”کوێستان شڵەژا بوو، سەدان ژاندارم و پیاوی ئاغایان بە شاخانەوە بوون، فەوج فەوج و دەستە دەستە دەهاتن، لە خانێ ڕا، لە سەردەشتێ ڕا، لە سابڵاغێ و ورمێ، تەواوی ڕێگا و بانیان گرتبوو، دەوڵەت بە تەواوی هێزی هاتبووە مەیدان،

تەواوی پاسگاكان ئامادەباشیان درابوویە، دەستەی چریكیان ساز کردبوو، سەدان دێهاتی لە گەڵیان کەوتبوون، ماڵ بە ماڵ دەگەڕان، لادێیەکان ورد و درشت، پیر و جحێڵ کەوتبوونە بەر پەلاماریان، سۆسەیان لەهەر شوێنێكی کردبا وەكو موورو مەلەخ تێدەورووكان.
نێوبانگی مراد و مستەفا و هاواڵانیان دەماوەدەم ڕۆیبوو، سنووری پەڕاندبوو، زاویتە بوو، بە تەوژم ڕۆیبوو، چوارقوڕنەی کوردستانی داگرتبوو، ئەرتەش بۆ یاریدەی ژاندارمان هاتبوو، ڕۆژ نەبوو فڕەفڕ و وڕەوڕی هێلیكۆپتێر و تەیاران نەیە. ئاورێك بوون، دووکەڵێك بوون، كەوتبوونە هێلانە زەرگەتان، هارووژاندبوونی، لە تەواوی ناوچەی لاجان و پیران و دەشتی گەڵوانێ نێوی مرادی كەوتبۆ سەرززاران”.
ئەمە دوو پاراگراف لە فەسڵی ٤٤، لاپەڕەی ٢٦٣ی ڕۆمانێکن کە ئەگەرچی ساڵی ۱۳۷۹(٢٠٠٠) چاپ و بڵاو بۆتەوە، من ئەم ڕۆژانە کەوتە بەردەستم و خوێندمەوە. ”زینوێ بەتەم” ڕۆمانێكی ۳۲۵ لاپەڕەییە، ”کامران حامدی” نووسیویەتی و ”انتشارات محمدی” لە سەقز چاپی کردوە. ئەم ڕۆمانە شیرینە، سەڕەڕای دەوڵەمەندبوونی لە باری وشەی کوردییەوە و هەوڵی ئاشکرای نووسەر بۆ ئەوەی زۆرترین و جوانترین وشەکانی زمانەکەی بە تایبەتی ئەو وشە و زاراوانەی خەڵکی ناوچە و شوێنی لەدایکبوونی ڕووداوەکان پێی دەدوێ، بەکاربێنێی، پێداچوونەوەیەکی وردی زمانەوانیی کوردیزانێکی شارەزای پێویستە. لە باری تەکنیکی ڕۆماننووسییشەوە – ئەگەرچی لەو بارەوە خۆم بە خاوەن نەزەر نازانم – هەر لە یەکەم خوێندنەوەدا هەست دەکرێ هێندێک ڕووداو، لەسەر ڕۆیشتنی پتری پێویست بوو، ئاڵقەی پێوەندیی ژمارەیەک لە ڕووداوەکان دەبوایە زیاتر و پتەوتر بان و… هتد. بەڵام لێرەدا بە هیچ جۆر مەبەستم هەڵسەنگاندنی ڕۆمان و ڕەخنەگرتن لە کاری کاکی ڕۆماننووس نییە، بە پێچەوانەوە، دەمەوێ لە دوورەوە و لە قووڵایی دڵمەوە دەستخۆشی پێ بڵێم و پیرۆزبایی لێ بکەم.
من هیچ شتێک لە باری کاکی ڕۆماننووسەوە نازانم، ئەوەندە نەبێ کە بیستوومە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی قارەمانانی ڕۆمانەکەی و چۆنیەتیی ڕووداوەکان، گەشت و گەڕانێکی باشی بە زۆر ناوچە و گوند و کوێستاندا کردووە، نازانم تەمەنی چەندە، چی خوێندووە و چەندەی خوێندووە؟ لە ڕابردوودا بە چییەوە خەریک بووە و ئێستا خەریکی چییە؟ بەڵام دەزانم ئەم کارە گەورە و پیرۆزەی گەیاندووەتە ئەنجام لە لایەکەوە بەرهەمی ئۆگری بە کاری ئەدەبی و هەبوونی مایە و توانای چیڕۆکنووسییە، لە سەرێکی دیکەشەوە نیشانەی ڕێزدانانی بۆ خەبات و تێکۆشانی دژ بە ستەم و ئازادیخوازانەی شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەیەتی. ئەم جۆرە تایبەتمەندییانە لە زۆر ئەدیب و نووسەری کوردی چەند دەیەی ڕابردوودا هەبوون کە بۆ خۆیان لە نێو جەرگی ڕووداوەکان دابوون، یان لە نزیکان و دۆستانی قارەمانانی ڕۆمانی ”زینوێ بەتەم” بوون، بەڵام نەک هەر بە نووسینی ڕۆمان، بەڵکوو بە گێڕانەوەی ئاسایی ڕووداوەکانیش، ئەرکی خۆیان لە ئاست مێژوو و نەوەکانی داهاتوو بەجێ نەگەیاندووە. ”مراد” [شیرێژ] قارەمانی سەرەکیی ڕۆمانی ”زینوێ بەتەم” و ”سلەیمان”، ”عەبدوڵلا”، ”سمایل”، ”قادرخان”، ”مینە” و چەندین خەباتگێڕی دیکە، بە بۆنەی ڕاپەڕینیان لە ڕێژیمی زۆرداری پاشایەتی و بەشدارییان لە خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧دا، لە مێژە ناویان لە گوێی مەماناندا دەزرینگێتەوە و خۆشمان دەوێن، بەڵام نە خۆمان هەوڵمان داوە شتێکی ورد لە بارەی چۆنیەتیی هاتنیان بۆ نێو کۆڕی خەبات و، کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانیان، هەڵسووڕان و تێکۆشانیان و هەلومەرجی ڕاست بوونەوەیان لە ڕێژیمی زۆرداری پاشایەتی وئەو هەموو بەکرێگیراوەی و، بارودۆخی سەردەمەکەیان بزانین، نە ئەوانەش کە بەشدار و شاهیدی ڕووداوەکان بوون، زەحمەتی تێگەیاندنی نەسلەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ لە قووڵایی و بەرینایی ستەم و زۆرداریی ژاندارم و ئاغاکان و دڕدانی کۆمەڵێک مرۆڤی ئازا و خۆبەختکەر و ئازادیخواز بە تاریکیی نەنگوستەچاوی ئەو سەردەمەیان، بە خۆیان داوە.
دەبێ ”زینوێ بە تەم” بخوێنیەوە بۆ ئەوەی بە ناخی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەی کوردستاندا شۆر بینەوە و بە دەم ڕامان لە درەوشانەوە و ڕاخوشینی پۆلە ئەستێرەیەک لە تاریکستانی نیوەی دووهەمی دەیەی پەنجای هەتاویدا، دەیان دیمەنی سەرنجڕاکێش لە واقیعی ژیانی ئەو ڕۆژگارەی خەڵک ببینین، هەر لە بێر و هاوێر و چیغ و چادر و هۆبە و هەوار و مەڕدارییەوە بگرە تا دەگاتە دڵداریی نێوان کچان و کوڕانی لادێیی مەحکووم بە بێمورادی و پێ نەگەیشتن، هەر لە ڕێگریی چەتەکان و باج ستاندنی ڕەئیس پاسگاکان لە کاروانچییەکان ڕا بگرە تا زوڵم و زۆری ئاغاکان لە دێنشینان و ڕایی کردنی کاری خۆیان لە لای دەوڵەت بە بەرتیل و دەم چەورکردن. بەڵام فەرامۆش نەکراوترین دیمەنەکان، دیمەنەکانی مەرگی سەربەرزیی قارەمانە لە ستەم یاخی بووەکانن. بۆ نموونە:
”مراد زەبری دا بە خۆی، چاوی هەڵێناوە، حاجی شەفیع لە حاست خۆی سەری بەردابۆوە، ویشک هەڵاتبوو، مراد بزێکی لێدا و بە حاڵ قامکە بێهێزەکانی جووڵاندەوە، قامکی شەمێی بە قامکی خوێناویی گرت و چاوی دە چاوی بڕی، بادیناوی دەگوڕێنێت، سووڕ دەخوات و لوورەی دێ، هێرۆی دیت دە چاوی لە پێلی شەودا بۆ لای دەهات، ئاخرین وزەی دەکار گرت و دەستەکەی دیکەی بڵیند کرد و بۆ لای چاوی شەمی برد، نەگەیشتێ و بەربۆوە. سەری سووڕاوە، چاوی لەسەر قەندیلی مابۆوە، زینوێ بە تەم بوو.
ئەسپە کوێت لە دوورەوە هەستا سەر پاشوان، پڕ بە وڵات حیلاندی، حیلەی پشتی قەندیلی لەزراندەوە، قەندیل گریا و گریا، فرمێسکی گوڕ گوڕ لە چاو هاتنە خوار، دەستیان دا بە یەک و خۆیان لە باوەشی بادیناوێ هاویشت، بادیناویش بە وێنەی ئەسپە کوێتی حیلاندی، سەری لە دار و بەردان دا و شێت و هار بەرەو وڵاتی بێوار، لێنگی د ا.”
**
(٭)لە ستوونی ”بەر لە ماڵاوایی” ژمارە ٣٩٥ی ڕۆژنامەی ”کوردستان” ٣١ی پووشپەڕی ١٣٨٣، ٢١ی جولای ٢٠٠٤دا بڵاو بووەتەوە.