بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە (قەرەنی بائیز ئاغا شنۆیی) ناسراو بە (قەرەنی قادری) کەسێکی شۆڕشگێڕ و بە توانا بوو و هەموو ژیانی لە دووری زێدی خۆی دژی کۆماری ئیسلامی بەسەر برد. روخانی ئاخوندەکان و گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی نەبینی.

کاک قەرەنی قادری، پاش چەند ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
کە چاو لە لاپەڕەی فەیسبووکەکەی دەکەی دەیان بابەت و کورتە نووسینی شۆڕشگێری تێدان
کاک قەرەنی دەیان بابەتی بۆ سایتی پێشمەرگەکان ناردووە یان بە ئیزنی خۆی بڵاو کراونەتەوە.
پێشمەرگەکان: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزمانی و گشت دوستانی دەکەین و روحی شاد بێ.
***

وەزارەتی رۆشنبیری: قەرەنی قادری بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.
رووداو دیجیتاڵ : مامۆستا قەرەنی قادری، نووسەر و رۆژنامەنووسی دیاری کورد، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ”مامۆستا قەرەنی قادری، نووسەر و لێکۆڵەر لە بواری رۆژنامەنووسی، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی و نەخۆشییەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.”
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان گوتی، کە ئەمشەو کۆچی دوایکردووە.
مامۆستا قەرەنی قادری یەکێک بوو لە نووسەر و رۆژنامەنووسە بە ئەزموونەکان، کە ساڵانێکی زۆر لە بواری فیکری و رۆژنامەگەریدا خزمەتی کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەم و نووسینە لە بوارە جیاجیاکاندا.
***

بەشێک لە کورتە نووسینەکانی
ئاخرین نووسینی کاک قەرەنی: 19ی مارسی 2026 کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ڕووخان
بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، گەورەترین زەبر لە پانتاییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، لە ئایینزای شیعە دەدرێت. هەروەها لە پرۆسەی دوای ڕووخاندا، بە ئەگەری زۆرەوە ئێران بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات.
***
2026/03/13 لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازایدا، هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگی ئێران بە مێشکشیکی پڕەوە ڕووبەڕووی تاران وستانەوە، بەڵام دەستیان بەتاڵ بوو.
لە جەنگی ١٢ ڕۆژەیشدا هەمان سیناریۆ دووبارە بوویە. بە ئەگەری زۆرەوە، ئەم جارە هاوکێشەکان تا ڕاددەیەک گۆڕانیان بەسەردا بێت و، دەستەکانیش پڕچەک بکرێن!
***
2026/03/10
دۆخەکە گونجاوە، ئەگەر کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران وەکوو ئازەری، بەلووچ، عەرەب، تورکەمەن …. پێکەوە هاوپەیمانیان هەبێت تا لە ئێرانی داهاتوودا ببن بە هاوکێشەی یەکلارەوە.
هەر ئێستا هەندێک خەریکن بە ناوی ”یەکپارچەییی خاکی ئێران، هەروەها لێدانەوەی قەوانە کۆنەکەی ”پاراستنی یەکپارچەییی خاکی ئێران” و لە ژێر ناوی ”نەتەوەی ئێران” و ”شۆڕشی نەتەوەی ئێران” ئەو نەتەوانە؛ (کورد، ئازەری، بەلووج عەرەب، تورکەمەن و ،…. دەخەنە پەراوێزەوە!
کورد، لەو کارە گرینگ و ژیانییەدا (دروستکردنی هاوپەیمانیی نێوان نەتەوەکاندا) دەتوانێت، پێشەنگ و دەستپێشخەر بێت، چۆنکە هێز و داخوازیی پێویستی هەیە!
***
2026/03/08
رضا پهلوی: ”در روزهای اخیر، چند گروه تجزیهطلب -که در بعضی از آنها همکاری با خمینی و صدام، هر دو به چشم میخورد- ادعاهایی موهوم و سخیف را درباره تمامیت ارضی و یگانگی ملی ایران مطرح کردهاند. چنانکه بارها تاکید کردهام، حفظ و دفاع از تمامیت ارضی ایران، اصلی خدشهناپذیر است. ما بر سر یکپارچگی و تمامیت ارضی ایران نه با کسی مذاکره میکنیم و نه ذرهای از آن کوتاه میآییم.”
بلە، تو هم می توانی مثل جمهوری اسلامی بە کوردستان لشکر کشی بکنید، ولی در برگشتن نمی توانید خودتان تصمیم بگیرید، کوردســــــتان برایتان تصمیم می گیرد!
***
***
2026-02-22 ڕەخنەگرتن، دەرگەیەک بەرەو ڕاستکردنەوە و چاکسازی
ڕەخنە، کۆمەڵێک زانیارییە کە پەرە به توانا و لێهاتوویی دەدات. مرۆڤ ڕادەهێنێت نەرمونیان بێت و، بە شێوەیەکی عەقڵانی پەیوەندی بە دیاردە و ڕووداوەکانەوە بکات. تەوەری سەرەکیی ڕەخنە بۆ باشتربوونە، هەروەها تێڕوانین و ڕەوتی ئاڕاستەکە ڕوو لە چاکسازی دەکات.
ئامانجی ڕاستەقینەی ڕەخنە، دەبێ چاکسازی، گەشەی تاک و کۆمەڵ بێت. چاکسازییش، یانی خۆگونجاندن. خۆگونجاندنیش یانی مانەوە. هەر لەبەر ئەوەیە کە یوونانییەکان ڕەخنە بە ”هونەری لێکدانەوە” ناو دەبەن.
ئەوان لەسەر ئەو ڕایە بوون کە لە سەرەتادا دەبێ دیاردهیهک بخوێندرێتهوه و دوایی لهبهریهک ههڵبوهشێندرێتهوه، بۆ ئهوهی دهرفهت ههبێت که گشت پێکهاتهکانی ئهم دیاردهیه ببینرێن تا مهودای لێکۆڵینهوه و ههڵسهنگاندن بێته کایهوه. کاتێک ههڵسهنگاندن و لێکۆڵینهوهکه کۆتایی هات، جارێکی تر پێکهاتهکان وهسهریهک بخرێنهوه. لهم قۆناغهدایه که کهموکوڕی و خهوشهکان بهدی دهکرێن. دیتنی کەموکورتییەکان باشە و زۆریش گرینگە، بەڵام باس لە کەموکورتی و باشییەکانیش بوێری دەوێت!
***
2026-02-21 کوردستان
زمانی من (کوردی) تەنیا کەرەسە نییە بۆ پەیوەندیکردن بە دەوروبەرەوە، بەڵکوو ئامانجە! زمانی من ماڵی منە، بەردەوام بە کۆڵمەوەیە.
بە ئاخەفتن، نووسین، خوێندنەوە و گوێگرتن، زمانت (کوردی) بەهێز بکە و بیپارێزە!
زمانت، هێز و دەسەڵاتی هەیە!
زمانی من، وڵاتی منە! بۆ هەر شوێنێک بچم، هەر لەگەڵمە. من و ئەو، دووانەین. با زمانی کوردی گرینگیی ستراتیژیکی هەبێت. با پرسی زمانی کوردی ببێتە بەشێک لە ستراتیژیی خەبات و کاری ڕۆژانە!
***
2026-02-15
یەکگرتوویی، هێز و هاوکێشە
(ململانێی بەرنامە و ئالترناتیڤەکان)
بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ڕەوتە هەستیار و چارەنووسسازەی کە لە ئێرانی ڕەنگاوڕەنگدا دەرباز دەبێت، پەراوێز نەخرێت، هەروەها بتوانێت ڕووبەڕووی چەشنەکانی شۆڤێنیزمیش ببێتەوە، دوو ڕێگە چاوبڕکێنێی لەگەڵدا دەکەن.
یەکەم، یەکگرتوویی لە ناوخۆی خۆی، واتە حزب و ڕێکخراوە سیاسی، مەدەنی، کەلتووری و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بگەن بە کۆدەنگی و یەکگرتوویی، کە ئاکامەکەی دەبێ کاری هاوبەش بێت.
دووەم، پێکهێنانی بەرە یان بە چەشنێک کاری هاوبەش لەنیوان نەتەوەکانی دیکەی ئێران، چونکە ئەم دوو خالە (یەکەم و دووەم) پرسێکی ستراتیژییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دروشمی ئێرانی فرەنەتەوەوە هەیە. بۆیە بنەمای کاری هاوبەش و هاوپەیمانی، تەنانەت دانوستان و گفتگۆ دەبێ بۆ فرەنەتەوەبوونی ئێران بگەڕێتەوە.
یەکەم، بە یەکگرتوویی لە ناوخۆ، ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکاتە هێز. دووەم بە پێکهێنانی بەرە یان کاری هاوبەش لەگەڵ نەتەوەکانی تر، دەبنە هاوکێشەی یەەکلاکەرەوە.
خاڵی سێیەم، کاری هاوبەش لەگەڵ ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسی، مەدەنی، کەلتووری، پیشەیی و کەسایەتییەکانی ئێران پێک بێنێت، کە بڕوایان بە فرەیی، ڕەنگاوڕەنگبوون یان فرەنەتەوەییبوونی ئێرانە. ئەمە لە کردەوەدا دەبێتە ئالترناتیڤ یان بەرنامەیەکی تر.
بە ئەگەری زۆرەوە لە شەترنجی سیاسیی ئێراندا تووشی چەندان بەرنامە و ئالترناتیڤ دەبینەوە، لەوانە ”پاراستنی یەکپارچەییی خاکی ئێران، تاکنەتەوەیی (نەتەوەی ئێران) و زمانی فارسیش ببێتە زمانی ڕەسمی (تاکزمانە). ئەلترناتیڤێکی تر دەبێ ئەوە بێت، کە بنەمای کاریان لەسەر مافی مرۆڤ بێت، واتە (تاکگەرایی) یان دابینکردنی مافی هاووڵاتێتی، کە ئەمەیان تا ڕادەیەک جیاوازییەکان لە ئێراندا دەبینێت، بەڵام دەخوازێت ئەم جیاوازییانە ورد بکاتەوە یان بەلاڕێیاندا بەرێت و بیانخاتە ناو خانەی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوونەوە بۆ ئەوەی خۆی لە پرس و داواکاریی نەتەوەکانی تری ئێران بدزێتەوە.
ئالترناتیڤی تر دەبێت ئەوە بیت، کە باس لە دەسەڵاتێکی تا ڕادەیەک ناچڕ دەکات و، پرس و داواکاریی نەتەوەکان لە دانی دەسەڵات بە پارێزگاکاندا دەبینێتەوە و بە چەشنێکی لاواز و سەرەتایی دابەشکردنی سنوورداری دەسەڵات لە جوگرافیای پارێزگاکاندا دەکاتە بەرنامەی کاری خۆی. بەڵام گشتیان بە چەشنێک تاران وەکوو پایتەختێک دەبینن کە دەبێ بەهێز بێت، هەروەها زۆرینەی دەسەڵاتەکانیش لەوێدا چڕ ببێتەوە!
کۆبەند
یەکگرتووییی حزب و ڕێکخراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، مەدەنی و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها پێکهێنانی بەرە لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێران دەتوانێت وڵامێکی گونجاو بێت بۆ ئێرانی داهاتوو، کە ئەویش خۆی لە ئێرانی فرەنەتەوە، فرەنیشتمان، فرەکەلتوور و فرەزماندا دەبینێتەوە!
بۆیە سەرەتا لە ناوخۆ، دوایی لەگەڵ نەتەوەکانی ئێرانی ڕەنگاورەنگدا و، جا دوایی لەگەڵ ئەو بەشە لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ڕێک بکەون، کە لانیکەم بڕوایان بە سیستەمی کۆماری، سێکولاریزم، ئازادی، دیموکراسی، فرەیی و دەسەڵاتی ناچڕ (فیدرالیزم لەسەر بنەمای جوگرافیای نەتەوەیی) لە ئێراندا هەیە! ڕێک بەو چەشنە دەتوانین ڕووبەڕووی شەپۆلی شۆڤێنیزم ببینەوە و زۆر پیلانیان لێ پووچەڵ بکەینەوە!
هەر یەکگرتوو و ڕاوەستاو بێت کوردستان!
***
پێشمەرگەکان: بۆ خوێندنەوەی زیاتری نووسینەکانی کاک قەرەنی سەردانی لاپەڕەی فەیسبووکەکەی بکەن و هیوادارم کەسێکی دڵسۆز هەمووی کۆ کاتەوە بۆ ئەوەی نەفەوتێن.