هاوینی ساڵی 1363 پیرانشار، هێزی پۆشتەوپەرداخی ڕژیمی ئێسلامی لە پەلامارێکی پانو بەریندا توانی بەشێک لە ناوچەی سەرشاخان ، بەرزاییەکانی مەیدان ئاسەڕ، بەری مەنگوڕان[ مەهاباد] ونەڵێن [پیرانشار] پاش ساڵانێکی زۆر حەولی بێ وچان بەڵام بێئاکام بە تێچوێکی گیانی وماڵی فراوان بخاتە ژێر کونترۆڵی خۆی.
ناوەندی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار وێرای هێزی ناوداری ئاوارە، کە تا ئەو کات لێرەوە تێکۆشانی سیاسی و بەرپەرچدانەوەی پەلامارە بێ بڕاوانەکانی تارانی سامان دەبەخشی، بە پێچەوانەی ئارەزووی دەسەڵاتی تاران سەر لە نوێ بە خۆ ڕێکخستن لە ناوچەی بەری مێرگان درێژی تێکۆشانی مسۆگەرو سەقام پێ بەخشی.
واتە تیری تاران وە بەردی کەوت. هێزی ئازادیخوازی وڵات نە تەنیا ورەی قایمی سست نەبوو بگرە وەک جاران بوونی خۆی بە کەمێک جیاوازی لە هەموو ناوچەکاندا پاراست.
ئێدارەی ئێتلاعاتی پیرانشار و باقی دامودەزگای سەرکوتکاری ئێسلامی ئەمجارەیان بە ناهۆمێدی پلانێکی تریان بۆ بە ئامانج گەیشتن داڕشت.
بۆ دابەزاندنی ئەم پلانە یەک لە فەرماندە ناودارو ئازاکانی هێزی ئاوارە کە بە وتەی دوایی فەرماندەری سپا زۆر پێشتر لە داویان کەوتبوو دەسنیشان دەکەن.
پۆختەی پلانە کە ئەوە ئەبێت کە بە هاوکاری ئیمام جومعەی ئەوکاتی پیرانشار کەسی ئاماژە پێکراو بە قەناعەتێک بگەیەنن تا خۆشەویستی خۆی لە نێو ڕیزی پێشمەرگە بکاتە دەسپێچک و لە ڕوانگەی دڵسۆزی بۆ پێشمەرگە خێزاندارەکان بە تایبەت زەخت بخاتە سەر کۆمتیەی شارستان بنەماڵەکانیان بەرەو عێراق کۆچ پێباکات و وەک پەنابەری عێراق کەمپیان بۆ ڕێک بخرێت.
ئامانجی ڕژیم لەم پلانە جیا لە دەوامی مانەوەی مۆرەی هەڵخەڵەتاو لە نێو ڕیزەکانی حێزبی دێمۆکرات بۆ بە ئەنجام گەیاندنی بڕیاراتی دوایی:
- ـــ داتاشینی خەرج و سەرقاڵی مەزن و پەرەدانی ئەم سیاسەتە لە مەڵبەندەکانیتر و پاڵ پێوە نانی شۆڕش بۆ کەمپ نشینی .
- ــ کەم کردنەوە و نەهێشتی حەز وئارەزووی پێشمەرگە بۆ مانەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیم و سەرقاڵ کردنیان بە گرفتی منداڵداری وکەمپ نشینی.
- ــ ساز کردنی بنەمای دووبەرەکی لە نێو ڕیزی پێشمەرگە (سەڵت و خێزاندار) لە بەر ئەوە ئاسایی دەهاتە بەرچاو کاتێک ژن ومنداڵی پێشمەرگە لە کەمپ دەژیان ئەبوو بەشێک لە بیروهۆش وتوانای پێشمەرگە خێزاندارەکان بۆ ئەرکی پێڕاگەیشتن بە ماڵ ومنداڵیان لە غوربەت تەرخان بکرێت. ئەمە جیا لە بەڕێوە چوونی دڵخوازتر وەک ئەوە لە پەنای کەسوکاری خۆیان لە نێوخۆی وڵاتدا دەژیان کۆڵیک گرفتی لاوەکی تری بۆ پێش دەهێنان.
- ــ کورت و کرمانجی لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پلانە ڕەکێشی جۆرێک لە ئاشبەتاڵ و گرێدراوی هێزی شۆڕشگێڕ بە نەیارێکیتری کورد کە لەڕووی ناچاریەوە پێوەندی لە گەڵ دامەزرا بووپەرە پێدەدا.
کۆمیتەی شارستانی پیرانشار بە دەرک وفام کردنی مەترسیە مەزنەکانی ئەم پلانە کە تا دەهات لە نێو ڕیزی پێشمەرگەدا پەرەی دەستاند، خۆی ناچار دیت وێرای ڕاوێژ لە گەڵ ئەندامانی کۆمیتەی شارستان و شەنوکۆی مەترسیەکانی ئەم پلانە، هەر وەها هاودەنگی بەرپرسانەی فەرماندەری هێز جیا لە حەولی دیتنەوەی ماکەی سەرکی ئەم پرۆپاگەندە ژاراویە لە نێو ڕیزەکانی خۆیدا، بە سازدانی کۆڕ وکۆبوونەوەی بەرین بۆ سەرجەم کادرو پێشمەرگە ئاشکراکان کە ئەو کات سەری لە زیاتر لە ٧٠٠ کەس دەدا، قورس وقایم بەرئەنگاری خۆی بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پلانە بە هەر نرخێک بخاتە بواری کرداری کردن.
لە ئاکامدا بەرپرسی سەرەکی پلانە کە لە نێو ڕیزی پێشمەرگەکان ئاشکرا کرا. سەرەتا هەموو حەولێک خرایە گەڕ تا واز لە بەدوادا چوونی ئەم خوازیاریە زیانبارە کە بە جۆرێک ئاشبەتاڵ لێک دەدرایەوە بهێنێت.
بە داخەوە حەولدانە چڕوپڕەکان بە ئاکام نەگەیشت. ئەوە بوو لە کۆتایی خۆیدا فەماندەری ناوبراو بە لێ ئەستاندنەوەی چەکی شەرفمەندی پێشمەرگە تا بڕیاری دوایی سزادرا.
ڕؤژێ یەک لە فەرماندەرانی تری ناسراوی ئەم هێزە، (مــ .گوێ.. بە هێنانە گۆڕی ئەم وتەیە کە ژن ومنداڵی فەرماندەری چەک کراو بۆ سەردانی هاتوونە لای، بەڵام بۆی شەرمەزاریە بە بێ چەک ژن ومنداڵەکەی زیارەت بکات تکا لە من ( بەرپرسی کۆمیتەی شارستان ) دەکات چەکوچۆڵەکەی پێبداتەوە.
بەرپرسی کۆمیتەی شارستان، بۆی ڕوون دەکاتەوە چەک کردن بە بڕیاری هەموو ئەندامانی کۆمیتە کە فەرماندەری هێز وبەرپرسی کۆمیتە تەنیا دوو دەنگیان هەیە بەڕێوە براوە و ئەم بە تەنیا مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی نیە، لە گەڵ ئەوە بە حورمەتی فەرماندەی داواکار و بۆ ڕێز گرتن لە ڕابردوی فەرماندەری چەک کراو ئەسڵەحەکەی خۆی بە ئەمانەت تا گەڕانەوەی ژن ومنداڵی بۆ نێو شار بۆ دنێرێت.
مەخابن هەر ئەو شەوە فەرماندەری ناهۆمێد لە سەرکەوتنی پلانەکەی ئێتلاعاتی سپا لە پیرانشار دوای ئەوە چەند کەسێکیتر لە هاوبیرانی فێرکراوی خۆی بۆ درێژەدان بە داوکاریە زیانبارەکەی ڕادەسپرێت، خۆی ڕادەستی هێزەکانی سپا لە پیرانشار دەکات تا بە ئەم شێوە درێژەی ترسناکتری فازی دووی پلانەکە وێکڕا بەرنامەڕێژی بکەن.
یەک دووڕۆژپاش خۆ ڕادەست کردنەوەی (قــ ح ) دیسان بۆ تێگەیاندنی پێشمەرگەکان لە پلانی سپا کۆبوونەوەی بەرین بە ئامادەکاری ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسیدار لە شوێنە جیاواەکان بۆ پێشمەرگەکان ساز دەکرێت.
لەو کۆبونەوانەدا بە داخەوە ئاشکرا دەبێ کە یەک دووکەسیتری فەرماندەری ڕەدە خوارتر و ڕێژەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە فریوی ئەوپلانەیان خواردوە.
بە ناچار بە بێ ڕێگە پێدان بە هەچ ڕارایی ودوودڵێ هەر لەوێ بڕیاردەدرێت ئەوکەسانە ئامادەن نابن، دەس لەو داواکاریە کە پلانی سپای پاسداران و بە دژی بڕیارەکانی جووڵانەوەیە هەڵگرن، سەرپشکن بێ ماتڵی چەکەکەیان دابنێن و وەک فەرماندە پێشوەکەیان خۆیان ڕادەستی ڕژیم لە پیرانشار بکەنەوە.
زۆر بە داخەوە ئەبێ دان بە ئەوە دابنرێت ئەگەر باش لە زەیندا مابێت ڕێژەیەکی کەمتر لە ٢٠٠ کەس چەک کران و بەرەو مۆڵگەکانی ڕژیم ڕێچکەیان بەست.
شەوێکی تاڵ و ناخ هەژێن بوو. بەڵام چار ناچارو ئەرکی شؤڕشگێڕانە بڕیاری شؤڕشگێڕانەی تەڵەب دەکرد.
هاوکات ڕژیم پلانی دوو کە پێشتر هەموو ئامادەکاریەکانی بۆ کرابوو بە بێ وەستان دادەبەزێنێت.
تێبینی: [ پێشتر برایەکی فەرماندەری فریو خواردوو لە ڕیزی پێشمەرگەدا شەهید ببوو.]
سپای پاسداران هاوکات بە ناوی ئەو شەهیدە مۆڵگەیەکی جاشەتی بۆ خۆتەسلیم کردوە کان لە شاری پیرانشار بە سەرۆکایەتی برا تەسلیم بووەکەی دادەمەزرێنێت.
مەترسیەکی گەورە کەوتبوو نێو ڕیزەکانی خەڵک کە تەسلیم بووەکان بە گوێرەی شارەزایی دەتوانن دژواری تایبەت لە سەر درێژەی خەبات لەم مەڵبەندە بۆ پێشمەرگە وەفادارەکان بە ڕێگای ئازادی ساز بکەن.
بەڵام زۆر زوو پێش ئەوە ڕژیم بتوانێت هەر زەبرێکیتر لە پەیکەری شۆڕش بدات. بەشێکی بەرچاو لە خۆ تەسلیم کردوە کان پاش ئاگاداری لە هەڵە وفریوی فەرماندە. شەوێک پەلاماری مۆرە ئەسڵیەکانی خیانەکار دەدەن و بنکەی جاشایەتی تازە دامەزراو بە تەواوی هەڵدەوەشێننەوە و چەکی بەرپرسی کۆمیتەی شارستان کە بە حورمەتی ڕابردووی فەرماندەری بەزیو و ژن ومنداڵەکەی بە ئەمانەت دوای چەک کرانی بە تاوانی هاودەستی پلانی ڕژیم، بە چەشنی کاتی پێیدابوو پاش کوژرانی ئەو کۆنە فەرماندەرە بەزیوە دیسان دەگەڕێننەوە.
سدێق بابایی ٢٦ی سەرماوەز