پێشمەرگەکان: کاک قاسم دۆستی بە وەفای شەهیدان د. قاسملوو و شەڕەفکەندی بوو، وەک وەرگێڕی زمانی ئینگلیسی لە گەل هەواڵنێرەکان بۆ سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، وەک کەسێکی باوەڕپێکراوی سکرتاریای حیزبی دێمۆکڕات دەنێردرا و کەسێکی دڵسۆز و راستگۆ بوو.
بێجگە لە کاری وەرگێڕی و ئەرکەکانی دیکەی لە سکرتاریا ، ماوەکی زۆر بەرپرسی پەیوەندیەکانی حیزب بوو لە هەولێر بوو.
دوای هاتنی بۆ سویدیش لە کار و چالاکی نەوەستا و لێرەش لە هەموو کار و چالاکی حیزبی دیمۆکڕات دا بەشداری دەکرد. زیادتر لە ساڵێکیش بەرپرسی کومیتەی سوید حیزبی دێمۆکڕات بوو.
ئێمە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەکان قارەمانی و موهتەدی و سەرجەم هاوڕێیانی دەکەین و روحی هاوڕێ قاسم شاد بێ.
پەیامی بنەماڵەكانی قارەمانی و موهتەدی لە دەرەوەی وڵات
شەوی ڕابردوو کاک قاسم قارەمانی پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکڕات لە شاری وێسترۆسی سوئێد کۆچی دوایی کرد.
کاک قاسم قارەمانی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی خەباتی ئازادیخوازی کورد، شەوی ڕابردوو، ٢٥-١١-٢٠٢٤ لە شاری وێسترۆس کۆچی دوایی کرد. ژیان و کردەوەکانی چیرۆکێکی خۆڕاگری و بوێری و کۆڵنەدان لە بەرەنگار بوونەوەی ستەم و نادادپەروەری پێکدەهێنن.
کاک قاسم قارەمانی لە تەواوی ژیانیدا تەماحە شەخسیەکانی خۆی لەگەڵ دیدێکی گەورەتری ئازادی و دادپەروەری بۆ گەلی کورد تێکەڵ کرد. پابەند بوونی و خەونی کوردستانی ئازاد تەنها دەربڕینی بیروباوەڕی شەخسی خۆی نەبوو بەڵکو بەشێک بوو لە خەباتێکی فراوانتر بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و چارەی خۆنووسین. هەربۆیە ژیان و کاری کاک قاسم قارەمانی بوو بە بەشێک لە گێڕانەوەی گەورەتری خەباتی ئازادیخوازی کورد، خەباتێک کە دەیان ساڵ و نەوەکانی گرتۆتەوە.
ژیانێک کە بە بوێری و کۆڵنەدان دیاری کراوە:
ژیانی کاک قاسم قارەمانی بە بوێری لە بەرامبەر مەترسی و بەرگەگرتنی نائاسایی لە بەرامبەر سەختیدا تایبەتمەند بوو. هەوڵەکانی بۆ ئازادی هەرگیز تەنها لە خۆی و کەسانی نزیکترین کەسدا سنووردار نەبووە. هەوڵێکی بەکۆمەڵ بوو، خەباتێک بوو بۆ دەنگدان بەو کەسانەی کە بێدەنگ بوون و بەهێزکردنی ئەوانەی هیوایان لەدەستدابوو.
میراتی کاک قاسم قارەمانی:
میراتی کاک قاسم قارەمانی زۆر لەو دەسکەوتانەی خۆی درێژ دەبێتەوە. سامانێکی زۆر لە ئیلهام و وانە و نموونەیەکی لەبیرنەکراو بەجێدەهێڵێت کە چی بە دەست دێت کاتێک مرۆڤ بە دڵسۆزیەوە کار بۆ دۆزی باڵاتر دەکات. خەباتی ئەو تەنیا لە دەق و چیرۆکە مێژووییەکاندا بەڵگەی لەسەر نییە، بەڵکو لە دڵ و کردەی ئەو کەسانەدا دەژی کە بەردەوامن لە خەبات بۆ ئازادی. ژیانی ئەو نیشان دەدات کە تەنانەت لە بێهیواترین بارودۆخەکانیشدا، ئیمان و ئیرادەی تاکێک دەتوانێت جیاوازییەکی گەورە دروست بکات.
لە کاتێکدا ئەمڕۆ لە سەر ژیان و کردەوەکانی کاک قاسم قارەمانی بیر دەکەینەوە، نەک هەر ماتەمینی لە دەستدانی ئەندامێکی بە وەفای حیزبی دێموکراتی كوردستان، بەڵکو بە درێژەدان بەو خەباتەی کە ژیانی خۆی بۆی تەرخانکرد، ڕێز لە یادی ئەو بگرین. ژیانی ئەو بیر خستنەوەیەکە کە ئازایەتی و ئیرادە دەتوانێت تەنانەت تاریکترین ساتەکانیش زاڵ بێت.
مەڕاسمی خاكسپاری و پرسەی كادری بەوەجی حیزبی دێمۆکڕاتی كوردستان لە لایەن بنەماڵەكانی قارەمانی و موهتەدی هەروەها كومێتەی گشتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید بەڕیوە دەچی.
ڕۆحی شاد .
بنەماڵەكانی قارەمانی و موهتەدی لە دەرەوەی وەڵات
***
کۆچی دوایی کادرێکی دێرین و دڵسۆزێکی بەوەفای حیزبی دێموکرات
00:25 – 8 سەرماوەز 2724
ڕۆژی دووشەممە، ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣، کادرێکی دێرین و دڵسۆزی بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوی “قاسم قارەمانی” بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری وێستڕۆس کۆچی دوایی کرد.
کاک قاسم قارەمانی ساڵی ۱۳۲۷ هەتاوی لە گوندی “گۆلی مەرزینگ” سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە.
ناوبراو خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆیان و قۆناغی ناوەندیی لە شاری بۆکان و دواناوەندیشی لە شاری تەورێز تەواو کردووە.
ماوەی چەند ساڵێک لە گوندەکانی کوردستاندا، گوندی بێژوێی ناوچەی ئالانی سەردەشت وەک نموونەی هەرە بەرچاو، وەک مامۆستایەکی تێکۆشەر و دڵسۆز سەرقاڵی پەروەردەکردنی نەوەکانی دواڕۆژی گەلەکەمان بووە.
ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لیسانسی بیرکاری لە زانکۆی تەورێز وەرگرتووە.
هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە ساڵی، ۱۳٥۷ پەیوەندیی بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە کردووە و وەک ئەندام و پێشمەرگە دەستی بە تێکۆشانی خۆی کردووە. کادری سکرتاریا و پەیوەندییەکانی حیزب بووە. زۆر جار وەک وەرگێڕی زمانی ئینگلیسی لەگەڵ هەواڵنێرانی دەرەوە، کە سەردانی ڕێبەرایەتیی حیزب و هێزی پێشمەرگەیان دەکرد، کاری کردووە.
کاک قاسم دوای ئازادبوونی باشووری کوردستان ئەرکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ئەستۆ بووە.
لەساڵی ۱۳۷٦ـەوە لە وڵاتی سۆید نیشتەجێ بووە. لەوێش وەک ئەندام و دەورەیەک وەک بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سوید درێژەی بە چالاکیی خۆی داوە.
ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی ئەندامێکی بەوەفا و دڵسۆزی حیزب بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.
***
عەزیز مورادپەرەست: کاک “قاسم”ی خۆشەویست کۆچی دوایت کۆڵێک خەم و ئازاری بۆی بەجێ هێشتین.
ئەمڕۆ سەر لە بەیانی کاک “بیژەن قارەمانی” و پاشانیش کاک “حەسەن قارەمانی” ئاگاداریان کردم کە بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە شەوی رابردوو تێکۆشەری دێرین و براو ماموستامان کاک قاسم قارەمانی لە هەمان شوێنی ژێر چاوەێری تایبەت لە شاری ڤێسترۆس کۆچی دوایی کردووە. منیش بەو هەواڵە ناخۆشە گەرووم پر بوو لە گریان و چاوەکانم پر لە فرمێسک
کاک “قاسم قارەمانی” سیمایەکی ناسرا و دێموکراتێکی بێ ئیدیعا، تێکۆشەرێکی دێرینی دێموکرات کە دەیان ساڵ لە ناو رێزەکانی حیزبی دێموکراتدا بەو پەری تواناوە خەریکی کار و تێکۆشانی نەتەوەیی بووە و هەموو خۆشییەکانی ژیانی شەخسی و بنەماڵەکەی فیدای ئامانجەکانی حیزب و نەتەوەکەی کرد، کاک قاسم یەکێک لەو باوەرپێکراوانە بوو کە چەندین ساڵ لە لایەن رێبەری شەهید دوکتور “قاسملوو” لە سکرتاریای حیزب کار و ئەرکی گرینگی پێ ئەسپێردرابوو و وەک کادرێکی لێهاتووی حیزب بەو پەری ئەمانەت و سەداقەتەوە کاری دەکرد، هەروەها کاک قاسم چەند ساڵ وەک بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان کاری کردووە، لە وڵاتی سوئێدیش، بێجگە لە کاری ماموستایی، هەمیشە وەک کادرێکی بە توانانی حیزب لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکاندا ئەرکی قورسی لە سەر شانبووە و چەند سالیش خۆم (عەزیز) وەک هاوکاری کاک قاسم لە کۆمیتەی گشتی و خۆشی بەرپڕسایەتی کۆمیتەی گشتی حیزبی لە سەر شانبووە لە وڵاتی سوئێد، پێویستە ئەوەش بڵێم کە چەند ساڵێک بوو کاک قاسم بە هۆی سەکتەی مەغزی تووشی ناراحەتی زۆر هاتبوو، بەداخەوە هەوڵ و ماندوو بوونی دوکتۆرەکان و دڵسۆزی هاورێ و بنەماڵە و کەس و کاری نەیانتوانی ببنە چارەسەری بۆ ئەو نەخۆشییە و بەداخەوە شەوی رابردوو چاوەکانی لە سەر یەک داناو و ماڵئاوایی یەکجاری لە هەموو لایەک کرد.
پێویستە ئەوەش بڵێم کە وەک ئەرکێک خۆم و بنەماڵەم، بەتایبەت لەو ماوەیەدا کە کاک قاسم نەخۆش بوو، بەردەوام سەردانمان دەکرد و لە نێزیکەوە ئاگاداری باری تەندروستی بەرێزیان بووین.
بەو بۆنەوە پرسە و هاوخەمی خومان بە هەردوو کوڕەکانی کاک قاسم کاک “رزگار” و کاک “رێبوار قارەمانی “و هەروەها کاک حەسەن قارەمانی، کاک بیژەن قارەمانی، کاک چیا قارەمانی، کاک سالار قارەمانی، کاک سۆران قارەمانی و بە گشتی بنەماڵەی گەورەی قارەمانی لە ناخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات و هەروەها هاورێ و هاوسەنگەرانی لە ناو رێزەکانی حیزبی دێموکرات و کەس و کاری بە گشتی رادەگەیەنین و خۆمان بە شەریک و هاوبەشی خەمی هەموو لایەک دەزانین.
ڕووحی کاک قاسم شاد و جێگای ئارام و یادی بەرز و بەرێز بێت.
عەزیز مورادپەرەست