هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی توندی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئەو هێرشانەی بە ”پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی جێنێف و تاوانی جەنگ” ناوزەند کرد.

ئاوێنە: هاوپەیمانییەکە کە لە شەش لایەنی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە، ڕایگەیاندووە کە تاران بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە سیاسی و سەربازییەکانی، پەنای بۆ بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و کەمپی پەنابەران بردووە. جەختیشیان کردووەتەوە کە ئەم شەڕە، شەڕی گەلانی ئێران نییە لەگەڵ جیهان، بەڵکو ”سیاسەتی زێدەخوازیی ڕژێمێکە کە خەڵکی خۆی بە بارمتە گرتووە”.
ئاماری هێرشەکان و قوربانییان
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە دەستپێکی ئەم قۆناغەی ئاڵۆزییەکانەوە:
زیاتر لە ٧٠٠ جار سەروەریی خاکی عێراق لەلایەن ئێرانەوە بەزێندراوە.
١٥٠ هێرشی ڕاستەوخۆ کراوەتە سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسی.
تا ئێستا ٢١ کەس شەهید بوون، کە ١٠ کەسیان ئەندامی لایەنەکانی ناو هاوپەیمانییەکەن.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان کردووە هەڵوێستی کردەیییان بەرامبەر ئەم دەستدرێژییانە هەبێت. هاوکات بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم کوردانی تاراوگە کردووە کە بە یەکگرتوویی لە بەردەم باڵوێزخانەکان و ناوەندەکانی بڕیار لە وڵاتانی دەرەوە کۆببنەوە و ببنە دەنگی ”خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەکەیان”.
ئەم هاوپەیمانییە کە لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦ و لە کاتی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێران دامەزرا، ئامانجی یەکخستنی گوتاری سیاسی و ئامادەکارییە بۆ قۆناغی دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، لە ئێستاشدا شەش پارتی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر چەتری ئەو هاوپەیمانییەدا کار دەکەن.