"an independent online kurdish website

کۆچی دوایی روماننوسی ناوداری شاری بۆکان و رۆژهەڵات، ئێوارەی ئەمڕۆ، شەممە ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری ١۴٠٣ی هەتاوی (2024/12/21 ی زایینی لە بۆکان کۆچی دوایی کرد.

سبەی تەرمی خوالێخۆشبوو لە گۆڕستانی بۆکان لە تەنیشت گۆڕی مامۆستا حەقیقی بە خاک دەسپێردرێ.

فەتاح ئەمیری ساڵی ١٣٢٥ی ھەتاوی لە ئاوایی مەنیچەر سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەھاباد درێژە پێ داوە. دواتر لە ئیدارەی کارەبای شاری بۆکان دامەزراوە. لە سەردەمی پاڵەویدا (ساڵی ١٣٥٤) بەھۆی چالاکیی سیاسییەوە دەسگیر کراوە و تا ساڵی ١٣٥٧ لە بەندیخانە بووە. تا گوازتنەوەی گۆڤاری سروە بۆ سنە یارمەتی داوە و بەشی (سروەی ئازیز) ی لە ئەستۆ بووە کە پێشوازییەکی باشیشی لێ کراوە. ساڵی ١٩٩٣ لە یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکاندا وەک یەکێک لە حەوت بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوەیە ھەڵبژێردراوە. شارەزایی و زاڵ بوونی ئەمیری بەسەر زمانی کوردی بەتایبەتی بنزاری موکریانی بووەتە ھۆی ئەوەیکە ڕۆمانەکانی ببنە سەرچاوەیەکی زیندوویەتی پەند و ئیدیۆم و دەستەواژە و وشەی ڕەسەنی کوردی. فەتاح ئەمیری ئێستا خانەنشین بوو و لە بۆکان دەژیا.

فەتاح ئەمیری: ئەمن خۆشبینم. ئێمە کاتێک توانیمان بیر و فکرێکی سەربەخۆمان هەبێ، دەتوانین نووسراوەیەکی  سەربەخۆمان هەبێ. دەتوانین وەک کورد بیر کەینەوە و وەک کورد بنووسین. زۆری وا هەیە وەک فارس فکر دەکاتەوە و وەک کورد دەنووسێ، زۆری وا هەیە وەک عەڕەب فکر دەکاتەوە و وەک کورد دەنووسێت کە ئەوە نابێ. بەوەش زۆر خۆشحاڵ یا بەدحاڵ نەبین کە ئەوە نووسراوەیەکی گوندییە یا شارییە. نزیکەی 10 ساڵان لە دێی جووت‌بەندە بووم، جا بۆیە ژیان پێیدەوێ، خۆ وەک ئەمریکای لاتین نێ، تۆ بە نووسینی ڕۆمانێک بژیوی ژیانت دابین بکەی، لە لایەکی دیکەشەوە چاپ و هێنانە دەری کتێبیش لە ئێران وەدواکەوتنی دەوێ. من لە 40 ساڵی‌دا دەستم بەو شتە کرد.

ھاوارەبەرە ڕۆمانێکی گوندییە لە نوسەری بە تۆانای کورد کاک فەتاح ئەمیری؛ باس لە زوڵم و زۆریی حکوومەتی ڕەزا شا دەکات، میرزا دەوری سەرەکی دەبینێت و لە گوندێکدا خۆی حەشار داوە. ھاوارەبەرە ھەوایەکی شمشاڵە کە شوانی دێ، بەو زمانە لەگەڵ خۆشەویستەکەی دەدوێت

 رۆمانی “ھاوارە بەرە و میرزا “کە بە جۆرێک لە جۆرەکان  ئاورێک لە خەباتی شۆرشگیرانی دێموکرات  لە ساڵەکانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ ، دەداتەوە چێژ و تامێکی جێاوازی ھەیە .

دەنگی کاک موشتاق  لە پۆدکاستی رێگا

https://www.regapodcast.com/hawareber

هاوارەبەرە” و “میرزا” بناخەی ئەدەبیاتی ئیقلیمی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەژاڵ ساڵحی

لە نێو رۆمان‌نووسانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا، ماموستا فەتاح ئەمیری وەک رۆمان‌نوسێکی پێشەنەگ چل ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی رۆمانی “پیشمه‌رگه‌”ی “دکتۆر رەحیمی قازی”، بە نووسینی دوو رۆمانی “هاوارەبەرە” و “میرزا”، هەنگاوێکی جیددی لە بواری گێڕانەوەی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا هەڵێناوە. نووسەر لەو رۆمانانەدا ئاگایانە بڕیار دەدا بەرهەمێکی وا بخوڵقێنێ کە سەرەڕای خستنە ڕووی شوناسی فەرهەنگی و مێژوویی و زیندوو کردنەوەی زمان، بە ئاوێتەکردنی توانستی هەندێک لە قالب و ژانرە ئەدەبییە فۆلکلۆرییەکان، کەشێکی دیکە و چەشنێکی تایبەت لە نووسینی دەوڵەمەند بە توانستی ئەدەبی زارەکی بخوڵقێنێ. بۆ وێنە بە خستنە گەڕێ توانایی قالبە ئەدەبییەکانی وەک وردە چیرۆک و حەکایەت و بەیتی فۆلکلۆر و پەندی پێشێنیان، بیر و باوەڕی کۆمەڵایەتی و ئایینی و شێوەژیان و ئاخافتنی کۆمەڵگای دێرینی خۆی بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە و وێڕای حەول بۆ پاراستنی وردەکارییەکانی ئەو ژانر و قالبە ئەدەبییانه، لە زیندوو راگرتنی ماکە شوناس سازەکانی زمانی  کولتووری کۆمەڵگای کوردستان رۆڵ بگێڕێ.

لەو نووسینە دا وێڕای باسێک لەسەر ئەدەبیاتی ئیقلیمی/ناوچەیی/ لە باری زمانییەوە، ماکە پێک‌هێنەرەکانی ئەو بەشە لە ئەدەبیات دەخەینە بەرچاو. هەروەها باسی رۆڵی ئەو ژانرە ئەدەبییانە لە گێڕانەوەی دوو رۆمانی “هاوارەبەرە” و “میرزا”دا دیته ئاراوه.لە لایەکی دیکەوە پێویستە باسی حەولی نووسەر بۆ تێکهەڵکێشانی ئەو ژانر و قالبانە لەگەڵ رۆمانەکەی بکرێ کە چۆن توانیوییەتی ئەو تواناییانە بقۆزێتەوە و موتوربەی رۆمانەکەی بکا و هەم رۆمانەکەی پێ رەنگین و سەنگین‌تر بکا و هەم بەشێک لەو کەلەپوورە بپارێزێ.

ئەدەبیاتی ئیقلیمی ناوچەیی یان لۆکاڵ؛ له راستی‌دا دەربڕ و نیشان‌دەری شێوەیەک لە ئەدەبیاتە کە تایبەتمەندی و خاڵە بەرچاوەکانی جوغڕافیایی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوچەیەکی تایبەت نیشان دەدا، بە شێوەیەک کە ئەو تایبەتمەندییانە خاڵی جوداکەرەوەی ئەو ناوچەیە لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتێک بێ.

بەر لەوەی ئاماژە بەو خاڵانە بکەم کە نیشان‌دەری هێڵە جوداکەرەوەکانی ئەو چەشنە لە نووسینن، ئاماژەیەک بۆ روون‌تر بوونەوەی مەبەست بە پێوست دەزانم.

ئەدەبیاتی ئیقلیمی بە هیچ چەشنێک وەک دابەزین لە چەشنێک لەئەدەبی بەرزەوە بۆ ئەدەب لە بازنەیەکی بچووکتر نییە، بەڵکوو ئەو تایبەتمەندییە نیشاندەری کەش و جوغڕافیایەکی تایبەتە کە رۆمان لەبار دەکا بۆوەی توێژینەوەی خەڵک ناسانە و کۆمەڵناسانە و زمانناسانە و تا دوایی لەسەر بکرێ. بۆ وێنە لە ئەدەبی فارسی دا بە دەیان توێژینەوە لە سەر بەرهەمەکانی غوڵام حوسێنی ساعیدی، مەحموود دەوڵەت ئابادی، عەلی ئەشرەف دەرویشیان، ئەحمەد مەحموود و زۆر نووسەری دیکە کراوە کە چۆن بەرهەمی بە پێز و هێزیان لە بواری رۆمان و گێڕانەوەدا خوڵقاندووە و ناوبانگی نەتەوەیی و جیهانیشیان هەیە بەڵام خاوەن تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی ئیقلیمیش هەن. بەو پێیە دەمهەوێ بڵێم ئەو چەشنە لە ئەدەب خاوەن هەندێک تایبەتمەندییە نەک دابەزین لە ئاستێکی ئەدەبەوە بۆ ئاستێکی بەرتەسک‌تر.

ئێستا بە پێی ئەو پێشەکییە هەندێک لە خاڵە جوداکەرەوەکانی ئەو چەشنە لە نووسین دەخەمە بەرچاو:

١- تایبەتمەندییە جوغڕافیاییەکان. ئەو تایبەتمەندییە خۆی هەڵگری ئەو وردە خاڵانەیه: وەک کەش و هەوا، بارودۆخی سروشت، بوونی دارستان و لێڕەوار، چۆم و رووبار ،کوێستان و دەشت و بیابان … کە هەر کام لەوانە دەبێ جۆرێکی تایبەت بن و بە هۆی ئەو تایبەت بوونەوە لە ناوچەکانی دیکە نەچن و ئەو لێک نەچوونە ببێتە خاڵی جیاوازی لەگەڵ شوێن و جوغڕافیاکانی دیکە.

بۆ وێنە ئەگەر لە پانتای وڵاتێکی وەک ئێران دا ئەو تایبەتمەندییانە بخەینە بەرباس، دەکرێ بڵێین تایبەتمەندییە جوغڕافیاییەکانی باکووری ئێران بە دەریا و جەنگەڵ و کەش و هەوای سەربەخۆیەوە بەچەشنێک لە دەقی ئەدەبی دا رەنگ دەداتەوە کە جودایە لە تایبەتمەندی باشووری ئێران بە گەرما و دارخورما و ئەو تایبەتمەندییانەی بەو شوێنەوە دەناسرێن.

٢-تایبەتمەندی دووەم خاڵی جوداکەرەوەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە. وەکوو داب و نەریت و بڕوا ئاییینییەکان، زمان، مەزهەب، رەگەز، شێوەی خەبات و بەرەنگار بوونەوە لە بەرانبەر بێگانە و زۆر شتی دیکەش.

٣-تایبەتمەندی ئابووری، وەکوو چالاکی کشت‌وکاڵو پیشەسازی وابەستە بە شوێن و شێوەی بەرهەمهێنانی کاڵا و خواردەمەنی و چەشنی پیشەسازییە دەستییەکان و ….کە هەر کام لەوانە لایەنێکی نوێ و تازە بەو بابەتە دەبەخشن و بە شێوەیەک دەتوانن ئەدەبی هەڵقوڵاو لەو ناوچەیه دەوڵەمەند بکەن.

.

چیرۆکە ناوچەییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی هەڵگری هەموو یان بەشێک لەو تایبەتمەندییانەن و بەو پێیە دەتوانن ئاوێنەی باڵانوێنی فەزای شاری یان گوندی یان کولتووری ئەو بەشە لە وڵاتێک بن کە لە چوارچێوەی دەقێکی ئەدەبی لەوچەشنەدا دەکەوێتە بەر باس.

پاش خوێندنەوەی رۆمانەکانی هاوارەبەرە و میرزا و بەراوەردی کۆی ئەو تایبەتمەندییە جوغڕافیایی، زمانی، کولتووری، ئابووری و تەنانەت سیاسیانەی لەو دەقانەدا خراونەتە روو و پێک‌گرتنیان لەگەڵ چوارچێوە دیارەکانی ئەدەبی ئیقلیمی و ناوچەیی دەکرێ بڵێێن ئەو دوو رۆمانە دەچنە ژێر پیناسەی ئەو چەشنە لە ئه‌دەبیات و بەشێکی هەرە زۆری ئەو خاڵانەیان تێدایە کە نووسەرانی جودا بە تیۆری تایبەتەوە لەمەڕ ئەدەبی ئیقلیمییەوە خستوویانەتە روو.

لەو رۆمانانەدا رەوتی رووداوەکان بە شێوەیەکی ئەستوونی دەچنە پێش و پێوەندییەکی هزرمەندانە رووداوەکان لێک گرێ دەدا. ناواخن و دەروون مایەی رۆمان سەرەڕای ویستی نووسەر کە هه وڵی پاراستنی زمان و وشەی داوە و لە هەر رستەیەک دا بۆ یەک وشە چەندین هاوواتای خستوەتە روو، واشی وشەکان لە رستە دا جێ کردوەتە و زەمینەی بۆ رەخساندوون کە ئەگەر خوێنەر مانای سەرەکی وشەیەکیش نەزانێ ئەوە بە خوێندنەوەی رستەکە بە تەواوی و خوێندنەوەی رستەکانی بەرو دووای ئەو وشەیە، مانای سەرەکی بو راست دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر روانینێکی کۆمەڵناسانەشمان بۆی ببێ ئەوە هەر ئەو گێڕانەوەیە حەز و ئارەزووی لە مێژینەی تاکی کۆمەڵگای ژێر دەست و ناسەرکەوتوو لە زۆر بواردا دەخاتە روو. ئەو رەوتەش دەگێڕدرێتەوە کە کۆمەڵگایەکی وا بۆ دەرباز بوون لە جەغزی سەختی ناسەرکەوتوویی گرتوویەتە بەر یان ئەو پێشنیاری گرتنەبەری لە قالبی گێڕانەوەیەکی داستانی‌دا دەخاتە بەرچاو. رەوتی گەیشتن بە ئازادی بۆ سەربەستی و یەکسانی و ژیانێکی تێکەڵ بە هێمنایەتی و دوور لە ناحەزی و دزێوی کە لە بەشی شێکاری لەسەر فەلسەفەی ئەو چەشنە رۆمانانەدا دەکرێ و دەبێ بە تەسەلی له سەری بدوێین. چون لەو چەشنە گێڕانەوانە هەرچەند ئەرکی گێڕانەوە وەک سەرەکیترین کردەی نووسینی رۆمان؛ له ئەستۆیانە، بەڵام نووسەر حەولی خستنە رووی واتا و بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیشی هەیە.

ماکەکانی ئەدەبیاتی ئیقلیمی لە هاوارەبەرە و میرزا دا

ناوچەی جوغڕافیایی:

لە روانگەی نووسەرێکی ریئالیستەوە جوغڕافیا و شوێن گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە و بەدیهێنەری فەزای داستانە و نووسەری ئەو شێوازە لە نووسین تەنیا بۆ رازاندنەوە و خستنە رووی بەشێک لە وەسفەکانی یان بردنە پێشی رەوتی چیرۆکەکەی کەڵکی لێ وەرناگرێ. ئەو لایەنە واتە سەرنج بە تایبەتمەندییەکانی ناوچەیەک وەکوو داب‌ونەریت و شێوەی هەڵس‌وکەوتی خەڵک لەگەڵ یەک و شێوەی دابین کردنی بژیو، جۆری جل‌وبەرگ، وەسفی سروشت و بیر و باوەڕە ئایینییەکان و زمان و زاراوەی ناوچەیەک، وردبوونەوە لە رەنگ‌دانەوە و دەنگ‌دانەوەی وردەکارییەکانی ژیان و ئاقاری دەوروبەر بەرهەمەکە دەبەستێتەوە بە ناوچەیەکی تایبەتەوە و بە واتایەکی تر رەنگێکی خۆماڵیی و ناوچەیی بە بەرهەمەکە دەبەخشی. هەر بۆیە نووسەر حەول دەدا تەواوی توانای خۆی وەگەڕ بخا تاکوو ئەو شوێنە بەهەموو وردەکارییەکانییەوە لە ناوچەکانی دیکە جودا کاتەوە. ئەوەش بە شێوەیەکی ئاسایی زیاتر ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە ژیانی نووسەری لێ رابراوە و بە شێوەی جۆراوجۆر کارتێکەرییان لەسەر ژیانی نووسەر بووە.

ئەو ناوچانە بە هۆی ئەوەی نووسەر خووی بە هەموو کەلێن و قوژبن و کەند و لەند و کەش و هەوای گرتووە و بە تەواوی دەیناسێ وەکوو تابڵۆیەکی نەققاشی دەیڕەنگێنێ و بە وشە و سەمای رستە و واتاکان تابڵۆی کەلامی ئەو شوێنە دەکێشێتەوە و لە قالبی وەسفێکی داستانی‌دا ئەو هەستە بە خوێنەر دەبەخشێ کە لە گەڵ رووداوەکان دا ژیاوە و لەگەڵ هیچ کامیان نامۆ نییە.

ئەو شێوە نووسینە هەم لە نێو نووسەرانی ناوخۆیی و هەم لە نێو نووسەرانی بیانی‌دا بەدی دەکرێ و نموونەی زۆر سەرکەوتووی هەیە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە مەحموودی دەوڵەت‌ئابادی بکەین کە فەزای زۆربەی رۆمانەکانی کۆمەڵگایەکی گوندییە و وەکوو نووسەرێکی ریئالیست لە دووی شوێنە راستەقینەکان دەگەڕێ و تا بتوانێ گۆشەیەک لە ژیانی واقیعی خەڵک بگێڕێتەوە.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر رۆمانەکانی “هاوارەبەرە” و “میرزا”  وەکوو رۆمان لە شێوزای ئەدەبیاتی ئیقلیمی دا باسیان لێ بکەین دەکرێ ئاماژە بەو ماکانە بکەین کە لەو بەرهەمانە دا بە وردی وەسف کراون:

١-وەسفی سروشت: کاتێک نووسەر نوقمی وەسفی سروشتی ناوچەیەک دەبێ ئیتر نە چاوی تێر دەبێ لەو هەموو جوانییە و نە دڵی دێت بە جێی بێڵێ. هەر بۆیە بە وردی هەموو دیاردەکانی پێوەندیدار و ئامادە لەو شوێنە باس دەکا و هیچی لە بیر ناچێ. ئەو وەسفە ورد و دەقیقانە نیشاندەر و بەڵگەی هۆگری نووسەرن بەو ناوچەیەی رەوتی گێرانەوەکەی ئەوی تێدا دەگوورێ و  هەستی پاک و ناسکی و ئەزموونی تاکی و چاوی وردبینی نووسەر و لەهەمان کاتیشدا داهێنەرێتی ئەو لە داڕشتنی وشە و رستە و واتا سازی و خوڵقاندنی دۆخی داستانی بەو کەرەسانە و پیکهێنانی جیهانێک لە وشە نیشان دەدا که هەر کام لە وشەکانیش جیهانی تایبەت بە خۆیان هەیە. واتە وشە لەو نووسینانەی  فەتاحی ئەمیری دا جودا لەوەی کارکردێکی واتاییان هەیە کەسایەتییەکی فەرهەنگی و ناوچەیی و جوغڕافیاییش لەگەڵ خۆیان بەکێش دەکەن، یان باشتر وایە بڵێین لە هەناوی خۆیاندا ئەو وردەکاریانەیان تواندووەتەوە. ئەوەش بە خوێندنەوەی ئەو وشانە لە زەمینە کۆمەڵایەتی و کاتی و شوێنیی ئەواندا بە باشی دەردەکەوێ و ئەو تواناییەش لە قەلەمی کەم نووسەردا دەتوانی خۆ بنوێنێ. تەنیا ئەو نووسەرانە دەتوانن قەڵەم لە و بوارەدا تاو دەن کە کەسایەتی وشە و رۆڵی تایبەتی وشەیان لە زەمینەی کۆمەڵایەتی و دۆخی زەمانی و مەکانی خۆی دا دەرک کردبێ. بۆ دەرخستنی ئەو باسە گرینگە لە سەر شوێن لە رۆمانی هاوارەبەره دا سەرنجی ئەو بەشە لە رۆمانەکە بدەن:

لەهەورازێکی رژد وەسەرکەوت، بە سەر دارستانێکی پان و بەرین دا کەوت، باریکە رێیەک بە پانای دارستاندا خۆی راکێشاوە، لە هێندێک جێیان وەنیو دار و دەوەن دەکەوێ. رێبوار ون دەبێ. دیسان سەر وەدەر دەنێ. رێ پڕە لە پێچ و  فلووچ، دارستان بە پانایی پاناوک، بە درێژایی دۆڵ و دەرە، بە دڵی لاپاڵ و گەوەوە سەوزایی و شینایی بڵاو کردووەتەوە، سروشت وەک حاتەمی تایی و سولەیمانی نەبی سفرەی سەوز و گەشی بە وڵاتدا راخستووە. لەبەر شینایی رەش و گەش دەنوێنی، پنچک بەژنی بەرزی داری لە ئامێزدایە و لک دەستی بە دواێنی پۆپ گرتووە، پیرەدار شانیان رەشانی یەک دەخەن، دارستان تێک چڕژاو و لێک هاڵاوە تەنانەت قەڵەشتی بەردەکانیش رەگاژۆی نەمامی شلک و ساوای لێ رواندووە”

بە پێی ئەو نموونەیە و بە دەیان نموونەی تر سروشت وەکوو یەکێک لە دەورگێڕانی رۆمان کارایە و شوێن پەنجەی لە رۆماندا دیارە و ئەگەرچی جاری وایە وەسف درێژ و دووپات دەبێتەوە و ئەگەر کورت ببڕابایەوە چوارچێوەی گێرانەوەکەی پتەوتر دەکرد، بەڵام بە هۆی دەوڵەمەند و رەنگین بوونی زمانی کوردی؛ خەمی پاراستنی وشە رەسەنەکان؛ ترسی توانەوە و لە بیر چوونەوەیان هەر بەو جۆرەی نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا باسی لێدەکا، ئاستی ماندوو بوونی خوێنەر دێنێتە خوارێ و هەستی ئەو قورساییەی زمان و وشەی کوردی هەیەتی لە دەروونیدا تەشەنە دەستێنێ. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەو بوارە دەتوانێ لەبار بێ بۆ توێژینەوەی وشەناسانە و زمانناسانە و ساغ کردنەوەی بۆ وێنە هەموو تایبەتـەندییەکانی زمانی و راوێژیی ناوچەی موکریان. هەر وەکی کاری لەو چەشنە لەسەر هاوارەبەرە و میرزا کراوە و ئامادەکردنی فەرهەنگی زاراوەکانی هاوارەبەرە و میرزا بە کۆکردنەوەی جەماڵ کاڕەشی و شەرح و لێکدانەوەی نووسەری رۆمان، ئەو راستییە دەردەخا کە ئەو رۆمانانە لە باری زمانییەوە هێندە دەوڵەمەندن و ئەوەندیان وشەی کۆن و رەسەن و زاراوە و قسەی نەستەق و پەندی پێشێنیان تێدایە کە ئەو رۆمانانە فەرهەنگی تایبەتی خۆیان پێویستە و ئەوەش تایبەتمەندییەکە کە تا ئێستا هیج رۆمانێکی کوردی نەیبووە و حەولی وای بۆ نەدراوە.

٢-تایبەتمەندی دووەم خۆراک و جل‌وبەرگ

یەکی دیکه لەو ماکە ناوچەییانەی لە هەر دوو رۆمانی هاوارەبەرە و میرزادا دەبیندرێ، وەسفی جل‌وبەرگ و خورد و خۆراک خەڵکی ناوچەکەیە. ئەوەش نیشان دەری وابەستە بوونیانە بە سروشتەوە. بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان و پاراستنی خۆیان لە سەرد و گەرمی رۆژگار. هەروەها رازاندنەوەی خۆیان بۆ بۆنەی جودا و رێ و رەسمە تایبەتەکانیانەوە. ئەو راستییە زیاتر لە هاوارەبەرەدا خۆ دەردەخا و لەهەموو ئەو بوارانەدا نووسەر ئاگاییەکی ورد بە دەست خوێنەرەوە دەدا.

بابەتێک کە جوانییەکی زیاتری لەو بوارەدا بە دەقەکە داوە ئەوەیە کە هیچ کام لەو باسانە واتە باسی خواردن و جل و بەرگەکان و … بە شێوەی جودا و لە دەرەوەی گێڕانەوەی رۆمانەکەدا باس نەکراون و وەها لە تان‌وپۆی گێڕانەوەدا قاڵ بوونەتەوە کە هەست بەوە ناکرێ نووسەر ناچار بووبێ بە ئانقەست جێیەکیان لە توێی رۆمانەکەی دا بۆ تەرخان بکا. ئەگەرچی رەنگە لە خەیاڵی نووسەردا ئەو ویستەش بۆ پاراستنی ئەو نەریتانە بووبێ. ئەوە بە خوێنەر نیشان دەدا کولتووری جل‌وبەرگ و جوانکاری مرۆڤی کورد و کولتووری خواردەمەنی لەو هەرێمەی رۆمانەکە باسی دەکا و لەو کاتەدا کە وەک زەمانی رەوایی رۆمانەکە دەیگێڕێتەوە چۆن بووە. تەنانەت جاری وایە شێوەی چێشت لێنان و وردەکارییەکانیشی بو خوێنەر ده گێڕێتەوه. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەو بەشە لە دەقی کتێبەکە وەک نموونەیەک لە دەیان نموونە بکەین:

“کەوڵ لە عەرزی درا، مزراویلکە بۆنی لە وڵاتی گەڕا، نانی چووکە مەیلە وسوور، برژاو، بێ قەراغ، نانی گەنمە سمەوەج، خوارشتی خۆش، ناسک، تەنک، سەلکێک پیواز، پیاڵەیەک خوێ. هەر یەکەی جامیکی مس، هەڵمی لەسەر هەڵدەستا، مزراویلکەیەکی چەور، هێلکەی خڕ تێدا، مزر، ترشی سماق تام‌وبۆنی داوەتێ.”

یان ئەو کاتەی وەسفی نانی شوانی دەکا، دەڵێ:

“لە سەر ویستی یارە رۆژ بە رۆژ توربێنی یارە پڕتر دەکرا. کوللێرە چەورە، کەلانە، کولیچە، کەشکە فەریکە، شیرێژ و رۆن، نان پاڵە و پشتی ژیان، نانی گەنم، نانی جۆ، هەرزن، کوللێرەی گەنمەشامی و …” یان ئەو کاتەی باسی شایی یارە دەکا وێڕای ئەوەی کە باسی نان و چێشتی کاتی شایی ئەو سەردەم دەکا، شێوەی چێشت لێنان و کەرەسەکانی پێویست کە ئەوکات کابان و چێشت لێنەر دەکاریان دەکرد و پێویستیان پێی بووە بە وردی تەوسیف دەکا.

جودا لەو باسە هەر وەک کۆمەڵناسان و پسپۆڕانی بواری شوناس باس دەکەن، جل‌وبەرگ یەکێک لە سازدەرە (مولفە) گرینگەکانی شوناس و شوناسی نەتەوەیی و لە ئاستی دیکەدا شوناسی ناوچەییە. بێگومان جل‌وبەرگ بەرچاوترین نیشانەی کولتووریی نەتەوەیەکە و زۆر بە خێراییش کارتێکەری و کاریگەری خۆی دەردەخا. نووسەری هاوارەبەرە و میرزا بە تەوسیفی ورد و دەقیقی جل‌وبەرگ، ئەو راستییە وەبیر دێنێتەوەکە لیباس وەک نومادێکی نەتەوەیی لە دوای زمان رۆڵێکی کاریگەر لە ناساندنی شوناسی کورد دەگێڕێ و چون بەردەوامیش گۆڕان بە سەر مودێڵ و فۆڕمی دادێ، نووسەر بە تۆمار کردنی وردەکارییەکانی ئەو جل و بەرگانە لە سەردەمیکی داستانیی دا حەولی پاراستنیانی داوە و بە ناسینی ئەو تایبەتمەندییانە دەکرێ جوغڕافیا و مێژوو و سیاسەت و کۆمەڵگا و هونەر و زۆر شتی تری نەتەوەیەکیش بناسێنێ..

ئەگەر نموونەیەک لە هەستیار بوونی نووسەر لەمەڕ ئەو دیاردەیەوە لە دەقی رۆمانەکە بە دەستەوە بدەم ئاماژە بەو بەشە دەکەم کە نووسەر باسی جل و بەرگی یارە دەکا . هەرچەند جل و بەرگەکەشی نەدارانەیە:

“دەڕوا، قوت و سڵ، قیت و قۆز، توند و تۆڵ، کز و ساغ، جووتێک گوڵینگی سوورمەرەز بە تەنیشت زەنگاڵەکانییەوە کایە دەکەن، رانک و چۆغەیەکی تاوبردوو، شەدەیەکی ریشۆ نەماو، جووتێک کەڵاشی نووک هەڵگەڕاوه ی قوڵاغە کراوی لە پێ دایە. هەر دووک ئانیشکی چۆغەکەی شی بۆتەوە، ئاهێکیان پێوە نەماوە، رانکەکەی پاش و پێش کراوە، هەرچەند کڵاوەکەی پڵیتەی وەدەرکەوتووە کەچی نوشتەیەکی لە تەپڵەکەیەوە دەچێ.”

یان بۆ تەوسیفی جلکی منداڵانی ئەوکاتەی سۆفی ئەحمەد نوقمی خەیاڵی رابردوو دەبێ و کوڕە جوانەمەرگەکەی لەتەمەنی منداڵیی دا دەبینێ. ئاوا باسی لیباسی منداڵەکەی دەکا:” کەوایەکی قوتنی سوور لەبەر، کڵاوی کووژەکەدار لەسەر، و … بەو جۆرە جل و بەرگی منداڵی ساوا و خەڵکی ئەو سەردەم وێنا دەکا.

3-داب و رەسم

یەکێکی دیکە لەو ماکە ناوچەییانەی تام و بۆنێکی ناوچەیی و ئیقلیمی بەو رۆمانە دەبەخشێ داب و نەریتی نەتەوەیە. گەشە و بەرز بوونەوەی داب و نەریتەکان کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی فەرهەنگی نەتەوەیەک دا هەیه . وەسفی داب و نەریتی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ بەردەنگێکی نائاشنا بابەتێکی جوان و نوێیە و رەنگێکی واقیعی بە بەرهەم دەبەخشێ. بۆ نموونەدەکرێ ئاماژە بەو نەریتانە بکەین کە لە درێژایی ژیانی تاکی ناوچەدا برەویان بووە و وەک بەشێک لە میراتی کولتووری دێنە حیساب. بۆ وێنە باسی گوێزەبانە کردن بۆ منداڵ، داب و رەسمی پێوەندیدار بە شایی و زەماوەند و سەرەخۆشی و تەنانەت باسی چەشنی ئەسپاردەکردنی مردوو بە خاک و زۆر بابەتی دیش لە رۆمانی هاوارەبەرەدا بە وردی گێڕدراونەتەوە. ئەو داب و نەریتانە زۆربەیان ئاوێنەی بالانوێنی رێزگرتن لە مرۆڤ و رووحی پێکەوە ژیان و هاوکاری و میوانگری و یەکتر خوێندنەوەیە و لە خوێندنەوەی خەڵک ناسانەدا جێگای سەرنج و تێرامانن.

4-زمان وەک ماکەیەکی ئەدەبیاتی ئیقلیمی

ئەو رووداوانەی لە ئەدەبیات دا رەنگ دەدەنەوە زۆربەیان ئەوانەن لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە خاوەن بایخن و پێوستە دیسان بنوێندرێنەوە تا لە بیر و زەینی خەڵک دا بمێننەوە و بەشێک لە بیرەوەری بە کۆمەڵی کۆمەڵگان. زمان وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی و وەک زایەڵەی رووح و ژیانی کۆمەڵگا تەنیا رۆڵی پێوەندی نییە و ئەو کۆمەڵگایانەی لە ئەدەبیات دا ساز دەکرێن یان ساز دەکرێنەوە تەنیا نیشاندەری ژیان نین، بەڵکوو رەنگدانەوە و دەنگدانەوەی رێسا و بیرە کۆمەڵایەتییەکان، بۆنە جوداکانی ناو ژیانی کۆمەڵ، شین و شەڕ و تێکهەڵچوونی عێلەکان، دابەشکردنی چینەکانی کۆمەڵگا، شێوەی موڵکداری و بەرهەمە کشت و کاڵییەکان و زۆر بابەتی دیکە، وەکوو زانست و کەرەسەی تێگەیشتن و تێگەیاندن رۆڵێکی بەرچاویان لە ساز کردنی ئەو سامانە هەیە که پیی دەکوترێ کۆمەڵگای نەتەوەیی و هەر کام لەوانەش وشەو دەستە واژە و راوێژی تایبەت بە خۆیان پێویستە و رۆمانێک هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی دانەڕشتبێ دەکرێ بگوترێ لایەنی زمانییەکەی دەوڵەمەند نییە.

دەکرێ بڵێین بەهێزترین بەشی داهێنانی نووسەر بە زمانی کردنی چەمک و واتاکانە. بەو پێیە خاڵی بەرچاوی چیرۆکی هاوارەبەره و میرزا هەر ئەو زمانه ساده و ساکاری ناوچەییه که به شێوەیەکی زۆر سروشتی و به بێ گرێ‌وگۆڵی زمانی، وشە و رستەکان لە وتوێژ و دیالۆگی کەسایەتی رۆمانەکەدا کەڵکی لێ وەردەگیرێ. رەوتی گێڕانەوە لە هەر دو رۆمانەکە دا هەم تازەیی و جوانیی خۆیان هەیە و هەم بۆ کەسێک کە شارەزایی زمانی ئەو ناوچەیە نەبێ رەنگە تا رادەیەک نامۆ بێتە بەرچاو. زمان و زاراوەی کەسایەتییەکانی رۆمان بە وشیاری و تەبا لەگەڵ تەمەن و ئاستی خوێندەواری و چینی کۆمەڵایەتی ئەوان هەڵبژێردراوە، بۆ وێنە کاتێک یارە دەدوێ دەزانی کوڕێکی ساکار و سادەیە و جار و بار ناتوانێ بە سەر هەستی خۆی دا زاڵ بێ، بەڵام کاتێک میرزا دەدوێ هەموو کەس بە ورد و درشتەوە لە خزمەتی دا بێدەنگ دەبن و گوێی بۆ شل دەکەن و قسەکانی بە تەواوی وەردەگرن، لە نێو خۆیاندا دەڵێن میرزا قسەی قەڵەمی دەکا. کاری میرزا قەڵەمە، کاغەزە، دیوانە. ئەوانە ئاستی خوێندەواری و زانست و لێهاتوویی و ئەزموونی میرزا دەردەخەن و کاتێکیش ژنانی نێو رۆمانەکە قسە دەکەن هەر کام لەوان پەردە لەسەر لایەنێک لە ژیانی کۆمەڵگای ژنی ئەو سەردەم هەڵدەدەنەوە و بە وتەکانیان هەگبەی دەوڵەمەندی زمانی کوردی سەنگین و رەنگینتر دەکەن. جگە لەوەش زمان دەبێتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی هەست و ویست و حەزی دەروونی کەسایەتییەکانی رۆمان و بەشێکی زۆر لە کەسایەتی ئەوان بۆ خوێنەر روون دەکاتەوە.

جار جارەش بوونی کەسانێک وەک ئەمیرحوسێن کە ئازەری زمانە و زمانی کوردی بە باشی نازانێ و لەت و کوت قسە دەکا و نەقڵی گیران و تاوانەکەی وەک بنێشتە خۆشکە هەر دەیڵی و دەیڵێتەوە، تابڵۆیەکی تەنز ئاسا لە رۆمان دا پیک دێنێ و شوناسەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەو شوێنە لە ناوچەکانی دیکە جودا دەکاتەوە.

٥-ماکەی باس لەتەورە سیاسییەکان

یەکێکی دیکە لەو ماکانەی رەنگ و بۆی ئیقلیمی بە رۆمانەکە دەبەخشێ گێڕانەوەی زیندان و گیران و جەزرەبە دان و باسی بابەتی سیاسییە. ئەوە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆک لە ناوچەکانی وەک ئازەربایجان و کرماشان و باشووری ئێرانە. بەڵام راستەقینە ئەوەیە کە هەر نووسەرێک بە هۆی کاریگەریی فیکر و فەرهەنگ و دونیابینی و ئەزموونی تاکی خۆی و هەروەها جیاوازی جوغرافیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، شێوازی تایبەت بە خۆی لە گێڕانەوەی سیاسەتی ناوچەی خۆی هەیە. ئەوەی کە لەو بەرهەمانە دا دەبیندرێ گرتن و سیخوڕی کردن و وەکێو وشاخ کەوتن و کوشتن و ئاور تێبەردانی ماڵ و مووچە و مەزرا، نموونەیەکی تایبەتی کۆمەڵگا ژێر دەستەکانی ئەو سەردەمەیە.

دەکرێ بڵێین لەو ناوچەیەدا ژیانی سیاسی، بەشێک لە ژیانی ئاسایی خەڵکە و سنوورێک لە مابەین ئەو دوو ژیانە دا نییە. خەبات دژی زوڵم و داگیرکاری بەشێک لە ژیانە و ژیان بەشێک لەخەباتە. هەر بۆیە زۆربەی خەباتکاران بە جێی ئەوەی کە کەسایەتییەکی بەرچاویان هەبێ مرۆڤ گەلێکی ئاسایین و تواناییی و بڕست و بوێری خەبات و دژایەتی لەگەڵ چەوسێنەرانیان هەیە. لە رۆمانی میرزادا، میرزا دەبێتە هیوای سەردەم و داهاتووی کۆمەڵگا و جێی متمانە و پشت پێ بەستنی خەڵک و دەبێتە سەرۆکێکی کاریزماتیک کە جەماوەر بەرەو کۆمەڵگایەکی ئاڕمانی رێنوێنی دەکا. لە هەمان کاتیش دا ئەو کەسانەی کە دەرەقەتی زوڵم و زۆری سیستەمی دەرەبەگایەتی نایەن لەو سیستەمە یاخی دەبن و چەک هەڵدەگرن و روو لە چیا ئەستەمەکان دەکەن. ئەو دیاردەیە نیشان دەدا کە له کۆمەڵگای ژێردەستی  ئه و کات دا بەرەنگاربوونەوەی تاکەکەسی بە بێ عەقلانییەتێکی کارامە هیچ ئاکامێکی لی ناکەوێتەوە و رەنگە ئاکامێکی نەرێنیشی هەبێ. لە رۆمانی میرزادا رەشیدە دزە، نموونەی ئەو شێوە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمی زاڵی ئەو سەردەمەیە کە بە پێی سروشت و کەسایەتی تایبەتی خۆی سەبر و تابشتی ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی خدرئاغای نییە و لایەن و ناوەندێکی یاسایی و دادپەروەرانەش بۆ سکاڵا و ماف خوازی نابینێتەوە و بۆخۆی بە کردەوەیەکی کە لەسەر ئیرادە و ویستی تاکەکەسی خۆی دامەزراوە و لە سەرەوە و دەرەوەی یاسای ئەوکاتە، بەڕێوەبەردنی یاسا وەئەستۆ دەگرێ و خدر ئاغا دەکووژێ.

ئەو شێوە دوانەی رۆماننووس و گێڕانەوەی لە رووبەڕوو بوونەوەی سەردەست و بن‌دەستی ئەو کۆمەڵگایە بە چەشنێک سنووری یاسا و نایاسایی بوون لە سەردەم و زەمانیکی تایبەت لە شوێنکاتی رۆمانەکە دا دیاری دەکا. نایاسایی بوونێک کە یاسایی بوون لە ژێر تیشکی دا دزێو دەنوێنێ و بە پێچەوانەی باری باو خۆشەویستیش دێتە بەرچاو.

دوو :تێک‌هەڵکێشانی ژانره فولکلوریکەکان له رۆمان دا

کورد وەک یەکێک لە گەلانی رۆژهەلاتی ناوین بە مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ لە کەند و لەندی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، خاوەنی زمانی سەربەخۆ بە چەندین زاراوەی دەوڵەمەندەوەیە. بەشێکی زۆر لەو مێژووە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە قالبە جۆراوجۆرەکانی کولتووری رەشۆکی دا پەروەردە کردووە، تا بۆ بەرەی داهاتوو بمێنێتەوە. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی فەرهەنگی رەشۆکی کورد یەکێک لە کولتوورە دەوڵەمەندەکانی ناوچە بێت و بە سەدان و هەزاران شیعر و چێرۆک و بەیت و حەیران و نەقڵ و نەزیلە و پەند و مەتەڵ لەو چوار چێوەیە دا خوڵقابێ. بەشێک لەو میراتە لە لایەن نووسەرانی دڵسۆزی ئەو بوارە کۆ کراونەتەوە. دەقە فۆلکلۆرەکانی گەنجی سەربەمۆر لە لایەن ئەحمەد بەحری، کۆمەڵە بەیتێکی وەک میر و وەفا و سەعید و میرسێوەدین لە لایەن قادری فەتاحی قازی و ئەدەبی زارەکی موکریان و ژنان لە لایەن سەلاح پایانیانییەوە بەشێک لەو دەقانەن.()

هەڵبەت دیارە جودا لەو نووسەرانە زۆر کەسی دیکەش لەسەر دەقە فۆلکلۆرییەکان کاریان کردووە و لە جێی خۆی پێویستە بە شێوازی خوێندنەوەی دەقە فۆلکلۆرییەکان بخوێندرێنەوە و باسیان لەسەر بکرێ بەڵام روانین و چەشنی رووبەڕوو بوونەوەی نووسەری هاوارەبەرە و میرزا لەگەڵ ئەو دەقانە جیاوازە.

دوای پێناسەی ئەو شوێنانە بۆ ناسینی ئەدەبیاتی ناوچەیی و ئاماژەدان بە چەند خاڵی گرینگی ئەو بەشە لە ئەدەبیات ؛ئەوەی کە لەسەرەتای رۆمانەوە هەتاکوو کۆتایی نووسەر وەکوو تار و پۆ لە نیو دەقی رۆمانەکەدا تەنیوێتی، چەندین دەقی فۆلکلۆری بە شێوازی جوداوەیە کە تێکەڵ بە رووداوەکانی رۆمان بوون. بوونی ئەو دەقانە ئەو راستییە دەنوێنی کە نووسەر چەندەی بایەخ بەو بەیت و مەتەڵ و حەکایەت و چیرۆ ک و گۆرانییانە داوە و ناوەرۆکی رۆمانەکەی پێ دەوڵەمەند کردووە. دەکرێ بڵێین لە ئاوێتە کردنی ئەو بەیت و چیرۆک و پەندی پێشینیانە نووسەر داهێناێکی نوێشی کردووە. بە بێ ئەوەی رەوتی گێڕانەوەی رووداوەکان تووشی کەم و کووڕی بکا و لەهەمان کاتیش دا شوناسەی تایبەت بە هەر کام لەو قالب و فۆڕمە فۆلکلۆرییانە بپارێزێ.

ئەودەقانە لە هەندیک شوین دا درێژە بە مەبەستی رۆمانەکە دەدەن واتە ئەو شێوەیە لە کایەی نێوان دەقێتی کە نووسەر دەیکا جاری وایە بە مەبەستی پڕ کردنەوەی بەشێک لە بۆشایی گێڕانەوەیە کە نووسەر بۆ ئەو دەقانەی بەدیهێناوە، جاری واشە لە هەندیک قۆناخی رۆمانەکە دا نووسەر بۆ کورت بڕینەوەی گوتە و پێش گرتن لە زیاتر بوونی بارستای رستەکان کەڵکیان لێ وەردەگرێ و لەوانەیە ئامانجی نووسەر ئەوە بووبێ کە لە ئاوێتە و موتوربە کردنی ئەو وردە دەقە فۆلکلۆرییانە کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر هەستی خوێنەر دابنێ و بەو شێوەیە خوێنەر زووتر لە مانای دەقەکە تێبگا و هەست بە نزیکایەتیەکی زیاتر لەگەڵ فەزاکەی بکا و تەنانەت رادەی چێژی دەق بەو شێوەیە بەرێتە سەرێ.

هەر لەو بارەوە بابەتێکی گرینگی جێگای ئاماژە ئەوەیە کە داڕشتنەوەی دەقە فۆلکلۆرییەکان لە چوارچێوەی دەقێکی داهێنەرانە دا، ژیانێکی تازەیان پێ دەبەخشێ و نا‌هێڵێ بە هۆی تێپەڕبوونی کات قورسایی خۆیان لە دەست بدەن و کاڵ ببنەوە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەو حیکایەتانە بکرێ کە “یای ناز” وەکوو دایکێک کاتی خەواندنی منداڵ بۆ “وەتمان”ی دەگیڕێتەوە و بیر و زەینی منداڵی پێ پەروەردە دەکا و هێمنایەتی بە منداڵ دەبەخشێ.

لە شوێنیکی دیکە دا نووسەر داهێنەرانە و بە ئانقەست فەزای ئەویندارانەی هاوارەبەرە لەگەڵ هێندیک بەیت و چیرۆکی فۆلکلۆری کە بنەمای ئەویندارانەیان هەیە تێک‌هەڵدەکێشێ کە دەکرێ بۆ نموونە ئاماژە بە بەیتی لاس و خەزاڵ و چیرۆکی لەیل و مەجنوون بکرێ.

ئەو بەیتانەی لەو کتێبەدا تێکەڵ بە دەق کراون مەبەست و ئامانجی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەویندارانەیان هەیە و هەرکات رەوتی رۆمانەکە مەبەستێکی کۆمەڵایەتی هەیە ئەوە بەیتێک بەو نێوئاخنەوە دێتە ئاراوە و هەر کاتیش رەوتەکە ئەویندارانە دەبێ بە پێی فەزای داستان بەیتێکی وەکوو گەنج خەلیل و لاس و خەزاڵ خۆ دەنوێنن. ئەو بەیتانە هەر کامیان بە تەناسووبی ژیان و فیکر و کەسایەتی کاراکتێرەکان هەڵبژیردراون. بۆ وێنە بەیتی گەنج خەلیل لە سەر زاری حەسکۆ دەگێڕدرێتەوە کە بەیتێکی دڵدارانەیە و باسی عەشق و وەفاداری و ئەوین دەکات و حەسکۆش خۆی گیرۆدەی ئەوینی ئامۆزاکەیەتی و لە غەریبی و دەربەدەری دا ئاوا لەبەر خۆیەوە نارە ناری دێ:

“ئەز  رابم کەمەرا پشتا خۆ بشکینم بو ئەسبی گه نج خەلیل بکەمه ناله, بازنی خۆ بشکینم بکەمە وردە بزمارێ، بسکێت خۆ ببڕم بکەمە سەر رەشمە. بەڵی بکەمە دۆخ و سەر هەوسارە گەنج خەلیل کوڕە مامی خۆ بیم . سوار بکەم لە کومیتەکی تالە”.

دەق تێکەڵ بە پەندی پێشینیان؛ یەکی دیکە لە دیاردە جیاوازییەکانی ئەو بەرهەمانەیه. هەر کام لەو پەندانە مێژوو و چیرۆکێکی پڕ ئامۆژگاری لە پشتە کە هەندێکیان لە بیر خەڵک چوونەتەوە و پێشینەی هەندێکیشیان بۆ خەڵک روون نییە.. لە دەقی رۆمانەکەدا بە پێی ئەوەی لە چ کات و لە زاری چ کەسێک و بە چ هۆیەکەوە بکوترێن لە کاراکتەرێکەوە بۆ ئەوەی تر جیاوازن و پەندەکان لە بارودۆخی تایبەت بە خۆیان دا گونجاون. بۆ وێنە  کاتێک وەسفی بارودۆخی نالەباری سۆفی دوای مەرگی هاوسەرەکەی دەکا و هەموو کەس بەزەییان پێی دادێ و وڵامی هەموویان ئاوا دەداتەوە:” سۆفی تامی زاری هەمووان دەزانێ، ئەوەی بە دڵ دەیکوت دڵ ئێشی نەدەکرد. ئەوەی بە پێی مەسڵەحەت و قازانجی خۆیان هەوڵیان دەدا جوابی توندی دەدانەوە و دەی رنین. بە فیتووی خۆی دەزانی و باش شارەزا بوو کوێ نیسکان دێنی. نانی بە منەت ناخۆم. کشە کشە مریشکە رەشە میوان رۆژێک و دوان خۆشە. هەتا دووری پووری. خۆم ماوم خۆم پیاوم.” و هی تریش بەو جۆرە سۆفی هێندێک پەند دێنێتەوە کە دڵنەوایی تەنیایی و بێکەسی و نەداری خۆی پێ دەداتەوە.

بە گشتی دەکرێ بگوترێ کە پەندەکان لە زۆر جێیان پێشیان بە درێژکردنەوەی دەق گرتووە و چێژی تایبەتیان بە دەق بەخشیوە.

یەکی دی لەو بابەت و قالبانەی لە رومانەکەدا بەدی دەکرێ شێعر و گۆرانی فۆلکلۆرە. هەر نەتەوەیەک خاوەنی گۆرانی و مووسیقی تایبەت بە خۆیەتی و لەو رێگەیەوە هەست و حەزی ناخ و دەروونی خۆی رادەگەیەنێ. نەتەوەی کوردیش وەکوو هەر نەتەوەیەکی دیکە خاوەن دەقی هەمەچەشنی گۆرانی تایبەت بە خۆیەتی و رەگ و ریشەی بە مێژووی هزری نەتەوەیی دا رۆچووە. عیزەددین مستەفا رەسوڵ لەو بارەوە دەڵێ:

” گۆرانی کوردی خۆی وێنە و ئاوێنەی هەست و عاتیفەیە. چونکە شێوەی دەربڕینی ئەم هەستە سادە و بێ پێچ و پەنا و راستەوخۆیە. بۆیە گۆرانی دڵداری و عەشق و ئەوینی کوردی راستگۆیی و وێنەی راستی بەدی دەکەین. لەو بەرهەمانەش دا شێعر و گۆرانی فۆلکلۆر ئاویتەی بەستەر و تەختی رۆمان دەبێ. بۆ وێنە کاتێک یای ناز بە گریان و بە سۆز دەلۆرێتەوە و خەمی دووری و دابران و تەنیایی لەبەر لێوییەوە بەو گۆرانیانە دەردەبڕێ:

“رێگای دارستان داچێنم بە گوڵ

ئاوی لێ بینم بە خوێناوی دڵ

ئەگەر دەمزانی لە کوێ دەکەی راو

خۆڵی بەر پێتم دەداشت بە شەکراو”

یان ئەو شوێنەی رەشید خەریکی میوانداری لە میرزایە و هەردێ و دەنگی لێ بڵیند دەکا و بە جێ و رێ و وەستایانە گورانی دەڵێ.گۆرانییەکەی جۆرێک ناڵەیە پڕ لە سۆز و کوڵ:

گەوهەرێ هەی گەوهەرێ پەروانەم لە دوای خێڵی

کەس نییە پێم بڵی ماڵ وێران ئەتۆ لە دوای چی وێڵی

بەو شێوەیە بەکارهێنانی گۆرانی و شیعرە فۆلکلۆرییەکان لە خوڵقانی فەزایەکی تایبەتی داستانیی دا رۆڵی بەرچاویان هەیە و یاریدەی نووسەر دەدا کە کەش و هەوایەکی گونجاو لەگەڵ دۆخی دەروونی کاراکتەر پێک بێنێ. بە بێ ئەوەی راستەوخۆ ئاماژە بە حاڵەتی رووحی دەورگێڕی رۆمانەکە بکات خوێنەر دەکاتە شەریکی خەمی ئەوان و لە رازی دڵ و خەم و ناڕەحەتی و پەرۆشی و تەنیایییان تێدەگەیەنێ.

لە ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە دا دووخاڵی گرینگ روون دەبێتەوە

١-سەرەڕای توانا و مرخ و داهێنەرێتی تاکەکەسی نووسەر، شوێنی ژیانی نووسەری هونەرمەند لە سەر زەین و زمانی و هەروەها شێوەی گێڕانەوە و ئەو وەسفانەی کردوویەتی کاریەگەرییان بووە کۆی ئەوانەش بەرهەمێکی بە پێزی خوڵقاندووە و کە هەم زمان و هەم بیری نووسەرانە تێی دا بە هێز و دەوڵەمەندن.

بەو پێیە دەکرێ بڵێین وەک چۆن لە رەوتی چیرۆک نووسی ئێران دا زۆر بەرهەمی بە پیزی وا نووسراون کە تەبا لەگەڵ ناوچەی جوغڕافیایی و ئیقلیمێکی تایبەتن و هەڵگری هەموو ماکەکانی ئەدەبی ئیقلیمین و لە بەشی هەوەڵ دا ئاماژەم پێکردن. خوێندنەوەی رۆمانەکانی هاوارەبەرە و میرزا، ئەو راستییە دەردەخەن کە ناوچەیەک کە رووداوەکانی رۆمانەکانی تێدا گووراوە و خوڵقاوە بە تەواوی کەش و هەوا و خاک و دار و بەرد و داب و نەیتی خۆی هەیه و لە واتایەکی گشتی دا دەڵێین کوردەوارییە و لە ئاستی دیکە دا بە هەندێک بابەتی وردە کولتوور و تایبەتمەندی و زاراوەیی و شێوەی هەڵس و کەوتی ناوچەیەکی تایبەت تر هی پانتاییەکە بە ناوی موکریان.

رۆماننووس لە ئاوێتە کردنی ژانرە ئەدەبییەکان دا توانیوێتی ئەو ئامانجە بپێکێ کە ئەو قالبە فۆلکلۆرییانە کاریگەرییان لەسەر رەوتی گێرانەوەی رۆمانەکە ببێ و لە زۆر شوێن دا چێژی تایبەتی پێ ببەخشێ و لە هەمان کاتیش دا بەر بە درێژبوونەوەی دیالۆگەکان بگرێ. بەڵام زۆر جاریش خوێنەر وا نوقمی ئەو بەیت و حەکایەت و پەندا و مەتەڵ و وردە چیرۆکانە دەبێ لە دەقی سەرەکی دوور دەکەوێتەوە و ئەوەش وەک خاڵێکی لاواز دەبیندرێ.

سەرچاوەکان:

مستەفا رەسووڵ، عیزەددین،(1378) لێکۆڵینەوەی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی،

عومەر ئیبڕاهیم، سەرکەوت،(2017) دەق ئاوێزان لە گێڕانەوەی رۆمانی هاوارەبەرەو میرزای فەتاحی ئەمیری دا، گۆڤاری زانکۆی راپەڕین، ساڵی چوارەم، ژمارە 13

جعفری قنواتی، محمد،(1382)ادبیات اقلیمی، کتاب ماە ادبیات و فلسفه

ئەمیری، فەتاح، (1387) هاوارە بەرە و میرزا، سەقز نەشری خانی

پایانیانی، سەلاح،(1393)ئاوڕێک لە فەرهەنگی زارەکی موکریان و روانینێک بۆ رەخنە و پڕۆسەی فەرهەنگنووسی لە کوردستاندا، یوونس رەزایی، فەرهەنگی زارەکی موکریان بەرگی ٥“هاوارەبەرە” و “میرزا” بناخەی ئەدەبیاتی ئیقلیمی رۆژهەڵاتی کوردستان

سەرچاوە: هاوچەرخ

***

وتووێژی تایبەتی هاژە لەگەڵ ڕۆمان‌نووسی کورد فەتاح ئەمیری ، سایتی پێشمەرگەکان وەک خۆی بڵاوی دەکاتەوە

* فەتاح ئەمیری ساڵی 1325ی هەتاوی لە گوندی مەنیچەر لە محاڵی ئاختاچی لەدایک بووە

* سێ ڕۆمانی “هاوارەبەرە”، “میرزا” و “زیندە‌خەو”ی نووسیوە و بڵاو کردۆتەوە

* ڕۆمانێکی بەنێوی “خەم و خەیاڵ” نووسیوە کە ئامادە بڵاو بوونه‌وەیه

* لە گۆڤاری “سروە”دا کاری کردووه و “سروەی ئازیز” وەک بۆڵتۆن له‌سەر ئه‌رکی ئه‌و بڵاو بۆته‌وە

* خانەنشینی ئیدارەی کارەبای بۆکانە

هاژه ـ چۆن بوو فەتاح‌خان هاتە نێو دنیای ئەدەبی کوردییەوە؟

مازلۆ تاقمێک نیاز و پێداویستی وەکوو (فیزیۆلۆژیک، ئەمنییەت و…) خۆدۆزینەوەی (خودیابی) وەک لوتکەی ئەم پێداویستییە لە نەزەر گرتبوو. پێم وانییە لە دەوروبەری ئێمەدا مرۆڤێک بتوانێ هەنگاو بە هەنگاو بە هەمووی ئەو پێداویستانە بگات و ئەگەر من نەقسێکم هەبێ دیارە، ئەو نیازانه بە جۆرەی پێویست نەهاتونەتە جێ. وەک شاعیری فارس گوتەنی: (کیستم من! داستان از یاد رفتە منم / شاهکاری ناتمام از کار استادی منم). من پێم وایە مرۆڤەکان ناقیسن، خەیام دەڵێت: “بۆ هەر شتێک کە ویستم فێری بم، فێری بووم، بەڵام وەختێک کە فێری بووم، زانیم کە هیچ نازانم”. یانی هەر ڕادە کە تۆ وەدووی فێربوون کەوی، ئەو دەم دەزانی کە زۆر ناقیسی.

من کارێکی ئەوتۆم نەکردووە، ئەوانەی کە نووسیومن، بڵاوبوونەوە و هێندێکیش بڵاو نەبوونەوە، ئەو شتانەی کە نووسیومن، بۆ دڵی خۆمم نووسیوە، بە جۆرێک خۆم پێ ڕازی کردووە و منەتیش لەسەر کەس ناکەم کە بڵێم: “ئەوە کتێبم بۆ ئێوە نووسی” و کارم بە قسەی کەسیش نێ، حەتا ئەوانەی کە دەڵێن: “کارێکی خراپی کردووە، دەبوو هەر نەنووسێ”!

بۆ بەشی نووسین دوو بەشی هەرە بە هێزمان تێدایە کە یەکیان لە سرووشتی مرۆڤەکان سەرچاوە دەگرێ کە لەمندا ئەو بەشە تا ڕادەیەکی زۆر لە بابمەوە سەرچاوە دەگرێ، هەر چەند ئەمن بابم نەدیوە، بەڵام زۆر شتیان لەسەر جێگە و پێگه‌ی ئەو لە کۆمەڵگادا بۆ گێڕاومەوە، بەشێکی ڕەنگە میراتێک بووبێ کە من لەویم وەرگرتووە، بەشی دووهەمی ئیکتیسابییە، کەسێک کە زۆر دەخوێنێتەوە، حەتمەنیش دەتوانێ بنووسێ. من لە تەمەنی 10 ساڵییەوە هەر خەریکی خوێندنەوەم، لێرەدا سرووشت زۆر کاریگه‌رە. یانی ئەوەندەی کە من خوێندوومەتەوە، هیچ زانکۆیەک ئەوەندەی دەرس بە خوێندکارەکەی ناڵێت. ئێستاشی لەگەڵ بێت لە هیچ شوێنی زانکۆیەک، دەرس و وانەیەک و لەقێکی خوێندن بە نێوی ڕۆمان‌نووسی نابینی، لە حاڵێکدا نەمایشنامەنووسی تا پلەی دوکتۆرا لە زانکۆ هەیە، کە ئەوە بۆ خۆی کەلێنێکە. ڕۆمان شتێکە کە لە خەیاڵی مرۆڤەکان سەرچاوە دەگرێ و پێک دێ و ئەوە لە‌مندا تا ڕادەیەک هاتە دی.

 هاژه ـ  چۆن بوو تەماتان گرت ڕۆمانی “هاوارەبەرە” بنووسن، نێوی “هاوارەبەرە” لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ.

 

تەقریبەن من 20 ساڵم تەمەن بوو کە من گوێم لە ئاهەنگی “هاوارەبەرەی شمشاڵ” بووە. ئاهەنگێکی تا بڵێی ڕەمزاوی، پڕ لە بڵیند و نەوی و هەڵسوکەوتم تێدا دەدیت. من لە سوێنگەی ئەوەی کە پەروەردەی لادێ بووم، زۆر یەک لە ئاهەنگه‌کانی شمشاڵم بیستبوو، بەڵام ئەو ئاهەنگەم نەبیستبوو. لە هەموو شایی و زەماوەندەکانی ئەو سەردەم‌دا، زۆرتر بە شمشاڵ هەڵپەڕکێیان دەگرت. جا ئەو کەسەی کە ئەو ئاهەنگەی بە شمشاڵەکەی لێدەدا، لێم پرسی: “ئەو ئاهەنگە چییە؟ من نەمبیستووە”، ئەو گوتی: “ئەوە هاوارەبەرەیە”. ئەو دەمی زانیم کە ئەوە ڕۆمانێکی چڕ و پڕ هەڵدەگرێ. بەو جۆرەی کە شوانێک عاشقی کچی سێحەب ماڵکەیەتی، چون تەبەقەی ژیانی ئەوان یەکتر ناگرێتەوە، ناتوانێ بە زمان پێی بڵێ، چون دەزانێ ئەو ڕووتە و ماڵە کچەش دەوڵەمەندن، ئەگەر وایە کچەی نادەنێ، ئەو شوانە و ماڵە کچەش مەڕدار و دەست‌ڕۆیشتوون. شوانە دەهاتە سەر بەردەبێرێ لە شمشاڵێ‌دا پێی هەڵدەگوت. چیرۆکەکە ئاوا درووست بووە، ورده وردە کچە لە ئێحساسی شمشاڵەی تێدەگەیشت، لە کاتی لێداندا، لە چەند جێگایان، شمشاڵ دەگریا، وردە وردە کچەش عاشقی بوو، حەتا شەوێکی چەتە ویستبوویان مەڕی بەرن [ئاخری هاوارەبەرەی]، کوڕ لە بەر کچەکان دەپاڕێتەوە کە لێمگەڕێن با ئاخرین شمشاڵی بە گوێی ئەو مێگەلەدا بژەنم، جا دوایە وەپێش خۆتانی دەن بیبەن، بڕێکیشتان شیر بۆ دەکوڵێنم، ئێوە تا شیرەکەی دەخۆنەوە، ئەمنیش شمشاڵی بۆ ئەو مەڕەی لێدەدەم. ئەوانیش پێی دەڵێن: “جا مەڕی خەڵکی بە تۆ چی؟”. ئەویش دەڵێ: “عادەتم پێیان گرتووە”. کوڕە دەستی بە ژەنینی شمشاڵەکەی کرد و به جۆرێکی هەرای کچەی دەکرد کە “یارمەتیم بۆ بنێرە، ئەوە مەڕی دەبەن”. کچەش لە شمشاڵەی حاڵی بوو و کەس و کاری خۆی و خه‌ڵکی ئاوەدانی ئاگادار کردەوە و ناردنی. ئەگەر چەتەکان زانیان کڵاویان چۆتە سەری، تفەنگێکیان لە کوڕەی هەڵکردووه و گوللەیەکی وەباسکی دەکەوێ. شەکێکی مەجازی کە شەکی “خەزاڵ” بوو، کچەش نێوی خەزاڵ بوو، ئەوە شوانە بە عیشقی وی، ئەو عیشقە مەجازییەی بۆخۆی ساز کردبوو، هەمیشە لە په‌نای دەنووست، لە دوایەدا ئەو ئەویندارییە ئەفلاتونییە بە ئاکام دەگات، ئەوانەشم هەر عەمدەن هێناونە تێوێ.

جا بە قەولی کابرا گوتەنی: “ئەسپەکەم هەڵیگرتم، بۆم نەگەڕاوە”، منیش دەستم کرد بەو کارانە و دوایە کار گرتی. مرۆڤ نازانێ بە هیوای چی دەڕوا و چی بۆ دێتە پێش. ئەمن کە هاوارەبەرەم نووسی، بە هیوا بووم فەسڵ‌فەسڵ بۆ “سروە”ی بنێرم و وەک پاوەرەقی چاپ کرێن. سەلاحی ئاشتی ئەو دەم کە لە باشووری ئێرانێ سەرباز بوو، هەمیشە لە کاتی گەڕانەوەدا سەردانێکی من و مامۆستا حەقیقی و… دەکرد و دوایە بۆ مەهاباد دەگەڕاوە. ئەو سەردەم ڕۆژێکی کە لە ماڵە ئێمە بوو، گوتی: ئەوە چ دەکەی؟ منیش گوتم: ئەوە ڕۆمانێکە نیگەرانی ئەوەم بۆم چاپ نەکەن، لە ڕاستی‌دا هیچ هومێدێکم پێی نییە، دەمهەوێ فەسڵ‌فەسڵ بۆ سروەی بنێرم. کاک سەلاحیش گوتی: “خاڵە ئەگەر بە قسەی من دەکەی، قەت کاری وا مەکە و ئابڕووی مەبە، تەواوی کە جا بیبە، ئەگەر بۆیان چاپ نەکردی، ئەودەم لەت لەتی کە”. منیش قسەکەی ئەویم بەدڵەوە نووسا. جا بۆیە تەواوم کرد و بۆ ئینتشاراتی سەلاحەددینم برد و لەوێش زۆر زوو چاپیان کرد. حەتا ئەو دەمی کە پرسیم، ئەوان نەشیانتوانیبوو کە بۆ سەر زمانی فارسی وەری‌بگێڕنەوە. خودی خۆشم زمانی فارسی لە کوردی باشتر دەزانم، بەڵام لە توانام دانییە کە ئەو کتێبە بۆ سەر زمانی فارسی وەربگێڕمەوە. بەو هۆیەی کە شتەکانی زۆر ڕەسەنن، وەک ئەو کوردییەی کە لە هاوارەبەرەیدا هاتووە، دەبێ ئه‌و فارسییە ڕەسەنەش بزانی کە بەداخەوە نەماوە، یانی تۆ دەبێ هاوشێوەی ئەو دەستەواژانەت هەبێ کە بتوانی ئەو کارەی بکەی.

ئەو کات کە هاوارەبەرە لە تیراژی 3 هەزاردا چاپ کرا، هەر خێرا فرۆشرا، دەوروبەر ئەوەندەم هاندەر بوون کە توانیم ڕۆمانی “میرزا” بە 6 مانگان بنووسم، لە حاڵێکدا هاوارەبەرەم بە 3 ساڵان ‌نووسیوە.

هاژه ـ لە بەینی ڕۆمانی “هاوارەبەرە” و “میرزا” کامیانت لە لا پەسندترە؟

من بۆخۆم “میرزا”م پێ لە “هاوارەبەرە”ی کتێب‌ترە. چونکە لە هاوارەبەرەیدا، بۆمبارانی وشە زۆرن، لە بنەڕەتدا شایەد هێندێکیش زەربەی لە ناوەرۆکی خودی ڕۆمان داوە. هەر چەند زۆریشم پێخۆشە و زۆریش شتی چاکە، چون هەر خودی ئەو وشە و ئیستلاحانە نێعمەتن. من ئەو وشە و ئیستلاحاتانەم لە کن مەعقوڵ و خۆشەویست بوون، پێم خۆش بوو هەرچی زووترە بۆ سەر کاغەزیان بێنم و بیاننووسم، تا بەو جۆرە لە نێو ئەدەبیاتی ئەوڕۆی کوردییان باوێم تا تۆزی لەبیر چوونەوەیان لەسەر نەنیشێ.

ئەو کارەی من لەگەڵ فەرهەنگ وشەیەکی وشک و خاڵی زۆر جیاوازە. ئەتۆ بۆ وشەیەک لە فەرهەنگدا دەتوانی بگەڕێی و بیبینێوە. بەڵام کاتێک کە لەگەڵ ڕستەکەی سەرفی دەکەی، ئەوە چاکتر لە فریای زمان دەکەوێ هەتا فەرهەنگێکی وشە. سەد بریا فەرهەنگەکانمان ئاوا نووسرابان، چون ئاوا وردە وردە دێنەوە کایە و کاتێک کە دێنەوە کایە کار لە جێگایەکی دیکەیە.

ئەو کوردییەی کە من ئەلان پێم نووسیوە، لەو کوردییەش بەقەوەتتر و بەهێزتر مامۆستا هێمن شێعری پێ نووسیوە. دوای مامۆستا هێمن، مامۆستا هێدی، شێعری پێ نووسیوە. هەر سێکمان یەک کارمان کردووە، بەڵام ئەوان بە شێعر گووتوویانە و من بە نەسر. ڕەنگە ئەوان لە من زیرەکتر بوون، چاکتری فێربوون. ئەلان زۆر جار بۆ گەڕانی وشە پەنا بۆ کتێب و فەرهەنگۆکی ئەوان دەبەم. بەداخەوە مامۆستا هێمن کەم ژیا، دەنا ئەمن زۆرم تکا لێکرد کە ئەو “لە کوێوە بۆ کوێ”یەی تەواو کات، قەولیشی پێدام کە وابکات، بەڵام ئەو 64 ساڵی ژیان کرد، ئەو تەمەنە بۆ کەسێکی ئاوا کە لە چوارچێوەی قه‌ڵەم‌دا ئەزموونی وەسەر یەک ناوە، زۆر کەمە. قەڵەم شاکاری زۆر گەورە دەنوێنێ، من شاکاری زۆر گەورەم نەکردووە، ئەوانەم ئاوا دەست پێکردووە، جا نازانم دوایە چۆن دەبێ…

 هاژه ـ ڕۆمانی “میرزا” لە چی دەدوێ؟

“میرزا” درێژەی “هاوارەبه‌رە”یە، ئەو کاراکتێرانەی لە هاوارەبەرەدا هەن، لە میرزاش‌دا سەر وەدەر دەنێن. بەڵام ئەدەبیات و شێوەی داڕشتنەکەی جیاوازە. دەتوانم بە ڕاشکاوی ئەوەت پێ بڵێم کە “میرزا” ڕۆمانێکی تەواوە. چون میرزا هەر دوو لایەنی “ڕۆمانی” و “وشە و ئیستلاحی” بەقەوەتە. من وەک هەوەڵێش گوتم هیوام بە چاپ کردنی هاوارەبەرەی نەبوو، چون لە ئێران‌دا نەدیترابوو کە کتێبی ئاوا چاپ بکرێ، کە بە خۆشحاڵییەوە چاپیش کرا. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ کە ئینتشاراتی سەلاحەددین خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی کرد. من نازانم لە کێ و لە چ کەسانێک سپاس و پێزانینی خۆم دەرببڕم، لەوانەی کە بۆیان دەنووسی یا لەوانەی کە بۆیان چاپ دەکرد.

 هاژه ـ ئێوە لە “هاوارەبەرە”دا گرینگییەکی زۆرتان بە بەشی زمان داوە، وەک چۆن خوالێخۆشبوو مارف ئاغایی لەوێدا 800 وشەی دەرهێنابوو کە هەنبانە بۆرینە نەیگرتبوو؟

بەڵێ ڕاستە، ئێستا بۆ چاپی نوێی “هاوارەبەرە” و “میرزا” فەرهەنگۆکم بۆ دەرهێناوە. مامۆستا هەژار هەموو زاراوە و بن زاراوەکانی دەزانی، ئەو لە زمانی کوردی‌دا شارەزایەکی بێ‌وێنە بوو. بەڵام مەبەستی سەرەکی لە کارەکەم‌دا زاراوەی موکریانییە، نەک زاراوەکانی دیکە. چون غه‌یری موکریانی نازانم و بۆخۆشم هەر کات کتێبێکی غەیری زاراوەی موکریانی دەخوێنمەوە، ئەو تام و چێژی لێ نابەم کە لە زاراوەی خۆماندا دەیبەم.

من لە مامۆستا هێمنم زانیوە کە دەیگوت: “ئەمن پێم وایە دەبێ بنەمای زمانی کوردی، موکریانی بێ. دەبێ لە زاراوە و بن زاراوەکانی دیکەش بۆی بکێشنەوە و دەوڵەمەندی کەن”. تۆ ئەگەر لە ئەدەبیاتی موکریان‌دا بگەڕێی لەسەر هیچ وشەیەک پەکت ناکەوێ، من ناڵێم هەمووی، بەڵام بەشی هەرە زۆری وشەی تێدایە و مەعنا کراوەتەوە. ئێستا لە ئێمە ئەدەبیاتی دیوانمان کزە، چون دیوانمان نەبووە. زمانی ئێمە زمانێکە کە تێکەڵاوی سرووشتە، جوانییەکەی لەوەیدایە کە لەگەڵ سرووشتی کوردستان تێکەڵاو بووە. چاو لە بەیتەکان، ڕۆمانەکان دەکەی هەمووی بە چەشنێک و بە جۆرێک ئەو جوانییە نیشان دەدەن.

هاژه ـ وەک دەزانین ڕۆمانی “زیندەخەو” ڕۆمانێکی شارە و تا ڕادەیەک شێوەی ئاخاوتنەکەی لەگەڵ “هاوارەبەرە” و “میرزا” جیاوازە. چۆن بوو بڕیارتان‌ دا ڕۆمانێک جیاواز لە زمانی ئەو دووانە بنووسن؟

“هاوارەبەرە” و “میرزا” هەر دووکیان ئەدەبیاتی دێهاتن. لە وت‌ووێژێکی‌دا لە مامۆستا هێمنیان پرسیوە: ئەگەر تۆ مردی، ئێمه بڵێن مامۆستا هێمن چ جۆرە شاعیرێک بوو. دەڵێ: “بڵێ هێمن شاعیرێکی دێهاتی بوو”. لە ماڕکێز دەپرسن کە تۆ چ جۆرە ڕۆمان نووسێکی؟ دەڵێت: “من ڕۆمان نووسێکی دێهاتیم”. هێندێک پێیان وایە دێهاتی شتێکی نامۆ و خراپە، لە حاڵێک‌دا ئەسڵەن وانییە. ئەو وشە و ئیستلاحاتانەی کە من هێناومن، بۆیە دێهاتین، چونکە وشەکانی کەرەسە و کارێکن کە لە دێی‌دا زۆرتر لە کار دەکرێن تا لە شاردا.

شار تایبەتمەندی خۆی هەیە، فکرت دەکرێتەوە، دەگۆڕدرێی. مرۆڤ ژیانی ئاوا چۆتە پێش، لە نیشتەجێ بوون لە ئەشکەوت‌دا هاتۆتە نێو خێوەت، لە ژیانی بن خێوەت‌دا هاتۆتە گوندنشینی، لە دێ‌نشینی ڕا هاتۆتە شار نشینی. ئەمنیش لەو بوارەدا ئەویشم بە تاقی کردۆتەوە. خودی ڕۆمانی “زیندەخەو” هێندێک مایەی دۆناودۆنی هەیە. ئینسانێکی دوو شەخسیەتیم لەوێدا نیشان داوە کە لە سوێنگەی ئەو دوو کەسایەتی بوونەی شەوانە خەونی سەیر و سەمەرە دەبینێ و بەو خەونانە ناڕاحەتە. کوڕە کوردێکی مەزلومە کە لە خەونەکانی‌دا دەبێتە مەئموری ئە‌شکەنجەی ساواکی. کاتێک وەخەبەر دێ، بێ‌ڕادە بەو خەونانە ناڕاحەتە…

“زیندەخەو” چەندین سەبکی تێدایە. بۆ نمونە ڕئاڵیستی تێدایە، بەشێکی مێژوویی تێدایە، بەشێکی پۆست‌مۆدێڕنی لە خۆ گرتووە. ئەوانە بە بێ‌ئەوەی لە چاو بدەن لەوێدا زۆر تێکەڵ کردووە. “زیندەخەو” بەڵێ ڕاستە ئەدەبیاتی شارە، دوای زیندەخەویش کتێبێکم نووسیوە  تێکەڵاوێک لە هەر دووک ئەدەبیاتی دێ و شارە. من لەسەر ئەو بڕوایەم، جیاوازی تەنیا لە “شێوەی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە”.

شار جێگای کامڵ بوونی فکرە. جا بۆیە ئێمە دەبێ هەم ڕۆمانی دێ و هەم ڕۆمانی شارمان هەبێ. لە بەر ئەو هۆیە من ئەوەم بۆ ئەوێ ڕاگوازتۆتەوە. لە ئاکامدا هیچ ئیرادێکیان لە “زیندەخەو” نەبوو، بەڵام وەک گلەیی، گوتبوویان: “فەتاح نەدەبوو بێتە نێو ئەدەبیاتی شارییەوە، دەبوو هەر لە دێیدا بمێنێتەوە”، بەڵام من ئەوەم کرد.

 هاژه ـ ئەو کتێبەی کە ئەدەبیاتی شار و گوندتان لەوێدا تێکەڵ کردووە، نێوی چییە؟

نێوی “خەم و خەیاڵ”ە. بەداخەوە کاتێک کە ئەو کتێبەم تەواو کرد، بۆ ماوەیەک تووشی ناسازی هاتم، کاتم نەبووە، پاکنووسی بکەمەوە، لە هەمان کاتدا بژارێکیشی کەم. دەبێ ویراستارێکی باشی بۆ بکەم، خاڵبەندییەکه‌ی بۆ تەکمیل کەم، عەلایمی نیگاریشەکەی بۆ دانێم.

ئەلان بە نیسبەت جاران، بۆ ئەو شتانە خێراتر بووم و پتر دیقەتێ دەکەم، جوانتر دەست و فکرم ڕاهاتووە و تا کاتێکیش بزانم کە لێم تێکەڵ نابێ، دەنووسم. جارێکی کتێبێکی جەماڵ‌زادەم لە 92 ساڵیدا خوێندۆتەوە، گریانم بۆی هات، ئاخری کتێبەکەی ئەوەیە: “قصه ما به سر رسید”. ئه‌و جەماڵ‌زادەیەی که [“دارالمجانین”، “سر و تە یک کرباس”، “یکی بود یکی نبود”]ی نووسیوە. ئەو کتێبانە هەمووی سەرەتای کتێب خوێندنەوە و موتاڵەعەی من بوون. من دیتم بە تەواوی مەعنا لەو ئاخر کتێبە‌دا تێکەڵی کردووە، بەداخەوە ویراستارەکەشی هەناوی خرا بێ، نەیتوانیوە ئەوانی بۆ عیلاج کات. ئەگەر خودای نەخواستە ڕۆمان‌ نووسێک بێتو بمرێ، ئەوە ئەرکی منە بۆی تەواو کەم. ئەگەر ویراستاری پێویستە، دەبێ بۆی جێبەجێ کەم، ڕەنگە وەک هی خۆی نەهێتەوە، بەڵام لە ویراستارێکی سادە و مەعمولی هەر باشترە.

 هاژه ـ  سەرەڕای ئەوەی کە ئەو زمانە خۆش و پاراوەتان لە نووسین‌دا هەیه، بۆچی فەتاح خان وا بەرهەمی کەمی نووسیوە؟

ئەمن لەسەر ئەو بڕوایەم بە زۆری و کەمی کتێب ناڵێن کار، من ئەلان [جای خالی سلوچ] مەحموود دەوڵەت‌ئابادیم لە [کلیدر]ی پێ بەهێزترە. لە [کلیدر]دا، زەعف و کەلێن زۆرە، کار ئەوەیە بگا، ئەگەر گەیشت، بێتە دەرێ. ئەمن لە تەمەنی 20 ساڵیدا هاوارەبەرەم لە زەینی‌‌ دا بووە، هەتا بوومە 40 ساڵ هەر بیرم لەوە کردۆتەوە کە من ئەوەی چۆن بنووسم، چون نوسخە نەبوو. ئەمن پیشەی سەرەکیم کارمەند بووم و نزیکەی 31 ساڵ  لە ئیدارەی کارەبای بۆکان کارم کردووە، نزیکەی 10 ساڵان لە دێی جووت‌بەندە بووم، جا بۆیە ژیان پێیدەوێ، خۆ وەک ئەمریکای لاتین نێ، تۆ بە نووسینی ڕۆمانێک بژیوی ژیانت دابین بکەی، لە لایەکی دیکەشەوە چاپ و هێنانە دەری کتێبیش لە ئێران وەدواکەوتنی دەوێ. من لە 40 ساڵی‌دا دەستم بەو شتە کرد، هەر ئەو زەمان لە باشووری کوردستانیش ڕۆمانەکان لە پەنجەی دەست تێنەدەپەڕین، بەڵام لێرە لە “ڕۆژهەڵات” هەر ڕۆمان نەبوو. جا بۆیە کێشەیە بۆ کەسێکی کە لە پێشدا نوسخە ڕێنوێنێکی نەبووبێ، هەر بۆیە دوای 20 ساڵان تەمام گرت کە هاوارە‌بەرەی بنووسم.

ئەلانیش بەیتەکانمان، هەر یەکەی دەتوانن ڕۆمانێکی شاهکار بخەنە دەرێ، بەڵام کوڕم دەوێ هەستێ بچێ لەسەر هەر کام لە بەیتەکان‌دا لێکۆڵینەوە بکات، بزانێ کامیان مەعقوڵترە، کامیان دەوڵەمەندترە و مەتڵەبی جوانتر بەدەستەوە دەدات.

شایەد بەیتێک بە 50 شێوە گوترابێ، بەڵام یەک دوو دانەیان لە هەموویان تەواوترن، خۆشترن. جا دەبێ وەدووی ئەو یەک دوو دانەی کەوێ، ناورۆک و ئاکامی کارەکە یەکە، بەڵام خودی کارەکە یەک نییە. بە چ شێوازێک نووسراوە، چۆن بووە، چ بەرهەمێکی داوە. ئەگەر مامۆستا هێمن تەنیا “ناڵەی جودایی” گوتبایە، بۆ ئەوی تەواو بوو، چون شاعیر بوو. لە حاڵێک‌دا شاعیرمان هەیە چەندین دیوانە شێعری نووسیوە و بە کەڵکی هیچ نەهاتووە، جا من نامهەوێ ئاوابێ. بەڵکوو وەک دەگوترێ: “هەشت بێ و لە مشت بێ، نەک نۆ بێ و نەبێ”.

هاژه ـ کاری دیکە چتان بەدەستەوە؟

من قاعیدەم ئاوایە، ئەگەر ئەو ڕۆمانەی “خەم و خەیاڵ”م لە چاپ دا، بیر لە کاری داهاتوو دەکەمەوە. ئەو ڕۆمانە زۆرە، لانیکەم 450 لاپەڕەی A چواره، تازە لە دەستیشم دەرچووە، دەمهەوێ بڕێکی لێ کەم کەمەوە، چون بۆخۆم هێندێکیش زگ بە خوێنەری دەسووتێ، بۆچی زۆر ماندوو بێ. با ئەو تەوەرە بگۆڕدرێ و شتێکی جوانتر و ڕێک‌وپێکتر بە دڵی خۆی ببینێتەوە. ئەمن هیوادارم ئەو بەرەی ئێستا کە هاتۆتە پێشێ، بتوانن، شتی زۆر جوان دەرهێنن. جحێڵی ئەمڕۆ ڕەنگە داهێنەریان لە هی من پتر تێدابێ. دەی زمانەکەشی کە دیاری کراوە، هەر ئەو کتێبانەی کە من نووسیومن، دەکرێ بەو ئەدەبیات و زمانە قسان بکەن.

هاژه ـ وەک دیارە ڕۆمانی “هاوارەبەرە” و “میرزا” لە سەرڕا چاپ و بڵاو کراونەوە، ئەو کتێبانە لە کوێ چاپ بوونە و تیراژەکەیان چەندەیە؟

کاک ئازاد حسێنی گرێبەستی دووبارە چاپ بوونەوەی ئەوانی لەگەڵ نووسیوم و لە بڵاوکراوەی خانی لە سەقز چاپ کراوە و تیراژەکەشی هەزارە و هەر دوو ڕۆمانەکە لە تۆی کتێبێک‌دا چاپ و بڵاو بوونەوە. من خەریک بووم “زیندەخەو”یان لە ئەستۆ گوتم و ئەویان پێ چاپ کەمەوە، چون زیندەخەو لە ئێران‌دا چاپ و بڵاو نەبۆتەوە. حەتا برادەرێک کە خەڵکی بۆکانە و لە زمانی فارسیی‌دا شارەزاییەکی چاکی هەیە، یەک دوو جاری ئیزن لێ خواستووم کە “زیندەخەو”ی بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕێتەوە.

زیندەخەو ئەوڕۆیی‌ترە، غرور نەیگرتووم، تەنانەت لە ئەدەبیاتی فارسیش‌دا شتی ئاوام نەدیوە. پێم خۆش بوو ئەو لە پێشدا چاپ بکرێ و وەبەر دەستی خەڵکی بکەوێ. بۆ چاپێکی نوێ، ئەو کتێبەم داوە کە لەسەرڕا تایپ کرێتەوە. هەڵەی کەم تێدایە، من سەر و بنی ئەو 270 _ 260 لاپەڕەیەم لێکداوەتەوە، 17 وشەی هەڵەی تێدا بووە، ئەوانیشم چاک کردووە، داومە بە تایپیستی تا تایپیان کاتەوە.

هاژه ـ بەڕێزتان لە گۆڤاری سروەدا چالاکیتان هەبووە، بە بڕوای ئێوە “سروە” چ ئەزمونێکی لەسه‌ر ڕۆژنامەگەری کوردی و بەتایبەت زمان هەبووە؟

من زۆر جار لەوانەی کە ژۆرنالیستن، بیستوومە کە دەیانگووت، بە نیسبەت گۆڤارەکانی دیکە زۆر بەهێزتر بووە. هەر چەند ناتوانین بڵێین زۆریش ئازادی ئازاد بووە. بەدڵنیاییەوە ئەو گیر و گرفتەی گۆڤارەکانی دیکە هەیانە، ئەویش لێی بێ‌به‌ری نەبووە. بەڵام شتەکە زۆر چاک دامەزرا. مامۆستا هێمن کەسێکی مەتبوعاتی بوو، زۆر چاک بناغەی بۆ داڕشت و ئەوانەی دوای ئەویش بەتایبەتی کاک ئەحمەدی قازی، درێژه‌دەری ئه‌و ڕێگایه بوون. دیارە هەر بۆخۆیان به تەنیا نەبوون، بەڵکوو تەواوی موکریان به‌بێ چاوەڕوانی کاری بۆ ئەوان دەکرد. چون خەڵکەکە تینووی زمان و فەرهەنگەکەی بوو. دوایەش گۆڤاری دی هاتن و سروەیان برده سنە. من ئەو دەم لەوێدا بەشێکم بەنێوی “سروەی ئازیز” پێ‌بوو. ئەو مەتڵەبانەی کە من لەو بەشەدا دەمنووسی، هەر زۆر سەیر جێی خۆی کردەوە. خەڵک پێشوازێکی باشیان لێ دەکرد. من هەر جارێ مەتڵەبێکم لەوێدا دەنووسی. ئەو مەتڵەبانە کۆمەڵایەتی بوون و لە بازەی نەقد و تەنز و… . من ئەو دەم دوو مەتڵەبی جودام لە سەر “نان” و “ئاو” نووسی، کە یەکێک لە ماندگارترین مەتڵەبەکان ئەژمار دەکرێن. ئاخرین “سروەی ئازیز”م ئەو کات کە دەیان برد بۆ سنە نووسی، بەڵام چاپیان نەکرد. نووسیبووم: “کابرایەک دوای تەمه‌نێک ڕابواردن، کوڕێکی بوو، بۆ کوڕەی گوێزەبانەیان بۆ ساز کرد و بانگیان به گوێدا خوێند و مەلۆتکەیان لابرد. بابە زۆری دڵ بە کۆرپەکەی خۆش بوو، گوتی: ئەو کوڕەم دەکەمە دوکتور! یەکی عاقڵ لەو مەجلیسەی بوو، پێی گووت: “بە من دەکەی جارێ لەو قسانە گە‌ڕێ!” گوتی: بۆ؟ کوتی: “سورێژە، کۆخە، مێکوتە و… هەن، شایەد بە یەکێک لەو دەردانە بمرێ، بۆیە جارێ ئەو چاوەڕوانییەت لێی نەبێ”. منیش هەر لەسەر ئەو مەتڵەبەی نووسیبووم: “سروەی ئازیز، تۆ ئەگەر بچێ سنەی دەمری، تکا دەکەم، مەچوو”. کە تکاکەیان قەبووڵ نەکردم و بۆ سنەیان برد و لەوێ مرد. چون زەمانی مامۆستا هێمنی لە تیراژی 15 هەزاردا چاپ دەکرا و یەک جڵدیشی نەدەما، بەڵام لە سنە وای لێهات گەیشتە تیراژی 400، کە بەڕاستی ئەوە جێگای داخە و ئەو بڵیند و نەوییە بۆ هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارێک دێتە پێش.

هاژه ـ کاتێک “هاوارەبەرە” چاپ دەکرێ، بەدەست مامۆستا “حسێن عارف” دەگات. نامەیەکت بۆ دەنووسێ و دەڵێ: “ئەگەر بە ئینسافەوە قسان بکەین، زمان یانی زمانی موکریانی”، بە بڕوای ئێوە بن‌زاراوەی موکریانی، کاریگه‌ری باڵای لەسەر زاراوەی سۆرانی بووە؟

هەر چەند موکریانی بن زاراوەیە، بەڵام زۆر بەهێزە. بەهێزەکەشی لە خۆڕا نییە. ئەم مەڵبەندە [مه‌بەست ناوچەی موکریانە] زۆر شتی بۆ هاتۆتە پێش کە ڕەنگە بۆ شوێن و جێگای دیکە نەهاتبێتە پێش. هیچ شتێک لە خۆڕا تەکمیل نابێ، هیچ شتێکیش لە خۆڕا ناقیس نابێ. ئەمن بن زاراوەی موکریانی زۆر بە گەورەیی دەبینم و لەسه‌ر ئەو بڕوایەم: “ڕۆژێک بن زاراوەی موکریانی، زاراوەی سۆرانی دەخاتە سەروی خۆی”. چون موکریانی زۆر پڕە، حەتا ئەدیبان و ئەو کەسانەی کە لە باشوور کاری زمان دەکەن، زۆر بە چاکی ئه‌و شتە دەزانن. جارێکیان مامۆستا حسێن عارفم لە سلێمانی دیت، لەوێ پێی گوتم: “هەر ڕەئالیستی بنووسە”، وڵامی ئەوەم نەداوە. چون من ناتوانم شتێک بنووسم کە هۆشم هەر بە سەبکەکەیەوە هەبێ، چون ئەو هۆشە بیر و فکرت لێ دەستێنێ و پەرتەوازەت دەکا.

وەختێک کتێبێک یاخود نووسراوەیەک دێتە دەرێ، ئەو کەسەی کە نەقدی دەکات، لە پێشدا دەیخوێنێتەوە. ئەو دەبێ دیاری بکات کە ئەوە بە چ شێوازێکی نووسراوە، نەک ئەمنی نووسەر. چوون قەڵەم زۆر جاران ئیختیارم لە دەستی ده‌ستێنێ، یەک زەڕەش دەسەڵاتم به‌سەریدا نابێ و شتێکی زۆر شاهکاریش دێته دەرێ. بۆ نمونە لە کتێبی “میرزا”دا یەکێک لەو فروعاتەی کە هاتۆتە گۆڕێ، مەسئەلەی “ڕەشیدە دزەیە”. من ئەسڵەن بیرم لەوە نەکردبۆوە کە کاراکتێرێکم بەو نێوەوە هەبێ. بەڵام میرزام ئەو ڕێگا دوور و درێژەی پێ تەواو نەدەبوو. شەوێ دەبوو لە کوێی دانێم؟ لە ئاوەدانی ڕەنگە چاکی خەو لێ نەکەوتبایە. ئەگەر لە چۆلیان و لە ئەشکەوتان نووستبایە، ئەسپەکەیان لێ دەدزی یا گورگ دەیخوارد. لەوێ “مەولوودکەوان” پێی دەڵێ: [“تەنیا ڕێگای تۆ ئەوەیە، ئەگەر بە شەوێ بڕۆی تا بەیانی، دەگەیە لای ئاشی ڕەشیدی، هەر چەند ڕەشید زۆر ناپیاوە، بەڵام پێم وانییە لەگەڵ میرزا کاری وا بکات. بچۆ میوانی ئەو ببە و دوایەش لەگەڵ خۆت پەتی بکە و بیبە بۆ لای ماڵە میران”]. “ڕەشیدەدزە” ئاوا هاتۆتە گۆڕێ. زۆربەی خوێنەرانی “میرزا” گلەییان لەوە بوو کە بۆ “ڕەشیدەدزە”ت بە کوشت داوە. “ڕەشیدەدزە” لەو ڕۆمانەدا وەک مۆرەیەکی بەقەوەتی لێ هاتبوو.

هاژه ـ دەگووترێ ڕۆمانی “پێشمەرگە”ی ڕەحیم قازی یەکەم ڕۆمان بووە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسراوە، ڕا و بۆچونی جەنابت لەسەر ئەم شتە چییە و ئەوی وەک دەسپێکی ڕۆمانی کوردی دەناسی؟

بەڵێ، مامۆستا ڕەحیم قازی یەکەم کەس بووە کە ڕۆمانی نووسیوە، بەڵام هێندێک پێیان وایە نۆوێلە و نەگەیشتۆتە ڕۆمان. من قسەی ئەو کەسانەشم قەبووڵ نییە و پێم وایە دەسپێک لەوێڕا بووە. بەڵام ئێمه مەبەستمان ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە حاڵێک‌دا ئەو لە بەغدایەی چاپ کردووە نەک لە ڕۆژهەڵات‌دا. ئەو جۆرەی کتێبی (از رمان تا ملت) باسی لێدەکات و بە قسەی جەعفەر حسێن‌پوور “هێدی” کە هەوەڵ کەس کێیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆمانی نووسیبێ، ئەویش دەڵێ: “ڕەحیم قازیی”ە.

هاژه ـ دۆخی ڕۆمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ چلۆن ده‌بینی؟

ئەگەر بڵێین لە کەنگێوە دەستمان بە ڕۆمان‌ نووسی کردووە، لە ڕووی کتێبەکانی خۆمەوە، دەڵێم: “لە 30 ساڵ لەوە پێشەوە”، 30 ساڵ مێژوویەکی یەکجار کەمە. هەر لە بنەپاڵەوەی ئێمە زەمانی تێزارەکان لە ڕووسیا کە جیرانی شان بە شانی ئێمە بووە، چیها کتێبی بە نرخ هاتۆتە دەرێ، ئەمن پێم بەهێز نییە. ئێمە 120 ساڵە ڕۆژنامەگەریمان هەیە، لە حاڵێک‌دا میللەتی وا هەیە 2 هەزار ساڵە ڕۆژنامەگە‌ری دەس‌ پێکردووە. بە 30 ساڵان منداڵێک دەبێتە پیاو، بەڵام نابێتە هەموو شتێک، بۆیە جارێ ئەو ڕێگایە ڕۆیشتنی دەوێ.

هاژه ـ بە بڕواتان لە نێو چیرۆکی کوردی‌دا تا چەند تواندراوە گرینگی بە بەیتەکان بدرێ و ئەو تایبەتمەندییانەی کە بەیتی کوردی وەکوو دەرفەت لە ئیختیاری پێکهاتەیی، زمانی، گێڕانەوەی چیرۆکی کوردی بنێ، توانیوێتی خۆی ببینێتەوە؟

بەیتەکان زۆر باڵان، ئەو ئەدەبیاتی زارەکییەی کە لە نێو میللەتی ئێمەدا هەیە، ڕە‌نگە هیچ یەک لە میللەتەکان یا نەیان بێ یا نەیان مابێ و ون بووە. ئێستا فکری نوێ و مەسائیلی ئەوڕۆیی لە تاقمێک لە زمانەکان‌دا ڕابردووی پێچاوەتەوە. خاتوو نەسرین جەعفەری کتێبێکی بە نێوی “بڵیند و نەوی” نووسیوە و باسی بەیتی “دم‌دم”ی دەکات. دوای ڕۆمانی “میرزا”ی ئەو کتێبە هاتە دەرێ. خاتوو نەسرین دوو جاران، جارێکیان نووسخە خەتییەکەی، جارێکیش نووسخە تایپەکەی بۆ هێنام، بۆخۆم پێشەکیم بۆ نووسیوە. ڕۆمانێکی خۆشه، زمانەکەشی تایبەتە، بەڵام دوایه کشاوە و کاری نەکرد. زۆر کەم لەسەر بەیتەکان کار کراوە. هەر چەند لە بەیتەکانیش ڕەنگە لە 10 بەشان، بەشێکمان مابێ و 9 بەشمان ون کردووە. بەڵام، هەر ئەوانەی کە ماویشن، ڕۆژێکی دەبنە بنەما بۆ ڕۆمانی گەورە، چون دەتواندرێ زۆر سەبک و شێوازی نووسینی ڕۆمان لەو بەیتانەدا بدۆزێوە، جا با مۆوزون و شێعر نەبێ، نەسر بێ.

هاژه ـ ناوەرۆکی نووسینی چیرۆک لە ئێستادا لەگەڵ دەیەکانی 60 و 70 چلۆن دەبینی؟

بەدڵنیاییەوە ئەلان چاکترە، بەرەو پێش هەنگاوی هەڵێناوەتەوە، بەڵام بە بڕوام ئێستاش هەر کزە. من بۆخۆشم لە نووسینی خۆم ڕازی نیم. بۆکان چیرۆک نووسی چاکی تێدایە و ئێستا ئەو شارە، شاری چیرۆکە.

هاژه ـ چ شتێک ئەدەبیاتی کوردی لە ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەدەبی کوردی شوناسێکی سەربەخۆی هەبێ؟

کاتێک کە تۆ دەتهەوێ ڕۆمانێک بنووسی، ئەگەر بە کوردی فکر نەکەیەوە، ئەو ڕۆمانە دەگۆڕێ، بەڵام ئەگه‌ر بە کوردی بیر بکەیەوە، تۆ ناتوانی لەو شتە لابدەی. بەڵام ئەگەر تۆ بێی کارەکانی کلاسیکی ئورووپایە لەگەڵ کتێبی کوردی لە پەنا یەک دانێی، بەدڵنیاییەوە ئێمە نەمان توانیوە، وەک ئەوان بێینەوە. چوونکە لە ئاست کات، شوێن و ڕابردوو و… جیاوازین، ئە‌وان تەواو بوون، بەڵام ئێمە تازە دەس پێدەکەین.

لە بنەڕەتدا ڕۆمان دیاردەیەکە لە ڕۆژئاواوە هاتووە و هی ڕۆژهەڵات نییە، ئێمە لاسای ئەوانمان کردۆتەوە. ئەگەر چاکمان لاسا کردبنەوە، ئەوە ماڵمان ئاوەدان بێ، ئەگەریش خراپمان لاسا کردبێتەوە، ئەوە هی وانیشمان تێک داوە.

هاژه ـ زۆربەی نووسراوەکانی کوردی، بە نووسراوەکانی ئێستاشەوە، بە شێوەی ئەدەبی کلاسیک نووسراون، ئایا ئەدەبی کوردی توانیوێتی ئینسانێکی مۆدێرن بێنێتە بەر چاوان؟

بەڵێ، بەختیار عەلی لە کتێبێکیدا باسی “جەمشیدخانی مامم” دەکات، ئەو کتێبە بە بڕوای من کتێبێکی زۆر زۆر نوێیە. ئەمن پێم خۆش بوو، “ئاخرین هەناری دنیا”ش پێنج شەش کتێبی وا بایە، نەک ئەو هەمووە بەحسی لە ڕەڵم و خیز و… کردبایە کە هیچت لێ وەدەست ناکەوێ. تەنیا ئەو شتەی نیشان داوە کە ئەو جێگایە سەحرایە و هیچت لێ دەست ناکەوێ. بەڵام “جەمشیدخانی مامم”، شتێکی‌تر بوو و خۆشیم لێی هات و بێ‌ڕادە خۆشم دەوێ.

هاژه ـ ئە‌دەبیاتی کوردی ڕوو لە گەشەیه یا ڕابردووی پڕشکۆیە؟

من هێندێک واقع‌بینم، نە ڕابردووی زۆر بە گەشە دەبینم، نە داهاتووی پڕشکۆ دەبینم. داهاتوو لە حەدی زەرفییەتی خۆمان دایە، تا ئێمە چ بین، ئێمە هیچ پشتیوانەیەکمان نییە، هیچ یەک لەوانە موعجیزەی ناکەن، نە ئەوەی ڕابردوو کردوویەتی، نە ئەوەی داهاتوو دەیکا و واقعییەتێکه دەبێ قەبووڵیی بکەین. ئێمە ئەوەین کە هەین.

هاژه ـ شێوەی نووسینی خوێندنەوە و نەقدەکانمان لە ئەدەبیاتی کوردی‌دا زۆربەیان کلاسیکن، ئایا وەهاشتێک نەبۆتە هۆی ئەوەی کە ئەدەبیاتێکی سنووردارمان هەبێ؟

بەڵێ وایە، ئێمە ئەدەبیاتێکی سنووردارمان هەیە و زۆر بڵاو نییە، چون ئەوەندەمان کار نەکردووە. ئێمە لە ئێستادا فەرهەنگێکمان نییە وەک فەرهەنگی وشە بێ. ئەوانەی هەمانن، هەموویان (لغت معنی)ن. هیچ کات نەهاتوون حیسابێکی دەستووری (فعل، فاعل، مفعول، مصدر) لەسەر فەرهەنگ بکەن. بۆ نمونە فەرهەنگی (دهخدا) ڕیشەیابی وشەکانی کردووە، لە باری دەستوورییەوە لێکی داوەتەوە، بەڵام ئێمە نیمانە، ئێستا گەورەترین فەرهەنگمان، هەنبانەبۆرینە و فەرهەنگی زانستگای کوردستانە. لە هیچیان‌دا ڕیشەیابی و مەسائیلی دەستووری تێدا نەنووسراوە کە ئەو وشەیه چییە؟ لە کوێ‌ڕا هاتووە؟ هەر بۆیە، جارێ بۆ ئەو قەزاوەتە زوویە، چون ئێمە ئێستاش لە قوتابخانە و زانکۆدا بە زمانی دایکی خۆمان ناخوێنین.

هاژه ـ بە گشتی چارەنووسی ئەدەبیاتی کوردی چۆن دەبینن؟

چارەنووسی ئەدەبیاتی هەر میللەتێک بۆ حەول و دەوری ئەو میللەتە دەگەڕێتەوە. عەبدوڕەحمانی زەبیحی دەستی بە نووسینی فەرهەنگێکی چاک کرد، کە تەنیا دوو سێ پیتی ئەلف و بێی چاپ بووە. سەددام زانیی کە ئەو کارێکی گەورە دەکات، بۆخۆی کوشتی و فەرهەنگەکه‌شی ئاور تێبەردا. ئەمن لە مامۆستا هێمنم بیستووە کە: “زەبیحی، بە قەرا وەتاغێکی گەوره لە خوارێ ڕا تا بنی میچی، هەر فیشی ساز کردبوو و وەسەر یەکی نابوو.” زەبیحی 18 ساڵ کاری لەسەر کرد، بەڵام سەددام بە ئاورێکی هەمووی لە بەین برد.

هاژه ـ وەک دوایین وته فەرموون

 

ئاواتەخوازم بەرەی داهاتوو هێندێک لە شێعر خۆ دوور بخاتەوە و به‌رەو نەسر بڕواتە پێشێ. بتوانین دەردی دڵەکانمان بە بێ‌قافیە و بێ‌وەزن و زۆر بە شێوەیەکی سادە و ساکار بنووسین. هێندەش تەوجیە و تەئویلی بە قسەی ئەو کەسانەی کە هی فەرهەنگی ئێمە نین و هی وڵاتێکی دیکەن، نەچین لە کامپیوتێڕدا دەری بهێنین و لە هەر مه‌تڵەبێکی‌دا لە هی وان دەر نەکێشین و لە هی خۆمان کەڵک وەرگرین.

ئەمن خۆشبینم. ئێمە کاتێک توانیمان بیر و فکرێکی سەربەخۆمان هەبێ، دەتوانین نووسراوەیەکی  سەربەخۆمان هەبێ. دەتوانین وەک کورد بیر کەینەوە و وەک کورد بنووسین.

زۆری وا هەیە وەک فارس فکر دەکاتەوە و وەک کورد دەنووسێ، زۆری وا هەیە وەک عەڕەب فکر دەکاتەوە و وەک کورد دەنووسێت کە ئەوە نابێ. بەوەش زۆر خۆشحاڵ یا بەدحاڵ نەبین کە ئەوە نووسراوەیەکی گوندییە یا شارییە.

نووسراوە، نووسراوەیە. زمانیش، زمانە. هەمووی ئەوەیە. بەداخەوە ڕووناکبیری ئێمە زۆریان خۆ بە “ئەسڵیی خۆمانەوە” ماندوو نەکردووە. باشترین کار ئەوەیە، ئەسڵی خۆمان لە بیر نەچێتەوە، ئەوەش تەنیا لە ڕێگای کاری فەرهەنگی ڕا دەکرێ. ئەو کەسانەی کە زمانی بێگانە دەزانن، کتێبەکانی خۆمان وەرگێڕنەوە. بە خاتری ئەوەی کە ئێمە سەرێک بین لە نێو سەران‌دا، کە بەڵێ کورد شارەستانییەتی هەیە. زۆرم لەسەر ئەو شتە هاوار کرد، بەڵام تا ئێستا کەسێکی وا جوابی نەداومەوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی هاژە ، وەک خۆی دانراوە.

دەنگی کاک موشتاق  لە پۆدکاستی رێگا

https://www.regapodcast.com/hawareber

وەک سایتی پێشمەرگەکان سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس کاری ئەم نووسەرە  سەرکەتوویە و سەرجەم خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان دەکەین. 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی