"an independent online kurdish website

 

باوکم بەڕەنجی شان و پیلی ژیانێکی پڕ بەدڵی خۆمان خۆشی بۆ پێکهێنا بووین. گوزەرانمان ئەوەندە خۆش بوو، بەگوێرەیەک زۆر کەس لە دەورودراوسێ یەکانمان حەسرەتیان بۆ ژیانی ئێمە هەڵدەخواست! لەویش گرینگتر، بۆ ئێمە منداڵەکان ژیانێکی ئاسایی دوور لە ترس و لەرز لە گۆڕیدا بوو، بەبێ بیرکردنەوە لە خەمی دنیا لەسەر کۆڵان و قوتابخانەو باغچەی منداڵان پێکەوە کایەمان دەکرد.siamand-shexaxayiy_0

لەوانە خۆشتر بۆمن و خوشکە بچکۆلانەکەم ‘سارا’ هەریەکە چەند بووکەڵەی جوان جوانیان کڕیبوو. هەر دووک خوشک بێ خەیاڵ لە تاڵی و سوێری یەکانی رۆژگار، لە داوێنی پڕ محەبەتی دایک و باوکماندا کایەمان دەکرد. لە یەک زوێر دەبووین، پێدەکەنین و ئاشت دەبووینەوە.

دایک و باوکم پێکەوە زۆر بە گفتولفت و خۆش مەشرەب بوون. هەرگیز لێک تووڕە نەدەبوون. کاتێک باوکم لەسەر کار دەگەڕایەوە ماڵ، دایکم بە ڕوویەکی خۆش بەپیری یەوە دەچوو، بەلەفزێکی شیرن و ماندوویی ڕەوێن شەکەتی و خەمی دەرەوەی ماڵی لەبیر دەبردەوە. دایکم بە بۆنەی لە ماڵ بوونی باوکم، ڕووگەش و سەرمەست وەک غونچە گوڵی بەهاران دەپشکوێ، ماڵەکەمان ڕەنگ و ڕووی تایبەت بەخۆوە دەگرێ و تەنانەت چرای ماڵەکەشمان پڕ شۆقتر خۆ دەنوێنێ. منیش هەستم بەوە کرد بوو، خۆشەویستی ئەو دووانە سەبارەت بەیەک، چەندە گەرموگوڕی بەنێو دڵی بنەماڵەکەمان دەبەخشێ. لەبەرئەوەی برامان نەبوو، من و سارا پڕ بەدڵ ئاواتمان بۆ برایەک هەڵدەخواست. ئەویش ساڵ و مانگ ڕابردن دایکم دووگیان بوو، ئەمە کاتێک بوو گەلی کوردستان ڕاپەڕیبوون. گەلانی وڵات لە هەموولایەکەوە داوای ئازادییان دەکرد. وە ئەمما نەیاران داوای ئازادی گەلی ئێمەیان نەبیست و ‘نایبی خودا’ بە دژی گەلەکەمان فەرمانی ‘جەهاد’ی دەرخست! باوکیشم وەک گشت کوردێکی دڵسۆز ڕێبازی شۆڕشگێڕانی گرتەبەرو لەم بۆارەدا چالاکانە چووە مەیدانی خەبات و چەکی بەدژی ئاخوندان هەڵگرت.

بەدوای رۆیشتنی باوکمدا، دوژمن بێ رووحمانە دەستی بەسەر ماڵەکەمان داگرت، بە دەستی بەتاڵ لە ماڵ و حاڵە ڕەنگینەکەمان وەدەری ناین و هێلانەی بەختەوەری بە جارێک لێ تێکداین!

ئێستاش ئەوە هەشت زستانی تەواوە لە باوەش و خۆشەویستی باوکمان بێبەری کراوین، بەڵام لەجێدا برایەکی ژیرو هێژامان هەیە کە حەوت بەهار لە تەمەنی تێپەڕیوە، لەو رۆژەوە کە فامی کردۆتەوە ناوی باوکمانی لە زمان ناکەوێ و بەداییم باسی باوکێک دەکا کە قەت چاوی پێ نەکەوتووە و نەدیوە، لەگەڵی نەژیاوە و لەپێش چاوی ئەو پێی نەگرتووە. بەڵکوو هەر تەنیا وێنەکەی دیتوەو ناوی بیستووە…

دایکم هەموو ساڵێ جارێک لە وەرزی بەهاردا بەیادو بیرەوەری باوکم، دەمان باتە چیاو لێرەوارە سەر سەوزەکانی کوردستان، بۆ خۆی دوور لە ئێمە لەسەر بەرزاییەک دادەنیشێ، بە خەمباری دەروانێتە دووری دوور. دەزانین چاو بۆ سیمای پیاوانەی باوکمان دەگێڕێ! من و ساراش بەو ئاواتەین ببین بە دوو کۆترە باریکە و بە باڵەفڕکە بچینە نێو دۆڵ و نشیوان باوکمان بدۆزینەوە. ئینجا

لەسەر کۆشی هەڵنیشین و تێرتێر دندووک لە سمێڵەکانی وەردەین و پڕ بە سێیەکانمان بۆنی گەرمی هەناسەی هەڵمژین!

ئیمشە لە ڕوانگەی ‘حکومەتی ئیمام زەمان’ شەوی’عەزا’یە! شەوێکی تووش و سەرمایەکی بێ ڕەزایە! لوورەو گاڵەی باو بۆران تێکەڵ بە دەنگی ئاخوندێک، لە بەرزەوێژی مزگەوتی پشت ماڵە وێرانەکەمان، جارێک بەرزو جارێ نزم بەگوێ دەگا. ئاخوند بە گریان و لە خۆدان، بە زمانێکی لووس و هەڵخەڵەتێنەر، تاقمێک ساویلکە هاندەدا:

” بگرن! ببڕن! بسووتێنن! خاپوور کەن خەزایە! ڕاونێن و بکوژن دژی ئینقلاب لە ئارا دایە!!…”

من دەزانم هەموو ئەو هاندان و چەقۆکێشی و لەشکرکێشی یە بۆ سەر باوکمە، بەڵام چ بکەم قاچ و قوولم لە زنجیردایە!

هەوای دەرێ ساردو سەهۆڵبەندانە. سۆبەی ژوورەکەمان لەبەر هروژمی باو بۆران کوژاوەتەوە. دیوەکەمان سارد و کەم نوورە. سارا و براکەم هەر لەسەری شەوێیەوە بێ ئەوەی شتێکیان خواردبێ، هەرکامە لەلایەک خۆی گڵۆڵە کردووە ئەژنۆ بەزگەوە خەویان لێ کەوتووە!

منیش لەسەرمان خزاومە بن لێفەکەم، لەبنەوە دەڕوانمە ڕەنگ و ڕووخساری زەرد هەڵگەڕاوی دایکم کە کزو مات لە قوژبنێک خۆی داپێچاوە و دانیشتووە. ژاکاوو لێوبەبار. پەشێوو پەرێشان حاڵ. ماندوو بێ حاڵ، لەحاڵێکدا خەریکی چنینی کراسێکی مەرەزی ئەستوورو گەرم بۆ باوکمە، لەگژ فکرێکی دوورو درێژو قووڵ ڕاچووە، بێگومان بیر لە باوکم دەکاتەوە کە ماوەیەکە هەواڵی لێی نییەو پەیام و نامەی نەگەیشتووە… نازانم!؟… ڕەنگە بیریش لە دنیایەکی خەفەتبارو چارەنووسێکی نادیار بکاتەوە کە زۆردار بۆمانی پێکهێناوە.

بەهێوڕی لێفەکە لە سەر خۆم لادەبەم و خۆم لە دایکم نزیک دەکەمەوە، تەواو دەست و باڵم دەخەمە دەور ملی و ماچی دەکەم، نەجارێک، بەڵکوو سەت جار. دایکم کوڵی گریان ئەوکی دەگوشێ، چەند دڵۆپ فرمێسک وەک دەنکی مرواری هۆن هۆن بەسەر گونای ژاکاویدا دێنەخوار و دەکەونە سەر ئەو کراسە مەرەزەی خەریکە بۆ باوکمی دەچنێ… پاشان ئاخێکی پڕ ناسۆڕ هەڵدەکێشێ و بە دەنگێکی لەرزۆکەوە دەڵێ:

“_ ڕۆڵە نازدارەکەم! بۆچی تاکوو ئێستا خەوت لێ نەکەوتووە؟ شەو درەنگە؟ هەستە! هەستە! بچووە نێو جێگایەکەت ڕاکشێ یەوە، دەنا سەرما لێتدەداو نەخۆش دەکەوی! هیچ دەزانی پارەی دوکتورو دەرمانمان نییە!؟ دەهەستە کیژە جوانەکەم! بۆچی وا داماوی؟ مەگەر نابینی بەبێ باوکت ماڵەکەمان ساردو زیندانە! تەنانەت چراکەشمان بەبێ ئەو کزەو وەک جاران شۆق ناداتەوە؟!

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی