"an independent online kurdish website

رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە کۆنەوە بایەخێکی باشیان بە وێژەی منداڵان داوە. چەندین سەدەیە کە وێـژەی منـداڵان لە رووسـیادا ناوبـانگـێکی زۆری بەدەستهـێـناوە.

بەڵام تا ئێستاش سەرەتـای وێـژەی منـداڵان لە رووسـیادا، بـە وردی پـێناسە نەکـراوە. مێژوونووسان پێیانوایە،سەرهەڵدانی وێـژەی منداڵان لە رووسیادا، بۆ سەدەی پازەیەم دەگەڕێتەوە. کە سەرەتای گرنگـیدان بە منـداڵی بـووە.

وێـژەی منداڵان لە رووسیادا، لەسەر بنەمای فـۆلکلۆری زارەکی سەریهەڵـدا. چـیرۆکە ئەفسانەییەکان و داستان و گـۆرانی و پەنـد و مەتـەڵ، لە سەردەمی رووسیای کـۆنەوە، بەشدارییان لە پێکهـێنانی ئایدۆلـۆژی و جوانیناسی و رەوشتی، چەندین نەوەی منداڵان کـردوون. پەرتووکە فـێرکارییەکانیش، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پەرپێدانی وێـژەی منداڵانی رووسیا هەبـووە.

بە درێژایی سەدەکانی رابـردوو، منداڵان و وێـژەی تایبەت منداڵان، لە مشومـڕ و پلانە ئایـدۆلـۆژییەکانی رووسیادا، جـێگەیەکی بەرچاویـان هەبـووە، بۆ گەیـشتن بە ئایـدیـاڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.

یەکەمین پەرتـووکی چاپکـراوی منـداڵان لە رووسیا، ئەلفـوبێی رووسی بـوو. بە ناوی (ئەزبوکا) بۆ بە خـێرایی فـێرکردنی منـداڵان، کە لەلایـەن چـاپـکەری رابـەر (ئـیڤـانـۆم فـیـدرۆرۆڤ) لە سـاڵی (١٥٧٤) دا، لە لـیـڤ نـووسیی و بڵاوکـرایەوە.

لە سەدەی حەڤـدەیەمـدا، زۆر چـیرۆکی نووسـراوی رووسی بۆ منداڵان دەرکەوتـن، کە باسیان لە سوارچـاکی و لە پاڵەوانەکانیان دەکـەن. هـەر لەم سەدەیـەدا وەرگـێڕان، زۆر گەشەی کرد، چەنـدین چـیرۆکی منـداڵانی ئەوروپییان، وەرگـێڕایە سەر زمـانی رووسی. بەشێکیش لە پەرتووکەکانی گەورەساڵانیان، بە شێوازێکی سادە و ساکار و بە زمانێکی  ئاسانـتر و سووکـتر و کورتیان کردنەوە و چاپیانیان کردنەوە، تا بۆ منداڵان گونجاوبن.

یەکـەمـین کـۆمـەڵە چـیرۆکـیش، کـە لـە رووسـیادا بـۆ منـداڵان چاپـکـرا، لەژێـر نـاوی (داسـتانەکانی روسـیا) دا بـوو. لـە نووسـینی (کـیـدلـۆڤ) ە. کـە بـە رابـەری چـیرۆکی منـداڵان لە رووسـیادا ناسراوە.

چەنـدین چـیرۆکـنووس و رۆمـانـنووس و هـۆزانـڤـانی بەنـاوبانـگی رووسی، کـە بـۆ گـەورەسـاڵان دەیـان نـووسی، منـداڵانـیـشـیان فـەرامـۆش نەکـردوون و بەشـێک لە نووسینەکانیان بۆ منـداڵان تەرخان کـردوون، لەوانەش: پـۆشکـین، ماکـسیـم گـۆرگی، تۆڵستۆی، مایکـۆفـسکی، ئیڤـان کریلـۆڤ، چـۆکـۆفـسکی، سامـۆیـل مارشاڵ،… هـتد.

شایەنی باسیشە، مێژووی پەرتـووکی منـداڵان لە رووسیا لەلایەن ژنانەوە نووسراوە.

(کاتـرین) ی گەورە، یەکەم ژن بـوو، کە وێـژەی منـداڵانی بە زمـانی رووسی نووسی. بە هـۆی خەمی دایکـییەوە، بـۆ پەروەردەکـردنی نەوەکـانی، دوو چـیرۆکی نووسـیوە (چـیرۆکی تسارتـڤـیچ کـلۆر ـ ١٧٨١) و (چـیرۆکی تسارتـفـیج ڤـیـفی ـ ١٧٨٣ ). ئەم چیرۆکانە، پـڕن لە ئامـۆژگاری، ئەرکی رەوشتی، راستگـۆیی، بابەتگەلێکی دیکەش.

کاتێک کە منداڵان وەک کلیلێک و بەشێکی سەرەکی و گرنگ سەیردەکرا، لە دووبارە داڕشتنەوەی کۆمەڵگا و دروستکـردنی کـیانی تـازەی سۆڤـیەت، لە ئەنجـامـدا وێـژەی منداڵانی رووسیا و ئایدۆلۆژیا و سانسۆر بە شێوەیەکی ئاڵۆز تێکەڵ بە یەکتری بوون.

لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی (١٩١٧) لە رووسیادا، یەکەم داواکاری لە وێژەی منـداڵان، ئەوەبـوو کە وێـژەی منـداڵان، بخـرێتە خـزمەتی ئایـدۆلـۆژیـای کـۆمـۆنیستی.

دەبوو خانەی بڵاوکردنەوەی نـوێ دامەزرێت و گۆڤـاری نـوێ بۆ منـداڵان دەربکـرێت، تا ببن بە جێگـرەوەی دەزگا و گـۆڤـارە بـورژوازییەکان. ئەمەشـیان بە پێـویسـت زانی.

پارتی شـیوعی دەستی بەسـەر رۆشـنبـیریی منـداڵان و لاوانـدا گـرت.

(مورزیـلکا) و (پیـۆنـێر: رابەر) دوو گۆڤاری کۆنی منداڵان بوون لە یەکێتی سۆڤیەت.

لە ساڵی (١٩٣٢) دا، یەکـێـتی نـووسـەرانی سـۆڤـیەت دامـەزرا. نـووسـەرانی وێـژەی منـداڵان، بەشێکی تایبەت بە خۆیان لەنـاو ئەو یەکـێتی یەدا هەبـوو. هـەر لـەم ساڵەدا، گۆڤـارێکی پیشەییان بە ناوی (وێـژەی منـداڵان) دەرکـرد. دوای ساڵـێک هەر بەهەمان ناوەوە، دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەویان دامەزراند. لە کۆنگرەی یەکەمی نووسەرانی سۆڤـیەت، سامـۆیـل مارشـاک، باسی لە وێـژەی منـداڵان کـرد. ریالـیزمی سۆسیالـیستی کـرا بە پـرۆگـرابی فـەرمیی هـەمـوو داهـێنەرەکان.

لە ئەمـڕۆدا لە رووسـیا، بە هـەزاران پەرتـووکی تایبـەت، بە منـداڵان هـەن، ساڵانـەش گۆڤـاری نوێ و بە سەدان پەرتووکی نوێ، بـۆ منـداڵان چاپ دەکـرێن و بڵاودەکرێنەوە. بە نـرخێکی هـەرزانیـش دەیانـفـرۆشـن.

لە رووسیادا، پەرتـووک جوانـترین دیـارییە، کە رووسـییەکان لە بـۆنـە جـیاوازەکانـدا، بەتـاتیبەتیـش لە یـادی جـەژنی لەدایکـبوونـدا، پـێـشکەش بە منـداڵەکـانیـان دەکـەن.

زۆر بە کورتی و بە چـڕی، باس لە چەنـد نووسەرێکی رووسی دەکەین، کە لە بواری ژانـرەکانی وێـژەی منـداڵانـدا، لە رووسـیا و لە جیهـانـدا ناسـراون.

(ئەلـیکسەنـدەر پـۆشکـین: ١٧٩٩ـ  ١٨٣٨ز)

بە شای هـۆزانـڤـانانی رووسیا ناودەبـرا. کۆمەڵـێک هـۆنـراوەی بۆ منـداڵان نووسیوە، یەکەم کەس بوو لە رووسیادا، کە چیرۆکەهـۆنراوەی بۆ منداڵان نووسی. بە چیرۆکە ئەفـسانەیی و داسـتانەکانی بەنـاوبـانگە. کە پاڵـەوانەکانـیان ئـاژەڵ و شـتی بـێگـیانـن. ستایـلی نووسینی جیـاوازبـوو. چـیرۆکەکـانی بە زمـانـێکی ساکار و ئاسان نووسیون. بەناوبانگترین چیرۆکەکانی (قاز و قـرژانگ)ە. (٢٠٠) چیرۆکی هـێمایی مەبەستداری نووسیوە. کە بە منـداڵی، دایـەنەکەی (ئـەریتـا رود بـۆنـۆفـنا) بـۆی گـێراوبـوونەوە.

(ماکـسیم گـۆرگی: ١٨٦٨ـ ١٩٣٦)

رۆمـاننووسـێکی رووسی و جـیهـانی بە ناوبـانگە. خاوەنی رۆمـانی (دایک) ە. گـۆرگی نووسـەر و چـالاکـوانـێکی سیاسی مارکـسی بـوو. رۆڵـێکی گـرنگی هـەبـوو، لە یەکـەم هەوڵەکانی دروستکردنی، وێـژەی نوێی منداڵان لە رووسیادا. گەورەترین دەزگای چاپ و بڵاوکـردنەوەی وێـژەی منـداڵانی لە رووسیادا دامەزرانـد. گـۆرگی دەڵـێت:”منـداڵ لە هەمـوو سەردەمێکـدا، هـێمای بێتاوانی و پاکی و خـێر و راستی و جـوانییە”. تەنانەت ماڵـەکەشی کـردبـوو بە ژوانـگەی نووسـەرانی وێـژەی منـداڵان. زۆر جـار لەگـەڵـیاندا دادەنـیشـت و گـوێی لـێیان دەگـرت و باسی وێـژەی منـداڵانیان دەکـرد. گـۆرگی جەخـت لەسەر گـرنگی چـیرۆکە میللـییە کـۆنـەکان بـۆ منـداڵان دەکات.

ماکـسیم گـۆرگی، سەرنووسەری یەکەمین گۆڤـاری منـداڵانی سـۆڤـیەت بـوو. بە نـاوی رادوگا (پەلکەزێڕینە). کە لە ساڵی (١٩٢٣) دا، یەکەم ژمارەی دەرچوو. نووسەران و هـونەرمەنـدانێکی لاوی بە توانا لە شاری لینینگـراد لە دەوری گۆڤـارەکە کۆبـوونەوە. سەرەتـای دە ساڵـێکە، دەکـرێت بە سەردەمی زێـڕینی وێـژەی منـداڵانی رووسـیا نـاوی ببەیـن. گـۆرگی نوێخـواز و داهـێنەر بـوو. لە نووسینەکانیـدا، جەخـتی لە رزگارکـردنی منداڵان لە نەریتەکان و لە لاسایکردنەوە کردووە. دەڵێت:”کاروانی رابردوو ناتگەیەنێت بە هـیچ شوێنێک”. سەرنـج وردیی لەسەر گەشەکـردنی ئەنـدێشە و داهـێنان بۆ منداڵان بـوو. وایدەبینی کە نووسین بۆ منداڵان دەبێت هاوڕەوت بێت لەگەڵ پەروەردەی نوێ بۆ نـەوەی نـوێ. وا لە منـداڵان بکـرێـت، کە لە داهـاتـوو بـڕوانـن، نـەک لە رابـردوو.

گـۆرگی لە رۆمـانی (منـداڵی) باس لە ژیـانـنامـەی خـۆی دەکـات. لـە چـیرۆکـەکانی بۆ منـداڵان: چـۆلەکە، ئـیڤـانی گـەمـژە.

ماکـسیـم گـۆرگی، پێـنج جـار، بـۆ وەرگـرتنی خـەڵاتی نـۆبـڵ لە وێـژەدا، کانـدیـد کـرا.

(لـیـو نیکـۆلایـڤـیچ تـۆڵسـتۆی: ١٨٢٨ـ ١٩١٠)

تۆڵستۆی، بیرمەنـد و بلـیمەت و کەڵە رۆماننووسێکی رووسی و جیهانییە. چاکـسازێکی کۆمەڵایەتی بوو. چالاکوانێکی ئاشتیخواز بوو. بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی وێژەی رووسی لە سەدەی نـۆزدەم دادەنـرێت. تۆڵـستۆی نووسەری شاکارە رۆمـانی (شـەر و ئاشـتی) و (ئانـا کارنیـنا) یە.

تۆڵستۆی نووسەرێکی گەورەی وێژەی منداڵان بوو (٦٢٩)  کورتە چیرۆکی ئەفسانەیی و داستانی، بە ناوی ئاژەڵان و باڵـندە و مرۆڤەوە، بۆ منداڵان نووسیون، کە رەهـەنـدی پـەروەردەیی و رەوشـتییان لەخـۆگـرتـوون. بەشـێک لە چـیرۆکەکـانی بـوون بە بابەتی پەرتـووکی خوێنـدنەوە، بۆ خـوێنـدکارانی قـوتـابخـانەی بنەڕەتی لە رووسـیا. بەشـێکی زۆریشیان وەریان گـێڕاون، بۆ سەر زمانەکانی جیهـان، بە زمـانی کوردیشەوە. ئەمانە ناوی هەندێک لە چیرۆکەکانین: دوو هـاوڕێ، مـراوی و مانگ، شـێر و تووتکەسەگ، پـیـاوێـکی پیـر و دارسـێـوێـک، گـورگ و سـەگ، قـەیـسـەر و هـەڵـۆ. بـاپیـرە و نـەوە بچـووکەکەی، منداڵان لە گەورەکان ژیـرترن ـ مـن ئەم چیرۆکەم لە ساڵی (٢٠٢٠) دا، لە ئینگـلـیزییەوە وەرگـێڕایە سەر زمـانی کوردی و لە چەنـد سایتێکـدا بڵاومکـردەوە.

(سامـۆیـل یاکۆڤـلـێـڤـیچ مـارشاک: ١٨٨٧ ـ ١٩٦٤)

سامـۆیـل مارشـاک، نـووسەرێکی ناسراوی جـوولەکەی رووسییە، هـۆنـراوەنـووس و بیـرمەنـد و وەرگـێڕ و شانـۆنـووس و نووسەرێکی بەرزی  وێـژەی منـداڵانی رووسی (یەکێتی سـۆڤـیەت) بـوو. وێـژەی منـداڵانی رووسیای بـەرەو ئاراسـتەیەکی نـوێ برد. مارشاک رەخنەگـرێکی سیاسی تەنـزئامێزی ناسراوبـوو. سەرنووسەر و دەرهـێنەری چەنـد گۆڤـارێکی منداڵان بوو. لە ساڵی (١٩٢٥) دا، سەرۆکی بەشی منداڵان بوو، لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی حکـوومی لە لـینینگـراد. بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی پەرتـووک و گۆڤـاری منـداڵان.

مارشاک بۆ زاڵـبوون بەسەر شـۆکی مـردنی کچـە بچـووکەکەی، لە ساڵی (١٩١٥) دا، نـوقمی نووسین بۆ منداڵان بوو. لە نووسینی چیرۆکی منداڵانەوە، رووی لە نووسینی هـۆنـراوە بۆ منداڵان کرد. چەندین پەرتووکی چیرۆکەهـۆنراوەی بۆ منداڵان نووسیوە. چەندین هـۆنراوەی بۆ منداڵان، لە زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی کەوە، وەریانیگێراون بۆ سەر زمـانی رووسی. بە نووسینی رۆمانی فانتازی و رۆمانی مێژوویی بەناوبانگە. بەوەش ناسراوە کە شێوازی نووسینی سادە بووە. مارشاک بـڕوای بـەوە هەبـوو، کە نووسین بـۆ منـداڵان هـونەرێکی نایابە. چـیرۆکەهـۆنـراوەکانی، بە زۆری بۆ منداڵانی پێـش قوتـابخـانەن. مارشـاک یەکـێکە لە یەکـەمە درووستکەرانی شانـۆی منـداڵان لە رووسیادا. شانـۆنامەکانی بۆ ماوەیەکی زۆر، لە پایـە سەرەکییەکانی شانـۆی منـداڵانی سۆڤـیەت بوون. چەندین شانۆی بۆ منـداڵان نووسیوە. لەوانەش: بـڵـقەکانی سابـوون، دکتـۆر فـاوست، سەرەکـێـشییەکانی سیپـۆ لینـۆ.

ماکـسیم گـۆرگی، مارشـاکی بـە (دامـەزرێـنەری وێـژەی منـداڵانی سـۆڤـیەت) ناوبـرد.

یەکەم پەرتووکی بۆ منداڵان لە ساڵی (١٩٢٣) نووسی بە ناوی (منداڵان لە قەفەزدا)

ئەمانە ناوی چەند چیرۆکەهـۆنراوەیەکـێتی بۆ منداڵان: پەلکەزێـڕینە، باڵندە شینەکە، ئاگر، ئایـس کرێـم، دوێـنی و ئەمـڕۆ، نووسینگەی پۆست، مشکـێکی گەمـژە،…هـتد.

لە هـۆنراوەکانیدا، هانی منداڵان دەدات: راستگۆبن، گوێڕایەڵی دایکان و باوکانیان بن، باش بخـوێـنن، لەگـەڵ ئـاژەڵانـدا دلـۆڤـان بـن،… هـتد.

بە دەگـمەن منـداڵێک یان لاوێکی رووسی دەدۆزرێتەوە، کە بەشێک لە هـۆنراوەکانی مـارشاکـیان لەبـەر نەبێـت. گـۆرانی و هـۆنـراوەکـانی، بەشـێک بـوون لە پـرۆگـرامی پەرتـووکی خوێنـدنەوە، لە باخچـەی منداڵان و لە قـوتابخانە بنەڕەتییەکانی سۆڤیەت.   

(ئـیـڤـان ئەنـدرێـڤـیچ کـریـلـۆڤ: ١٧٦٩ـ ١٨٤٤)

ئیڤان کریـلۆڤ، هـۆنراوەنووس، چیرۆکنووس، شانۆنووس، رۆژنامەنووس، وەرگـێڕ، بە نـووسەری چـیرۆکی ئەفـسانەیی و داستانیـش بەنـاوبـانگە. لە شـاری مـۆسکـۆ لە رووسیا لەدایک بووە. جگە لە زمانی رووسی، لە منداڵییەوە فـێری زمانی فەرەنسی و یۆنـانی بـوو. بەشێکی هەرە زۆری چیرۆکە ئەفسانەییەکانی بۆ منداڵان نووسیوون، یان لە چیرۆکەکانی (ئیـزۆپ) ی یـۆنانی و (لاڤـۆنتین) ی فەرەنسین، کە لە زمانی یۆنانی و فەرەنسییەوە وەریانیگـێڕاون بۆ سـەر زمـانی رووسی. پاڵەوانی چـیرۆکەکانی ئـاژەڵ و باڵنـدە و شـتی بـێگـیانـن. لە شـێر و رێـوی و سـەگ و مـاسی و باڵـنـدە تا دار و بـەرد.

ستایلی نووسینی زۆر ئاسان و سادەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا، ژیـرانە و مەبەستـدارن.

کریلۆڤ نزیکەی (٢٠٠) چیرۆکی ئەفسانەیی هـێمایی بۆ منداڵان نووسیون. لەوانەش:

جووتیار و مار، ئەنجوومەنی مشکان، مەیمـوون و پشیلە، پشیلە و شالـوور، جـەژن، بـۆق و گـا، جـووتیار و مـەڕ، گـورگ و شـوان، بەرازی ژێـر داربـەڕووەکە،… هـتد.

حەزەکەم ئامـاژەش بەوە بـدەم کە (جووتیـار و مـار) ەکەی کـریلـۆڤ، هەمان چیرۆکی رەسەنی کوردیـمان (مـارەکەی مـام هـۆمەر) ە. کە بـۆتـە پەنـدێک لە وێـژەی ئەدەبی کوردی، دەڵـێـین:”بـوو بە مـارەکـەی مـام هـۆمەر و ویـستی پـێـمەوە بـدات”. 

کریلۆڤ نایشارێتەوە، کە کاریگەرییەکی زۆری هەردوو نووسەر، لاڤـۆنتین و ئیزوپی بەسەرەوەیە، تەنانەت بۆ زۆر لە چیرۆکەکانی هەمان ناونیشانی چیرۆکەکانی ئەو دوو نووسەرەی دانـاون.، یان بە کەمـێک گـۆڕان و دەستکارییەوە. لە نـووسـینی چـیرۆکە ئەفسانەییەکانیـدا، ریچکەهـەڵگـرێکی تەواوی لاڤـۆنتـین بـوو. بۆیـە لە رووسـیاد، بە (لاڤـۆنتینی رووسی) ناودەبـرێت. هەرچەنـدە کە کـریلـۆڤ، یەکەم نووسەری چیرۆکی ئەفـسانەیی رووسی نەبـوو بـۆ منـداڵان، بەڵام بـوو بە دیـارتـریـن و بە ناوبانگـتریـن چـیرۆکنووسی ئەم بـوارە.

چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی کریـلـۆڤ، بە زۆری تـوانج و تەنـزئامـێز و مەبەستـدارن. بۆ نموونە: چیرۆکی (گـورگ لە ماڵی سەگـدا)، مەبەستی لە لەشکرکێشییەکەی فەرەنسایە لە (١٨١٢) دا، بۆ سـەر خاکی رووسـیا. لە چـیرۆکی (گـورگ و شـوان) دا، مەبەستی لە ئاهـەنگـێڕانی بەرگـریی رووسـیایە.

بێجگە لەو نووسەرانەی لە سەرەوە باسمان کـرد. چەنـدیـن نووسـەری تـری رووسی لە وێـژەی کلاسیکی و ریالیزمی منداڵاندا، بەشدارییان لە بـزووتنەوەی وێـژەی منداڵان لە رووسیادا کـردووە و رۆڵی بەرچاویان هەبووە. بە نووسین و چاپکـردنی چـیرۆک و هـۆنـراوە و شانـۆ و رۆمـان، منـداڵان و هـەرزەکارانیـان بەسەرکـردوونـەتەوە.

(*) بۆ ئەم نووسینەم، سوودم لە چەنـدین سایتی ئینگـلیزی و نەرویجی وەرگرتووە.

رەزا شـوان

نەرویـج: ٢٠٢٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی