"an independent online kurdish website

(قه‌ره‌چیئاوا) ناگۆڕینه‌وه‌ به‌ (فه‌ره‌حئاوا)!

قه‌ره‌چییه‌کان نه‌ته‌وه‌یه‌کن‌ که‌ خاوه‌نی کییانی سیاسی خۆیان نین، ده‌سته‌ و گروپه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ له‌ زۆره‌به‌ی وڵاتانی جیهاندا ئه‌ژین،qerechi-0

جێگه‌ی داخه‌ له‌ هه‌ندێ کۆمه‌ڵگادا به‌چاوی سووکه‌وه‌ تماشایان ئه‌که‌ن، ئه‌م دیمانه‌ ناشیرین و ناپه‌سه‌نده‌ له‌ کۆمه‌ڵگای کورده‌واریشدا تا راده‌یه‌ک ببوو به‌باو، به‌ڵام گشتگیر نه‌بوو!

رووداوێکی سیاسی له‌ سه‌قز هاته‌ ئاراوه‌ و ئه‌و دیمانه‌ ناشیرین و ناپه‌سه‌نده‌ی ژێروژوور کرد و کردی به‌ کانی خۆشه‌ویستی.

وه‌ک ئه‌زانین (محه‌ممه‌دره‌زا په‌هله‌وی) پادشایی ئێران بوو، ژه‌نه‌که‌یشی ناوی (فه‌ره‌ح) بوو، به‌داخه‌وه‌ ساڵه‌که‌یم له‌ یاد نییه‌ که‌ چ ساڵێک بوو که‌ (فه‌ره‌ح) هات بۆ سه‌قز. چه‌ن رۆژ پێش هاتنی فه‌ره‌ح ده‌سکرا به‌ خاوێنکردنه‌وه‌ی خیابانێک به‌ناوی خیابانی (ساحلی)، چوون (شاهبانو گرامی و محبوب از آن میسر عبور میفرمایند).

ئه‌م خیابانه‌ له‌ په‌نای چۆمی سه‌قزه‌وه‌ ده‌گه‌یشته‌ ئیداره‌ی فه‌رمانداری سه‌قز. له‌ سیستمی سیاسی ئێراندا فه‌رماندار نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ته‌. (فه‌ره‌ح)یان به‌ ده‌بده‌به‌ی و که‌بکه‌به‌ی شاهانه‌وه‌ برد بۆ فه‌رمانداری.

 

له‌و ساڵانه‌دا دوو گه‌ڕه‌کی تازه‌ به‌ناوه‌کانی (حه‌ماڵئاو) و (قه‌ره‌چیئاوا) له‌ جاده‌ی‌ سه‌قز‌ بۆ سنه‌ دورست کرابوو. ئه‌و ناوانه‌ چۆن بوون به‌ پێناسه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌کانه؟ ئه‌و دوو گه‌ڕه‌که‌ له‌ خودی سه‌قزه‌وه‌ تا راده‌یه‌ک دوور بوون، نرخی زه‌مینه‌که‌ی تا راده‌یه‌ک هه‌رزان بوو، که‌سانی نه‌دار و ده‌سکورت نه‌بوایه‌ت که‌س رووی نه‌ده‌کرده‌ ئه‌و شوێنانه‌، یه‌که‌مین ماڵ که‌ له‌ گه‌ڕه‌کی (حه‌ماڵئاوا‌) دورستکرا ماڵی حه‌ماڵێک (کرێکۆڵچ)یه‌ک بوو.

یه‌که‌مین ماڵیش که‌ له‌ گه‌ڕه‌کی قه‌رچیئاوا دورستکرا ماڵی قه‌ره‌چییه‌ک بوو، ئه‌م ماڵه‌ زیاتر له‌ ده‌(10) ساڵ له‌ یه‌که‌مین مانگی به‌هاردا له‌ گوێ چۆمی سه‌قز چادره‌‌(خێوه‌تی) هه‌ڵده‌دا، ده‌ستی ده‌کرد به‌ کار و کاسبی (پێژنگ) و (که‌و) و (قه‌فه‌زی که‌و) دورستده‌کرد و ده‌فرۆشت. خاوه‌نی ئه‌م تاکه‌ ماڵه‌، ئه‌م تاکه‌ چادره‌ چه‌ن میتر زه‌وی له‌و که‌سانه‌ی که‌ ئه‌و شوێنانه‌یان کردبوو به‌ناوی خۆیانه‌وه،‌ سه‌ند و کردی به‌ ماڵ. پاش ئه‌و چه‌ن که‌س له‌ خزمه‌کانی له‌ نزیک ئه‌وه‌وه‌ خانوویان دورستکرد ئه‌و که‌ڕه‌که‌یش به‌ناوی (قه‌رچیئاوا) ناوی ده‌رکرد.

 

با گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گه‌شته‌که‌ی (شاهبانو فرح) بۆ سه‌قز

ماوه‌یه‌ک پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌ره‌ح بۆ تاران، له‌ لایه‌ن فه‌رمانداری سه‌قزه‌وه‌ دوو تابلۆی گه‌وره‌ به‌ دوو ناوی (فرح آباد شمالی) و (فرح آباد جنوبی) له‌ پێش ئه‌و دوو گه‌ڕه‌که‌‌ داکوترا. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێران و سیستمی پادشایی له‌ کوردستان وه‌ها بوو، هه‌ر جۆر بیویستایه‌ت کاری ده‌کرد و به‌رنامه‌کانی خۆی ده‌سه‌پاند به‌ سه‌ر خه‌ڵکدا، به‌ڵام هه‌ر له‌ یه‌که‌مین شه‌ودا هه‌ر دوو تابلۆکه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ به‌ قوڕ…. داپۆشرا و رێگه‌ نه‌درا ئه‌و ناوه‌ بێناوه‌رۆکانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران بێبێت به‌ جێنشینی ئه‌و ناوه‌ راسته‌قینانه‌ که‌ له‌ دڵی گۆمه‌ڵگا و ده‌روونی خه‌ڵکه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدابوو.

 

پیرۆز بێت رۆژی (8) ئاپریل له‌ نه‌ته‌وه‌ی قه‌ره‌چی و له‌ دۆستانی خۆشه‌ویستی (قه‌ره‌چی)م له‌ سه‌قز!

 

سه‌عی سه‌قزی 10/4/2014

qayshi@yahoo.com

 qerechi

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی