"an independent online kurdish website

سەرەتا,  جاناتان کۆنڕیکاس (Jonathan Conricus) پلەداری پێشوو لە ئەڕتەشی ئیسڕائیل و تۆیژەری ئێستا لە “بونیادی بەرگری لە دیمۆکڕاسی (FDD)”، هەشت مانگ لەوە پێش باسی  سیاسەتی نۆی ئاسایشی قەومی وڵاتەکەی کرد،

کە لەمەودواوە بڕێارە بریتی بێت لە دارژتنی ستڕتێژێکی بەرفراوان کە نە تەنیا ڕەوینەوەی تەواوی مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەی بە ئامانج دەگرێت بەڵکوو لە خۆیدا دەبێتە هۆکاری گۆڕانکارییەکی ڕێشەیی لە ئاستی ڕژیمە دەستەڵادارەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بە بۆچوونی کۆنڕیکاس ئەو پڕۆسەیە بێگەڕاوەنەیە. هەر بۆیە، پێویستە لەم گۆشەنیگایەوە نە تەنیا لە گریمانەی نەمانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا بڕوانین، بگرە پێویستە لە هەمان ڕوانگەوە بۆ گریمانەی کۆتایی ڕژیمی ئێرانیش و تەنانەت دروستبوون و هاتنەئارای کۆمەڵێک مۆدێلی هاوپەیمانێتی نوێ کە بە مەبەستی خیڕاکردنی ڕەوتی ئەم گۆڕانکارییانە پێکدێن لێکدانەوەمان هەبێت. لەم سۆنگەیەوە هەروەها پێویستە کە بە ڕێگای چەمک و دەستەواژەی جیاوازتر لە جاران هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەین. ئەوەی کە هەر ئێستا لە سووریا ڕوو دەدات دیارە دەبوایە ڕووبدات بەڵام نە ئاوا لە ناکاو و خێرا. 

لیرەدا پرسیار ئەوەیە کە خۆیندنەوەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا (هەسەدە، پ ی د، قەسەدە، …)  بۆ ڕەوتی گۆڕانکارییەکان و پێشکەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و سووریا بە تایبەتی چییە و لە ژێر تیشکی کام خوێندنەوەدا  ڕەفتار و هەڵسکەوتی سیاسیی و بژاردەی سەربازی دەخاتە بەردەست خۆی؟ گەلۆ، دەستەڵاتی کوردی لە ڕۆژئاوا بە هۆکاری سیاسەتی دوژمنکارانەی تورکیا و هێزە ئیسلامییەکانی بەر‌هەڵستکاری سووریا خۆیان ناچار دەبینن کە نەگۆڕانی دۆخی هەیی (Status Quo) لە بەرژەوەندی خۆیان دا ببینن و تەنانەت بخوازن یان ناچار بن کە بە مەبەستی پاراستن و هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی یان لانی کەم بە گؤڕانکارییەکی کەمتر بە چەشنێک هاوکاری یان هاوتەریبی لە گەڵ ڕژێمی ئەسەد، تاقم و گرووپەکانی سەر بە ئێران و هێزە سەربازییەکانی رووسیا بکەن؟ یان ئەوەی نا،  هەسەدە/ پ ی د/ قەسەدە… هەستی پێکردوە کە پاراستنی دۆخی هەیی دەرچووی زیاتر لە جارانە و هەربۆیەش پێویست دەبینێت کە لە سەر بنەمای خۆیندنەوەیەکی جیاواز، داڕژتنی ستڕاتێژێکی نۆی و هەروەها پێکهێنانی سیستەمێکی هاوپەیمانێتی گونجاو لە گەل دۆخە نۆیەکە بە ئامانج بگرێت؟ 

بە هەر حاڵ، بە هۆی خیرایی پێشکەوتنەکان نە تەنیا دەستەبەرکردنی وڵامی وردبینانە و ڕاستەوخۆ بەم پرسیارانە زەحمەتە بەڵکوو لەوەش زیاتر بە هۆی ئەوەی کە ئێمە لە دەرەوەی  ڕووداوەکانین، لە ڕووی ئەخلاقییەوە دروست نییە کە داوا لە دەستەڵاتدارانی کورد بکەین چی بکەن یان نەکەن. بەهەرحال لێرەدا، من وەکوو مامۆستایەکی زانستی سیاسی لە بواری پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان چەند بۆچوونێکم هەیە کە بە پێویستی دەزانم لە گەڵ ئێوە خوێنەرانی خۆشەویست بەشی بکەم. 

هەسەدە/ پ ی د/ قەسەدە: چی هەیە و چی کردوە کە باشە؟

  • یەکەم ئەوەی کە ئاستی ڕێکخراوەیی سەربازیی و سیاسیی (Governance) پ ی د/ی پ گ هەتا ئەو ڕادەیە گەشەی کردوە کە هیچ یەک لە دەوڵەتانی پەیوەندیدار (بگرە تورکیاش) ناتوانن حیسابی بۆ نەکەن. ئەمریکا مانەوەی لە سووریا و شەڕی سەرکەوتوانەی خۆی لە دژی داعش لە سایەی هاوپەیمانییەتی لە گەڵ ئەو سیستەمە دەستەڵاتدارییە کوردییەدا دەبینێت. ڕاگرتنی ئەو مودێلە هاوبەشییە کە گەل هێزە ئەمریکاییەکان کە هەتا ئێستا بە باشی چۆتە پێش، دیاردەیەکی زۆر پۆزیتیڤە.
  • دووهەم ئەوەی کە کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان ، سەرەڕای هەبوونی جیاوازیی بەرچاوی فکری و ئیدئۆلۆژیکی، پشتیوانی رۆژئاڤا و دۆخ و پێشکەوتنەکانی ئەم پارچەیە دەکەن. ئەوەش دیاردەیەکی پۆزیتیڤە و زۆر هیوابەخشە.
  • سێهەم ئەوەی کە پ ی د/ ی پ گ/ه س د هەتا قۆناغی ئێستا خۆی لە شەڕی راستەوخۆ لە دژی بەرهەڵستکارانی ئیسلامی ڕژیمی ئەسەد بە دوور گرتووە، دەکرێت وەکوو هەڵسوکەوتێکی ژیرانەیە سەیر بکرێت کە لە عەقڵییەتێکی گەشەکردووی سیاسی و خوێندنەوەیەکی ریئالپۆلتیکی بە دوور لە دۆگماتیسمی ئیدئۆلۆژیکییەوە سەرچاوە دەگرێت. هەرچەند مەرج نییە کە حاڵەتی پێچەوانە ڕوو نەدات. یانی ئەوەی کە ئەم هێزە بەر‌هەلستکارانە کە خاوەن ئاراستەیەکی ئیدئۆلۆژیکی ئیسلامیی ڕادیکاڵن و لە پەیوەندی لە گەڵ کورد دا ڕابردوویەکی ڕەشیان هەیە، بتوانن لە ڕۆژانی دوای سەرکەوتنی خۆیان و بگرە زووتریش دان بە خۆیان دا بگرن و هێرش نەکەنە سەر هێزە کوردییەکان. لە قۆناغی ئێستادا ئەگەر هێزە کوردییەکان بتوانن بە ڕێگای ئەمریکا و ئەوانیش بە ڕیگای تورکیا ئەو پەیامە بە هێزە ڕادیکاڵەکانی ئیسلامی بە‌رهەڵستکار بگەیەنن کە خۆدوورگرتن لە شەڕی دوولایانە لە بەرژەوەندی هەموولایەک دایە، هەنگاوێکی زۆر باشە.

هەسەدە/ پ ی د/ قەسەدە: کام خویندنەوە باشە؟

  • چوارەم ئەوەیە کە قەبووڵی بکەین کە سیستەمی ئێستایی دەوڵەتداری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە تایبەت ئەو بەشەی کە دەکەوێتە بەرەی مقاومە تاریخی مەسرەفی بە سەر چووە. پڕۆسەی کۆتاییهاتنی ئەو مودێلە دەستەڵاتدارییە تەنیا لە بەر هێرشی دەرەکی و بە کارهێنانی هێزی ڕەق (Hard Power) لە بەرامبەر ئەو دەوڵەت و هێزە ماوەبەسەرچووانە (ئێران، سووریا، حەشدی شەعبی، حیزبوڵلا، حووتی، حەماس،…) نییە. بەڵکوو هۆکاری سەرەکی ئەو داڕمانە، وەکوو بیرمەندی گەورەی عەرەب ئیبن خەلدوون (1332-1406) زیاتر لە شەشسەد سال لەوەپێش  ژیرانە باسی دەکات نەبوونی مەشرووعییەت و  “بۆگەنیوبوونی نێوخۆییە” کە ئەم قەوارە سیاسییانە تووشی بوون. لە ڕاستیدا بە پێێ هەمان سەرچاوە ئەو نەوعە سیستەمە خۆی لە ناخی خۆیدا هەڵگری توخمی داڕمانی خۆیەتی.  ئەمڕۆکە هەموو ئەو دەوڵەت و هێزانەی کە پێکەوە بەرەی موقاومەت پێکدێنن، شموولی ئەو لێکدانەوە خەلدوونییە دەکەن و هەر بۆم هۆیەش بۆ ئەوە نابن پشتیان پی ببەستی و بە کەڵکی پەیوەندی درێژخایان و ستڕاتێژیک نایەن. ڕاپەڕینی سوننەکان لە عێڕاق، سەر‌‌هەڵدانی جەماوەری لە لوبنان و تەنانەت دەستوەردانی سەبازیی ئیسڕائیڵ بۆ سەر سووریا دەتوانن نموونەی دیکەی لە پرۆسەی ئەو داڕمانە بن. هەر بۆیەش هەڵەیەکی کوشەندە دەکەین ئەگەر پێمان وابێت بومبارانە چڕەکانی ڕووسیا، ناردنی هێزی زیاتر لە لایان ئێران و هاوپەیمانەکانی و هەروەها هێرشی پێچەوانەی ئەڕتەشی سووریا بتوانێت ڕژێمی ئەسەد ڕزگار بکات. ئەگەر هێزی ڕەق بتوانێت پرۆسەی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد چەند مانگێک وەدرەنگی بخات شاکاری کردوە.
  • پێنجەم بابەتی گرینگ ئەوەیە کە پێویستە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی داهاتوو دا پێداچوونەیەکی ڕێژەیی بە خوێندنەوە و تێگەیشتنی ‌هێزە بەرهەلستکارەکانی ڕژێمی سووریا دا بکرێت. ڕاستە کە هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، ئەم هێزانە هەڵگری ئاراستەیەکی ئیدئۆلۆژیکی ئیسلامیی ڕادیکاڵن و هەروەها لە پەیوەندی لە گەڵ کورد دا ڕابردوویەکی ڕەشیان هەیە، و هەر کات و ساتێکیش مەترسی ئەوە هەیە کە ئەوان دیسانیش لە بەرامبەر کوردان دا ببنە هۆکاری خوڵقاندنی کارەساتی نوێ. بەڵام پێویستە وەبیرخۆمانی بێنینەوە کە ئەم هێزانە لە ناو عەڕەبی سوننەدا کە پێکهێنەری نیزیکە 60%ی نفووسی ئەم وڵاتەن و کە زیاتر لە شێست ساڵە لە لایەن ڕژێمی بەعس و بنەماڵەی ئەسەد ڕا دەچەوسێنەوە، ڕژێمی ئەسەد بەرپرسیارێتی زیاتر لە کوشتنی نیو میلیۆن مرۆڤ، ئاوارەبوونی نیزیکەی دە میلیۆن و وێرانی و کاولکاری تەواوی سووریا دەکەوێتە سەر شانی. لە داهاتوو دا، ئەگەر کورد بخوازێت وەکوو یەکەیەکی نەتەوەیی/حقووقی/سیاسیی لە چوارچێوەی سووریا دا بمێنێتەوە یان ئەگەر تەنانەت ڕێگای سەربەخۆییش هەڵبژێرێت، دیسانیش لە ئەساسی بەرژەوەندییەکانی خۆی پیویستی بە تەعامول و پەیوەندی هەمەجوورە لە گەڵ دەوروبەرەکانی خۆی هەیە. ئەوەشمان لە بیرنەچێت کە ئەوەندەش چاوەڕوانکراو نییە کە گەورەئاکتەرانی وەکوو ئەمریکا، وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایی، ئیسڕائیل و تەنانەت عەڕەبستانی سعوودیش ڕێگا بدەن سیستەمی سیاسیی سووریای دوای ئەسەد بە فۆڕمێکی ئیسلامی ئیخوانی بەڕیوەبچێت، مەگەر ئەوەی ئەم گرووپانە (کە ئەویش زۆر زەحمەتە) لە دیسکورسی سیاسی و مودێلی ڕەفتاری خۆیاندا گۆڕانکاری بنەڕەتی پێکبێنن. دیسانیش پێویست بە دووپاتکردنەوەیە کە ئەم هێزانە هەڵگڕی ئەم پۆتانسییەلەن کە لە بەرامبەر ‌کوردان دا کارەسات بخوڵقێنن.

هەسەدە/ پ ی د/ قەسەدە: کام کردەوە و پێشبینی باشن؟

  • شەشەم ئەوەیە کە لە پەیوەندی لە گەڵ پڕۆسەی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست (کە مەرج نییە بە هاسانی ڕووبدات) ئامادەکاری هەبێت، کەرەستەی هزری و مادی پێویست دەستەبەر کرابێت و هەروەها خوێندنەوەی پێویست هەبێت بۆ ئەوەی کە هەم لە ڕووی لێکدانەوەی واقیع و هەم لە ڕووی تیئۆری کایە (Game Theory) بزانین کە لەم ڕەوتە دا چ حیساباتێک بۆ کورد کراوە. گەلۆ لە داڕژتنەوەی نۆیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا (New Political Map) و بە تایبەتی لە سووریا دا یان لە دەرەوەی سووریا بڕیارە کورد ببێتە خاوەن پێگەیەکی حقووقی و سیاسی یان وەکوو جاران لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە سەقەتانەی کە لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم لە ناوچەکە دا دروستبوون. قەتیس بمێنێتەوە و کارەساتەکانی ڕابردوو ئەزموون بکاتەوە؟ هەتا ئەو جێگایەی من لێی بزانم لەم پرۆسەیەدا حیساباتێک بۆ کورد کراوە و ئەمە شتێکە کە تەنانەت تورکەکانیش لێی تێگەیشتوون. هەر بۆیەش کاربەدەستە سیاسییەکانی تورک لە ماوەی ڕابردوو دا لە ناردنی پەیتاپەیتای “پەیامی خۆشەویستی” بۆ کوردان هیچ کۆتاییان نەکردوە.
  • حەوتەم خاڵی گرینگ ئەوەیە کە بزانین ئایا ئەو داهاتووە سیاسییەی کە بۆ سووریای باس دەکەن و کە بڕیارە سووریای دوای ئەسەد (دیارە ئەگەر سەر بگرێت) بە شێوەی کونفێدڕالی و دابەشکردن بە سەر سێ هەرێمدا (‌هەڵبەتە نە لە سەر بنەمای ئیتنیکی) بەڕێوە بچێت، چەندە جدییە و لەم پەیوەندییە دا کورد بەدوور لە دۆگماتیسم و خەونە وەنەشەییە ئیدئۆلۆژیکییەکان و تەنیا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەتوانێت چ ڕوڵێک بگێڕێت.

کۆتایی

  • هەشتەم خاڵ لێرەدا کە هەر دووپاتبوونەوەی خاڵی چوارەمە، ئەوەیە کە هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا (هەسەدە، پ ی د، قەسەدە، …) بەو قەناعەتە بگەن، کە حیساباتی ستڕاتێژیکی (Strategic Calculations)  خۆیان لە سەر پێگەی ڕووسیا لە سووریا، ڕژێمی ئەسەد و کۆماری ئیسلامی ئێران دانەڕێژن، چونکە ئەوانە هەریەکەو بە چەشنێک بۆ مانەوەی خۆیان و یان پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە پەلەقاژە دان و گفت و بەڵێنی و ئیمزایان بای توورێک ئیعتیباری نییە. ستڕاتێژی ئاڵترناتیفی باش بۆ هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا (هەسەدە، پ ی د، قەسەدە، …) ئەوەیە کە بە وشیاری و شێنەیی لە گەڵ ئیسڕائیل بکەوینە دیالۆگ، لە گەڵ وڵاتی ئۆکراین پەیوەندی دروست بکەن و متمانەی خۆیان بۆ هاوبەشی و هاوپەیمانی لە گەڵ ئەمریکا دووپات کەنەوە. لەم بەستێنەدا هەروەها دەتوانن بە زمانێکی دۆستانە و برایانە/خوشکانە داوا لە دەستەڵاتدارانی باشووری کوردستان بکەن کە لە بەرامبەریاندا لەمەودوا سیاسەتێکی گونجاوتری سنووری ( Favorable Border Policy) پەیڕەو بکەن. لە ئەگەری گەڕان بە دوای مودێلێکی هاوپەیمانی لەم چەشنە، تەنانەت تورکیاش ناچار دەبێت کە حیساباتێکی زیاتر بۆ هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا بکات و بەڵکوو لە پێناو چارەسەریش دا زیاتر لە جاران دەستەودامانی عەبدوڵلا ئۆجەلان رێبەری بەندکراوی پ ک ک بێت. بەڵام دیسانیش لە بیرمان بێت و ئێرە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستە و خوێندەوەی دیاردەکان جاری وایە ئاکامی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە. بۆیە تیژبینی و وشیاری زۆر پێویستە. لەم قۆناغەدا، گرینگریتن ئامانج و ژیرانەترین سیاسەت ئەوەیە کە کورد مەترسی هەر کارەساتێک کە هۆکارەکەی هێزە توندئاژۆ ئیسلامییەکان بن، لە سەر خۆی بڕەوینێتەوە.

د. خالید خەیاتی

زانستی سیاسی – پەیوەندی نێونەتەوەیی، زانکۆی لینشۆپینگ، سوئێد

سەرچاوە:  قەندیل پرێس

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی