"an independent online kurdish website

د.سادقی شەرەفکەندی دوای شەهید بوونی مامۆستای‌ رێبه‌ر، دوكتور قاسملوو رۆژی‌ ٢٢ی‌ پووشپه‌ری‌ ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی‌ (١٣ی‌ژوئیه‌ی‌١٩٨٩) لە کاتی وتووێژ دەگەڵ نوێنه‌ری‌ حكوومه‌تی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌

   

له‌ وییه‌ن له‌گه‌ڵ‌ هاوڕێ كاك عەبدوڵا‌ قادری‌ ئازه‌ر ، به‌ ده‌ستی‌ به‌ ڕواڵەت نوێنه‌رانی‌ وتووێژ‌ بۆ ئاشتی‌، شه‌هید كران، دوای شەهید بوونی د. قاسملوو ئەو ئەرکە قورسە کەوتە سەر شانی کاک سەعید.

من لێرە بە کەم و کووڕی باسی چەند ئاکارێکی کوردانەی کاک سەعید دەکەم.

   دوکتۆر سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی که‌ پسپۆرێکی به‌ مشوور و غه‌مخۆرێکی به‌ ته‌واو مه‌عنا بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی‌ بوو، زانایه‌کی هه‌ڵکه‌وتوو  له‌ باری مێژوو، فه‌رهه‌نگ وئاداب و رسوومی گه‌له‌که‌ی خۆی بوو، کاک سەعید به‌ غیره‌ت و به‌ زیبکێکی که‌م وێنه‌ له‌ ناو هه‌موو سه‌رکرده‌ی هێزه‌ شۆڕشگێره‌کانی کوردستان بوو، خەسڵەتێکی دیکەی کاک سەعید ئەوە بوو ده‌تکوت له‌ ناو جه‌رگه‌ی کورده‌وارێکی سادە و ساکار گه‌وره‌ کراوە، ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌کی  بێ هه‌وا ئیفاده ‌و بێ ته‌که‌بور بوو ، من زۆر بیری لێ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌و به‌شێکی زۆر له‌ ژیانی خۆێ دوور له‌ نیشتمانی جا چ به‌هۆی خوێندن و ماموستایی یان کاری شه‌خسی، له‌ شار و دوور له‌ کۆمه‌ڵی کورده‌واری  ژیانی بردبووە سه‌ر، به‌ڵام به‌ کرده‌وه‌ ده‌تکوت ده‌نێو جه‌رگه‌ی دێهاتی کورده‌واریدا گه‌وره‌ بووه‌، ئه‌و له‌ ناو کۆڕی هاوسه‌نگه‌رانیدا  خوێن شیرن و روحسووکێکی تایبه‌تی بوو، بزه‌ی سه‌ر لێوه‌کانی و نێوچاوانه‌ پاکه‌که‌ی و رووخۆشیه‌که‌ی، نیشاندانی موحیبه‌ته‌ راستگۆیانه‌که‌ی ئەو، هاورێیانی دێنا سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ی که‌ به‌بێ دوودڵی پشتی پێ ببستن، یه‌کی دیکه‌ له‌ سیفه‌ته‌ پاکه‌که‌کانی کاک سەعید ئه‌وه‌ بوو، کاتێک قسه‌ت ده‌گه‌ڵ ده‌کرد به‌شێوه‌یه‌ک خۆی ده‌نواند که‌ پیاو پێی ‌وابوو له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌کی ساده‌ و سادق قسه‌ ده‌کەی، نه‌ک ده‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌ک یان سکرتێری حیزبێکی وا گەورە و خەڵکی وەک “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” ، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و ئاکارانەی ئه‌و، وای له‌ پیاوی ده‌کرد که‌ هه‌م  ده‌ردی دڵ و هه‌م باسه‌ گرینگه‌کانی ناو بازنه‌ی ته‌شکیلاتی حیزبه‌که‌ی به‌بێ سه‌ره‌تا (موقه‌ده‌مه‌) ده‌گه‌ڵی باس بکه‌ی. فه‌رقێکی دیکه ‌و گه‌وره‌ییه‌کی دیکه‌ی کاک سەعید ئه‌وه‌ بوو، هه‌ر داوایه‌کی به‌ نووسراوه‌  لێی‌کرابا، ئه‌و داوایه‌‌ هه‌رگیز  بێ وڵام نه‌ده‌ماویه‌وه‌‌، جا چ نامه‌که‌ی به‌ دڵ با یان به‌ دڵی نه‌با، چ نامه‌که‌ سیاسی ‌با و یان له‌ سه‌تحێکی زۆر نزم “خوارێ” با، بۆ ئه‌و هیچ فه‌رقی نه‌بوو، هه‌ر ئه‌و سیفه‌تانه و ئه‌و مودیریه‌تانه‌ بوون که‌ به‌ هاسانی  که‌لێن و برینی پڕ لە ژانی رێبه‌ری مه‌زن د.قاسملوو پڕبکاته‌وه‌ ‌ ئەو خەمە گەورە لە نێو دڵی هاوسەنگەرانیدا کەمێک دابمرکێنێ.

    کاک سه‌عید له‌و رۆژه‌وه‌ بوو به‌ سکرتێری حیزب زۆر به‌ خێرا وه‌ک کارگی به‌هاری کوێستانەکانی کوردستان هه‌ڵتۆقی وه‌ک چرایه‌کی رووناک و هیوا به‌خش گه‌شه‌ی کرد و جێگای له‌ ناو دڵی نه‌ته‌وه‌که‌ی و هاورێیانیدا کرده‌وه‌ و ته‌مومژی غه‌می له‌بن نه‌هاتووی د. قاسملووی له‌ سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هاسه‌نگه‌رانی ڕه‌وانده‌وه ، بۆیه‌ ده‌بێ  دڵنیابێ هه‌ر چه‌نده‌ ٣٢ ساڵ به‌ سه‌ر شه‌هید بوونیدا تێده‌په‌رێ، به‌ڵام له‌ ناو بیروو هه‌ستی  رێبوارانیدا وه‌ک سی و دوو رۆژ ده‌ژمێردرێ.

   کاک سه‌عیدی مێژوو نووس شه‌هید بوونه‌که‌شی مێژوویه‌کی دیکه‌ی بۆ کاروانەکانی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی حیزبی دێموکرات له‌ ناو جه‌رگه‌ی ئوروپای ئازادی خواز، بۆ مه‌زلوومیه‌تی گه‌له‌که‌ی چه‌سپاند،  دادگای لێوه‌شاوه‌ی ئه‌ڵمان و خوێنی شه‌هیدانی میکۆنۆس، رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئیران و مۆره‌گه‌وره‌کانی دارێژه‌ری ئەو کارەساتە سامناکەی کۆماری ئیسلامی ده‌ قه‌فه‌زی (مه‌منووع الخرووج) دا به‌ستنه‌وه‌.

کاک سەعید شێوە ئەدەبێکی دیکەی ئەوە بوو جوابی نوسراوەی هەر ئەندامێکی حیزبی یان غەیرە حیزبی بە نووسراوە دەدایەوە، لە وڵامدانەوشدا گەورەیی خۆی دەنواند و هەستی ناو دڵی خۆی لە نێو نامەکەدا دەگونجاند.

روح و رەوانی ئەو شەهیدانە شاد و ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبوار بێ.

بەبۆنەی ٣٢ ساڵەی کارەساتی دڵتەزینی ١٧ی سێپتەمبەری ١٩٩٢، لە شاری بەرلین وڵاتی ئاڵمان، سلاو ده‌نێرم بۆ گیانی پاکی شه‌هیدان دوکتۆر سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی و فه‌تاح عه‌بدولی و هومایوونی ئه‌رده‌ڵان و نووری دێهکوردی و هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان.

سه‌ید عه‌لی هاشمی  ٢٠٢٤/٩/١٦

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی