لە کاتێکدا جیهانی مۆدێرن بەرەو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ هەنگاو دەنێت، لەناو جەرگەی تارانەوە دەنگێکی نووساو و پڕ لە قین، بە زمانی هەڕەشە و بێڕێزی، وەڵامی ویژدانی بێداری مرۆڤایەتی دەداتەوە.

قسەکانی غوڵامحوسێن موحسنی ئێژەیی، بەرپرسی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، تەنیا لێدوانێکی سیاسی نین؛ بەڵکوو ڕاکێشانی پەتی سێدارەیە بەسەر گەرووی میللەتێکدا کە تەنیا تاوانیان داواکردنی ژیانە.
ئێژەیی بەو پەڕی بێشەرمی و بە بەکارهێنانی ئەدەبییاتێکی بازاڕی و نزم، ڕوو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێت: ”ئێوە کێن؟ غەڵەت دەکەن دەڵێن لەسێدارە مەدەن!” ئەمە زمانی دیپلۆماسی نییە، ئەمە زمانی عەقڵییەتێکی سەدەی ناوەڕاستە کە جگە لە خوێنڕشتن، هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ مانەوەی خۆی شک نابات. کاتێک بەرپرسێکی باڵای ”دادوەری” بەم شێوەیە دەدوێت، دەسەلمێنێت کە لەو وڵاتەدا شتێک بە ناوی ”یاسا” نییە، ئەوەی هەیە تەنیا ویستی دیکتاتۆرە بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە.
سەیرتر لە هەڕەشەکانی، ئەو ئیدۆلۆژیا چەوتەیە کە سێدارە و سەرکوت وەک ”داواکاریی گەل” ناوزەد دەکات.
کێ داوای سێدارە دەکات؟ ئەو دایکانەی جگەرگۆشەکانیان لە پەتی سێدارە دراون؟
کێ داوای سەرکوت دەکات؟ ئەو گەنجانەی بۆ پارووە نانێک لە شەقامەکاندا سینگیان دەکرێتە ئامانجی فیشەک؟
نا! ئەوەی داوای سێدارە دەکات، تەنیا ئەو کورسییە لەرزۆکانەیە کە ئێوەی لەسەر دانیشتوون و دەزانن بەبێ ترس و تۆقاندن، یەک ڕۆژیش بەرگەی ڕقی پیرۆزی ئەم گەلە ناگرن.
وەڵامە توندەکەی ئێژەیی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم ڕژێمە هیچ بایەخێک بۆ بەها مرۆیییەکان دانانێت. ئەوان سێدارە وەک ئامرازێکی سیاسی بەکار دەهێنن بۆ:
خامۆشکردنی دەنگی ناڕەزایەتی.
دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ترس لەناو جەماوەردا.
پێشگرتن لە هەر چەشنە گۆڕانکارییەک کە هەڕەشە بێت بۆ سەر دەسەڵاتە گەندەڵەکەیان.
با ئێژەیی و هاوپەیمانەکانی بزانن؛ مێژوو نیشانی داوە کە هیچ ڕژێمێک بە پەتی سێدارە نەیتوانیوە بۆ هەتاهەتایە لەسەر تەرمی ئازادیخوازان حوکم بکات. ئەو زمانە زبر و بێئەدەبانەی کە ئەمڕۆ پێی دەدوێن، نیشانەی هێز نییە، بەڵکوو نیشانەی ئەو ترسە قووڵەیە کە لە چاوی خەڵک و لە فشاری نێودەوڵەتیدا دەیبینن.
ئەگەر جیهان بێدەنگ بێت، پەتی سێدارەی ئەم ڕژێمە درێژتر دەبێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە جیاتیی لێدوانی نیگەرانی، بە کردار وەڵامی ئەم ”غلط” کردنەی جەلادانی تاران بدەنەوە.
کاتێک سەرۆکی دەزگایەک کە ناوی ”دادوەری”یە، بەو پەڕی لووتبەرزییەوە دەپرسێت: ”ئێوە چ کارەن کە قسەی وا دەکەن؟”، لە ڕاستیدا وەڵامی ویژدانی زیندووی هەموو مرۆڤایەتی دەداتەوە. ئەم پرسیارە لە عەقڵییەتێکی وادا سەرچاوە دەگرێت کە وا دەزانێت جیهان وەک ژوورە تاریکەکانی ئەشکەنجەدان وایە و دەتوانێت بە چەپۆکی ستەم، دەمی هەموو دنیا دابخات.
ئێمە پێتان دەڵێین کێین؛
ئەو لایەنانەی ئێوە بە ”هیچ”یان دەزانن، نوێنەری یاسا نێودەوڵەتییەکان و کەرامەتی مرۆڤن. ئێوەن کە لەبەردەم دادگای مێژوودا ”هیچ” نین جگە لە کۆمەڵێک تاوانباری جەنگ کە دەستتان تا ئەنیشک لە خوێنی گەنجانی ئەم نیشتمانەدا سوورە.
ئەم زمانە هەڕەشەئامێزە، نیشانەی شکستێکی گەورەیە. کاتێک دەڵێن ”ئێوە غەڵەت دەکەن”، لە ڕاستیدا لە ترسی لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی دەلەرزن. ئێوە سێدارە وەک قەڵغانێک بۆ مانەوەی خۆتان بەکار دەهێنن و هەر دەنگێک کە داوای ڕاگرتنی ئەو کۆمەڵکوژییە بکات، وەک هەڕەشە بۆ سەر کورسییە لەرزۆکەکانتان دەبینن.
ئەو بێحورمەتییەی بەرانبەر بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەیکەن، تەنیا ڕێگەی ڕزگاربوونتان ئەستەمتر دەکات. مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەو گەرووانەی ئەمڕۆ بە غەڵەتکردن و هەڕەشە دەکرێنەوە، سبەی لەبەردەم دادگای گەلدا دەبێت وەڵامی تاقە تاقەی ئەو خوێنانە بدەنەوە کە ڕشتوویانە.
ئیدریس هاشمی – سوید