"an independent online kurdish website

له‌م رۆژانه‌دا زۆر که‌س ده‌بنه‌ شرۆڤه‌کارو لێکده‌ره‌وه‌ى سیاسى و هه‌ریه‌ک شتێک ده‌ڵێن، بێئه‌وه‌ى کۆى سیناریۆ دیارو نادیاره‌کان بخوێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ش تێگه‌یشتنه‌کان ئاڵۆزو قورس ده‌کات بۆ خوێندنه‌وه‌ى بارودۆخه‌که‌.latif-fateh-faraj

 

به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ هه‌ندێک هه‌ر زوو ره‌مڵى ئه‌وه‌یان لێدا که‌گوایه‌ شتێک له‌نێوان داعش‌و مالیکى و گوایه‌ ئێراندا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کى زۆر نادروسته‌و داعش هیچ په‌یوه‌ندیه‌کى به‌ئێران‌و مالیکیه‌وه‌ نیه‌و دوژمنى سه‌رسه‌ختى شیعه‌ن.

 

 هه‌ڵبژاردنى ئه‌م کاته‌ش هه‌ر بۆئه‌وه‌یه‌ به‌مالیکى بڵێن ئیدى تۆ فه‌شه‌لت هێناو ته‌واو ناتوانى ئیداره‌ى وڵات بده‌یت، ده‌نا داعش شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ریش ده‌یتوانى ئه‌وه‌ بکات که‌ئه‌مڕۆ کردى، له‌پشت داعشه‌وه‌ وڵاتگه‌ل و هێزگه‌لى زۆرو زه‌وه‌ندو به‌ده‌سه‌ڵات هه‌ن، که‌ ئه‌وانیش سیناریۆى خۆیان هه‌یه‌، چۆن شیعه‌ له‌عێراق بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ له‌و سته‌مکاریه‌ى هه‌شتاساڵى رابردوو سیناریۆو به‌رنامه‌ى هه‌مه‌جۆریان هه‌یه‌و له‌ رابردودا چه‌ندین کادیرى ده‌وڵه‌تى قانون کوردیان بێمنه‌ت کرد له‌وه‌ى له‌عێراق جیابێته‌وه‌، که‌ئه‌وه‌ش له‌خه‌مخۆرى نیه‌‌و ده‌یانه‌وێ له‌عێراقى بێ کوردا ببنه‌ زۆرینه‌ى ره‌ها.

 

 سوننه‌ش بۆ تێکشاندنى خه‌ونى شیعه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ خه‌ونى خۆى هه‌یه‌و داعش چه‌که‌ کاریگه‌ره‌که‌یه‌تى، که‌ئامانجى دواترى داعش ئه‌گه‌ر بتوانێ له‌موسڵ و ئه‌نبارو تکریت و شوێنه‌ سونیه‌کان خۆى قایم بکات، به‌غدایه‌، به‌غدا بۆ عه‌ره‌بى سوننه‌ نه‌ک هه‌ر له‌عێراق بگره‌ له‌وڵاتانى که‌نداو شوێنگه‌لى دیکه‌ ماناو ئاماژه‌و ناوه‌ڕۆکى گرنگى هه‌یه‌، به‌غدا بۆ سوننه‌ دیرۆکه‌و که‌رامه‌ت، ئه‌وان ئه‌مه‌ ناشارنه‌وه‌.

داعش له‌ئێستادا چ کارى به‌کورد نیه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ ئێستایه‌و ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌که‌یان سه‌رکه‌وێت ئامانجى دواتریان کورده‌، من شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌ 2-1 -2014 به‌وتارێک ئه‌و نیگه‌رانى و ترسانه‌م باس کردو له‌ماڵپه‌ڕى سبه‌ى تائێستا وتاره‌که‌ ماوه‌.

 

داعش خۆى له‌و شوێنانه‌ وه‌ک ئیداره‌و به‌ڕێوه‌بردن نامێنێت‌و ره‌نگه‌ سبه‌ى ده‌سه‌ڵات راده‌ستى سوننه‌ مه‌ده‌نیه‌کان بکاته‌وه‌، بۆ نمونه‌ ده‌شێ سبه‌ى ئه‌سیل نوجه‌یفى چۆن هاته‌ده‌ره‌وه‌ له‌موسڵ ئاوا بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ بۆ چونه‌وه‌ به‌ڵگه‌ نیه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش که‌ده‌گوترێ زۆر له‌باره‌ کورد ده‌ستبگرێ به‌سه‌ر ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کاندا، به‌بڕواى من ئه‌مه‌ هاندانێکى دروست نیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و داوایه‌ گرێدرابێت به‌وه‌ى کورد ببرێته‌ ناو ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ که‌ ئێستا ئوسامه‌ نوجه‌یفى و ئه‌سیل نوجه‌یفى و ئه‌یاد عه‌لاوى ئه‌وه‌یان ده‌وێت ئه‌وه‌ش ئامانجى دورترى ئه‌وانه‌و سیناریۆیه‌کى ترسناکه‌.

 

 کورد ده‌توانێ پارێزگارى بکات نه‌ک به‌شدارى له‌شه‌ڕدا، ئێستا پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌ى ده‌یکات بۆ پاراستنى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان، کارێکى زۆر باشه‌و پێویسته‌ هه‌موو کوردو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان‌و په‌رله‌مانى کوردستان‌و سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم‌و حکومه‌ت پشتگیرى ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بکه‌ن، به‌ڵام خزاندنه‌ناو شه‌ڕى پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى داعش، یان ته‌نانه‌ت گفتوگۆکردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ به‌هه‌موو جۆرێک ئێستا کاتى نیه‌، ده‌بێت چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ بکه‌ین ئایا داعش ده‌توانێ بگاته‌ به‌غدا وه‌ک ده‌یه‌وێ، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ کورد به‌رنامه‌ى خۆى هه‌بێت، هه‌ڵبه‌ت من لام وانیه‌ داعش بتوانێ هه‌مان سیناریۆى موسڵ له‌به‌غدا دوباره‌ بکاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات سه‌رکێشى تر بکات.

 

ئه‌وه‌ى که‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ داعش نوێنه‌رایه‌تى هێڵى سوننه‌ى هه‌موو ناوچه‌که‌ ده‌کات، ئه‌وه‌ش بۆ ئێمه‌ ناسنامه‌و شوناسى داعش زیاتر رونده‌کاته‌وه‌، نابێت ئه‌وه‌شمان بیر نه‌بێت که‌داعش سه‌دان هه‌زار خه‌ڵکى بێچه‌ک له‌کۆى شاره‌ سونیه‌ عه‌ره‌بیه‌کانى عێراقی له‌گه‌ڵیدایه‌و بچێته‌ هه‌ر کوێ به‌خێرایى زیادده‌کات، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ کۆى کۆنه‌ به‌عسیه‌کان ئه‌وانیش له‌ناو داعشدا رۆڵى کاریگه‌ریان هه‌یه‌.

 

کورد له‌م دۆخه‌دا ده‌بێت پێشبینى هه‌موو ئه‌گه‌رێک بکات، به‌وه‌شه‌وه‌ که‌ئه‌وه‌ى روده‌دات جۆرێک بێت له‌کوده‌تایه‌کى سه‌ربازى به‌ڵام به‌شێوازێکى تر، ده‌نا ئاوه‌ز بۆى هه‌زم ناکرێت سوپایه‌کى پڕچه‌ک‌و موچه‌ خه‌یاڵى بێ ئه‌وه‌ى یه‌ک ته‌قه‌ بکات سه‌نگه‌ره‌کانى چۆڵبکات، هه‌رچه‌ند له‌بنچینه‌دا سوپاى عێراق سوپایه‌ک نیه‌ ئینتیماى هه‌بێت بۆ ده‌وڵه‌ت وه‌ک فۆڕم و جوگرافیا، هێنده‌ى سوپایه‌که‌ ئینتیماى بۆ تایفه‌و مه‌زهه‌ب و حزب و سه‌رکرده‌ جیاجیاکان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌په‌تاکانى نێو ئه‌م سوپا پۆشته‌و په‌رداخ‌و پڕچه‌ک و موچه‌ زۆرو بێ ئینتیمایه‌ .

واته‌ ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ سوپایه‌ به‌تامى میلیشیا، ئه‌مه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ روبه‌ڕوى شه‌ڕى لێده‌و بڕۆو په‌لامارى کتوپڕ بێته‌وه‌، هه‌رچه‌ند ئیدى شه‌ڕه‌که‌ له‌و جۆره‌ ناونانه‌ ده‌رچوه‌.

چاودێرى سیاسى

 

سەرچاوە: هاووڵاتی 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی