هرکە نامخت از گذشت روزگار
نیز ناموزد ز هیچ آموزگار “رودەکی“
ئەرکی هێزێکی پێشکەوتنخواز بۆ گەیشتن بە ویستەکانی خۆی لە ڕەوت و خه‌باتی سیاسیی‌دا بریتیی له هەڵسەنگاندنی هێزەکانی دژبەر لە کۆمەڵگا، لێکدانەوەی زنجیرە ڕووداوەکانی سیاسی لە ئاستی گشتی و پێوەنديدانی ئۆرگانیکيان بەیەکەوە، ڕوونکردنەوەی دروشمی کورتەخایەن و درێژخایەن و وه‌گه‌ڕخستنی توانایی بۆ کۆکردنەوەی تەواوی ئەمرازە پێویستەکان بۆ هێنانه مه‌يدانی خه‌ڵک و ڕێکخستنيان و ڕێبەریکردنی بزوتنەوه و بەجێگەیاندنی ئەم ویستانە لە کاتی شیاو دا.
به‌جێبوونی دروشمەکان و هەڵبژاردنی شێوەی چاڵاکی سیاسی گونجاو بە پێی هەڵومەرجی نێو کۆمەڵگا و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکانی پێکهاتوو دەتوانن کاریگەریەکی بەرچاويان لە ڕەوتی گەشەسەندنی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەدا هه‌بێ. بێ گومان رەوتی خەباتی سیاسی – کۆمەڵایەتی رێگایەکی ڕاست، بێلهمپهر و هەمووکات بەرەو پێش نییە، ته‌نانه‌ت دەتوانێ تووشی پاشەکشە، ڕاوەستان و هەرەسهێنانیش بێ. گەلێک فاکتۆری زەینی و بابەتی وەکوو تایبەتمەندیی سیستێمی کۆمەڵایەتی – ئابووریی، چۆنييهتی و چه‌ندايه‌تی چاڵاکی هێزە سیاسییەکان و ڕادەی هاوسەنگی یاخود لاسەنگیان لە بەراوەرد لەگەڵ هێزی دەستەڵاتدار و سەرکوتکەر، داب و نەریتی نەتەوەیی، هه‌لومه‌رجی ناونهتهوهيی، فاکتۆری جوغرافیایی و هتد … دەتوانن نەخشی جوراوجۆر لەم ڕەوتەدا بگێرن.
ژیریی هێزێکی سیاسی خۆی لە چۆنییەتی لێکدانەوەی تەواوی ئەو فاکتۆرانە، دوورەپارێزیی لە هەر چەشنە “وولونتاریسم” و هەڵبژاردنی شێوەی دروست و شیاوی خەبات، ناسین و قۆزینەوەی دەرفەتەکان بۆ کۆکردنەوەی هەر چی زۆرتری هێزی خەڵک بۆ لاوازکردن و تەنیاخستنی هێزی دوژمن و وەدیهێنانی بەرنامەی کورتەخایەن و درێژخایەنی حیزبەکەی دەنوێنێ.
لێرەدا هەڵبژاردنی شێوەی خەباتی سیاسی (چەکداریی يان مەدەنی) پێوەندیی ڕاستەوخۆی به دەرفەتەکانی خەبات لە کۆمەڵگادا هەیە؛ لەو کۆمەڵگايانەی کە دەرفەتی دێموکراتیک بۆ چاڵاکی سیاسی هێزە پێشکەوتنخوازەکان نییە، ڕێگای خەباتی ئاسایی بەربەست کراوە و حیزب و هێزەکان ناتوانن بە شیوەیەکی مەدەنی کار و چاڵاکی خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن و ته‌نانه‌ت تووشی ئازار، گیران و لە سێدارەدان دەبن، بەکارهێنانی شێوەکانی بە زەبروزۆری خەبات لە کۆمەڵگادا زۆرتر ڕەنگدەداتەوە و هێزە سیاسییەکان جاروبار تەنانەت بە پێچەوانەی ویستیی خۆیان، بۆ بەرگری لە ماڤی ڕەوای خۆیان دەس بۆ چەکيش دەبەن. واتە شیوەی هەڵسوکەوتی حکومەت و سیستێمی زاڵ کاریگەریی سەرەکی لە شێوەی هەڵبژاردنی شێوازی خەباتی ئوپۆزیسیۆن هەیە.
بۆ وێنە مێژووی حکومەتی ئیسلامی ئێران پاش شۆرشی ڕیبەندانی ٥٧ی هەتاوی شتێک جگه له سەرکوتکردنی تەواوی هێزە سیاسی و مەدەنییەکانی ناچەکداریش ـ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی کە بەرگرییان لە “نيزام” دەکرد و دەیانویست لە چوارچێوەی “یاسای حیزبەکان” چالاکیان هه‌بێ ـ نه‌بوو. گیران و سەرکوتکردنی ئەوانەی کە کاتێک بەشێک لە دەسەڵاتیش بوون و دەیانویست و دەیانەوێ بە چەشنێکی مەدەنی کار و چالاکی خۆیان لە چوارچێوەی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران‌دا بەرەوپێش به‌رن (و پێشتر بەشێک لە بەرەی “خودی” بوون و ئێستا بوونەتە “غیر خودی”) نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە شتێک بە ناوی “عەقلییەتی سیاسی” لەواندا نييه و هەوڵدانی بەشێک لە بەرپرسانی سیاسی کورد بۆ دۆزينه‌وه‌ی ئه‌م “عه‌قڵييه‌ته” و له‌م چوارچێوه‌دا دیتنەوەی ڕێگاچارەی ئاشتیخوازانە و مەدەنی چاره‌سه‌ری پرسی کورد لە بەرپرسانی ئه‌و حکومه‌ته ـ کە له دروشم‌دا لەسەر بنەمای “ئومەتی ئیسلامی” و له‌ڕاستیدا له سه‌ر قهومييهتی فارس و ئايينی شيعه دامه‌زراوه و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه بێ باوەره بە ڕەنگاورەنگی پێکهاتەی نەتەوەیی لە ئێران‌دا ـ پتر لە گه‌مه‌ی سياسی و لانیکه‌م له بیرۆکەیەکی هەرەسهێناو ده‌چێ تا “واقعبينی” سياسی.
بەداخەوە شێوەی هه‌ڵوێستگرتنی بەشێک لە بەرپرسانی سیاسی کورد لە تاراوگه جاروبار تا رادەی پاڕانەوە و ڵاڵانه‌وه داده‌به‌زێ و پێوه‌ندی زۆری به خه‌باتی سياسی هێزێکی نه‌يار و خه‌باتکار نامێنێته‌وه. پێشنیاره‌کانی ئه‌م که‌سانه بە کاربەدەستانی ئێرانی بۆ لەبەرچاوگرتنی به‌شێک له ويسته‌کانی وان ده‌ری ده‌خه‌ن که ئه‌وان له مێژوو شتێک فێرنه‌بوون و کۆماری ئيسلاميش بە باشیی ناناسن. ئه‌وانه که له به‌رنامه‌ی سياسی حيزبهکهياندا باسی دێمۆکراسی، مافی دياريکردنی چاره‌نووس و فیدڕاليزم ده‌که‌ن، له لێدوانی سياسی ڕۆژانه و له مێدياکانياندا له ژێر پاساوی “بايخدان به خه‌باتی مه‌ده‌نی” خۆيان تا ئاستی تاقمێکی بچووک و بێئاسۆی مه‌ده‌نی (و ته‌نانه‌ت ناسياسی) دێننهخوارێ و ناهۆميدی به ڕووخانی ئه‌م رژيمه بڵاو ده‌که‌نه‌وه.
له‌کاتێکدا ئەم بەرپرسانە خۆیان بە ئاڵاهەڵگری دروشمی فیدرالیزم لە ئێران دەزانن و ئەمەش لەگەڵ زاتی حکومەتی ئیسلامی هیچ چەشنە تەبایییەکی نییە و وهديهێنانی ئه‌م داوخوازه پێويستی به ڕووخانی ته‌واو و که‌ماڵی ئه‌م ڕژيمه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌يه، بە پاساوی ئەوەی کە “ئەرکی کورد ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە و تواناییشی نییە بیروخێنێ” لە سەر شاشەی تهلەویزیۆنەکانياندا بانگهێشتنی بەرپرسانی حکومەتی ئیسلامی بۆ گەیشتن بە “عەقڵییەتی سیاسی” بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکەن!!
ئەگەر ئەوان خۆیان بە حیزبێکی پێشرۆ و ئاڵاهەڵگری دروشمی دیموکراسی و فیدرالیزم بۆ ئێران دەزانن و خۆیان وەکو بەشێک لەئوپۆزیسیۆنی ئێرانی پێناسە دەکەن و لەم باوەڕەن کە پرسی کورد لە ڕاستیدا ته‌نيا له چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵ و دێمۆکراتيک”دا چارەسەر ده‌کرێ، بێ گومان دەچنە خانەی حیزبە ئوپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی و دەبێ هاوئاهەنگ لەگەڵ وان بۆ ڕووخاندنی ئەم حکومەتە تێ‌بکۆشن. بەڵام ئەگەر تەنیا پێیان وایە پرسی کورد ته‌نيا کێشەی سەرەکی ئەوانە و پێوەندیی بە پێکهاتنی دەوڵەتێکی فیدراڵ و دێموکراتیک لە ئێران نییە و دەکرێ لە چوارچێوەی حکومەتێکی نادێموکراتیکی وه‌کوو کۆماری ئيسلامی- حکومه‌تێک کە تەواوی ماڤە ئاساییەکانی مرۆف پێشێل دەکا، چارەسەر ده‌کرێ و دەتوانن لەگەڵ “شەیتان”یش بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سەر مێزی وتووێژ دانیشن، ئه‌وه ئيتر له چوارچێوه‌ی هێزێکی نه‌يار و ئۆپۆزيسيۆن دێنه ده‌رێ.
که‌چی ئه‌م که‌سانه بە پێی ئەزموونی ٣٤ ساڵه‌ی ڕابردوو دەبێ باش بزانن کە حکومەتی ئیسلامی ئێران نە تەنیا توانایی چاره‌سه‌ری کێشەی نەتەوەیی لە ئێران‌دا بە چەشنێکی دێموکراتیک نییە، بەڵکو ئامادەی پێدانی ڕی بۆ کار و چاڵاکی هیچ هێزێکی بیمەترسیدار و پاڵاوکراوەی خۆشی نییە. سەرەرای تەواوی ئەوانەش ئەگەر ئێمە باوەڕمان بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕێگای وتووێژەوە لەگەڵ حکومەتی ئەمڕۆی ئێران بێ، دەبینین هەڵومەرج و مەرجەکانی پێویست بەو ئەم کارەش له ئارادا نين که بريتين له
• یەکەم لهئارادابوونی ئوپۆزیسیۆنێکی بەهێز. بە هێزبوونی ئۆپۆزیسیۆن ببێتە هۆی لەتەنگانەخستنی حکومەت تا ئەو ڕادەیە کە سیستێمی دەسەڵات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی ئامادەی وتووێژ لەگەڵ هێزەکانی دژبەر بێ (وەکو ساڵانی پاش شۆرشی ٥٧ کە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە هێزی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و بە پشتیوانی خەڵکی شارودێ بەشیکی زۆریان لە خاکی کوردستان ئازاد کردبوو).
• دووهەم لاوازبوونی دەسەڵات. حکومەت بە هۆی لاوازبوونی بنەماکانی دەستەڵات، پەرەگرتنی گوشاری نێوخۆیی و دەرەکی لەگەڵ دژبەرەکانی دەس بە وتووێژ بکات.
ڕاستييهکانی ئەمرو به‌ڵام دەیسەڵمێنن کە نە هێزەکانی کوردستانی و سەرتاسەری لەو ئاستەدان کە مەترسییەک بۆ حکومەتی ئێران بن و نە ئەم دەوڵەتە ئەوندە لاواز بووە کە لە بەرژوەندی ئەو دابێ تا لەگەڵ ئەم حیزب و کەسایەتیانە، ئەویش جیاجیا، لە سەری مێزی وتووێژ دابنیشێ.
جگه له‌مه‌ش: ئەمرۆ ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هیچ کام لە حیزبە کوردستانییەکان بە تەنیایی ناتوانن خۆیان وەکوو نوێنەری سەرەکی کوردی ڕۆژهەڵات پێناسە بکەن. بەم پێیە هەرچەشنە دانیشتن و وتووێژی هێزێکی کوردستانی بە تەنیایی لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران ئاکامێکی ئەرێنی بە شوێنەو نابێ. لە لایەکیتریشەوە زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی دابڕان و جیابوونەوەی بەشیکی زۆر لە کادر و ئەندامەکانیان تووشی قەیرانی ڕێکخراوه‌يی و فیکریی بوون و جارێ هیچ ئاسۆیەک بۆ یەکگرتنەوەی ئەوان یاخود پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفەراوانی کوردستانی لە نێوان ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانوسانیان لە سەر چەند خاڵی هاوبەشی نەتەوەیی نابیندرێ.
لەم دۆخه‌دا پێشکێشانی مەسەلەگەلێك کە ببێتە هۆی هيوادارکردنی نابەجێ خەڵک بە کاربەدەستانی حکومەتی ئیسلامی وەکو ڕوحانی و هتد … کە بە پێی یاسای ئێرانیش بێ ئیزنی “ولایەتی فەقێ” ماڤی بریاردانیان نییە، تەنیا ڕۆڵ و نەخشی حیزبە کوردستانییەکان لەبەر چاوی خەڵک سووک و بێڕەنگ دەکات و نیشانگەری بێ دەسەڵاتیی، لاوازیی، بێ کاریگەریی و بێ ئاسۆییانە.
ڕوحانی هەر لە ئەوەڵ ڕۆژەکانی بەسەرکارهاتنی بە ڕاشکاویی رایگەیاند “لە ئێران قەوم و نەتەوەمان نییە، ئەوانەی هەن تەنیا دەستە و تاقمەی فەرهەنگی- زمانین”!! بڵێی بکرێ لە گەڵ ڕوحانییەک کە تەنانەت کورد وەکو گەلێک پێناسە ناکا، ڕێگای گەیشتن بە فیدرالیزم بپێوین؟!
بێگومان هێزێکی کوردی که به پێی به‌رنامه‌که‌ی ده‌يهه‌وێ کێشه‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا چاره‌سه‌ر بکا، ناتوانێ پێوه‌نده‌یی به حکومه‌تی ناوه‌ندييه‌وه نه‌بێ. ماداميش ئه‌م حکومه‌ته سياسهتەکەی سەرکوتکردنی کورد و بزووتنه‌وه‌ی کوردە; کورديش ده‌بێ هه‌ر به‌م چه‌شنه ئه‌م سياسته له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م حکومه‌ته به‌ڕێوه‌به‌رێ، به‌تايبه‌تی ئه‌وه‌ی که بە پێی ئەزمونی ٣٤ ساڵی ڕابردوو وێچوونی وەدیهاتنی هيچ يه‌ک له ئامانجه‌کانی هێزە سیاسیەکانی کورد بە پێی بیر و باوەری سیاسی – ئۆلی کاربەدەستانی ئێران له چوارچێوه‌ی ئه‌م ڕژيمهدا نەیە و هه‌روه‌تر به‌تايبه‌تی که هيچ نيوهههلێکيش بۆ چاڵاکانی سياسی و مه‌ده‌نی ناو وڵات نابیندرێ که بتوانن له‌م چوارچێوانه‌دا و به ئاشتی و ورده‌ورده ئه‌م ئامانجانه وه‌دی بێنن. که وايه هيچ پاساوێک بۆ ئەوانەی نییە کە له ئاست بێئهرککردنی خۆ و جارناجار تاشينی شه‌رعييه‌تی خه‌لکیی، ئه‌رکی خۆیان وه‌ک ئۆپۆزيسيۆن لەبيردهچێتهوه.
ئەوانەی کە ئەمرۆ بە شوێن دۆزینەوەی ڕێگای ئاشتی و وتووێژ لەگەڵ حکومەتی ئیسڵامی دەکەون، لەوەدەچێ مێژووی خوێناوی و خۆکوتەنی “نییەتی خەراپی” حکومەتی تارانیان لە ڕیکخستنی وتووێژەکان لەبیر چۆتەوە یان لە پشت گۆیان ناوە. جێگای داخە کە بەشێک لە بەرپرسانی هێزەکانی کوردستانی وانەیەکیان لەو هەموو کارەساتە نەگرتوو و دەیانەوەی ئەزمونی بێ ئاکام و تاڵی ڕابردوو دووپات کەنەوە و لە بێ ئاسۆیی خۆیان، خەڵک بەرەو ئەم چەشنە سیاسەتە هەرەسهێناوە رابکێشن و ناوی”عەقلییەتی سیاسی” لەسەر دانێن!! کاتێک باس لە “نییەتی خەراپی” کۆماری ئیسڵامی لە وتووێژ دەکرێ ئەوە بۆخۆی بۆ مانایەیە کە حکومەتی ئیسڵامی بە درێژایی بوونی خۆی، ئەگەر مڵی بۆ وتووێژکردنیش دابی نە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بەڵکو بۆ بەجێگەیاندنی هەر ئەوە “نییەتە خەراپە و ناپاکانە” بووە و ڕاستییەکانی ژیان سەڵماندویانە حکومەتی ئیسلامی ئێران “بالقوە و بالفعل” توانای چارەسەرکردنی پرسی کورد و نەتەوکانی دیکەی ئێرانی نییە و ئەگەر کاتێک ئەم “عەقلییەتە سیاسییە” پێکهات ئەو بەو مانایەیە کە ئیتر پێکهاتەیەک بە ناوی حکومەتی ئیسڵامی نەماوە. جابۆيه بنێشته‌خۆشکه‌ی “عه‌قڵييه‌تی سياسی” که هه‌ر ڕۆژێ چه‌ند جار حکومه‌تی ئيسلامی پێ تاوانبار ده‌که‌ن و خه‌ڵکی پێ هيوادار ده‌که‌ن، ته‌نيا له خزمه‌تی حکومه‌تی ئيسلامی دايه و به‌س. “رودەکی” کوتەنی:
“هر کە نامخت از گذشت روزگار نیز ناموزد ز هیچ آموزگار“
١٥ی ژولای ٢٠١٤