"an independent online kurdish website

 لە هەر ناوچەیەکی جیهاندا کە جووڵەیەک دێتە ئاراوە، وەک خۆپێشاندان، یا ڕێفراندۆم یا لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەند. ئەوا گەلی چەوساوەو بندەست ئەو هەلە دەقۆزنەوە بۆ بەدیهاتنی ئاوات وئامانجە کانیان.aref-bawejani-

نموونەکان هەر لە سەرەتای ساڵی ٩٠ دەستپێبکەین لە ئەفریقاوە سەریهەڵداو چەند نەتەوەیەکی بندەست یا کەمینەی ئاینی تا ڕادەیەک مافەکانی خۆیان بە دەستهێنا، لە روسیا چەندین نەتەوە لە ژێر دەستی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو نەجاتیان بوو سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند. لە بۆلغاریای کۆن چەند وڵاتێکی دیکەی لێجیابووە. هەروەها لە هیندێك لە وڵاتانی ئوروپاییش لەڕێگەی ڕێفراندۆمەوە زۆر نەتەوە جیابوونەوەی خۆیان یەکلا کردوە یا بە شێوەیەکی کۆنفیدراڵی مانەوە. بەهۆی داگیرکردنی کوەیت لە لایەن ئێراقەو لە ساڵی ١٩٩٠، دەسەڵاتی بەغدا لاوازبوو، گەلی کوردیش توانیان یەکگرتووانە لە ژێر چەتری بەرەی کوردستانی ڕاپەرێن دروستبکەن و بەشێک لە ناوچەکانی باشوری کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی بەعسی ڕزگار بکەن، کە لەو کاتەدا دەسەڵاتێکی خۆبەرێوەبەری کوردیان بۆ دروستکرد، هەرچەند چەندساڵێکی بە ناخۆشی و شەری براکوژی تێپەرکرد. بەڵام لە ئاکامدا هەر سەربەرزانە درێژەیان پێدات، تا کار گەیشتە ئەوە کە هەرێمی کوردستان وەک ئارامترین ناوچە باسی لێوە بکرێت و ئابوری کوردستان ببێتە وێردی سەرزمانی میدیاکانی جیهانی. لە پاش روخانی حکومەتی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و وەدەستهێنانەوەی بەشێک لە مافە سیاسی و ئابورییەکانی کوردستان، هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی باشتر  چووە پێشەوە.

بەڵام ئەو هەلە باشەی کە لە دەستیان دا، ئەوە بوو کە لەو کاتەی حکومەت نەمابوو، بۆ ماوەی ساڵێکیش ئێراق هەر بە شێوەی کاتی و بە بێ هێزی سەربازی بەڕێوە دەچوو. بە داخەوە گەلی کورد نەیانتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوەو ناوچە داگیرکراو یا دابراوەکان بهێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.
دیارە زۆر جار هەلی باش هەڵکەوتووەو بە بیانووی سەیرو سەمەرە بە سەرماندا تێپەری کردوە. ئیستا ئەوەی کە دەیبینین لە ناوچە سوونیەکانی ئێراق نا ئارامیەکی زۆر سەریهەڵداوە. پارێزگایەکی گەورەی وەک موسڵ  کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی گروپی داعیش کە خۆیان بە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی ئێراق شام دەناسێنن. بەڵام وەک لە پەیامەکەی عیزەت دوری ئەمرۆ دەرکەوت، کە ئەم گروپە کۆکتێلە لە بەعس و گروپی جیاوازی سونیەکان و چەند وڵاتێکی ناوچەکەیان لە پشتەوەیە. واچاوەرێش دەکرێت بەرەو ناوچەکانی تکریت و ئەنبار و بەعقوبەو بەشی زۆرینەی عەرەب نشینی کەرکوک وەک ڕیاز و حەویجە بگرنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. هەروەها لاوازی سوپاکەی مالیکی بۆ هەموو ئێراقیەکان و گەلی کورد ئاشکرا بوو، کە وەک دیاردەی پاڵەوان فس فس بوون، بە ئاسانی شارو ناوچە وچەکو چۆڵەکانیشیان بە جێهێشت.
ئیستا هەلی باشە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ هەمیشە بچنە ناوچەکانی ڕەبیعەو شنگار و مەخمور و کەرکوک  و جەبەل حەمرین و جەلەولاو خانەقین و مەندەلی و زۆربەی شۆێنەکانی دیکە. نەک تەنیا بۆ ئەم دۆخە نا ئارامەی ئیستا بێت، بگرە پێویستە ئەو هێزانە بۆ هەمیشەو بە تەواوی لەوێ بگیرسێنەوە. کە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەگەری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە هەر کاتێکدا. ئیدی بۆمان ڕوون بووەتەوە کە چاو سورکردنەوەکەی مالکی و هێزەکەی و هەروەها هێزە تازەکەی کە تایبەت بۆ دژایەتی کردنی کورد دروستی کردبوو لە ژێر ناوی هێزی دیجلە، هێچ نین و لە دوا رۆژیشدا ئەو هێزە بە توانا نین کە گەلی کورد لێیان بترسێت.
بەو هیوایە ئەم هەلەشمان وەک هەلەکانی دیکە لە دەست دەرنەچێت، چیدیکە مێژوو لێخۆشبوونی نییە. جێێ خۆیەتی کە گشت حیزب و لایەنێکەکانی هەموو کوردستانی مەزن ئامادەیی خۆیان لەم کاتەدا بۆ بەدەستهێنانەوەی ناوچە کوردستانیەکان پێشان بدەن. کێشەو ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بخرێنە گۆشەیەکەوە. هەروەک هێزەکانی نزیک لە پێکاکا ئەمرۆ ئامادەیی خۆیان بۆ ناردنی هێز دەربری.

 

نووسینی عارف باوەجانی /  سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.
١٠ / ٦ / ٢٠١٤Aref Bawecani  عارف باوەجانی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی