"an independent online kurdish website

پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی عێراق‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان له‌ 30/4/2014 به‌ڕێوه‌ چوو. پاش ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی گه‌رم پیاده‌ کراazad-xoshnaw

به‌ تایبه‌تی له‌ ده‌ڤه‌ری سوله‌یمانی که‌ چه‌قی قورسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و یه‌کێتی نیشتمانیه‌. هه‌رچه‌نده‌ ده‌ره‌نجامه‌کان هێشتا ده‌رنه‌چون‌و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن کۆمسیۆنه‌وه‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانیش بڵاونه‌کراوه‌نه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ی بڵاو کردنه‌وه‌ی ئامه‌ره‌کان له‌لایه‌ن پارته‌کان‌و میدیاکانه‌وه‌ ده‌توانین هه‌ندێک زانیاری سه‌ره‌تایی وه‌ربگرین‌و شیکاری بکه‌ین. له‌روانگه‌ی منه‌وه‌ ده‌توانم چه‌ند ڕه‌هه‌ندێکی لێ بخوێنمه‌وه‌و به‌به‌راورد له‌ گه‌ڵ هه‌ڵبژارنده‌کانی 21/9/2013 ی په‌رله‌مانی کوردستان چه‌ند ده‌ره‌نجامێکی لێ وه‌ده‌رخه‌ین‌و هه‌وڵده‌ده‌م له‌م وتاره‌دا بیخه‌مه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ران:

1-ده‌نگه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕانکاری زۆری به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌.

2-بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ندێک له‌ ده‌نگه‌کانی له‌ده‌ست داوه‌و ئه‌و چاوه‌روانیه‌ی ده‌یکرد له‌ گۆڕانێکی دراماتیکی له‌ ئاراسته‌ی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی کوردستان به‌ده‌ست نه‌هات.

3-بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باڵا ده‌ستی به‌سه‌ر پارێزگای سلێمانی به‌ شه‌رعیه‌تی ده‌نگدان سه‌لماندو وا پێده‌چێت ئه‌و ئامانجه‌ ستراتیژیه‌ی به‌ده‌ست هێنا بێت بۆ وه‌رگرتنی به‌ڕێوه‌بردنی شاری سلێمانی.

4-یه‌کێتی نیشتیمانی ده‌نگه‌کانی باشتر کردو به‌شێک له‌و ده‌نگانه‌ی به‌ ده‌ست هێنایه‌وه‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردو له‌ ده‌ستی دابوون.

5-یه‌کێتی نیشتیمانی باڵاده‌ستی له‌ شاری که‌رکوک و خانه‌قین دوپات کرده‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی له‌ دوای پرۆسه‌ی رزگاری عێراق تا ئێستا له‌م ناوچانه‌دا هێزی یه‌که‌م  بوو.

له‌ ڕواڵه‌تدا وا ده‌رده‌که‌وێت که‌ به‌لایه‌نی که‌م ئاراسته‌ی ده‌نگدان له‌ کوردستان گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتبێت، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا له‌وانه‌یه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م گۆڕانکاریه بۆ نه‌خشه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردن‌ له‌ سه‌ر ئاستی کوردستان و عێراقدا به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بێت که‌  له‌یه‌که‌م چاو پێخشاندا به‌ دی ده‌کرێت. زیاتر گۆڕانکاریه‌کان له‌ ئاراسته‌ی ده‌نگدان مه‌عنه‌وین، له‌وه‌ی گۆڕانکاری راسته‌قینه‌ بن. ئه‌م بۆچونانه‌ به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ پشتگیری ده‌که‌م:

1-ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان جێگیر بوه‌و له‌ سایه‌ییدا پارتی وه‌ک براوه‌ی یه‌که‌م ڕێککه‌وتنی له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌کان کردوه‌و پشکه‌کانی پارته‌کان له‌ حکومه‌تدا دیاری کراوه‌. ته‌نانه‌ت به‌شی یه‌کێتی نیشتیمانیش دیاریکراوه‌. وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت یه‌کێتیش به‌ هۆی مناوه‌ره‌ی هه‌ڵبژاردن تا ئێستا رازی نه‌بووبێت یان واژوی نه‌‌کردبێت، دوای هه‌ڵبژاردن له‌وانه‌یه‌ به‌ گۆڕانکاری بچوکه‌وه‌ یان وه‌ک خۆی بێته‌ ناو حکومه‌ته‌وه‌.

2-هه‌مو ئاماره‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پارێزگای سلێمانی وه‌رده‌گرێت. که‌واته‌ لێره‌ش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ شه‌رعیه‌ته‌وه‌ ئه‌م پارێزگایه‌ وه‌رده‌گرێت و ئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گۆڕانکاری له‌م بریاره‌ ناکات.

3-پاڵپشتی شاری که‌رکوک و خانه‌قین و وه‌ده‌ست هێنانی ده‌نگی زۆر ته‌نیا دوپات کردنه‌وه‌ی باڵاده‌ستی یه‌کێتیه‌ له‌م شاره‌دا نه‌وه‌ک نه‌خشه‌ی سیاسی ئه‌م شاره‌ بگۆڕێت، چونکه‌ ئه‌م دوو شاره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانن و نه‌خشه‌ی سیاسی له‌ به‌غدا ده‌ست نیشان ده‌کرێت. که‌واته‌ هه‌ر ده‌بێت نوێنه‌رانی کورد به‌ گشتی له‌ به‌غدا ئه‌م پرسه‌ یه‌کلایی بکاته‌وه‌.

4-ئه‌گه‌ر یه‌کێتی نیشتیمانی کورسی زیاد له‌ که‌رکوک یان خانه‌قین به‌ ده‌ست بهێنێت، هه‌رچه‌نده‌ بۆ کورد ئه‌مه‌ شتێکی باشه‌، به‌ڵام له‌ کۆتاییدا ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی فراکسیۆنه‌ کوردستانیه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق کار بکات. له‌وێشدا هه‌ر پارتی هێزی یه‌که‌مه‌و وا پێده‌چێت گۆڕانیش کورسی زیاتر بهێنێت به‌ به‌روارد له‌ گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی رابردو له‌ ساڵی 2010.

که‌واته‌ به‌ڕای من گۆڕانکاریه‌ سه‌ره‌کیه‌کان له‌ 21/9/2013 ڕوویاندا نه‌وه‌ک له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دواییدا. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانین له‌م ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ چه‌ند وانه‌یه‌کی لێ وه‌ربگرین و جێگای زیاتری شیکردنه‌وه‌ ێت له‌ لایه‌ن پارته‌کان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌کان:

1-ئه‌و گۆڕانکاریه‌ی له‌ ده‌نگی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی نیشتیمانیدا هاتوه‌ چه‌ندین هۆکاری هه‌یه‌. یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کان که‌ ده‌توانین به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ببه‌ستینه‌وه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی که‌ پشتیوانی به‌رده‌وامی پارتی نه‌بن ئه‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا دڵ گران ده‌بن بۆ هه‌ر پارتێک له‌ پارتی نزیک بێته‌وه‌. ئه‌وه‌تا له‌ 21/9 دا به‌ هۆی پاڵپشتی یه‌کێتی بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆی هه‌رێم له‌ 30 حوزه‌یران رۆڵێکی سه‌ره‌کی هه‌بوو بۆ گۆڕانی ده‌نگه‌کان. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌یتوانی بگاته‌ ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌و پێێان بڵێ واژوی 17 ی نیسان بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت پاڵپشتی پارتی نیه‌ به‌ڵکو ڕێکه‌وتنه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حکومه‌ت!! یه‌کێتیش توانی تا راده‌یه‌کی زۆر به‌م‌ توێژه‌ ده‌نگده‌ره‌ رابگه‌یه‌نێت که‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕێ‌ن هاوشێوه‌ی ئیتیفاقی ستراتیژی له‌ گه‌ڵ پارتی ڕێک که‌وتوه‌.

2-ده‌نگده‌ری کورد هێشتا لایه‌نی سۆزو لایه‌نگری عه‌شیره‌ت و خێزان و هه‌ندێ هۆی نابه‌به‌تی کاری زیاتر لێ ده‌کات له‌ تێروانینێکی بابه‌تیانه‌ که‌ پشتبه‌ست بێت به‌ به‌رنامه‌و که‌سایه‌تیه‌ کاندیده‌کان. ئه‌گینا له‌ نێوان 21/9 هه‌ڵبژاردنی 30/4 شتێکی ئه‌وتۆ ڕووینه‌داوه‌ که‌ ده‌نگه‌کان به‌م شێوه‌ی ئێستا بگۆڕێن، چونکه‌ حکومه‌ت تا ئێستا ده‌ست به‌کار نه‌بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسانگاندنی بۆ بکرێت.

3-هێرش بۆ سه‌ر کاندیده‌کان ئه‌نجامی پێچه‌وابه‌ی هێنا…بۆ نمونه‌ هێرشی یه‌کێتی نیشتیمانی بۆ سه‌ر کاندیدی گۆڕان د.هه‌ڤال نه‌بوه‌ هۆی که‌م کردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی له‌ سلێمانی به‌ڵکو زۆر سه‌رچاوه‌ باس له‌ زیادبوونی ده‌نگه‌کانی ده‌که‌ن، به‌ هه‌مان شێوه‌ کاتێ هێرشی میدیایی کرا سه‌ر د. نه‌جمه‌دین له‌ که‌رکوک ئه‌وه‌ به‌ قازانجی ئه‌و گه‌ڕایه‌وه‌.

4-به‌شێک له‌ ده‌نگده‌ران ئاماده‌ن له‌ کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ئاراسته‌ی ده‌نگیان بگۆڕن.

ئێستاش که‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان ته‌واو بوه‌ و له‌ ماوه‌ی داهاتودا ئه‌نجامه‌ فه‌رمیه‌کان بڵاو ده‌کرێته‌وه‌، به‌ڕای من ده‌بێت لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ‌زیاتر کار بکه‌ن و هه‌ر هه‌مویان به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌:

1-نه‌خشه‌ی سیاسی کوردستان به‌ ته‌وای جێگیر بوو له‌ سه‌ر نه‌مانی سیسته‌می جوت حزبی و له‌ سه‌ر بنه‌مای فیفتی فیفتی. به‌ڵکو بوو به‌ گۆڕه‌پانێک بۆ هه‌موو‌ لایه‌نهکان‌.

2-پارته‌کان ده‌بێت به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌و ده‌نگده‌ر به‌ سه‌رچاوه‌ی بونیان بزانن و ڕێز له‌ ده‌نگه‌کانیان بگرن جا چی به‌ سه‌رکه‌وتن چی به‌ پاشه‌کشێ کردن.

3-پارته‌کان هه‌وڵ بده‌ن خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کانیان بدۆزنه‌وه‌و کار له‌ گه‌ڵ یه‌ک بکه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای کوردستان. سه‌رده‌می پاوه‌نکاری و تاکه‌ حزبی نه‌ماو هیچی تر له‌سه‌ر ئه‌م ستراتیژیه‌ کار نه‌کرێت.

4-له‌ 4 ساڵی ته‌مه‌نی کابینه‌ی هه‌شته‌م هه‌مو پارته‌کان هه‌وڵ بده‌ن قه‌ناعه‌ت به‌ ده‌نگده‌ر بهێنن که‌ ئه‌وان له‌ خزماتی خه‌لکدان و به‌رز ببنه‌وه‌ له‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبایه‌تی.

5-هه‌ر پارتێک ده‌توانێت له‌ ماوه‌ی داهاتودا نمونه‌ی خزمه‌تگوزاری و ده‌ستپاکی له‌ حوکمرانیدا پیشان بده‌ن. هه‌ر هه‌ر له‌و ڕێگاشه‌وه‌ سه‌رنجی ده‌نگده‌ر ڕابکێشن.

6-هه‌ڵبژاردن ببێته‌ وێستگه‌یه‌ک بۆ به‌ خۆدا چونه‌وه‌ی پارته‌کان له‌ کاتی سه‌رکه‌وتن و پاشه‌کشه‌شدا.

له‌ کۆتاییشدا ده‌ڵێم با هه‌مومان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن به‌ سه‌رکه‌وتنێکی خه‌لکی کوردستان و دیموکراسی دابنێین و زیاده‌رۆیی نه‌ کرێت له‌ ئاهه‌نگ گێران و بریندارکردنی یه‌کتر.

تا هه‌ڵبژاردنێکی تر …هه‌ر له‌خۆشیدا بن

 

سەرچاوە: ئاوێنە

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی