"an independent online kurdish website

شوێن و ڕۆڵی دین لە کۆمەڵگادا، بەدرێژایی مێژوو هەمیشە مەسەلەیەکی گرنگ و جێگای باس بووە.

braym_lajani

هەر لەودەمەوە کە مرۆڤ لە سێزدەهەزارساڵ لەمەوبەرەوە دوای ئەوەی کە فێری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بوو واتە توانی دێ و پاشانیش کاتێک پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر توانی شار دروستکا،

بەرێوەبردنی کۆمەڵگا ئینسانیەکان هەمیشە لە دەستی کەسانێک دابووە کە دەستەڵاتیان هەبووە زۆری لە خەڵکەکە بکەن، یا لەوەش گرنگتر توانای ئەوەیان هەبووە بەسەر بیرو زەینی خەڵکدا زاڵبن.
پاشان دەرکەوت کە دەستەڵات چونکە دەتوانرێ دەستاودەست بکرێ بە تەنیا بۆ بردنە پێشی ئەومەبەستە بەسنیە. ئەوەی دواتر بە ناوی بڕوا و دین ناسرا لەو بارەوە بایەخی زۆرتری پەیداکرد و باشتر توانی ئەو ئەرکە بەرێوەبەرێ. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە لە پێنجهەزار ساڵ لەمەوبەرەوە نۆڕمی دەستەڵاتداری لە هەموو کۆمەڵگا ئینسانیەکاندا بریتی بووە لەوە کە شا کە دەستەڵاتداربوە لە هەمان کاتدا رێبەری ئاینیش بووە. واتە دەستەڵاتی سیاسی و ئاینی هەر یەک بوون.
دواتر لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا بەرەبەرە ئەوە کە دەستەڵاتی سیاسی و ئاینی هەر یەکبن بەرەو بن بەست و کۆتایی خۆی رۆیشت و ئەو تیئوریە هاتەکایەوە کە ئەو دوو دەستەڵاتە هاوزێی یەکتربن.
کاتێک ئاریایەکان لە سێهەزارساڵ لەمەوبەوبەرەوە لە باشووری ڕووسیەو ئوکڕانیاکۆچیان کردە ئەو ناوچانەی کە ئێستا پێی دەوترێ فەلاتی ئێران، ئێمەی کورد سێ چوارهەزار ساڵ پێش لەوان لەوێبووین و ئەوانمان لە نێو شارستانیەتی خۆماندا وەرگرتن. دواتر کە ئیمپڕاتۆڕی ماد و هەخامەنشی درووستبوو، ئەو دەستەڵاتە گەورە نەیدەتوانی لە فۆڕمی شا و کاهیندا درێژە بکێشێ. چونکە لەو ناوچە پان و بەرینەدا گەلێک مەزهەب و ئایینی جۆراوجۆر هەبوون و پاشاکان نەیان دەتوانی لە یەک کاتا هەم پاشا و هەم رێبەری ئایینی ئەو هەموو دین و مەزهەبە جۆراوجۆرانەی خەڵکی ئەو ناوچانە بن کە لە
ژێر دەستەڵاتیان دابوون. ئیتر دەستەڵاتداریەتیی یەکتای ئاسمانی و زەمینی بەرەبەرە بە ناچاری گۆڕا بۆ دەستەڵاتداریەتی دوانەیی ئاینی و حکومەتی بەڵام هاوتەراز و هاوبایەخ. بەو جۆرە بیرۆکەی جیایی دین لە دەوڵەت لە مێژوودا چەکەرەی کرد. لە ئیمپڕاتۆڕی رۆمیشدا کاتێک پایتەختی دەوڵەت لە رۆمەوە بۆ کۆنستانتینویل گوازرایەوە و پاپ لە رۆم مایەوە بەرەبەرە کلیسا لە دەوڵەت جابووەوە بەڵام دواتر هەردووکیان لە دەستەڵاتی کلیسادا دیسان یەکیان گرتەوە.
هەزاروچوارسەساڵ لەمەوبەر ئیسلام هات و یەکیەتیی دین و دەوڵەتی لە پێغەمبەر دا کۆکردنەوە. دواتریش تا کاتێک چوار خەلیفەی ڕاشدین دەستەڵاتداربوون، دەستەڵاتی سیاسیی و ئاینی لە یەک جێگابوون و لە ڕاستیدا هەریەک بوون. بەڵام کاتێک پاشایەتیە سەربەخۆکان لە ناوچەدا سەریان هەڵداو بە تایبەتی دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی و کەڵک وەرگرتنی دەوڵەتە ئیسلامیەکان لە قانوونە غەیرە شەرعیەکان، لە کردەوەدا دین و دەوڵەت تەنانەت لە وڵاتە ئیسلامیەکانیش دا لێک جیابوونەوە.

واتە تەنانەت تیئوریسێنە موسوڵمانەکانیش جیایی دین و دەوڵەتیان لە نەزەریەپەردازی ئیسلامدا تیئوریزەکرد. ئەو نەزەریە تا چەرخی بیستەم و سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی سەلەفی و ئیخوانموسلمین و وەهابیەت و دواتر سەرهەڵدانی ڕادیکالیزمی ئیسلامی کەهەرکامیان بە جۆرێک بانگەشەی گێڕانەوە و زیندوکردنەوەی حکومەتی پێغەمبەر لە سەدری ئیسلامدا دەکەن، لە دەوڵەتە ئیسلامەکاندا کاری پێدەکرا.

لە ئوروپاشدا دەزانین کە ئەوە کلیسای کاتۆلیک بوو کە سەرەنجام توانی جێگای ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم بگرێتەوە. ئەو کلیسایە تا سەدەی نۆهەم بە کەڵک وەرگرتن لە لەت لەت بوونی ئیمپڕاتۆڕی فرانکەکان و شەڕوململانێ میللی و مەزهەبیەکان توانی بۆ ماوەی شەسسەد ساڵ دەستەڵاتی خۆی ڕابگرێ. بەڵام دواتر شەڕە ئاینی و مەزهەبیەکان و بزووتنەوە رێفۆڕمخوازەکان و ڕینسانس بوونەهۆی درووستبوونی دەوڵەتە مۆدێڕنەکان. ئەوەش کۆتایی بە دەست تێوەردانی دین لە کارووباری دەوڵەتدا هێنا.

ئەو کورتە مێژووە بۆمان دەردەخا کە فاکتۆرو هۆکارەسیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان لە سەر ڕەفتارو هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان و کۆمەڵگا ئینسانیەکان، شووینەواری کاریگەرو بڕیاردەریان هەیە و زەمینەی جیایی دین لە دەوڵەت پێکدێنن. واتە مێژوو ئەوەمان فێردەکا کە گۆڕانکاریە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیان زەمینەی سکۆلاریزم پێک دێنن. بۆیە سکۆلاریزم یەکێک لە مەرجەکانی کۆمەڵگایەکی دێموکڕات و مۆدێڕنە.

ئەوە ئیدی ئەمڕۆ بۆتە قانوونێکی دونیا پەسەند و بە پرنسیپێکی سەرەکی دەوڵەتداری و بەرێوەبەری لە دونیادا دەزانرێ. ئەگەر لێرەولەوێ لە هەندێ گۆشەوکەناری دونیادا، وەک کۆماری ئیسلامی، ئەوەمان بەرچاودەکەوێ کە دەستەڵاتی دینی و سیاسی هێشتاش هەر یەکدەستن و دین و دەوڵەت تێکەڵاون بە کەچڕەوی و لادان لە قاعیدە بە حیساب دێ و هیچ داهاتوویەکی نیە و تەنیا وەک ئەزمونێکی تاڵ دەژمێردرێ و زۆر ناکێشی کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە رەگەڵ ڕەوتی دونیای هاوچەرخ دەکەوێتەوە.

دێموکراسیەکانی هاوچەرخ لە ڕۆژئاوادا و لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکەی دوونیادا، وەک مۆدێلێکی سەرکەوتووی بەرێوەبەریی کۆمەلگا ئینسانیەکان، مۆدێلێکی سەرکەوتوویان وەک سەرمەشق بە هەموو مرۆڤایەتی بەدەستەوە داوە. ئێمەش وەک حیزبێکی دێموکڕات و میللی کە دەمانەوێ میللەتەکامان بکەینە خاوەنی دەوڵەتێکی مۆدێڕن و هاوچەرخ و ئازاد و ڕزگار، چ لە بەرنامەی سیاسی و چ لە کردەوەدا لە سەرمەشقەکانی دێموکڕاسی ئیلهام وەردەگرین. وەک حیزبێکی دێموکرات و وەک ئەوە کە دەمانەوێ بە تەنیا یا لە گەڵ هێزەسیاسیەکانی دیکەی کوردستاندا دەستەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەدەستەوە بگرین، دەبێت هەر لە ئێستاوە پابەندبوونی خۆمان بە عورفیگەرایی و تێگەیشتنی خۆمان بۆ خۆمان و بۆ هەموو لایەک لەو چەمکە نیشاندەین.
ڕاستە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی موسوڵمانە. بەڵام زەمینەی جیایی دین لە دەوڵەت و حکومەت لە کوردستاندا ئامادەیە. ئەزموونی نەک هەر شکەستخواردوو بەڵکو کارەساتخوڵقێنی کۆماری ئیسلامی، هیچ ئیعتیبارێکی بۆ حکومەتی دینی لە کوردستان و ئێراندا نە هێشتۆتەوە.

لە لایەکی دیکەش پایە فکری و تیئوریکیەکانی زەروورەتی جیایی دین لە دەوڵەت لە لایەن فەیلەسوفە ئوروپایی و شەرقی و تەنانەت موسوڵمانەکانیشەوە لە مێژە گەڵاڵەکراون و لەو بارەوە ئەدەبیاتێکی زۆرودەوڵەمەندمان لە بەردەستدایە کە دەبێت لە پەروەردەوفێرکردندا کەڵکی لێوەرگرین.
کوردستان هەرگیز جوغڕافیای سەرهەڵدانی ڕادیکاڵیزمی ئاینی و مەزهەبی نەبووە. کوردستان و کۆمەڵگای کوردستان بۆ بە عورفی بوون ئامادەن و حیزبی ئێمە لە پێش هەمووان و باقی هێزەسیاسیەکانی کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێ لەو بارەوە دەست وێکدەن و کاری جدی و بەرپرسانە بکەن. لەو نێوەدا چەند مەسەلەی گرنگ هەن کە دەبێ وەبەرچاوبگیرێن. یەکەم ئەوە ئێمە هەروەک لە کۆنگرەشدا وتم نابێت تێکۆشین دین و مەزهەب بکەینە وەسیلەی بردنەپێشی مەبەستە سیاسیەکانی خۆمان.

ئەوە لە لایەک لە گەڵ بەرپرسایەتی و گەورەیی و میللی بوونی حیزبی دێموکرات نایەتەوە و لە لایەکی دیکەش ئەزموونەکان ئەوەدەردەخەەن کە ئەوانەی دەیانەوێ لە سیاسەتدا لە دین کەڵکی خۆیان وەرگرن ، ئەوە سەرەنجام دینە کە ئەوان دەخاتە خزمەتی خۆی و کەڵکی خۆیان لێوەردەگرێت. لە لایەکی دیکەشەوە لە کوردستاندا گەلێک دین و مەزهەب و تەریقەت و فیرقەی جۆراوجۆر هەن و هەمووشیان پەێڕەوانی خۆیانیان هەیەو حیزبی ئێمە وەک رێبەری بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کوردستان، دەبێ ئەو دین و مەزهەبانەو پێڕەوەکانیان بە یەک چاو تەماشاکات و بایەخی وەک یەکیان پێبدا.

وەک پێشتریش باسم کرد عورفیگەرایی بۆئێمە، لە تێگەیشتنی حیزبی ئێمەدا، بەمانای سکۆلاریزمە. ئێمە دژی هیچ دین و مەزهەبێک نین و لە هەمان کاتیشدا حیزبێکی ئاینی و مەزهەبیش نین. پەیڕەوانی هەموو دین و مەزهەبەکان ئەگەر بەرنامەی سیاسی حیزبیان قبووڵبێ دەتوانن لە حیزبی مەدا تێکۆشانی سیاسیان هەبێ و لە تەشکیلاتی حیزبدا بڕۆنەپێش. جائەوە چ موسوڵمانبن یامەسیحی، بودایی ، کەلیمی ، شیعە، سونی، یارسان یا پەیڕەوی هەردین و مەزهەبێکی دیکە لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. جگە لەوە بە جێهێنانی فەرائیزی دینی و مەزهەبیش لە ڕیزەکانی حیزب و بزووتنەوەدا پێویستە وەک شتێکی ئاسایی ت
ەماشایی بکرێ و وەربگیرێ و وەک شتێکی فەرهەنگی و کولتوری سەیری بکەین. ئێمە کە دەڵێین عورفیگەرایین مەبەستمان ئەوەنیە دین و مەزهەب لە نێو میللەتەکەمان و لە نێوکۆمەڵگای کوردستان لە رێشە هەڵکێشین. ڕاست بە پێچەوانەوە دەمانەوێت دین و مەزهەب شوێنی شایستەی خۆی بدرێتێ و ئەو کارو ئەرکە بەرێوەبەرێ کە ریسالەتی خۆیەتی. دین لە ئەساسدا سەروکاری لە گەڵ ئەخلاقیات و ویژدانیات هەیە. هەر بۆیە کارکردەکەشی پێویستە لەوبوارەدا بمێنێتەوە و ئالودەی کاروباری دەوڵەتی و ئیدارەکردنی کاروباری عموومی نەکرێت. کەواتە ئێمە نامانەوێ دین و مەزهەب لە ویژدانی کۆمەڵگای کوردستان و میللەتەکەمان بەرینە دەر. دەمانەوێ تەقەدوس لە ئیدارەکردنی کۆمەڵ و دەوڵەتداریدا بەرینە دەرێ. نەک دەوڵەت، بەڵکو هیچ کەس و حیزب و لایەنێک مافی دەستتێوەردان لە ویژدان و ئیعتیقاداتی خەڵکی دا نیە.

لە بەرنامەی حیزبی ئێمەدا هاتوە کە هەموو کۆنڤانسیۆنەکانی پێوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بەرێوەدەچن. واتە ئازادی دین و مەزهەب لە بەرنامەی سیاسی مەدا دەستەبەرکراوە. ئێمە بە مەسئولیەتەوە ئەوەمان لە بەرنامەی سیاسی خۆمان دا گونجاندوە. جەوهەری عورفیگەرایی لە تێگەیشتنی حیزبی مەدا ڕەواداریی لێبڕاڵ و تۆڵێڕانسەیە کە پایەکی دێموکراسیە و بۆ ئێمە وەک حیزبێکی دێموکرات پرینسیپە. لیبڕالیسمی سیاسی دین وەک سیستەمێکی ئەخلاقی و ئەو بایەخە گرنگانە تەماشادەکا کە بو دەوڵەمەندکردنی ئینسانیەتی ئینسانەکان پێویستن. هەموو دینەکان و تەنانەت ئیسلامیش هەمیشە خۆیان لە گەڵ وەزعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکان گونجاندوە.

ئەمرۆ تەنانەت لە مەککەو مەدینەشدا ئاسان نیە وەک ڕابردوو دەستی خەڵک بپەرێنی یا قەساس بکەی. مامۆستاکانی زانکۆی ئەستەمبوڵ دەڵین کاتی خۆی کە ئیسلام مەنعی کردوە ژن بە تەنیا سەفەربکا لە بەر ئەوەبوە کە رێگاکان نائەمن بوون. ئێستا کە رێگاو وەسیلەکانی سەفەر ئەمینن ئەو مەنعە ئیدی دەبێ هەلگیرێ. مەبەستم ئەوەیە بلێم دین ئەگەر دەیەوێ وەمێنێ ئەوەیە کە دەوترێ مۆدێرنیتە و دێموکراسی و عورفی گەرایی مەیدان بۆ دین و مەزهەب خۆش دەکەن تا بایەخە ئەخلاقی و ویژدانیەکان پەرەپێبدەن و ئەرکی مەعنەوی و ڕیسالەتی خۆیان بە جێ بێنن. مەبەستم ئەوەیە بلێم ئێمە دەبێ لە سیاسەت و کردەوەدا بە خەڵکی خۆمان ڕاگەیەنین کە مەبەستی ئێمە لە سکۆلاریزم ئەوەنیە دین لە کۆمەڵدا رێشەکێش کەین دەمانەوەی تەقەدووس لە کارووباری دەوڵەتی و ئیدارەکردنی کۆمەڵگادا دوورخەینەوە. ئەزموونی چاخەکانی نێوەڕاستی ئوروپا و مێژووی ئیسلام و تاقیکردنەوەی کۆماری ئیسلامی لەوبارەوە قەلایەکی پتەون کە ئەوسیاسەتە درووستەی حیزبی دێموکرات پاڵی وێداون.

١١.١١.٢٠١٢

پێشمەرگەکان: ئەو بابەتەی کاک برایم پێشتر بڵاو کراوەتەوە و دوبارە دامان ناوە.

بۆ بابەتەکانی تری کاک برایم ئێرە کلیک بکەن یان لە بەشی نووسەران ناوی کاک برایم هەڵبژێرن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی