یەکەم: لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە کە حەماس هێرشی کردەسەر ئیسرائیل، لە بابەتێکم دا کە ڕۆژێک دواتر لە ئاوێنە بڵاوکرایەوە و بابەتەکە لە وێبسایتەکەدا ماوە،
بەوردی شیمکردەوە کە: “هێرشەکەی حەماس قۆناغێکی نوێ بو لە سودی ستراتیژی ئیسرائیل و، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل پێشتر ئاگاداری ئەو هێرشە بوە. بۆیە ئیتر قۆناغی ڕەوایدان بە سیاسەتی فراوانخوازی ئیسرائیل دەستی پێ کردوە، چونکە نابێت تورکیاو ئێران ببنە ئەکتەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، ئیسرائیل مت بێت”. ڕونە نیشتیمانی ئێمەی کورد “کوردستان” لەلایەن ئیمپریالیزمی تورکی مسوڵمان، ئیمپریالیزمی فارسی مسوڵمان و ئیمپریالیزمی عەرەبی مسوڵمان، داگیرکراوە. ئەم هێرشەی ئەمجارەی ئێران وایکرد دژایەتیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بێتەکایەوە.
ئەم ڕژێمەی ئێران بەلای کەمەوە واتە: ئێران، عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و، فەلەستین. کەوابو کاتێک ئیسرائیل بەهۆی هێرشێکی لەم شێوە موشەکییەی ئێران دەبێتە نەیاری ئێران، عێراق و سوریا، ئەوا بە سودی پرسی کورد دەبێت بەتایبەت لە دورمەودا دا بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان، ئینجا بۆ باشور و خۆراوای کوردستان. مادەم لە تورکیا بە باکوری کوردستانیشەوە ڕژێمێکی ئیسلامی سیاسیی تورک لەسەر حوکمە؛ کەوابو ئەو ڕژێمە بەشێوەی گوتاری درۆینەش بێت هەر ناچارە پەیامی دژی ئیسرائیل بدات؛ ئەوەش هەر بە قازانجی پرسی کوردە.
هەربۆیە بەم هێرشە؛ ئێران هەستا خۆی توش کردو، ئەوەی بە ئاواتی بوین [خەریکە!!] ڕودەدات کە ناوچەکە جەنگێکی گەورە بیگرێتەوە کە سنورەکان دابڕێژرێنەوە؛ چونکە ئێمەی کورد لە هەرچوار پارچە [کەمێکی باشور نەبێت]، داگیرکراوین. بۆیە لە ستراتیژ دا بەتایبەت بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان، ئینجا بۆ باشورو خۆراوای کوردستان، دواتریش بۆ باکوری کوردستان بەسود دەبێت.
دووەم: ئەم هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل یەکێک لە گەورەترین هەڵەکانی ئەم ڕژێمە [فێڵزان!!]ەی ئێران بو کە لە مێژوی خۆیدا کردوی. بەڕونی ئیسرائیلی ناچار بە کاردانەوە کرد. لەگەڵیشیی دا دەنگدانەوەی گەورەی نێودەوڵەتی لێکەوتۆتەوە. بەڵام ئەگەر ئێران لەگەڵ ئەم هێرشەی دا بۆ سەر ئیسرائیل، دوو موشەکی بە هەولێرەوە بنایە، یاخود دوو موشەکی بە یەکێک لە هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانەوە بنایە؛ ئەوکات بۆ پرسی کرد گرنگتر دەبو. بەڵام ئەم ڕژێمە فێڵزانەی ئێران ئەوەی نەکرد! واتە چەندێک ئەم ڕژێمە دژە کوردە، بەڵام بزانێت گەر هێرشێکی بۆ سەر کورد کاریگەری گەورەی سیاسیی و دبلۆماسیی لێدەکەوێتەوە؛ ئەوا ئەو هێرشە ناکات. [بەداخەوە] ڕژێمی ئێران لەگەڵ ئەم هێرشە موشەکییەی کە کردیەسەر ئیسرائیل، دوو موشەکی بە هەولێر یان بە هێزێکی خۆرهەڵاتی کوردستانەوە نەنا: ئەوکات لەگەڵ ئەم دەنگدانەوە گەورە سیاسیی و دبلۆماسییە جیهانییە بۆ ئیسرائیل؛ پرسی کوردیشی لەگەڵ باس دەکرا!
سێیەم: ئەم هێرشە ڕاستەوخۆیەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دەلاقەی دبلۆماسییەتی کوردی بەگشتیی لەگەڵ ئەمریکا-بەریتانیا-ئیسرائیل واڵاتر دەکات، چونکە کاتێک ئەمریکا-ئیسرائیل ململانێیان لەگەڵ بەرەی مقاومە توندتر ببێ؛ پێویستیان بە هێزی هاوپەیمانی ناوچەییە کە هاوکارو هاریکاریان بێت. بۆیە ئەگەر هێزە کوردییەکان سیاسەتزانانە هەڵسوکەوت بکەن؛ هەم دەلاڤەیەیەکی دبلۆماسیی بۆ هێزەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەکاتەوەو، هەم لینکی دیبلۆماسیی هێزەکانی باشوروخۆراوای کوردستان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا بەهێزتر دەکات. لەم ڕووەوە نابێت هێزەکانی خۆرهەڵات چیتر سازش بۆ ئەو هێزانەی باشوری کوردستان بکەن کە لە ژێر فەرمانی ئێران دان؛ بۆ ئەوەی پرسی خۆرهەڵاتی کوردستان ببوژێتەوە. واتە: ناوچەکە لە ڕوی [ستراتیژییەوە!!!] لە گۆڕانکاریی و ئاڵوگۆڕ دایە.
چوارەم: لە ڕوی ئابورییەوە ڕەنگە ئەم هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ناجێگیریی ئابوری بێنێتەکایەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر قوتی خەڵکی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان. بەڵام سەبارەت بە باشوری کوردستان؛ حکومەتی عێراق ناچارە لە ترسی دۆخەکە نەرمتر ڵەگەڵ حکومەتی هەرێم مامەڵە بکات. بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە: ئەم جەنگە ئابوری عێراقییش لاواز دەکات. بۆیە یەکێک لە کاریگەرییەکانی ناجێگیریی ئابوری دەبێ و بەتایبەت کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی جەماوەری باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان دەبێ و، دەبێت خۆڕاگر بن؛ چونکە کورد ناچارە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە بکات و، هەروەها لە ستراتیژ دا بە قازانجی پرسی کوردە.
پێنجەم: هێزە نەتەوەییەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان دەبێت لەوپەڕی ئامادەباشیی دابن بۆ هەر دەرفەتێک کە بیخولقێنن و بیقۆزنەوە. ئەوانەی باشور پێویستە هەمیشە چاویان لەسەر [ڕزگارکردنەوە]ی کەرکوک، خانەقین و دەشتی موسڵ بێت لە هەر دەرفەتێک دا کە هەڵبکەوێت؛ بەبێ ئەوەی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر بێت یاخود نا، چونکە کە دەرفەت هەڵکەوت و ئەگەر هێزە میلیشیاکانی عێراق گوررزیان بەرکەوت؛ تۆ دەبێت بیقۆزیتەوە.
ئەوانەی خۆرهەڵاتی کوردستانیش دەبێت لەوپەڕی ئامادەسازیی ڕێکخستنی ناوخۆیی دابن بۆ هەر ئاڵوگۆڕێک کە لە [ستراتیژ!!] دا دێتەبون. ئەو ئامادەسازییە دەبێت بەرچاوڕونی تێدا هەبێت لەبارەی [جیۆپۆلەتیک و جوگرافیای خۆرهەڵاتی کوردستان]. بۆ هەر ئاڵوگۆڕێکیش کە لە [ستراتیژ]دا ڕودەدات، [زۆر گرنگە !!!] کە بایەخ بە یەکێتیی نێوان کورد و لوڕ بدرێ و، هەتا ڕزگارکردنی کوردە بەختیارییەکان و سنوری باشوری خۆرهەڵاتی کوردستان کە لەسەر کەنداوە: بکرێتە واقیع و دیفاکتۆ، ئەوەش تەنیا بە؛ یەکێتیی نێوان کورد و لوڕ و [ئامادەسازیی ستراتیژی] بۆی، دێتەبون.
کوردستان بەگشتیی پێویستی بە دەلاقەیەکی ڕێڕەوە ئاویی-جیهانییە؛ کە بە دونیای ببەستێتەوە. پێموایە: جیۆپۆلەتیکی خۆرهەڵاتی کوردستان زۆر لەبارترە هەتا بەشەکانی تری کوردستان؛ بەمەرجێک پلانێکی تۆکمە بۆ یەکێتیی نێوان کورد و لوڕ بێتەکایەوە بەناوی [یەکێتیی گەلی زاگرۆسنشین!] کە ئەو پلانە لە هەر دەرفەتێکی ستراتیژی دا وەک خۆی جێ بە جێ بکرێ و، هەتا ڕزگارکردنی کوردە بەختیارییەکانیش فراوان بکرێت.
ئەگەر جیۆپۆلەتیکی خۆرهەڵاتی کوردستان لە هەر ئاڵوگۆڕێک دا؛ بە هەر هۆیەک و بە هەر تێچویەک بتوانرێ لوڕو کوردە بەختیارییەکان لەخۆبگرێ و بە یەک کیلۆمەتریش بێت کورد بگاتەسەر کەنداو؛ ئەوکات [پرسی کورد بەگشتیی] بۆ هەمیشە لە ئابڵوقەی جیۆپۆلەتیکی ئیمپریالیزمی تورک و ئیمپریالیزمی فارس و ئیمپریالیزمی عەرەب؛ ڕزگاری دەبێت.
کاتێک کە لە ستراتیژ دا گۆڕانکاری دێتەکایەوە؛ تۆ ئەگەر پلان و هێزی ئامادەسازت بۆی هەبێت؛ لەسەرەتادا کە کەس بە کەسەو هێزی حکومەتی ناوەند داڕوخاوە؛ خۆ سەلماندن زۆر ئاسانتر دەبێت. بەتایبەت جیۆپۆلەتیکی خۆرهەڵاتی کوردستان شاخی زۆر سەخت لەخۆ دەگرێ و، ئەگەر ئامادەسازی هەبێ؛ دەتوانرێ لە هەر گۆڕانکارییەکدا ڕزگارکردنی لوڕ و کوردە بەختیارییەکانیش لەخۆبگرێ و، دواتر بە چەکی تەکنەلۆژی وەکو درۆن دەتوانرێ پارێزگاری لێبکرێت.
گرنگە بزانین لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی لە ستراتیژدا لە ناوچەکە دێتەبون: زەمینەی دیفاکتۆی نوێش دێتەکایەوە. واتە: جیۆپۆلەتیکی نوێ دێتەبون و، ئەگەرێکی لەپێشینەشە کە عەرەبەکانی عەرەبستانی باشوری ئێرانیش بە هاوکاری وڵاتە عەرەبییەکان میرنشینێکی پاڵپشتیکراو ڕادەگەیەنن. گرنگترینە: کورد لە باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان لەڕێی ستراتیژزانانەوە پلانی وردی بۆ گۆڕانکارییەکانی ستراتیژ هەبێت.
دەبێت هەمیشە لە یادمان بێت: ئەم دۆخەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە کە هەڵگری چەندان هێزی ئایدۆلۆژیای توندڕەوه کە هەر یەکەیان دیدی فراوانخوازی جیاوازیان هەیە؛ ئەگەر لە تەکتیکیش دا بەریەک نەکەون، لە ستراتیژدا هەر بەر یەکتر دەکەون و دۆخەکە دەتەقێتەوە. بۆیە وەک ڕونم کردەوە: کورد دەبێت ئامادەسازیی [بە نەخشەی ئامادەکراوی جیۆپۆلەتیکییەوە!!]؛ بۆ ڕوداوەکانی داهاتو هەبێت.