Hoppa till innehåll
Hem »  دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت، شارەکەت، ، سەدیق بابایی

 دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت، شارەکەت، ، سەدیق بابایی

 دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت، شارەکەت،   ئاسکە جوانەکەم، تەسکە بۆ ئەوین و بۆ خەفەت هەراو.  ”خاڵە”


” ئێــڕ ئێــڕ”
لە ناوزەنگ تێدەپەڕیم. ڕەحمەتیی مام جەلال لە گەڵ پێشمەرگەکانی یەکیەتی لە کۆبوونەوەدا بوو. زوو زوو بە دەنگی بەرز دەیفەرموو : ” ئێڕ ئێڕ بەسە برایان!”
پێم سەیر بوو، ئێڕ ئێڕ ئەبێ چێ بێت؟ لە هاوڕێکەم. سدێق فەڕۆخیان پرسیارم کرد ، ئەرێ ئێڕ، ئێڕ چیە؟
وتی:” نازانی”؟!
وتم نەوەڵا.” وتی: ” ئێڕ ئێڕ واتە ڕاو و ڕووت.”
هەندێ دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەن ڕەنگە بەبێ کاریگەری لە سەر یەکتر نەبن. پاشتر لایەنی زیاتری ئێڕ ئێڕم بۆ ئاشکرابوو. بەڵام خۆزگەم دەخواست ئەمە بە ئاقاری تر دا وەر نەسووڕێت.
ئێمە دوای داگیر کرانی ناوچەی سەرشاخان لە نێوان مەنگوڕانی مەهاباد و نەڵێن (پیرانشار) بەشێک لە ناوەندەکانمان بۆ بناری قەندیل گواستەوە. واتە بووین بە جیرانی ئازیزانی ی ن ك.(ناوچەی محەڕەمە.)
بناری قەندیل؛ سونێ مارە دۆ، سینە مۆکە، کۆمتان، ئێنزێ ، لێوژی، بۆڵێ، ئەستێرۆکان، زارگەڵوو تا رەواندۆز.کارەسات پشتی کارەسات جار نەجار بەرۆکی دەگرتین! کارەساتگەلێک گرێدراویان بە وتە و فەرموودەکانی ڕێزدار مام جەلال (ئێڕ ئێڕ ـ ەوە) هەبوو! بۆ وێنە :
جارێک پێشمەرگەیەکیان کەسێکی خەڵكی مەهابادکە جەڵەبی خەڵکی هێناوە پاش فرۆشتنی دەگەڕێتەوە بەرەو ڕۆژهەڵات لە نزیکی کۆمتان ڕووت دەکاتەوە و ١٧٠٠٠ دیناری پارەی فرۆشی جەڵەبەکەی لێ زەوت دەکات!
کابرا سکاڵای بۆ لای ئێمە هێنا کە فڵان کەسی فڵان هێز …
ناردمان هەمان کەسیان دەس بە سەر کرد. پاش یەک دوو ڕۆژان فەرماندەری پێشمەرگەکانی ی ن ك ، ع .. کوێخا حەسەن(پشدەر)، ئەگەر ناوەکەم باش لە بیر مابێت، پیاوێکی هێدی بوو هات. فەرمووی پیاوەکەمان بەرەڵاکەن پارەکە دەگەڕێتەوە. پاشان سەری نەگرت! بڕیارمان دا مەڕی ماڵە بابی هەمان کەس لە قەندیل زەوت بکرێت. ئاخرەکەی جەنابی فەرماندە فەرموویان : ”پارەکە دەدرێتەوە بەڵام شتێکی پێ ببەخشن!” کە بە خێر گوزەرا.
دیسان ئەر کورت بکرێتەوە، پێشمەرگەکانیان بە شەو پێش بە بار هەڵگرەکانی ڕۆژهەڵات کە شتوومەک دەگوازنەوە دەگرن. یەک لەوان تفەنگی ژ.س ی پێ دەبێت تەقەی بەرەنگاری دەکات و یەک لە پێشمەرگەکانی ی ن ک بریندار دەکات. دواتر لە ترسان خۆ لە بنکەکانی ئێمە دەهاوێت.
ڕۆژی پاشتر جەماعەتی ی ن ک داوای ڕادەست کردنی لێمان دەکەن کە بە خۆشیەوە ئەویش بە خێر تێدەپەڕێت.
لە سەر جادەی زارگەڵوو و رەواندوز هەندێک کەس دووکانیان دایر کردبوو. یەک لە کادرە دانیشتوەکانی ئێمە بە ناوی( ملا مۆحەمەد پووریا) دووکانی کووتاڵی دانابوو. شەوێک بە سەر دووکاندا دەدەن و بۆی خاوێن دەکەنەوە.
لە کڵێتان ناوچەی ئالان سەردەشت بووم. چاوم بە ( کاک جەلال ئەحمەد خەلیل) پێشمەرگەی ناسراوی ی.ن.ک خەڵکی قەڵادزێ کەوت. بەینێک بوو یەکترمان دەناسی. لە لای خوارێ،ماوەت وسلێمانی دەگەڕایەوە دەچوو بۆ سەرکردایەتی لە (ناوزەنگ).
لێم پرسی کاک جەلال:” وەزعی ژیانی خەڵک و گوزەرانیان چۆنە؟”
وتی:” فڵان کەس؛ وەزعی خەڵک باش نیە. جاران زەلامی واهەبوو دەستت بە باخەڵیدا دەکرد١٠٠٠ دیناری تێدا بوو. ئێستا دەست بە باخەڵی خەڵکدا دەکەی چی تێدا نیە!”

کەم نەبوون ڕووداوی تر! لەوانە ئەر بۆ نموونە باس بکرێت. نووسراوی ملازم(نێهاد) گۆیا لە بەشی پاراستن ناوچەی پیرانشار نیشتەجێ بوو بۆ حیزبی بەعس دەیناردن و ئێمە بە پێی ڕاپۆرت، لە نێو کورتانی ئێستری قاچاخچی دەرمان هێنا و بۆ مەکتەبی سیاسی خۆمان نارد.
ڕووداوی ڕادەست كردنەوەی (سەلیمی) ڕاکردوو لە زیندانی سەقز بە دەسەڵاتی تاران و هەنووکە غەزاڵی جوانە مەرگ؛ ئەم یبرەوەرییانەی لای من نۆژەن کردنەوە.
بە چەشنێک پێم وایە ئێستا زیاتر لە هەرکاتێکی مێژوو دیاردەی کاردانەوەکان ئاشکراو زەق دەبن. کاتێک تاکەکان لە سەر ڕێچکەی ڕاست وەر دەسووڕێن ئەگەر چاوەدێری لەسەر نەبێت لە گێجەنە ترازانی هەراو ڕوو دەدات. کورد وتەنی”دۆ و دوشاو تێکەڵ دەبێت.”
کۆی کورتی مەبەستی ئەم باسە ئەوەیە بە داخەوە ئەوڕۆ دەبینین دیاردەی گەندەڵی ئێڕ ئێڕی باس کراوی ڕەحمەتیی مام جەلال بە بێ سڵ کردن ڕەکێشی تێکەڵی گەندەڵی یان ئێڕ ئێڕی سیاسی دەبێت. ئەوەیە کە پێم وایە ئەمە خۆی و کاردانەوەکانی ئەبێتە بوومەلەرزەیەک تا ئاسەوارە پیرۆزەکانی پێشوو تووشی لەرزین بکات. ئەوەکاتێک داخ و ئاخ زیاتر دەکات کۆمەڵگا بە ناوبانگە خاوەن ڕابردووەكە هەڵوێستی پێویست و ڕاست کەرەوەی کز ولاواز دەر دەکەویت. واتە شاری هەڵمەت وقوربانی بە ڕادەیەکی باوەڕ پێ نەکراو کڕ وکپ دەمێنێت! لە وەها حاڵەتێکدایە كە هەیبەتی هەیبەت سوڵتان دادەبەزێ.
حاجی قادر چیتر خۆی سەرفراز بە جووڵەی هەندێ لایەن لە كۆیە نازانێت.
مامە ڕیشە جارێکیتر ڕیشەکەی خۆی لە گەڵ ڕیشەکەی ئاخۆدەندی ( شێر کۆبێکەس) بۆ چاوساغی ڕێچکەی پاسداران و لە گوڕ وتین خستنی بابە گوڕگوڕ دەکاتەوە دەستەچیلەی تەیار کردنی کارەساتی هەڵەبجە.
بەڵی مێژوو هەمدیس داستانی هەمەدان زیندوو دەکاتەوە. بەڵام ئەمجارەیان بە سەرو پاو پۆس نە لەم دیو، بۆ ئەو دیوی خۆر! کارەساتەکە تا دێت هەراوتر مەودا بۆ هەل پەرستیی نان خۆران بە نرخی ڕۆژ زیاتر دەکات.
فەرموودەی شێخ عیسی بەرزەنجی لە پرسەی خامنەییە، بە وتەی ” ئەوخامنەیی لە پێناو ئایین و شەرەفی ئەواندا بووە بە قوربانی. خامنەیی باوکیانە!!!
کاکە حەمە لە لەلایەكی تر یەک لە شانازییەكانی، جێ بە جێ کردنی فەرمانی قەتیس هێشتنی سەفەری خانمە ئەجنەبی ( مادام میتران) بۆڕێگری لە خەمخۆریی خەڵکی لێ قەوماوی هەڵەبجە بە فەرمانی بەرپرسی ئێتڵاعاتی مەریوان بە هێنانی ماشێنی بۆمبڕێژکراو و تەقاندنەوەی لە سەر ڕێگەی ئەو خاتوونەیە.، تا فەخری خزمەتکاری تارانی بە نسیب ببێت وئێستەش هەر درێژەی بدات.
مشیر، مشیر، مشیرەکانی حەمەی سڵیـان قۆڵیان هەڵماڵیوە تا لاق لە سەر تاشەبەردەکەی سەر سەری شێخ توندتر بگوشن. بەڵکوو جارێکیتر (مەولانا خالدی) نیشتمان بەرەو بەغدا بە فیتی عوسمانی وسەفەوی ڕاو بنێن.
قەڵەمەکەی ئەمین زەکی بەگ دەشکێندرێت تا ئیتر مێژوو بە چەشنی ڕابردوو نەنووسرێت. ئەوەنیە شەرەفنامەکانی قەرارگای ڕەمەزان[ در دوران ”دفاع مقدس”جنگ در فراسوی مرز و اطلس قرارگاە رمضان]، چیرۆكی پاکتاوی کەرامەتی کوردیان بە یاوەری ئەمان بە وردی بۆمان تۆمار کردوە.
مامە یارە چیتر ئەمساڵ نەورۆز بەر پا ناکات نەکوو تارانی هەخامنش، تارانی حسێن، گۆشەی چاویان لێ تۆخ بکات!؟
بەڵێ پەیکەری كوڕنۆش تا بەرزایی لووتکەی پیرەمەگروون بە کردەوە قیت لە کردار و وشەی ژاراویدا، هاوار پاش هاوار سەڵا دەدات ئێمە ئەوەین، ئێوە دەخوازن.
ئەگەر ئاوڕ لە نێوەرۆکی کتێبی ” تێڕۆڕی دەوڵەتی” چاپی ناوەندی چاپەمەنی تیشک سلێمانی(نووسینی سدێق بابایی) دەدەمەوە و کارەساتی تێڕۆڕی سەدان کەس خەباتکاری ڕۆژهەڵات چاو لێدەکەم، ڕێژنەی فرمێسك لە چاوم کەف چڕێنی چەمن. پێم ناڵێن؛، بە کام سەرفرازی ئەتوانم پێداگری ئەو وتە بکەم کە ئێژن :” یەکە، یەکە، یەکە، کوردستان یەکە!”
کورد ناچارە هیوا خواز بێت زیانەکان چیتر تەشەنە نەکات.
من خۆم لەو ئاستە دا نابینم کەمترین بێڕێزی بە گیانی نیشتمان پەروەری هەزاران خەباتکاری باشوور لە ڕیزی ئەو هێزانە دابکەم کە بە دەیان ساڵە خۆێنیان لە پێناو نیشتمانێکی بەختەوەر دا دەڕێژرێت. بە ڵام لە هەمان کاتدا ناتوانم لە ئاست ئەو لاری و خەمناکیە ئابڕوبەرانەیە کە ئاوقەدی جەستەی خوێناوی شەهیدەمەزنەکانیان دەکرێت بێدەنگ بم و چاوببستم و گەرووم لە بێدەنگی دا نوقم کەم.

سدێق بابایی ٢٠/١٢/٢٠٢٦