هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق لە بەرانبەر هێرشەکانی سەریان، کاردانەوەی جیدیی هەبێت و هەنگاوی کردەیی بنێت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی شەممە، 18ـی نیسانی 2026 بڵاویکردەوە دەڵێت: ”روو لە حکومەتی عێراق رایدەگەیێنین، پێویستە هەڵوێست و کاردانەوەکانی جیدییان هەبێ و هەنگاوی بەکردەوە، یاسایی و راشکاوانە بنێن بۆ پاراستنی گیانی پەنابەرانی سیاسی و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە.”
ئاماژە بەوەش دەکات، ”پاراستنی سەروەریی خاک و گیانی نیشتەجێبووانی هەرێم [ی کوردستان]، ئەرکێکی دەستوورییە، بەتایبەت کە ئەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە رێککەوتننامەی ئەمنییەتیی نێوان دوو وڵاتی پێشێل کردووە.”
چی روویدا بوو؟
ئەم راگەیێندراوەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، دوای زنجیرەیەک هێرش هات بۆ سەر بنکە و بارەگا و شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندام و پێشمەرگەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
دوێنێ هەینی، کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، لە دوو هێرشدا بۆ سەر بنکەیەکی حیزبەکەی لە سنووری سیدەکان و کەمپی جێژنیکان لە سنووری قەزای بەحرکە لە پارێزگای هەولێر، سێ هاونیشتمانی شەهید بوون و دوو2 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی 13ی نیسانیش، لە هێرشێکدا کە حیزبی کۆمەڵە دەڵێت ”کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە” بۆ سەر کەمپی سوورداش لە سنووری سلێمانی، پێشمەرگەیەک شەهید و دووی دیکە بریندار بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکان وەکو تاوانی جەنگ بناسێنێت
هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ”رەخنەی تووند” لە نوێنەرایەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: ”پێمانوایە بێدەنگی و پاسیڤبوونی ئەوان لە بەرامبەر ئەم جینایەتە جەنگییانە و پشتگوێخستنی ئەرکە مرۆییەکانیان، دەستی رژێمی تارانی بۆ دەستدرێژیی زیاتر واڵاتر کردوه. ”داوا دەکەین و پێویستیشە ئەم هێرشانە وەک تاوانی جەنگ و تێرۆری نێودەوڵەتی لەقاو بدرێن، تۆمار بکرێن و هەڵوێستیان لە سەر بگیرێ.”
لە راگەیێندراوەکەدا، هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە تووندی رەخنە لە ”سیاسەتی ساتوسەودای وڵاتان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی” دەگرن و دەشڵێن: ”پێ لەسەر ئەو راستییە دادەگرینەوە کە ئەم رژێمە دیکتاتۆرە ئەمنییەت و سەقامگیریی هەموو جیهانی بە بارمتە گرتووە و هەموو کاتێک دانوستاندن و سازان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ کڕینی کات و بردنەپێشی ئامانجەکانی قۆستووەتەوە.
هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دەڵێت: کاتی ئەوە هاتووە کاردانەوەی خێرای هەبێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سازان لەگەڵ تاران چیدی دەستی رژێم ئاوەڵاتر نەکات.
کوردانی دانیشتووی دەرەوەی رێپێوانی هێمنانە بکەن
هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، داوا لە کوردانی دانیشتووی دەرەوە دەکات، ”بە پلان و بەرنامەی تۆکمە، به رێکخستنی ئاکسیۆن و رێپێوانی هێمنانە و بەشێوەی بەردەوام بێنە سەر شەقامەکان و بە کۆبوونەوە لە بەردەم باڵوێزخانە و کۆنسووڵگەرییەکانی رژێم و ناوەندەکانی بڕیار دەنگی بێزاری نەتەوەکەمان بەرز بکەنەوە.”
سوپای پاسداران: بە درۆن هێرشمان کردە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکرات
ئەمڕۆ شەممە، پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگەی حەمزەی سەیدولشوهەدای سەر بە هێزی وشکانیی سوپای پاسداران رایگەیاند، شوێنی گرووپە چەکدارەکانی حیزبی دیموکراتیان لە ناوچەکانی جێژنیکان و بالیسان لە هەرێمی کوردستان پێکاوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری، شوێنی حەشارگەی ئەو گرووپانە لە ناوچەکانی جێژنیکان و بالیسان دەستنیشان کراون و بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کراونەتە ئامانج.
سەرچاوە: ، سیروان عەباس، رووداو دیجیتاڵ