"an independent online kurdish website

چەند رۆژ پێشتر لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك گرتەیەكی ڤیدیۆیی بەو ناونیشانە داندرابوو، “ئەوەی لە هۆڵیوودیشدا ناكرێ”. ڤیدیۆیەكەم سەیر كرد، پڕ بوو لە كاری تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام. ناونیشانەكە پڕ بە پێستی بوو و ئەوەی لە هۆڵیووددا نەدەكرا، چەكدارانی ئەو گرووپە دەیان كرد.husenye_slemani_1

بینینی ئەو گرتە ڤیدیۆییە و هەواڵی گرتنی كەسێك لە سلێمانی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تەقینەوە لە ناو حوسێنییەی سلێمانیدا، تەنیا چەند رۆژێك نێوانیان بوو. دیارە ئەو جارە داعش نەیتوانی گرتەیەكی ڤیدیۆیی وەكو ئەوانی تر تۆمار بكات و ئەو كوڕە گەنجە جوانەی هەورامان كە بە جانتایەك تەقینەوەوە رەوانەی ناو حوسێنییەی سلێمانی كرابوو، لەلایەن تەنیا پۆلیسێكەوە گیرا. دواتریش خەڵكی یارمەتیی ئەو پۆلیسەیان دا و كوڕە گەنجەكەیان لە ئۆتۆمبێلێك بەستەوە.
هێشتا میدیا ناخۆییەكان بەو هەواڵەیان نەزانیبوو كە چەند كەناڵێكی میدیایی سەر بە ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران، وردەكارییەكانیان بڵاو كردەوە، بۆلتۆن نیوز یەك لەو ماڵپەڕانە بوو.
كاری پۆلیسە كوردەكەی بەردەم حوسێنییەكە جێگەی دەستخۆشییە و پێویستە هەروەك چۆن شانازی بە پێشمەرگە گیانفیداكەی ئاسایشی هەولێر دەكرێ، هەر ئەوەش بۆ ئەو پۆلیسە بكرێ.
ئەو كارە تیرۆریستییەكەی ساڵی رابردوودا لە ئاسایشی هەولێر كرا، داعش خستییە سەر شانی خۆی. بەپێی میدیاكانی نزیك لە ئیتلاعاتی ئێرانیش بێ، هەوڵدان بۆ تەقینەوەی حوسێنییەكەی سلێمانی، لەلایەن داعشەوە بووە.
من شانازی بە پۆلیسەكەی بەردەم حوسێنییەكە دەكەم، بەڵام پێشم سەیرە چۆن داعش توانیویەتی ئەو هەموو گرتە هۆڵیوودییە تۆمار بكات، بەڵام لەو هەوڵەیدا شكستی هێناوە؟! لە راستیدا من وای بۆ دەچم ئەو كوڕە گەنجە جوانە هەر بۆ تەقینەوە نەهاتبێ، چونكە ئەگەر بگیرێ یان تەنانەت هەندێ ئینسانییەتی بجووڵێ، ئەوا كەسانێكی تر لەو گرووپە هەن كە لە رێگەی دوورەوە دەیتەقێننەوە.
ئەو رووداوە چەند گرێكوێرەیەكی تێدایە كە پێویست بە لێ وردبوونەوەیە.
پۆڵات جان بەرپرسی راگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل ناوسراو بە یەپەگە، بۆ رۆژنامەی “وشە” دووپاتی كردووەتەوە كە ئێران پشتگیری لە داعش دەكات. ئێرانیش دەڵێ هەوڵەكەی هەینیی رابردوو بۆ تەقینەوەی حوسێنییەی سلێمانی، لەلایەن داعشەوە رێك خراوە. ئەو قسەیەی پۆڵات جان لەلایەن راپۆرتی دەستگە سیخوڕییەكانی چەند وڵاتەوە پشتڕاست كراوەتەوە، كەواتە ئێران بەشێوەی جیا لە سووریا، ناوچەی سوننەنشینی عێراق و كوردستاندا، سوود لە داعش وەردەگرێ.
بوونی داعش لە عێراقدا، بیانوویەكی باش بوو بۆ نووری مالیكیی هاوپەیمانی تاران بۆ ئەوەی بە تەواوی لە رووی سەربازییەوە بچێتە ناو جەرگەی ناوچە سوننەنشینەكان. ئەوە ئامانجێكی تریشی پێكا، پێشتر كە سوننە لە رووی سیاسییەوە شكا بوون، ئەوجارە مالیكی سنوورە جوگرافییەكانی بەزاندن و لە رێی سەربازە شیعەكانەوە چووە ناو ماڵی سوننە ناڕازییەكان. مالیكی بەو كارە و بەدژایەتی لەگەڵ كورد، دیسان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی 30ی نیسانی رابردوو بوو.
بوون و چالاكیی داعش لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سلێمانی، ئەوە ئەو گرێیەیە كە دەبێ كورد لێی ورد بێتەوە. ئێران رەنگە ئەگەر بە بیانووی چەند شیعەیەك و پاراستنی حوسێنییەكەی سلێمانی بێ، بەشێوەی نهێنیبوونی سەربازیی خۆی لە بەشێكی هەرێمی كوردستاندا زیاتر بكات. هەروەك چۆن ئەوەی لە سووریا كرد و لە رێگەی تیپی “ئەبولفەزل”ەوە و بە بیانووی پاراستنی شوێنە ئاینیی شیعەكان، ئێستە رۆڵی یەكلاكەرەوە لە ناو سووریادا هەیە.

husenye_slemani_2

تێرۆریستەکە

گرێیەكەی تر دەبێ لە بنەوانی ئەو هەواڵانەوە بدۆزێتەوە كە چەند میدیایەكی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەسەر هەوڵی تەقاندنەوەی حوسێنییەكەی سلێمانی بڵاو بوونەوە. لەو هەواڵانەدا بە تەواوی پەنجە لەسەر “مەترسی” بۆ سەر هاوپەیمانیی كورد و شیعە داندراوە، لەلایەكی تریشەوە دەڵێن كە هەندێ لایەن پێیان خۆش نەبووە یەكێتی لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی رابردوودا 21 كورسیی هێناوە، بۆیە ئەو كارەیان كردووە.
ئەوە لە كەس شاراوە نییە كە مالیكی دۆستی نزیكی ئێرانە و دەیانەوێ بۆ جاری سێیەم سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە ببەنەوە. ئێستە عێراق لە رووی سیاسی، ئابووری و ئاینییەوە جمكێكی دانەبڕاوی ئێرانە، بۆیە تاران دەزانێ كە پێویستە دەست بە بەغداوە بگرێ و بۆ ئەمەش دەبێ جارێكی تر حكوومەتی شیعەكان بە هاوكاریی كورد پێك بهێندرێ. ئەوە پێویستی بە هاوپەیمانیی نێوان ئەو دوو لایەنە هەیە، بەڵام ئەستەمە جارێكی تر كورد لەگەڵ مالیكی پێك بێتەوە. بۆیە ئێران، شیعە و كورد ئێستە بە شوێن بەدیلی مالیكیدان.
ئەوەی لەو نێوەدا بۆ ئێران گرنگە، ئەوەیە كە ئەو لایەنە شیعەیەی هاوپەیمانی و حكوومەت پێك دێنێ، بەدڵی ئەوان بێ. جیا لەوەش كورد مەرجی قورسی بۆ شیعەكانی سەر بە ئێران دانەنێ. كورد ئەگەر ئەو مەرجانەی هەبێ، بیانوو بۆ نانەوەی نائارامی لە كوردستان زۆرن، نموونەكەی سیناریۆی حوسێنییەكەی سلێمانییە. لە راستیدا ئەو سیناریۆیە رووی قسەكردنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانە. ئەوە پەیامێكە بۆ ئەوەی پارتی مەرجی قورسی بۆ شیعەكان و یەكێتی نەبێ.

سەرچاوە: ڵاپەڕەی فەیسبۆکی گەنجانی پارتی دێمۆکراتی کوردستان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی