شەهیدان عەبدوڵا فەردی ناسراو بە عەوڵا جانگیر، سولەیمان مۆریک، یۆسف فەتحوڵڵاهی ناسراو بە  سەید وسوو، سەید خدر عەبدوڵازادە، عومەر ڕۆستەمی، ئەبووبەکر پوویی، عوسمان حەسەنزادە ناسراو بە عوسمانی حاجی قادری،  عەلی عەبدولی  و عەوڵای مەلا عوسمانی کادری  پێشووی ڕێبەری حدکا و دوو پێشمەرگەی هێزی بەرگری بە ناوەکانی ” خدری حاجی وسێنی و برایم خەمان لەو بەرگریەدا شەهید بوون و گیانی خۆیان فیدای خاکی پاکی نیشتمان کرد و چوونە  ناو کاروانی نەپساوەی شەهیدانی کوردستان، هەروەها کچێکی تازە لاو بە ناوی “فاتمە” خەڵکی ئاوایی کانیە ئەشکەوت “ئەندامی حیزب” بە تۆپبارانی دوژمن لەو ڕۆژەدا ئەویش چووە ناو کاروانی شەهیدانی بێدیفاعی کوردستان، 9 پێشمەرگە، 9 قارەمانی مەیدانی خەبات و تێکۆشان، لەو بەرگریەدا بریندار بوون.

تێبینی : لەو رۆژەدا دوژمن بۆ تۆڵەکردنەوەی ناصر کاظمی فەرمەندەی ئەوکاتی عەمەلیاتی قەرارگای فەیلەقی هەمزە، کە زەبرێکی گورچووبڕیان وێکەوتبوو، لە هەموو چەکیکی قورس کەڵکی وەرگرت، یەک لەوان تۆپێ دوورهاویژی “زەمان”ی کە لەسەر شوێن و مەتەرێزی پێشمەرگە دەتەقیەوە، بۆ یەکەمین جار بوو ئەو چەکە لەو شەڕەدا لە پیرانشار بەکار هێندرا.

سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی کوردستان.

سەید عەلی هاشمی،  ٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی