ئاڵ / ئاڵە ژن / ئاڵە شین/ ئالان
بە گوێرەی ناوەرۆکی کتێبی بەڵگەیی مێژووی هۆرامان، نووسینی مەلا عەبــــــــــــدۆڵا قــازی ئەم مەڵبەندە ماوەی یەک هەزار ساڵ دەسەڵاتدارەتی خۆجێیی (خۆماڵی)بەگزادەکانی خاوەندارەتی کردوە.
پاش بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەزاشا سپابۆد ئەمیر ئەحمەدی و سەرهەنگ ڕەزم ئارا بۆ کۆتاییهێنان و سەرکوتی ئەم دەسەڵاتە کوردیە ڕادەسپێردرێن.
وەک لە کتێبی [عملیات اورامان.پاییز وزمستان ١٣١٠شمسی، نایب سرهنگ حاج علی رزم آرا. بە کوشش کامبیز ڕزم آرا وکاوە بیات.انتشارات شیرازە. تاران] هاتوە:
لەشکری ڕەزاشاە بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی سەرکردەی ئەم بەڕێوە بەریە درێژمەودایە هێرشی پانوبەرین بۆ هۆرامان دەست پێدەکات. لە ئاکامدا جەعـــفەر سۆڵتان پاش چل ساڵ حۆکمڕانی وێرای ماوەیەک بەرئەنگاری توانای خۆڕاگری بەرانبەر لەشکری زۆروزەبەنەی تاران نامێنێ. زستانی ساڵی ١٣١٠ی خۆری پاش زەبرو زەنگ، کوشتن ،کەلەبچە، ڕاگواستن وزیندانی کردنی بەشێک لە کەسایەتیەکان دەسەڵاتی رەزاخانی جێگر دەکرێت.
لە سەر ئەساسی ئەم ڕابردوە خەڵکی ناوچەکە پاش زاڵبوونی حکومەتی رەزاخان و سەقام بەخشین بە هێزی ژاندارم، بە هاسانی مل بە حۆکمی ملهوڕانەی ئەمنیە (ژاندارمری) نادەن . لێرەو لەوێ بە شێوازی جۆراوجۆر دژ بە گوشارەکان هەڵوێست دەگرن.
بێڕەحمی نواندن و زەبروزەنگی ژاندارمە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیاندا لەلایەک و بە هاسانی نەچوونە ژێرباری ئەم گوشارگەلە وەک ڕەوشتی نامۆ لە درێژخایندا کاردانەوەی تایبەت لە سەر شێوازی ژیان وبە سەر هاتی خەڵک بە جێ دەهێڵێت.
کارتێکەری دزێو، ئاسواری زیانباری کەمتر هەست پێکراوهاوکات حەولی بێ وچانی جێگیر کردنی دابو نەریتی ڕەگەزی فەرمانڕەوا و بێنرخ نیشان دانی نەریتی ڕەسەنی خۆماڵی لە چوارچێوەی دەوری حۆکمداری ژاندارم پەرە پێدەدرێت. پلانی سەربزێوکردنی کورد، مل کەچی، تواندنەوە یان ڕەکێش کردن بەرەو دەسەمۆیی ئەم خەڵکە هاوشانی تێکچوونی تانوپۆی کۆمەڵایەتی فرە ڕەهەند پەرە پێدەدرێت.
لە رۆمانی هاڵــــــــــدا، حەول دراوە بەشێک لە کارتێکەریە زیانبارە هەمەچەشنەکانی جموجۆڵی ژاندارم و مۆرەکانی دەسەڵاتی شاهی لە سەر ژیانی دواتری خەلک لە دوو توێ ئاخاوتنی ژیانی ڕۆژانەی هەموو چین وتوێژێکی خەڵکی دەڤەرەکەدا بخرێتە بەر دیدەی ورد بینی خوێنەر.
لە وەرد دانەوەی ئەم بەسەرهاتەدا وەک باوی زۆرتری ڕۆمانەکان ئەرک لە هەڵسوکەوتی قارەمانێک دا کۆ نەکراوەتەوە بەڵکوو چەندین کەسایەتی کە هەریەک گرێدراوی چین و توێژێکی کۆمەڵگەکەن دەور دەگێڕن. هەڵبەت ئەبێ ئەوەش زیاد بکرێ زۆربەی ڕووداوەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گەڵ واقعی خوڵقاو مەودایێکی ئەوتۆیان نیە.
ئاڵ / ئاڵە ژن / ئاڵە شین/ ئالان
مشیر ئەلدولە لە کتێبەکەیدا باس لە ژنانی شەڕکەر لە نێوان چۆمەکانی دۆن ودەریای ڕەش دەکات کە سەردەمێک تا قەوقاز وئاترۆپاتن دەسەڵاتی خۆیان لەژێر ناوی ئاڵە ژن / ئالان، ئالانی (ئەران) ئامازۆن(لە ئاخاوتنی یۆنانی) نواندوە. ئەم ژنگەلە شێوازێکی ترسناکیان بە سەرو پەچکی خۆیان داوە کە توانیویەتی ترسو خۆف لە دڵی بەرانبەرەکەیاندا بخوڵقێنێت. لەوە دەچێ ناوی گوندی ئاڵە شین / بۆکان وئالان / سەردەشت بە جێماوی سەردەمی دەسەڵات دارەتی ئەم ژنانە لە ئاترۆپاتن بووبێت. بەڵام لە هۆرامان بۆ چوون ومێژووی جیاوازتر باوە.
بۆ هـــــــــــــــاڵ؟
Haal
هاڵ بە هۆرامی واتای جنۆکە ، شەیتان یان هێمای دژبەر ودوژمنی ژنی زەیسان و کۆرپەی نێو زگیەتی. لە باوەڕی باوی نێو کۆمەڵی هۆرامیدا، کاتی منداڵ بوون هاڵ پەلاماری ئەو ژنە دەدات جەرگ و دڵی دەر دێنێ و دەیبات.
لە ڕاستیدا پێشووتر لە بەر نەبوونی دەرەتانی پێراگەیشتن، ولە بەر چاو نەگیرانی باری لەش ساقی بۆ ژنی دووگیان، هەروەتر کزی زانستی ئەم بوارە ڕێژەیەکی بەرچاوی ئەم ژنانە کاتی منداڵ بوون بە سەر زکەوە گیانیان دەسپارد.
کزی ولاوازی لەش لە هەڕەتی دووگیانی لە بەر نەبوونی خورد وخۆراکی پێویست و چاوەدێری دوکتۆر، لە بەر چوونی خوێنی زۆر، نەبوونی پسپۆڕی شارەزا بۆ پێ ڕاگەیشتن و ڕێنوێنی کاتی منداڵ بوون، ئەم ژنانە یان مردوون یا دووجاری چەندها نەخۆشی هاتوون. زۆرجار بە هۆی دابەزینی زەختی خوێن ئەو ژنانە بەحاڵەتی نائاسایی وڕێنە کردن بە دەم هاوارەوە قسەی هاتەران پاتەران لە زاریان دەرپەڕیوە. لەوانە: “بردمیان، مەهێڵن، فریام کەون، و…”
لە نەریتی ناوچەکەدا خەڵک بۆ بەرپەرچدانەوەی حاڵەتی ئەوتۆ وکەم کردنی ئازارەکان ؛
١ ـ پەنایان بۆ هەندێ نەریت و ئامراز وەک مزگەوتی گەڕەک بردوە! بۆ وێنە؛ قیت کردنەوەی باگردێنی سەر بانی مزگەوت.
٢ ـ دانانی پشتێند یان دەسرۆکەی ئەندامی نێرینەی بنەماڵەیەک کە گۆیا کەسێکی شوانیان کاتی بە خێو کردنی ئاژەڵان بە شەو تووشی ئەجنەی هاڵ دەبێت کە دڵو جەرگی خوێناوی ژنێکی تازە زاوی بە دەستەوە دەبن. ئەم شوانە هاڵ یەخسیری خۆی دەکات و بە خواستی کوشتن هێرش دەکاتەسەری. هاڵ بە پاڕانەوە قەناعەت بەشوان دێنێت ئەگەر ڕزگاری کات وکاری پێ نەبێ، تا هەتایە بنەماڵە و وەرەسەی بە دەستی هاڵ زیانمەند نابن . هەر نیشانەیەکی ئەوتۆی وەک پشتێندی کەسی نێرینە یان دەسرۆکەی ئەندامێکی بنەماڵەیان لای هەر ژنێک کاتی منداڵ بوون بێت گیانی پارێزراو دەبێ.
Ala .Ail. Hal . Aal بە وتەی کتێبی (کورد کێیە؟. نووسینی سۆران حەمەڕەش) لاپەڕەی ١٦٠ ــ فەرهەنگی سۆمەری کوردی هەڵگری هەر هەمان نێوەرۆکی سەرەوەیە.
هەمبانە بۆرینە ، فەرهەنگی کوردی فارسی. مامۆستا هەژار لاپەڕەی ٩٤٠ ؛
هاڵ بردنەوە: بێهۆش بوونی زەیسان لە دەس جنۆکە وێنا دەکات.
ئەم وشە بە زمانی هیتی ،Hell وێنا کراوە. دیسان سۆران حەمەرەش. دیارە لە زمانی ئاڵمانی Hölle بە واتای جەهەنەم هاتوە.
هۆر یان هەڵ؛ لە کوردی هۆرامی وبەشێکیتری ئاخاوتنەکانی کورد دا وەک پێشگر بۆ جووڵە سەرهەڵدان لە زۆر وشەدا مانادەدا. [هۆرپڕای : بەرزبوونەوە ، سەماکردن.]، [هۆرتەقای .وێکدادان.تەسادۆف.]، [هۆرچڵەکیای. لە نەکاو یان خەودا هەڵبەزین وبە ئاگا هاتن.] (هۆر ئامای. سەرهەڵدان)
کردار وئاکاری دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی نزیک بەدووسەت ساڵی ڕابردوو هەمبەر میلەتی کورد لە راستیدا جۆرە بزاڤێکی هاڵ ئاسا و هەڵ بەز دابەزێکی ناڕەوا، شەیتانی وجاری واهەبوە جنۆکە وار بۆ فڕاندن و دزین ودەرهێنانی تاکەکانی کورد لە داوێنی بنەماڵەکەیان بوە کە وێچوونی کرداری هاڵ تێیدا بەدی دەکرێت.
سەرزیاد بزاڤی ڕێگری لە سەر هەڵدان، برسی کردن و گەشەی گشت بابەتی ئەم خەڵکە هەمدیس دەگەرێتەوە بۆ ئامادەکاری تووش بوون بە بێڕەحمی نواندنی هاڵــــ ی دەسەلات.
شیاوە بوترێ لە وێژەی هۆرامیدا هاڵ دیسان بۆ زەوی خیزەڵانی پیک هاتوو لە بەردە سووتاوی ئاکامی بورکانیش دەوترێت.
هــــــــــــــاڵ؛ ڕۆمان . نووسینی سدێق بابایی Sadigh Babaee