"an independent online kurdish website

لە رۆژی چوارشەمەی رابردوودا، رێکەوتی (١٦ / ٨ / ٢٠١٤) لە سایتی ئەلیکترۆنی ( صوت الأمة : دەنگی نەتەوە)ی میسری داreza_shuwan_0

لە لایەن ( السید عبدالفتاح ) کە ( سەرۆکی ناوەندی قاهیرە ـ بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی ) لەژێر ناوی ( خطط  تعکیر العلاقة بین مصر و کوردستان ) نووسینێک دەربارە دوو هەواڵی بڵاوکراوەی ناراست، بە دەمی سەرۆکی میسر ( عبدالفتاح السیسي ) و . سەرۆکی دەرهێنانی رۆژنامەی ( الأ‌هـرام ) نووسەری ناسراو ( محمد حسنين هیکل ) ەوە هەڵبەستراون .. کە رۆژنامە و سایتە نزیکەکانی سەر بە مالیکی دوور لە راستییەوە بۆ مەبەستێکی گڵاو و تێکدەرانە .. چەواشەیان کردوون و بڵاویان کردوونەتە .. ئەمەش وەرگێڕانی دەقی نووسینەکەی ( السید عبدالفتاح ) بە زمانی کوردی بۆ راستکردنەوەی ئەو دوو هەواڵە چەواشکراوانە :

(( ئەوەی بە دواداچوونی بۆ رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق کردووبێت، دەبێت تێبینی ئەو هەواڵە هەڵبەستراوانەی کردووبێت، کە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان میسر و کوردستان دەدرێن . سەرەتاش لە بڵاوبوونەوەی خیرای ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانەی کە هیچ پشەییەکیان لە بەرچاو نەگرتوون و .. پشتیان بە راستی نەبەستوون، دەربارەی ئەو لێدوانانەی دراونەتە پاڵ سەرۆکی میسر ( عبدالفتاح السیسي ) .. کە ( راپرسی لە هەرێمی کوردستان ) دا، یا ( راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ) ، بە ( کارەسات ) و، بە سەرەتای دابەشکردنی عێراق ناوبردووبێت .. یەکسەر هەندێ هەواڵیش قسەیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نوری مالیکی سەرەک وەزیرانی ـ کاربەڕێکەری ـ عێراق لەگەڵ سەرۆکی میسردا بڵاوکردەوە کە تێیدا ( مالیکی ) سوپاسی هەڵویست و بەتەنگەوەهاتنی ( السیسي ) کردووبێت بو یەکێتی عێراق .

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا، هەندێ راپۆرتی بڵاوکراوەی رۆژنامەوانیمان بینی، کە هەندێ لێدوانیان داوەتە پاڵ نووسەری گەورە ( محمد حسنین هیکل)، کە وتوویانە هیکل وتوویەتی: ” ( مەسعود بارزانی  ـ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ) ، بە راگەیاندنی راپرسی و هەنگاونان بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، دەرگای دۆزەخی لەسەر کورد کردۆتەوە، پێشمەرگەی کوردیش لاوازە و ناتوانێت لە هیچ شەڕێکدا خۆی بگرێت و شکستی دەهێنێت، هەروەها ئەو پێشکەوتنە ئابوورییەش کە کوردستان بەدەستی هێناوە دەڕووخێێت، گەندەڵیش لە هەرێمدا بڵاوبۆتەوە . ”    بێگومان ئەم دوو راپۆرتە بەسن، بۆ ئەوەی لە پڕێکدا برایانی کورد توڕە بکەن، یا گلەیی لە میسر بکەن .. پەیوەندییەکانیشیان لەسەر ئاستی میللی و فەرمی تێکبدەن .

لە راستیدا،(  ئەوەی بڵاوکراونەتەوە، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و، مەبەستی گڵاویان لە پاڵدایە، بە لای هەموو خاوەن ویژدانێک و، هەموو وردبینێک کە بە دواداچوونیان بۆ ئەم دوو لێدوانە کردووبێت .. )

هەروەها لە راستیشدا ( السیسي ) لە میانەی ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوانەی کە لەو چاوپێکەوتنەی سەرۆکدا، کە لە گەڵ راگەیاندنەکان و رۆژنامەنووسەکاندا سازی کرد، لەوێدا ئامادەبوون، دەڵێن ئەم پیاوە لە لێدوانانەکانیدا ناوی وشەی ( کارەسات : کارثە) لە دەم دەرنەچووە ، یا ئاماژەی پێدابێت، بەڵکو ئەو بۆ ئامادەبووان، تەنها باسی لەو کارەساتانە کرد کە بە ناوچەکەدا تێ دەپەڕن، بێ ئەوەی لایەنگیری لایەنێک بکات، یا هەڵوێستی خۆی لە بارەی ئەم رووداوانەوە بخاتەڕوو . ئەو وتی، ئەو توندوتیژییانە و کارە تیرۆریستیانەی لە پاڵ ئاییندا بەردەوامن، هەڕەشە لە ناوچەکە دەکەن، پێویستە رووبەڕوویان ببنەوە، هەڕەشە لە دابەشبوونی هەندێ دەوڵەتی ناوچەکە دەکەن .. هەر بە دڵنیاکردنەوەی ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەی کە لەو چاوپێکەوتنەدا ئامادەبوون .. ( السیسی ) وشەی ( کارثە : کارەسات ) ی لە دەم دەرنەچووە و، راستەوخۆش ناوی کوردی نەهێناوە، بەڵکو بە تەنگەوەهاتنی میسری بۆ یەکێتی عێراق دەربڕی و، ئەوەشی وتووە، کە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی گەلی عێراق داین ، کە رووبەڕووی تیرۆریستی بوونەتەوە ، هەڵوێستێکی نەگۆڕ و مێژوویی میسرە، کە لەگەڵ یەکێتی عێراقداین، ئەمەش هەڵویستی کوردەکان خۆیانن .

دەربارەی نووسەری گەورەش ( محمد حسنین هیکل ) ئەم پیاوە نە لە بارەی کاروباری ناوخۆ، نە کاروباری دەرەوەش، هیچ لێدوانێکی نەداوە، من بە ژمارەکانی ( الأهرام ) دا چوومەوە .. بۆم دەرکەوت ئەم هەواڵەش هەڵبەستراوە و بە دەمی ( هیکل) ەوە وتراوە .. من هیچ پیتێکم نەدی لە ( الأهرام ) دا بە ناوی ( هيکل) ەوە بێت و قسەی وای کردووبێت .. ئەمە و مامۆستا هیکل پایەیەکی گەورەی هەیە، هەر پیتێکی لە دەم دەربچێت، جێی بایەخ پێدا ی هەموو راگەیاندنە چاپکراو و بینراوەکان دەبێت .. بە درێژایی هەفتەی رابردوو و .. هەفتەیەک لەوە پێشتریش، نە لە رۆژنامەیەکدا یا لە گۆڤارێکدا یا ماڵپەڕێکی ئەلیکتۆنیدا یا لە کەناڵێکی ئاسمانیدا نەبینیم و نەم بیستم، کە لە نووسینی مامۆستا ( هیکل ) هیچ قسەیەکی وا نووسراوبێت و بڵاوکرابێتەوە .

سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە، داڕشتنی نووسراوی ئەو هەواڵە ناوبراوانە و، بڵاوبوونەوەیان بەو خیراییە لەسەر ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان و رۆژنامە عێراقیەکانی نزیکی لە مالیکی یەوە .. ئەمە جەخت لەسەر ئەوەدەکەن، کە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە، مەبەستێکی گڵاویان لە دواوەیە .. چونکە ( هیکل) بەم شێوازە نادوێت .. من لەو بڕوایەشدام، کە ( هیکل ) زانیاری تەواوی دەربارەی توانا و شەڕ و چەکەکانی پێشمەرگەی کورد نییە، تا بڵێت لاوازە و لە شەڕدا شکستی دەهێنێت .

هەموو ئەوانەی سەرەوە، ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە ئێمە لە بەردەم پیلانێکی داڕێژراوداین، بۆ تێکدانی پەیوەندی نیوان میسر و کوردستان .. ئەم دوو هەواڵەش ، یەکەمین نیاز گڵاوین و، هەواڵ و شتی تریان بە دوادا دێت .. بۆیە پێویستە لەسەر هەردوولا، بە ئەم هەوڵە چەپەڵانە نەخەڵەتێن، بە تایبەتیش برایانی کورد .. داواتان   لێ دەکەم ، بڕیاری خێرا لەسەر کارەکان نەدەن، تەنها بە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە ناپیشەییانەی لێرە و لەوێدا بڵاودەکرێنەوە .

لە نێوان گەلی میسر و گەلی کورد دا، شتی زۆر گەورەی رەگ مێژوویی هەن ، کە وامان لێدەکەن، لە هەموو ئەو هەوڵانە بەهێزتربین، کە بتوانن ئەم پەیوەندییانەمان  بلەرێننەوە، یا بتوانن پەیوەندی نێوانمان تێکبدەن .

لە کۆتاییدا من داوا لە هەردوولا دەکەم، زیاتر لە یەکتری نزیک ببنەوە، بە متمانە و باوەڕێکی قووڵەوە  پەیوەندییەکانیان چڕتر بکەنەوە .. بۆ رووبەڕوو بوونەوەی هەر هەوڵێکی گڵاو . ))

(*) السید عبدالفتاح : رئیس مرکز القاهرە للدراسات الکردیة .

وەرگێڕانی / رەزا شوان / نەرویج :  ١٥/٧ /  ٢٠١٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی