ئەوەندەی من خۆم وەبیرم دێی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوام بە ئاشکراوبە نهێنی دەرگیری شەڕو ململانە دەگەڵ داگیر کەرانی کوردستان بووە. دیارە ئەو خەباتو تێکۆشانە بناغەی مێژویی زۆر لەوە درێژتری هەیەو دەکرێ بڵێی کورد بەمێژوی زیاتر لە (٢٧٠٠) ساڵەیەوە لەگۆڕەپانی ئـەم جیهانەدا بـونی هەبـوەو تائێستاش هەر ماوەوهەرگیز لە تێکۆشانیش نەوەستاوەو ملی بۆ داگیر کەران رانەکێشاوە.
بەدرێژایی تەمەنیشی کەسانێکی تێدا هەبونو هەن کە بۆ دابینکردنی قازانجو بەرژەوەندی خۆیان هەمو ئوسولو پڕەنسیپی نەتەوایەتیو مرۆڤانە و ئیسلامیشیان ژێر پێناوە، هەزاران بوختانی نارەوایان بەو گەلەکردوەو هەزاران درۆی شاخداریان بۆ هەڵبەستوە ، لەوانەش سەیرتر کراسی ئایینیان دەبەر ئەو درۆو بوختانانە کردوە.
ڕاستی ئەوەیە ئێمەی کورد لە رۆژ هەڵاتی کوردستان کێشەیەکی نەتەوایەتیمان دەگەڵ داگیر کەرانی کوردستان هەبوەو هەیە . خەباتی ئێمە بـۆ ڕزگاری گەلو زێدەکەمانە ، هەوڵو تێکۆشانمان بۆ دابینکردنی مافی چارەی خۆ نوسینی گەلەکەمانە. هیچ کێشەیەکی ئایینیمان نە هەبوەو نەهەمانە . نەهەوڵمان بۆ پەرەپێدانی دینێک داوەو نە بۆ لەناو بردنی دینێکیتر تێکۆشاوین . حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ژێر دەستی ئێرانیش نە مەزهەبیە و نەدژی ئایینەکان ڕاوەستاوە ، ئەوەش بە ڕونی لە پێڕەوو پڕۆگرامی ئەو حیزبەدا دیارو لەبەر چاوانە . گومان لەوەدانیە بە پێی پێکهاتەی گەلی کوردو دانیشتوانی کوردستان وەک هەمو کۆمەڵگایەکی ئەم جیهانە ، کەسانی ئایینیو غەیرە ئایینیش هەن، چونکە ئامانجی ئەسڵیو بنەڕەتی حیزبی دێمۆکڕات ڕزگاری گەلو نیشتمانە ،نەک دابەزاندنو پەرەپێدانی ئایینێکی تایبەت ، دەگەڵ ئەوەش ڕێزی تەواو دادەنێ بـۆ هەمو ئیدەو ئایینەکان ، بەو مەرجەی ئەوانیش ڕێز بۆ مافو حقوقو فەرهەنگو کلتوری ئێمە دابنێن . هەر کەسو ئیدەو ئایینێکیش هێرشمان بکاتێو مافو حقوقمان داگیر بکا بێگومان بەرگری مافێکی رەوایە. ئەو بەرگریکردنوهەوڵدان بۆ وەرگرتنەوەی مافی ڕەواش خۆی ئەرکێکی ئایینی ئیماندارانە . دیارە ئەگەر کەسانێک لە ناو ڕیزی حیزبدا لە ژێر چەتری مافی نەتەوایەتی هەوڵی کورت کردنەوەی خەباتە رەواکەمان بۆ ئیدە یان ئایینێک بدەن دڵنیام لە هەڵەدانو یان دەبێی وەلابندرێن یان بگەڕێنەوە سەر ئەسڵی خەباتەکەمان کە بـۆ ڕزگاری گەلـو نیشتمانـو دابینکردنی مافی نەتەوایەتیمانە. ئەوەندەی من بزانم لادان لەو ئەسڵە پیرۆزە لەناو حیزبدا پێشێلکردنی پێڕەوو پرۆگڕامی حیزبەکە مانە.
ئێمە لەسەر دەمێک دا دەژین کە زانستو عیلم گەیشتۆتە لوتکەی بەرزی خۆیو مرۆڤ ئاگاداری هەمو ڕوداوەکانی جیهانە . هەر قسەو کردەوەیەکی غەیرە مەنتیقیو نەزانانە زۆر زوو دەناسرێتەوەو کردنەکەشی نیشانەی تێنەگەیشتویی خاوەنەکانیانە ، کورد کوتەنی (ماڵی قەڵب سەروە ساحەبیەتی.) مەبەستم لەو کورتە قسانە ئەوەیە بچمە سەر بابەتێک کە لە ڕێکەوتی ٢٢/ ٤ / ٢٠١٤ لە تلویزیۆنی تیشک دیتومە و بیستومە کە پێوەندی بەگەڵی کوردەوە هەبو لە ڕوانگەی داگیر کەرانو نۆکەرەکانیانەوە ! لە ڕاستیدا هەموی درۆی شاخدارو بێحورمەتی بوو بەخەباتی رەوای گەلەکەمانو لەسەر حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ژێر دەستی ئێراندا ساغکرابۆوە، وەک کافرو دژە دینو چیو چیی باسی لێدەکرا. کەس نیە نەزانێی پێکهاتەی حیزب تیکەڵاوێکە لە هەمو چینو توێژەکانی کوردستان و لە داواکردنی مافی ئازادیو سەربەستییدا هیچ جیاوازیەکیان نیە. بەڵام کۆماری ئیسلامیو بڵیندگۆکانی زۆر فێڵبازانەو دور لە ئەخڵاقی مرۆڤانە لێکیان جیا دەکەنەوەو دەیانەوێی لەبەر یەکیان ڕابگرنو پێکیان هەڵبپڕژێنن ، چونکە باوەڕی وایە تەنیا لە ڕێگای کونو کەلەبەری خۆماڵیەوە ، دەتوانێ ئامانجە شومەکانی لە کوردستان دابەزێنێ ، وەک دەڵێن : لەئاوی لێڵ ماسی بگرێی. یان دزی خۆماڵی دەسکیسی ناوێی.
کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە باش دەزانێی کە زۆرینەی خەڵکی کورد موسوڵمانە و حیزبی دێمۆکڕاتیش دژی دین نیە هیچ بەڵکو ڕێبەری دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە زانایەکی بەرزو مەزنی ئایینیو قازی و پێشەواو سەرکۆماری کوردستانە . هەربۆیە مەلای وەک :(مەلا قادر قادری ،ئیمام جومعەی پاوەو مەلا عەوڵا غەفوری پێش نوێژی رەوانسەرو مەلا هادی ساڵحی ) کردۆتە بڵیندگۆی خۆیو هەرچی نەشایەدو نە بایەدە بەکوردو گەلی کوردو ڕێبەرەکانی دەڵێن و بڕێکیش لە کافر ئەولا تریان حێساب دەکەن.! قسەی ئەوانە بەلای منەوە نە سەیرەو نە بۆ وڵام دانەوە دەبن ، چونکە ئەوە هەوەڵجار نیە ئەو وشە بێناوەرۆکو دور لە زانستو ئەخلاقانە دەکوترێنو وەپاڵ حیزبو ڕێبەرانی دەدرێن . ئەو جۆرە کەسانەش دۆڕاونو ، جڵەوی وتارو گوفتاریان لەدەستی خۆیان دا نیەو (شەلم کوێرم هیچ نابوێرم ) دروشمی ئەسڵی کوماری ئیسلامی ئێرانە. بە دڵنیای تەواو دەڵێم : شەڕی کۆماری ئیسلامی دەگەڵ کوردو بەقسەی خۆیان حیزبی دێمۆکڕات هەرگیز لەسەر دین نەبوەو نیە! ئەوەی هەمو مان دەیبینێو دەیزانین ئەوەیە کە ئەگەر حیزبی دێمۆکڕات ملی بۆ ڕاکێشیو گوێی بەفەرمانی بێی و واز لە داوای مافی نەتەوەکەی بێنێ ، بێگومان دۆستایەتی دەگەڵی لە دۆستایەتی چینو روسیەو و… کە ئەسڵەن بڕوایان بەدین نیەو بە ئەفیونی کۆمەڵیشی دەزانن گەرمو گوڕتر دەبـوو.! جێی خۆیەتی خەڵکی کوردستان لەو مەلایانە بپرسن ئەرێی چۆنە ڕاستو چەپ کوردکافر دەکەنو بەنۆکەری بێگانەی لەقەڵەم دەدەنو هەرچی خراپەیە وەپاڵی دەدەن، جارێک لە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ناپرسن بۆچی دەگەڵ زۆرینەی نیزیک بەتەواوی وڵاتانی ئیسلامی راستەو خۆ ناراستەوخۆ دژایەتیتان هەیەو دەگەڵ ئەوانەش دینەکەتان بە (ئەفیونی) کۆمەڵ دەزانن ئاوا گەرمو گوڕن ؟! بەلای منەوە کۆماری ئیسلامی ئێران دوژمنی بێبەزەی گەلی کوردەو جگە بە لەناو بردنی بە هیچ شتێکتر ڕازنیە ، ئەوە نیە دەمڕاستە کانی، بەکۆماری کوردستان دەڵێن : (حکومەتی چەند ڕۆژەی کمونیستی لە مەهاباد ، کورد نەتەوە نیە ، کوردی زمان نیە ، کوردستان بونی نیە !!) ڕوی قسەم دەکەمە خـەڵکی کـورد لـە ڕۆژ هـەڵاتی کـوردستانـو دەڵێم : بە خۆشیەوە ئەوڕۆ زۆرینەتان خوێـنـدەوارو تێگەیشتونـو تـوانای هەڵسەنگاندنـو لێکدانەوەتـان هەیە، باش بزانن کورد نەکافرە و نە لەدین لای داوە ، نە نۆکەری دەکاو نەهەرگیزملی بۆ زۆرداران ڕاکێشاوە ، مێژو شایەدتانە کە زیاتر لە سەد هەزار قـوربانیتان لەڕێگای سەر بەرزیو شەڕافەتی نەتەوایەتیدا داوە ، وشیار بنو فریوی ئەوکەسانە مەخۆن کە بۆ خۆیان فریو دراون ،مەبنە داوەڵو وەشێن ئەو فرتو فێڵانە مەکەون ، خۆتان بەو کەسانە مەدۆڕێنن کە بۆ خۆیان دۆڕاون . نەبنە کاڵای دەستی ئەوانەی کە خۆیان هەرزان فرۆش کراون. جوان لەوە تێبگەن کە خەباتی ئێوە ڕاستو ڕەوایە ، بۆ وەدیهێنانو وەرگرتنەوەی مافێکی داگیر کراوی خۆتانە ،کورد بەگشتی دژی دین نیەو مزگەوتو حوجرەو مامۆستاکانی جگە لەوانەی نەتەوەو نیشتمانو مافو کەسایەتی خۆیان بە پارەو پلەی نابەجێی داوە، شایەدی تان بۆ دەدەن کە بـۆختانی کوفرو شتی لەو بابەتانە درۆیەو بێبنەمایەو هەڵبەستراوە. ئەوانە بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو هەمو بـۆ ختانە نارەوایانە. پێویست نیە من پێتان بڵێم خۆتان لە من باشتر دەزانن کە کۆماری ئیسلامی چەندی ئازادی و مافی مرۆڤانەی بەگەلی کورد داوە .قسەی ئەو مەلایانە هەرکەسێک خاوەن ئینسافو تـۆسقاڵێک خوێندەواری هـەبێیو لـە شتی ورد بێتەوە دەزانێی کە زانستیـو مـەنتیقی نـە بـونـو ، دنیایەک ڕقـو قێنی تەڕزیق کراوی کـوێـرانەی لـێـواو لێو لـە بـوغـزو غـەرەزی ناڕەوایـانـە بـون، بەجۆرێک دەمار گرژانە بـون کە بـۆ خـۆشیان نـازانن چـیـان دەکـوت ! ئـەوانـە ئەگەر مەلای بەمانای ڕاستەقینە بـان هەر گیز ئاوا تـوشی هەڵچونو تەقینەوە نەدەبون. گریـمـان کـردم کـورد کافرە !! کە بەدڵنیایەوە کافر نیە. بـۆ مـەگـەر جـگە لـە موسوڵمانی وەک ئەوان کەسییتر مـافی ژیانی نیە ؟! بــۆماف هـەر بـۆ ئەوانەیە کە درۆو بـوختانی داتاشراو بـۆ خەڵک ساز دەکەن ؟! ئەگەر ئەوانە ئەهـلی زانستو مەنتیق بان ، یان بەباری دێکەی دا موسوڵمانی لە خوا تـرس بـان دەکـرا بە شێوەی ئاقڵانەو زانایانە ڕەخنە لـەکـوردو لە حێزبەکەشی بگرن، نەک چاویان بـقـوچێننو بوختانی دروستکراو بەسەر کورددا بسەپێنن . نەک ڕەگی لامـلـیـان هـەڵبستێیو سـور بنەوەو هەرچی جنێوو شتی دور لـەئـەخلاقی مـرۆڤایەتی دەریدەنو بەسەر کورد دا بڕشێنەوە ! خۆ ئەگەر راستە ئەهــلی دینو قـورعــان زانن دەبوایە بەقسەی حیسابیو بەبەڵگەی شەرع پەسند بابەتەکەیان شیکەنەوە ، نەک بەزمان شڕیو جنێودان،ئەوەنیە خوا لە قورعانی پیرۆزدا دەفەرموێی { وجادلهم بالتی هی ئەحسن } واتـە بـەحسو قسەیان دەگەڵ بکەن بە شێوەیەکی جوانو مرۆڤانە. ئەو مەلایانە دەبێی لە مـن باشتر بزانن کە درۆ ، یەکێک لە گوناحە هەرە گەورەکانە ، خوا بەتوندی مەحکومی کردوەو درۆزن بە خـراپترین مرۆڤ دەزانێی . خۆ دەبێی ئەوەش بزانن گوناحی نەکراوو نەسەلمێندراو بـۆ خەڵک هەڵبەستن خۆی بوختانە. گوناحی لەوانەش گەورەتر ئەو کەسانە دەیکەن کە خۆیان بە ڕێبەرو پێشەوای ئایینی دەزاننو دەرسی ئەخلاقو دین بەخەڵک دەڵێنو لەوتاریاندا بەردەوام نەفرین لە درۆزن دەکەن ! کەچی خۆیان درۆ دەکەن! بێخەبەرن لەوە کە بەهەڵە بردنی خەڵک بەناوی دین گوناحی دوقاتەو لەسەرشانی موفتیو مامۆستاکەیانە؟! مەلای ئایینی دەبێی ڕێنوێنو یاریدە دەری خەڵک بێی بـۆ چاکە و بەرهـێزگاری، نـەک ڕێبەری هانـدەرو یاریدە دەر بێی بـۆ خـەتاو خراپەو تەجاوەز کاری .{وتعاونو علی البر والتقوی ، ولا تعاونو علی الاثم والعدوان } بەلامەوە سەیرە مەلایەک کە بە بۆنەی ئەرکەکەی ڕێزی لێدەگرنـو خـۆشی پێیوایە ڕێی نیشاندەریانەو جیاوازیەکیش بـۆخۆی قایلەو تەنانەت جـلو بەرگی جیاواز لە خەڵکی لەبەردەکاو لە ڕاستیدا پێیوایە ڕیشو عەبا نیشانەی ئیمانە و خۆی لە پلەیەکی بەرزتر دا دەبینێ ، ئەوانە خۆیان ناناسن ، چۆن دەتوانن چاکەو خراپە لێک هەڵاوێرن ، ئەوانە خۆیان گومکردوە چۆن دەتوانن ڕێگە بۆ خەڵکیتر بدۆزینەوە . ئەوانە خراپە دەگەڵ خۆیان دەکەن چۆن دەتوانن یارمەتی خەڵک بدەنو لە هەڵەو خەتا بیانگێڕنەوە. کە چی ئەگەر وەرد سرنجی قسەکانیان دەدەی دەردەکەوێی نەک لەسەرەوەی خەڵک نین بەڵـکو ئەوەندە ڕووحێکی ناپاکو نزمیان هەیە کەناکرێی بە مـرۆیەکی نەخوێندەواریشیان بشبێنی . بەهەر حاڵ دوپاتی دەکەمەوە گەلی کـورد نـەکافـرەو نەدژی دینە و نە خەبات ئیدەو ئایین دەکا، گەڵێکە بە شایەدی مێژو زێدو نیشتمانی داگیر کراوە ، هەمـو مـافێکی رەوای دەستی بەسەر دا داگیراوە ، هەرگیز شەڕخواز نەبـوەو هەمـیشە شـەڕی پێفرۆشراوە ، بـاشترین ڕۆڵـەشی لـە پێناو سوڵـحو ئاشتیدا کردۆتە قوربانی ،بە هەمو پێوەرێکی ئایینیو مرۆڤایەتی و سیاسی و ئەخلاقی مـافی ڕەوای خـۆیەتی بــۆ وەرگـرتنەوەی ئەو مـافە ئینسانییو نەتەوایەتیانەی خۆی کە ئایینی ئیسلام بەتەواوی پشت ڕاستیان دەکـاتـەوە ، تێبکۆشێو بـەرەنگاری هـەر زاڵـمـو زۆردارێکی داگیر کەر ببێتەوە.
مەلا برایم مەجید پور ٢٦ / ٥ / ٢٠١٤ هولەند