Hoppa till innehåll
Hem » کاروانی شەهیدان، شەهید شاهین ئازەربەرزین، نەوەی شەهید ئەبووبەکر، سەید عەلی هاشمی

کاروانی شەهیدان، شەهید شاهین ئازەربەرزین، نەوەی شەهید ئەبووبەکر، سەید عەلی هاشمی

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکەوتی ١٤٠٥/١/٢٨ هێرشی مووشەکیی بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان درێژە پێدا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٢٨ی خاکەلێوە، بە درۆن و مووشەک هێرشەکانی بۆ سەر کەمپەکانی ئەو حیزبە دووبارە دەست پێکردەوە؛ بەو هۆیەوە باوک و کوڕێک شەهید و بریندار بوون. لەو پەلامارەدا شاهین ئازەربەرزین شەهید بووە و نادر ئازەربەرزین، باوکی شاهین، بە توندی بریندار بووە.

لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزب، دوو پێشمەرگەی کچ بە ناوەکانی نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری شەهید بوون و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوون.

نادر ئازەربەرزین، کوڕ و یادگاری شەهید ئەبووبەکر ئازەربەرزینە؛ شەهید شاهین ئازەربەرزینیش، نەوەی شەهید ئەبووبەکر، وەک باپیری خۆی چووە ناو کاروانی شەهیدانی نیشتمان.

شەهید شاهین ئازەربەرزین، نەوەی شەهید ئەبووبەکری ئازەربەرزینە. شەهید ئەبووبەکر سەردەستەی تیمی نهێنیی تەشکیلاتی حیزب بوو کە لە پایزی ١٣٦٣ی هەتاویدا، لەنێو شاری پیرانشاردا لەلایەن ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەگیرێت. لە ماوەی چوار ڕۆژدا، لەژێر ئەشکەنجەیەکدا کات بەسەر دەبات کە تەنیا شایانی کۆماری ئیسلامییە. ئەبووبەکری ئازەربەرزین کاتێک بۆی دەردەکەوێت توانای خۆڕاگریی زیاتری نییە و چیتر خۆی لەبەر ئەشکەنجە پێ ڕاناگیرێت، بۆ پاراستنی گیانی هاوسەنگەرانی، خۆی دەکات بە قوربانی. لە ڕێکەوتی ١٣٦٣/٧/٦ لەنێو زیندانی ئیتڵاعاتی پیرانشاردا کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت و ئەویش وەک مامۆستاکەی(١) گیانی هاوسەنگەرانی ڕزگار دەکات و دەچێتە نێو کاروانی شەهیدانەوە.

(١) شەهید سەید مستەفای حوسێنی، ناسراو بە سەید مستەفای قەڵاتێ مووتاوێی پیرانشار، بەرپرسی کۆمیتەی نهێنیی حیزب لەناو شاری پیرانشار بوو. لە پایزی ١٣٦٣ی هەتاویدا لەلایەن بەشی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە پیرانشار دەستگیر دەکرێت و بۆ زیندانی ورمێ بەڕێ دەکرێت. بەهۆی ئەوەی شەهید سەید مستەفا ئەندام و بەرپرسی نهێنیی کۆمیتەی ناو شاری پیرانشار بوو، ئاگاداری تەواوی کاری حیزبی بوو لەو شارەدا، بەڵام یەک وشەی حیزبی نەدرکاند و ناوی هیچ کەسێک لە هاوکارەکانی لە دەمی نەهاتە دەرێ. دوای ماوەیەک، لە ڕێکەوتی ١٣٦٦/٢/٢١ی هەتاویدا، ئەو ئەندامە بەوەفایەی ڕێبازی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی تەشکیلاتی نهێنیی نێو شاری پیرانشار، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی فیدای نیشتمان کرد و ئەو پەیمانەی بە حیزب و هاوسەنگەرانی دابووی وەک خۆی بەجێی هێنا و چووە نێو کاروانی شەهیدانی کوردستان.

سەید عەلی هاشمی ٢٠٢٦/٤/١٨