دوای گشت تەنگانەیەک فەرعانەیەکە؛ دەکرێ ئەو ڕستە کورتە بە دووبارە قسەی لەسەر بکرێت. یەکەم: لە بواری فەرمانی خوایییەوە بۆ ئەوانەی بڕوایان پێیەتی، دووەم: لە بواری ڕەوتی ڕووداوەکان و هەڵسوکەوتەکانی شارەزایان.

(١) لە بواری ئایینییەوە: ئەگەر زۆر کورت و ساکار باسی بکەم دەڵێم: کاتێک پەیامبەری ئیسلام کە ناچار کرا مەکە بەجێ بهێڵێت، چوو بۆ مەدینە و بە چەپەڕێیاندا خۆی گەیاندە مەدینە. دوای ئەوەی خۆیان ڕێکخست، هەرچەند کەرەستەی پێویستیان نەبوو، بەڵام بە هێزی ئیمان و بڕوابەخۆبوون شەڕێکی جانانەیان لەگەڵ مەکەیییەکان کرد و سەرکەوتنی باشیان بەدەست هێنا. دیارە نە هێز و نە ئامرازی شەڕیان بە ئەندازەی پێویست نەبوو، بەڵام دەستکەوتێکی باشیان هەبوو. لە باری ڕوحییشەوە گوڕوتینێکی زۆر کەوتە جەستە و دەروونی موسوڵمانان کە بە ناوی ”غەزای بەدر” ناسراوە. دەکرێ بڵێین دوای ئەو تەنگانەیە کەوتنە فەرعانە.
(٢) لە بواری غەیرە ئایینیش: بە داڕشتنی بەرنامەی زانستیانە و ڕاهێنانی شەڕکەرەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی شەڕەکە و بە گشتی بڕوابەخۆبوون و خۆڕاگری، سەرکەوتن مسۆگەر دەبێت و فەرعانە دوای تەنگانە دێتە کایەوە. لەبارەی تەنگانە و فەرعانەدا شاعیرێکی فارس گوتوویەتی:
إن مع العسر کە یسرش قفاست شاد برآنم کە کلام خداست
لێرەدا ئەگەر پرسیار بکرێت: ئەرێ کورد ساڵانێکی دوورودرێژە خەبات دەکات و بە ئاکام نەگەیشتووە، ئەوە تەنگانە نییە؟ ئەی فەرعانەکە کەنگێ دێت؟! پرسیارێکی بەجێیە. هەموو دەزانن ئێمەی کورد لەگەڵ چوار دەوڵەتی دڕندە و فاشیست و دوور لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی بەرەوڕوو بووین و هەین. ئەوانە بە هەموو توانایانەوە، بە پشتیوانی یان بێدەنگیی زلهێزانی جیهان و بە کڕینی سەدان جاش و خۆفرۆش و سیخوڕ و تەنانەت وردە تیۆریی بەناو پێشکەوتنخوازانەش، هەوڵی کپکردنی خەبات و شۆڕشەکەمانیان داوە و لێیان وادوا خستووین.
زەبری گورچووبڕیشیان لێ داوین؛ کۆماریان ڕووخاندووین، پێشەوا و هاوڕێکانیان لەسێدارە داوە، چاڵە ڕەشەکانیان لە کوردانی مافخواز ئاخنیوە. لەسەر میزی وتووێژ قاسملوو و شەرەفکەندیمان تیرۆر کراون، لە گۆڕەپانی بەرەنگاری و بەرگریدا بە هەزاران فەرماندە و پێشمەرگە و کادر و دۆست و لایەنگرانمان شەهید کراون. حوکمی جیهادمان بەسەردا دراوە، کیمیاباران و ئەنفال کراوین، بۆمب و کاتیۆشای بە ناوی ”گوڵە نێرگزی تورکان”مان بەسەردا ڕژاوە. بە ملیۆنان پارەیان خەرج کردووە؛ جاش و سیخوڕ و زۆڵەکوردیان ڕاهێناوە کە لە ناوەڕۆکدا بۆ سیخوڕی لەلایەن داگیرکەرەوە ناردراون.
لەو دنیا بەرینەدا ئەوەی ناوی دەوڵەت و دەسەڵاتی فەرمی بێت، یارمەتیی شۆڕشەکەمانیان نەداوە. هەمیشە ئەو پەندەی دەڵێ ”دار هۆرەی لەخۆی نەبێت ناقەڵشێت” بەدژی ئێمە کەڵکی لێ وەرگیراوە. بەڵام داری خەبات ناقەڵشێت، و داربەڕووەکە ڕەگی بە قوڵی داکوتاوە. گەڵاکانی هەڵوەریون بەڵام ڕەگ و بنەکەی بەهێزە و لەسەر پێ وەستاوە؛ لەگەڵ شنەبای نەورۆزی ژیاوەتەوە و قورس و قایم هەروا ماوە.
جگە لە دوژمنانی ڕاستەوخۆ، لەژێر دروشمی قەڵەو و بێناوەڕۆکی سیاسی و ئایینی کۆمەڵگەکەمان لەتوکوت کراوە؛ سیاسەتێکیان پەیڕەو کردووە کە کورد ملی دەبەر ملی یەکتر ناوە! لەلایەکی تر بە ناوی دینەوە، بۆ بەلاڕێدا بردنی خەڵکە دیندارەکەمان کە زۆرینەی گەلەکەمانن، فریو دراون و سەدان فەتوای دوور لە دین بەدژمان دەرکراوە. ئا لێرەدایە وشەی ”دوای تەنگانە فەرعانەیە” بۆ ئێمە ڕستەیەکی گونجاوە.
ڕەنگە بڵێن خۆ سەر نەکەوتووین، فەرعانە کامەیە؟ ئەوەش ڕاستە بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: بۆ؟! لە پێشدا ئەوەی کە لەناو ئەو هەموو تەون و بەست و نەخشە و پیلانە جینایەتکارانە و پڕ مەترسییانەدا سەربەرزانە ڕاوەستاوین و کۆڵمان نەداوە، دوای ئەو هەموو کەوتنانە بەهێزتر لە پێشوو هەستاوینەتەوە، مەگەر ئەوە سەرکەوتنێکی گەورە نییە؟ ئەو خۆڕاگری و نەبەزینە، درێژەدان بە تێکۆشان لەنێو ئەو هەموو تەڵە و تەلەسمانەدا مەزنترین سەرکەوتن نییە؟ مێژوونووسان و شارەزایان ئەگەر ئەو خەبات و قوربانیدان و نەبەزینەی ئێمە بە سەرکەوتن نەنەوسن، لە پاراستنی ئەمانەتی مێژوو لایان داوە. ڕاوەستان لە بەرامبەر چوار دەوڵەتی دڕندە و وەحشیگەر و داگیرکەرانی کوردستان، لە مێژووی هیچ نەتەوەیەکی ئەم جیهانەدا نەبینراوە. ڕەنگە نەبێت یان من نەمزانیبێت کە شۆڕشێکی ئاوا خوێناوی و خۆڕاگر و بوێرانە و لەخۆبوردووانە لەم جیهانەدا کرابێت.
دوژمنەکانمان بڕیاری نەمانی ئێمەیان داوە. حیزبی توودە و هەندێک چەپ و شڕوشاڵات، نرخ و بەهایەکی زۆریان بۆ تەرخان کردووە، بە ملیۆنان سامانی وڵاتەکانیان بۆ دروستکردنی جاش و سیخوڕ و خۆفرۆشان بەفێڕۆ داوە و دەیان فرتوفێڵی نامرۆییان لە کورد بەکار هێناوە. بەڵام ئەوان سەر نەکەوتوون و لەلایەن هیچ ئۆرگانێکی فەرمی نێودەوڵەتیش مەحکووم نەکراون و پشتیوانیی ئێمەش نەکراوە. جیاوازیی بیروباوەڕ و وردە تیۆریی بەناو چەپی پێشکەوتووش خوێیان بە برینەکانماندا کردووە و پاڵیان وە دوژمنانمان داوە. خۆ لە ئیسلامی شێوێندراو و جاش پێشمەرگەی موسوڵمانیش گەڕێ، چۆن بە درۆ و بوختان سازکردن هێرشیان هێناوە؛ تەنانەت زانیارییان لە حیزب دزیوە و لە ئیختیاری داگیرکەریان ناوە! بۆ نموونە حیزبی توودەی ئێران و بەشێک لە چریکی فیدایی لەگەڵ دوژمن زەبریان لە کورد داوە! ئەوانە فریوی دژەئیمپریالیزمبوونی کۆماری ئیسلامییان خواردبوو، تەواوی نهێنییەکانی خۆشیان پێشکەشی ”ئیمام” کرد و چییشیان لەسەر کورد شک دەبرد دایانە دەستی ئاخوندەکان. ئەگەر کەسێک کتێبی (کەژڕێگەی) ئیحسانی تەبەریی خوێندبێتەوە، دەزانێت چی گوتراوە و چی نووسراوە. زۆر چاوساغییان بۆ هێزەکانی ڕێژیم کرد و زۆر ڕۆڵە کوردیان بە کوشت دا. بە کورتی دەسکیسی دز لە دزی پیسترە؛ دەڵێن دز دەبێ دەستی ببڕدرێت، خۆزگە درۆزنیش زمانی ببڕدرایە.
ئەگەر لە ڕووی ویژدانێکی پاکی مرۆیییەوە سەیری ڕابردوو و ئێستای خەباتەکەمان بکەیت، دەیسەلمێنیت کە دوای ئەو گشتە تەنگانانە، فەرعانە هاتووە. بەڵگەش ئەوەیە شۆڕشگێڕان و ئەویندارانی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، ڕێبوارانی قازی و شەهیدان، لەنێو ئەو هەموو بۆسە و تەڵانەدا و ئەو ڕەوە جاش و خۆفرۆشەدا، ئاشبەتاڵیان نەکردووە و وازیان لە خەبات نەهێناوە. داخۆ عەقڵ و مەنتیق و ویژدانی ساڵم بەو هەموو قوربانیدان و خۆڕاگرییە دەڵێت دۆڕان و سەرنەکەوتن؟!
ئێستا شەڕێکی قورسی کەمبینراوی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران (لە پشتەوەش چین و ڕووسیا) زیاتر لە مانگێکە لە ئارادایە. وێرانکاری لە ئەژمار نایەت، کۆماری ئیسلامی گشت ڕێبەرە ئایینی و سیاسی و سەربازییەکانی لەدەست داوە. چەکە گەورە و وێرانکەرەکانی زایە کردوون؛ لە ئامرازی شەڕ، هەڕەشە و گوڕەشەی دۆڕاوانە نەبێت نەیانماوە. کار گەیشتووەتە ئەو جێگەیەی کە ئیمام پێاڵە ژەهرەکەی هەموو نەخواردبووەوە، پاشماوەکەی بۆ ئەمان ماوەتەوە.
ئاکامی باسەکەم ئەوەیە: ئەوە هێزی ئێران نییە لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا ماوە، ئەوە وەک گوتم بەرژەوەندیی چین و ڕووسیایە کە بە سوپای پاسداران شەڕەکەیان درێژە پێداوە. لەو نێوەدا گەلی کوردی ڕۆژهەڵات لە کاتوساتێکی گەلێک هەستیاردایە؛ وەک گوتراوە ئەو ڕێگەیەی لەبەریانە وەک ”پردی سێرات” وایە، لە موو باریکتر و لە ئەڵماسیش تیژترە. ئیمانی بەهێز، ورەی پۆڵاین و ئیرادە و یەکگرتوویی پتەوی دەوێت تا لەو پردە بپەڕێتەوە و نە لاقی بریندار بێت و نە بەر بێتەوە.
ئەوەش ئەو کاتە مسۆگەر دەبێت کە هێزەکان یەکگرتوو بن؛ یەک بەرنامەی درێژخایەن (نەک کاتی)یان هەبێت، سواری هەست و دەمارگرژی و دوودڵی نەبن، هیوا و پشتیوانییان گەل بێت نەک ئەمریکا و ئیسرائیل. دیارە هەرچەند ئەوان کۆماری ئیسلامی لاواز بکەن و تەنانەت لەناویشی بەرن باشە، بەڵام ئەوەی چارەنووس بەبەردەوامی دیاری دەکات تەنیا سەربەخۆییی بڕیاردانی خۆمانە. نەبوونی یەکوتاری و نەکردنی هاوکاری و بەهەند وەرنەگرتنی ئوسووڵی شۆڕشگێڕی، و پێشخستنی هەر ئایدیا و ئایینێک لە ڕزگاریی کوردستان، و پاکنەکردنەوەی دەروون و مێشکمان لە ”من من” و ”تۆ تۆیی” و دەسەڵاتخوازی، ئەو هەلەشمان لە دەست دەدات و چۆکمان بۆ دوژمن پێ دادەدا!
من دڵنیام ڕێبەرانی ئێمە مێژووی ڕابردوومانیان لەبیر نەچووەتەوە؛ دەزانن نابێ دەرفەتەکە لەکیس بدەن. هەڵە و خەتاکانی ڕابردوو چاک دەزانن و نابێ دووبارەی بکەنەوە.
براتان مەلا برایمی مەجیدپوور ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی ١٨ی ئاپریلی ٢٠٢٦ی زایینی