"an independent online kurdish website

بە خۆشییەوە چەندساڵێکە لەسایەسەری خۆماندوو کردنی هێندێک لە زمانزان, رووناکبیرو هۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیsiamand-shexaxayiy_0،

زمان و ئەدەبی گەلەکەمان بەرەو ئاقارێکی دڵخۆشکەرانە هەنگاوی ناوە. بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەو بەرەوپێشەوە چوونەی زمان دیسانیش کۆمەڵگاکەمان هەر خاوە و بەم پللەو پایە نەگەیشتووە کە بتوانێ بایەخی شیاوو پێویست بە کولتوور و ئەدەبی خۆماڵی بدا! بەڵکوو لە هێندێک شوێننان بیندراوەو بیستراوە بەدەم گاڵتەجاڕی و بە چاوی کەم بایەخانە تێڕوانین لەگەڵ نووسراوە کوردییەکان کراوە و دەکرێ!

خەڵکی ئێمە فێرن، پاش مردن بەخەستی و بەگەرمی بە نووسەرو هونەرمەندی خۆیان هەڵ بڵێن! بەڵام بەپێچەوانە هەروەک دەزانن نووسەرە بێ بەختەکانمان، لەکاتی زیندوو بووندا، تەنانەت تووشی تۆمەت و بێ حورمەتی دەبنەوە! بەڵام پاش ئەوەی لاقایان جووت کردو خودا بۆخۆی بردنەوە، ئەوسا عالەم بۆیان لە چۆک دەدەن و ئاخ و کەسەر بۆ لە دەست چوونیان هەڵدەکێشن. فیستواڵ و بۆنەی ڕەنگاوڕەنگیان بۆ پێکدێنن! وێنە ڕەش و سپی و شڕو دڕاوەکانیان لە ئینترنێتدا بڵاو دەکەنەوە، یان سەر تاقەی ماڵەکانیان پێ دەڕازێنەوە! ئەویش بەم واتایە دێ، بەڵێ ئێمە ئەدیب و هونەردۆست و نووسەر پەروەرین! نووسەرە زیندووەکانیش کە بە هەزار کۆڵەمەرگی و شەونەخوونی، لە زاری ماڵ و منداڵی خۆیان دەگێڕنەوەو کتێبی پێ چاپ دەکەن، هەرکە کتێبەکەیان گەیاندە بازار. ئەوکاتە کەس نیە بەڕاشکاوی هەنگاو بنێتە پێش و بڵێ ئەرێ کاکی نووسەر ئەم کالایەی تۆ چەندی بە چەندە!؟…

ئەوەی لێرەدا بەلای منەوە گرینگە، زۆربەی نووسراوە کوردییەکان لەجێ و شوێنی خۆیاندا ناکەونە بەرباس و ڕەخنەگرێکی بەڕێوجێ. خودای نەخواستە ئەگەر هاتوو ناوێکیش هاتە نێونێوان، ئەوکاتیش ناوەرۆکی نووسراوەکە بە دروستی و بێلایەنانە نایەتە هەڵسەنگاندن! بەڵکو جاریوایە ڕەخنەگر بێ ئەوەی بۆخۆی کتێب و یان نووسراوەکەی خوێندبێتەوە، لە زمانی کەسانێکی دیکەوە لێدوان دەدا! یان لەڕوانگەی ڕەخنەگرانەوە هەڵسەنگاندن و پێوانەی نووسراوەکان زیاتر بەلای خۆشەویستی و ناخۆشەویستی نووسەردا دەشکێتەوە! بەم واتایە پێوەری ڕەخنەگر مخابن لە هەڵسەنگاندنی ناوەرۆکی کتێبدا نابێتە خاڵێکی هومێدبەخش، بەڵکوو پێوانە بە ئەملایەدا دەشکێتەوە کە خوێنەر چەندەی خۆش لە تەرح و دیداری نووسەرەکە بێ. یان بە کورت و کرمانجی نووسەرەکەی خۆش بوێ یان ناخۆش بوێ!! لێرەدا ئەگەر هاتوو نووسەر بەخت یاری بوو، واتە ئێسک سووک دەرچوو. ئەوسا خۆ زەحمەت دانی پێناوێ، چونکە بەهەمان ڕادە نووسراوەکەش بەپێزو پڕ ناوەڕۆک دەردەچێ!! یان لەلایەکی دیکەوە دەبێتە شەڕەگەڕەک!… بۆچی؟

_ لەبەرئەوە ئەگەر هاتوو نووسەر بیروبۆچوونی سیاسی لەگەڵ لایەن، کەسایەتی یان بەڕاشکاوی بڵێن حیزبێک و… یەکی نەگرتەوە. ئەوە نووسراوەکەشی دەکەوێتە بەر زەبری تیرو شیر!  لێرەڕا ئیدی کەس حیساب بۆ دەوڵەمەندی و کزی و لاوازی ناوەڕۆکی نووسراوەکە ناکا! بەقەولی هاوڕێەک دەڵێ:

” لەنێو کۆڕو کۆمەڵی کوردە سیاسییەکاندا کێوێک لەسەر کێوێک دابنێ، ئەگەر هاتوو خۆشیان لە قسەت نەهات، سووک و هاسان پێت دەڵێن هیچ نیە!”

وشەی هیچ نییە ڕەواجترین و پڕبایەخترین و باوترین کالایە لەنێو کۆمەڵگای سیاسی ئیمڕۆکەی ئێمەدا! سابۆیە نووسراوە لانەوازەکانیش لەم رێزو مەرتەبەیە بێبەری نابن، هەر بەو پێودانەی(هیچ نییە) ئارشیویان بۆ دەکرێتەوە!

شایانی گوتنە! لە هێندێک کۆڕو کۆمەڵدا بیستراوە، دەڵێن:

“ناوێری مەرحەبایی لە فڵانە نووسەر بکەی، خێرا کتێبێکت بۆ کڕین لە پێش قووت دەکاتەوە.”

من بەش بەحاڵی خۆم بە زۆر کتێبم بە کەس نەفرۆشتووە، ئەگەریش خودای نەکردە کارێکی واشم کردبێ، ئێستا وەبیرم نایە، بەڵام دەکرێ بڵێم کتێبم لەلای هەر ناسراوو یان هاوڕێیەک داناوە، زۆربەی کتێبەکانم بەخێرو بێرەوە سەریان تێداچووە. بۆ نموونە کورێکی کورد کە ئێستا لەوڵاتی فینلاند دەژی. لە هەموو کتێبەکانم  سەرجەم ٥٥ کتێبی بۆفرۆشتن لێ وەرگرتم. وەک بۆ خۆی دەڵێ سەرجەم کتێبەکانی فرۆشتوە. بەڵام سەیر ئەوەیەا لەباتی پارەی کتێبەکانم بۆ بنێرێ، ماوەیەک پێش شەوناشەوێک لای نیوە شەو بە تەلەیفون لە خەو ڕاستی دەکردمەوەو دەیپرسی:

” ئەرێ پێم بڵێ کتێبەکانت چەند جلد بوون پارەکەی لەگەڵ هی گیرفانم تێکەڵ بووە؟”

دەمگوت لەوەی گەڕێ کتێبەکان چەند جلد بوون، هەرچەند پارەم بۆ بنێری دەڵێم بەزیادی بێ! تکات لێدەکەم، جارێکی دیکە وا بەبێ وەخت تەلەیفونم بۆ مەکە! چونکە بە رۆژ کار دەکەم… دوایە بۆم دەرکەوت ئەم کابرایە تووشی زگ ئێشە بووەو لەگەڵ لەتێک لە حیزبەکەمان رۆیشتووە. منیشی بەخەیاڵ لە لەتێکی دیکەدا بەجێهێشتووە!! بە بیانووی ئەوەندە جڵد بوو، ئەوەندە نەبوو پارەی کتێبەکان حەپەلووش کران!!… هەروەها چەند نموونەی دیکە کە شەرم دەمگرێ باسیان بکەم و لەم نووسراوەیەشدا بایەخی گێڕانەوەیان نییە…

پرسیاری من ئەوەیە:

نووسەری کورد لەم دوورەوڵاتانە چ بکا باشە؟ خۆ لەم تاراوگەیەدا شوێنێکی دڵخۆشکەر وەگیرناکەوێ، تاکوو نووسەر بتوانێ بۆ فرۆشتن کتێبەکانی لێ دابنێ؟ کەوابوو لەبەر ناچاری و بێ دەسەڵاتییە نووسەر پەنا بۆلای هاوڕێیانی خۆی دەبا. هاورێیانیش بێمزڕەت بن! میرزا حاتم خان ئیللا ماشاڵا!…

یان ئەگەر هاتوو نووسەریەک لە ڕووی هات، لە کۆبوونەوە، جێژن و بۆنەکان لە گۆشەیەک ڕابوەستێ، بە لارەملی کتێبەکانی بۆفرۆشتن لەسەر میزێک دابنێ. ئەوکاتەش بە شێوەیەکی دیکە عەیبی لێ دەبیندرێتەوە و تەنانەت تۆمەتبار دەکرێ!

دەبێ لێم بسەلمێنن نووسەرانی کوردستانی رۆژهەڵات هەربەراستی بێ دەرەتانن، لەبەر ئەوەی زۆربەیان ڕێگای چوونەوەی وڵاتی خۆیان لێ بەستراوە و بە تەواویی لە نیشتمانی خۆیان هەڵبڕاون. خۆ ئەگەر ئەوانیش چووکترین رۆژنەی هومێدیان شک بردبایە، دڵنیام دەستی نیازو هاریکاریان بۆلای ئەم ئەو و بەتایبەت هەرێمی ناهومیدی کوردستانی باشوور درێژ نەدەکرد. بەڵکوو ئەوانیش وەکوو نەوەی ئادەم بە عەرزو ئەدەب دەچوون کتێبەکانی خۆیان لەلای کتێبفرۆشان دادەناو پاشان چاویان لە دەست و کەرەمی ئەو زاتانە دەبڕی. ئیدی نەک وەک ئێستای من نێو ماڵە بچکۆلانەکەی خۆی نەدەکرد بەعەمباری کتێبان و شەوانە قارەمانی داستانەکانی دەخەوی نەدەهاتن و لێی نەدەبوون بە مۆتەو دەستیان لە ئەوکی نەدەنا…

 بە کورتی خزمینە! یاڕەبی خودای هەژدەرعالەمین قەت هیچ کەسێک بە ئەم شێوازە تووشی نووسەری و رۆژانی ئاوا پڕ لە سەرئێشە نەکا!!… ئامین…!!

مەبەستی نووسەر لە کتێب فرۆشتن:

لە هەنگاوی یەکەمدا بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانێتی، لە قوناغی دووهەمیشدا

هیچ نووسەریەک ئامادە نییە بەرهەمی بیرو هزری خۆی بەبێ بایەخ و کەم بەها لەنێو خەڵک دابەش بکا.

کەی ڕەوایە چاوەڕوانی ئەوە بین، نووسەر پاش ئەو هەموو خەرج و ماندوو بوون و شەونەخوونی بە کاتژمێرو رۆژو مانگی لە حیساب نەهاتوو. نەتوانێ لە تام و بۆنی میوەی باخی خۆی بچێژێ، سەرباقی تووشی بێ هیوایی و دابڕان لە نووسینیش ببێ!

پرسیار ئەمەیە:

داخوا نووسەری کورد لەم سەردەمەدا پێویستە بۆگەلی خۆی بنووسێ و لەسەر نووسین سوور بێ؟! یان وەک پێشینیان کاتی خۆی بۆ خزمەت بە زمانی بێگانە تەرخان بکا؟

 ئەگەر وڵام ئەوەیە بۆ گەلی خۆی بنووسێ! گەلیش دەبێ یارمەتیدەرو هەروەها رەخنەگرێکی باویژدان و دلسۆز بۆ نووسەرەکەی خۆشی بێ!

هاوڕێیەکی شاعیر، نووسەرو هونەرمەندی سوئیدیم هەیە کە ئەندامی بەڕێوەبەری دەستەی نووسەرانی سوئیدیشە (per Helge). رۆژێک کە هەروا کتێبەکانمی لە نێو دەستیدا سەرو بن دەکرد، گوتی:

_”ئەتۆ بەرهەمی نووسینت زۆرە؟ بۆچی بە سوئیدی نانووسی تاکوو پێی دەوڵەمەند بی!”

وڵامم دایەوە:

_ ئێوە گەلی سوئید بە نۆ ملیۆن مرۆڤەوە، تەنیا کتێبی کتێبخانەی چوار شارۆچکەی وڵاتەکەتان لە سەرجەم کتێبی کتێبخانەکانی چوار پارچەی وڵاتە دابەشکراوە چل ملیۆنێیەکەی من کوردستان زیاترە! برام! من لە پێناو ئازادی گەل و نیشتمانەکەم کوردستان ئامادە بووم، دەست لە دارو نەداری خۆم هەڵگرم و سەرەنجام ئاوارەی باوەشە گەرمەکەی وڵاتی ئێوە بم. ئامانجی من لە نووسین، بەخاتری وەدەستهێنانی ماڵی دونیا و دارایی و ناودەرکردن نییە. بەڵکوو مەبەستی سەرەکی من زەنگین کردن و گەشە پێدانی فەرەهەنگی کزو لاوازی نەتەوە ژێردەستەکەمە. ئەوەی من هەوڵی بۆ دەدەم، ئەگەر دڵۆپێک لە دەریایەکیش بێ، دیسان هەر بە قازانجی نەتەوەکەمە. مەسەلێکی کوردی هەیە دەڵێ:

” چرایەک کە بۆ ماڵ ڕەوایە لە مزگەوت حەرامە.”

بەڵێ برای کوردم! گەلانی سەرکەتوویی ئەم دنیاییە کە ئێستا لە سایەسەری پێشکەوتنی عێلم و زانست خۆیان گەیاندۆتە ئەستێرەکان و لێکۆڵینەوە لەسەر دۆزینەوەی دنیاییەکی دیکە دەکەن. ئەوانیش لە دەسپێکدا هەر وەک ئێمە بە گاگۆڵکە و دارەدارە ڕەوتی پێش خۆیان بڕیوە. ئێستاش وەک دەبینین لە فەرهەنگ و هونەردا ئەوەندە پێشکەوتنیان وەدەست هێناوە، ئێمەی کورد بە ساڵ ڕاکردن ناتوانین لە دواوە تۆزیان بشکێنین!

نووسەر، شاعیر، هونەرمەند، داهێنەر، لێکۆلەوەر و وەرزیشکارو… کورد بەگشتی، زۆر مکوڕانە لەلایەن گەلی خۆیانەوە، حەوجێیان بە پشتیوانی هەیە. نەمازە ئەویش لەم سەردەمەدا، پشتیوانی لە نووسەرەکانمان یەکجار گرینگە! من ناڵێم نووسەر سواڵ بکاو خەڵکیش خێری پێ بکا. من دەڵێم ئەگەر هاتوو لە نووسەری خۆت کتێبێکت کڕی، منەتی بەسەردامەکە. دڵنیابە بەو کتێب کڕێنە نووسەرەکەت لەسەر نووسین مکوڕو لێبڕاوتر دەکەی! چونکە بەو پارەی من و تۆیی کڕیار، نووسەر پشتگەرمی پێدەبخشرێ و لە بەرامبەردا دەتوانێ بەرهەمی بەپێزو نوێتر بەگەلی خۆی پێشکەش بکا.

جێی سەرنجدانە!

 خەڵکی ئێمە ئەوەندە سەخاوەتمەندن، ئەگەر هاتوو لێیان میوان بووی، ئامادەن بۆ شەوێک هەرچی هەیانە بێنن لە پێش میوانەکەی خۆیان دابنێن و گرانترین ویسکی بۆ لەسەر میزی نانخواردن قووت کەنەوە، بەڵام بە پێچەوانە هەر هەمان میواندار بە دڵ ئامادە نییە کتێبێکی سەت کرۆنی لە نووسەرەکەی خۆی بکڕێ!! سەیر ئەوەیە! لەو یەک دووساڵانەی دواییدا لەلای تاقمێک بۆتە باو، هەرکە ناوی کتێبت هێنا، زوو هەڵدەدەنێ و دەڵێن:

 کتێب باوی نەماوە و هەمووشتێک لە ئینترنێتدا دەست دەکەوێ. بەڵام بەبڕوای من وا نییە! چونکە کتێب خوێندەوە، ئەویش لەسەر گازەرای پشت ڕاکشان، دنیاییەکی خۆی هەیە!…

زمان پێناسەی گەلانە:

بەداخەوە لەم دوورەوڵاتانە زۆر جاران بیندراوە هێندێک لە کوردەکان پێکەوە زمانی تورکی و عەرەبی و… قسان دەکەن. یان بەشێکیان منداڵەکانیان نانێرنە کلاسە کوردییەکان و بەپێچەوانە دەیان نێرنە کلاسی بێگانەو فێری زمانی تورکی، عەرەبی و فارسییان دەکەن. من بڕوام وایە زانین و فێربوونی هەر زمانێک نیشانەی پێشکەوتوویی هەر مڕۆڤێکە. ئەویش بە مەرجێک زمانی دایکی خۆشی بە پوخت و پاراوی بزانێ. بێتوو ئەو کەسانەی دەرتانی فێربوونی زمانی خۆیان هەبێ و پێیان کەسری شان بێ خۆیی لێ بدەن. ئەمە نیشانە ئەوپڕی دواکەوتووییە…

لە سوئید دوو ژنە کوردی ئاشنا، پێکەوە بە زمانی عەرەبی قسەیان دەکرد. لێیان چوومە پێش و گوتم:

_ مەگەر ئێوە کورد نین؟ بۆچی پێکەوە بە کوردی قسان ناکەن؟!

وڵامیان دایەوە:

“_ برا وامەڵێ! عەرەبی زمانی قورعانە! بۆیە بە عەرەبی قسان دەکەین.”

منیش بەدەم سەرزەنیشت و بۆڵەبۆڵەوە گوتم:  

_ خوشکم راست دەڵێن! زمانی کوردی زمانی شەیتانە! بەڕاستی ئێوە ژنان قەرزداری زمانی قورعانن، چونکە ئەم زمانە زۆر رێز بۆ مافی ژنان دادەنێ!!

رۆژێک پۆلێک لە کوردە سیاسی یەکانی باکوور، لە دەوری یەک دانیشتبوون پێکەوە بە تورکی قسەیان دەکرد. چوومە نێوقسەکانیان و پرسیم:

_ ئێوەیەک بستێک لە خاکی کوردستانی گەورەتان بەبێ بەستەکەی دیکە ناوێ! هۆ، سەبەب چییە ئامادە نین بە زمانی گەلی کوردستان قسان بکەن!؟

بە پێکەنینەوە وڵامیان دایەوە:

” _ هەواڵ عادەتمان بە زمانی تورکی گرتووە، بۆ ئێمە بە تورکی قسەکردن ڕەوانترە!”

منیش دەنگم لێ هەڵێناو گوتم:

_ دەبڕۆن هەڵی گرنەوە. بێ دەلێل نییە تورکان پێتان دەڵێن تورکە کێویلکە!”

بەبڕوای من هەڵسووکەتی ئەو چەشنە کوردانە بەشێکی زۆر لە خۆ بەکەم زانین سەرچاوە دەکرێ. چونکە هێشتا تێ نەگەیشتوون کولتوورو ئەدەبی  گەلەکەیان واتە کورد چەندە زەنگینە. زمانی کورد خزمەت نەکراوە، بێتوو خزمەت کرابایە، بێ شک لە زمانی هیچ یەک لەگەلانی سەر گۆیی ئەم زەوییە دوا نەدەکەوت!

ئێمەی کورد خاوەنی چەندین زاراوەی رەنگاوڕەنگ و دەوڵەمەندو بە پێزین. پشتی هەر دۆڵێکی کوردستان شێوەزاری تایبەت بەخۆی هەیە:

 لەکی، لۆڕی، فەیلی، کەڵهوڕی، گۆران، هەورامی، جاف، ئەردەڵان، ژاوەرۆ، موکری، هەوشار، سۆران، کرمانج، زازاکی، دوملی، جەلالی، شەبەک، گەڕوس، زاخۆرانی، موسڵانی، چارداوڕو (چارداوڵی)و… ئێمەی کورد بە هیچ لەونێک بۆ کەرەستەی زمانێکی پووخت و پاراوو یەکدەست دەستەوەستان نامێنین. نەمازە لەم سەردەمەدا کە هەموو نیشتمانپەروەرانی کورد چاومان لە کوردستانی باشوور بڕیوە، بەخۆشی یەوە ئەم مەڵبەندە ئازادەو دەستی ئاواڵەیە. پێویستە دڵسۆزانی ئەم بەشە لە کوردستان، هەرچی زووە هەنگاوی بەنرخ بۆ بەهێز کردنی زمانەکەمان بەرز کەنەوەو نەمازە لە دەسەڵاتدارانی ئەم مەڵبەندە چاوەروانین، لەباتی دروست کردنی ئەو هەموو کۆشک و تالارانە، یەک هەزارومیش ئاوڕ لە زمان و فەرهەنگەکەمان بدەنەوە. کۆشک و تالاری بڵیندو نەوی دەبنەوە، بەڵام زمانێک کە خزمەتی نەکرا، نۆژەن نەکرا، دروستکردنەوەی ساکار نییە.

زمان کەسایەتی مرۆڤەکانە. زمانی پیشکەوتوو نیشانەی شارستانیەتی هەر کۆمەڵگایەکە… کۆشک و تالارەکان دەروخێن، مرۆڤەکان دەمرن، بەڵام زمان و ئەدەب و نووسراوە رەسەن و بە نرخەکانی گەلان هەر زیندوو دەمێننەوە.

 نووسەرە بەتوانا و نووسراوە بەهادارەکان هەر تەنیا مڵکی گەلێک و حاکم و دەسەڵات و دەوڵەتێک نین، بەڵکوو مڵکی سەرجەمی گەلانی زیندووی ئەم دونیاییەن. ئەو نووسراوە بایەخدارانەی بە بڕوا و بۆچوونی زێڕینەوە لە دایک دەبن، بۆ هەتاهایە وەک میرات و گەنجینەی گەلان بە زیندوویی دەمێننەوە. لێرەدایە، نابێ سیاسەت پێش بە بیرو هزری نووسەراندا بگرێ و لەنێو بازنەی تەنگی حیزبایەتیدا قەتیسیان بکا… چونکە مانەوەی بیری نووسەر لە نێو چوارچێوەی حیزبایەتیدا قەڵمی کول و بۆچوونەکانی سنووردارو بەرتەسک دەبێتەوە!

هەنگاو بۆ زمانێکی یەکگرتوو:

لەم بۆارەدا ئێمەی کورد حەوجێمان بەکەسانی چالاک و تێکۆشەر هەیە. دەبێ بە هیمەتی زمانزان، لێکۆڵەوەر و هۆگرانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی. هەموو دەسپێکەوە، مکوڕ و لێبڕاو قۆڵ هەڵماڵن، لە باژێڕانەوە بەرەو گوندە دوورەدەستەکان وەڕێکەون. بە شێنەی و بە پووختی، هەوڵ بۆ کۆکردنەوە و  دۆزینەوەی وشە نایاب و نەناسراو و ونبووەکان بدەن. دوور لە دەمارگرژی و ناوچەگرایی، بێ دەستدرێژی بۆ سەر زاراوە ڕەنگینەکانمان و کز کردنیان، بناخەی زمانێکی یەکگرتوو داڕێژن و بەم شێوازە زمان و کولتوور و ئەدەبی رەسەنی گەلەکەمان ساخ کەنەوە و کەسایەتییە زەوتکراوەکەی دووبارە پێ ببخشنەوە! هەروەها ڕێ لەو کەسانەش بگرن کە لە رووی نەزانین یان بە ئانقەست بەوشەی ناڕەسەن و لەخۆوە داتاشراو زمانەکەمان ناشیرن دەکەن. یان پیتی کوردی دەگۆڕن بە عەرەبی (ژ،چ، گ،پ…) بەم چەشنە دەیانهەوێ بڵێن زمانی کوردی نەقوستانە!

کەوابوو با هەموومان بە پاڕانەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور بکەین بۆ بەرز راگرتنی کولتوور، زمان و ئەدەبەکەمان قۆڵی هیمەت هەڵماڵن. بۆ دروست کردنی زمانیکی پوخت و پاراو و یەکدەست، یارمەتی مادی و مەعنەوی بەلێزان و پسپۆڕانی کورد بدەن و لەم بۆارەدا بمانکەن بەسەرێک لە نێو هەموو سەراندا، ئێمەی گەلیش بە ئیخلاسەوە منەتیان لەسەرچاوان دادەنێن!…

 

***

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی