Hoppa till innehåll
Hem » هــــو ئەلباقی، ئاسەوارەکانی بڕوا بە خوا، مەلا برایم مەجید پوور

هــــو ئەلباقی، ئاسەوارەکانی بڕوا بە خوا، مەلا برایم مەجید پوور

ئەگەر سەیری بوونی مرۆڤ بکەی لە سەرەتاوە، هەموویان منداڵ بوون و هیچیان نەزانیوە. ناگەڕێمەوە بۆ سەر ئەوەی کە لەملا و لەولا گوتراوە، دەڵێم: تەنیا شتێک کە وەدیهێنەری مرۆڤە خوایە. ئەوە کە خوا چۆنی دروست کردووە باسێکی ترە.

تەنیا ڕێگەی زانینەکەشی قورئان و کەلامی خوایە. لە پێشداش ڕاگەیەنەر و بەڕێوەبەری، پەیامبەرانن. دیارە ئەوە و هیتریش کە من دەیانووسم و دەیانڵێم لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوەیە. پەیامبەران خوا ئیلهامی بۆ کردوون و ئەوانیش چۆنیان پێ گوتراوە ئاوا گەیاندوویانە، مافی ئەوەیان نەبووە وشەیەک زیاد و کەم بکەن. ئیلهامەکەش لە دەسەڵاتێکی نادیاری بێسنوورەوە هاتووە کە ئێمە دەڵێین خوایە، ڕەنگە ئایینەکانی تر ناوێکی جیاوازیان لێ نابێت.

ئەو بڕوایە لە ڕوانگەی موسوڵمانانەوە، ئاسەواری زۆر و بەنرخی هەیە؛ هەم بۆ دنیا و هەم بۆ ڕۆژی سەڵایە. هانی داوین بۆ چاکە و دووری لە خراپە. یان بەڕای ئێمە ڕێوڕەسمی ئەو ئیمانە، بەرنامەی کاری مرۆڤە بەگشتی و بەتایبەتی موسوڵمانان. هەر کەسێک بە ڕاستەڕێدا بڕوات دەگاتە مەبەست و هەرگیز ناڵێی لە کردەوەکەی پەشیمانە، بێگومان لە ڕێگای سەخت و پیرۆزدا خوای پشتیوانە.

{سوڕەی حەج ٣٨: خوا لەسەر ئەوانە وەدەنگ دێت کە بڕوایان پێ هێناوە، خوا گشت خائین و پێنەزانی ناخۆش دەوێت}.

ئیمان ئەگەر وەک خۆی بناسرێت و بەکار بهێندرێت، مرۆڤ دەباتە ناو ژیانێکی پڕ لە خۆشی و بەختەوەری. هەروەها لە:

{سوڕەی نەحل ٩٧دا: هەر کەس باوەڕی باشی هەبێت، چ نێر و چ مێ، وا دەکەین بە خۆشی بژی و لەوە باشتر کە کردوویانە پاداشیان دەدەینەوە}.

ئیمانی ڕاستەقینە مرۆڤ لە خورافات و شتی لە ئەقڵ نەگونجاو دوور دەخاتەوە. کە بڕوات بە خوای تاک هەبوو، ئیتر داوا لە کەس و دار و بەرد و هیتر ناکەی ڕۆزیت بدات و لە بەڵا و موسیبەت دوورت بخاتەوە. لە کەس ناترسی و خۆشی بە کەس نابەستیتەوە، ئەو کاتە دەبیتە مرۆڤێکی خاوەن بڕوای سەربەخۆ. هەروەها چاک و خراپ لێک جیا دەکاتەوە، لە ئەرکی قورس ناترسێت و سەرەنجام سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.

{بەقەرە ٥: ئەوانە پەروەردگاریان ڕێی نیشان داون و لە ڕزگاربووانن}.

گەورەترین ئاسەواری ئیمان بەدەستهێنانی ڕەزای خوایە، ئەوەش ژیانێکی پڕ لە خۆشییە لە هەردوو دنیادا. مرۆڤ بۆ بە ئاوات گەیشتن بە ماف و دادپەروەری بە جوانی ڕێی نیشان دراوە، مرۆڤ بۆ چۆنیەتیی گەیشتن بە ماف و ئازادی بە وردی شارەزا کراوە.

بڕوا بە قورئان سێ (٣) شت بۆ مرۆڤ مسۆگەر دەکات:
١. لە لای خواوە نێردراوە و دەستکردی مرۆڤ نییە.
٢. پێت دەڵێت: قورئان و تەوڕات و ئینجیل کەلامی خوان و لە زۆر شت باسیان کردووە کە تا ئێستاش بۆ مرۆڤ نەزاندراوە؛ زۆربەی ئەو دۆزراوە شازانەی ئەمڕۆ، هەر هەموویان لە قورئاندا باسیان کراوە. بەرهەمی زانستێکن کە ١٤٤٤ ساڵ لەمەوپێش لەو قورئانەدا باسی کراوە.
٣. پشتڕاستکردنەوەی ئەوانەی لەو قورئانەدا باسی لێ کراوە.

{نیسا ١٣٦: ئەوانەی خوا و پەیامبەر و فریشتە و ڕۆژی سەڵا ڕەت دەکەنەوە، ڕێگەیان لێ ون بووە و لە مەبەست دوور کەوتوونەتەوە}.

دیارە قورئان زێدەبەشی زۆرە و لێرەدا باسکردنی هەموویان جێی نابێتەوە. هەرچۆنێک بێت، هەموو چین و توێژەکانی مرۆڤ خاوەنی بیر و باوەڕێکی جیاوازن؛ هەرکامەیان دینێک و هەندێکیشیان هەر دینیان قبووڵ نەکردووە. جێی داخە کەرامەت و ژیانی ئەو ڕەنگ و دەنگە جیاوازانە کە دەبوو کۆمەڵگای پێ بڕازێنرێتەوە، بوونەتە کەرەسە و ئامرازی کوشتن و وێرانکردن و سووتاندن. کە سەیریش دەکەی دەردەکەوێت کافر و موسوڵمانی وەک یەک گرتووەتەوە. ئێمەی موسوڵمان دەبوو وتە و کرداری پەیامبەرەکەمان بکەینە سەرمەشقی ژیانمان کە فەرموویەتی: (جیاوازیی سەلیقە و ڕاو بۆچوونەکانی خەڵکەکەمان خێر و بەرەکەتن) بەڵام ئێمە کردوومانەتە موسیبەت، دەردێکە کۆمەڵگا بەگشتی پێیەوە دەناڵێنێت. ئیماندارەکان بە پێوەری ئایینەکەی خۆیان و بێدینەکانیش و ئەوانی تریش، دەبێت بەپێی سروشتی مرۆڤانە بە خۆیاندا بچنەوە و لەوە تێبگەن و بیسەلمێنن کە چارەنووسی مرۆڤەکان بەیەکەوە گرێدراوە؛ ڕۆژڕەشیی هیچ کامیان بە مانای خۆشبەختیی ئەویتر نییە.

من دڵنیام ئەو دنیا ئاوەدان و خۆشەی هەموومان دەمانەوێت و هەوڵیشی بۆ دەدەین، هەرگیز بەو شێوەیەی ئێستا لێی دەخوڕین قەت ناگاتە مەبەست و بۆ کەس مسۆگەر نابێت. بڕوانن هەر ئێستا شەڕێکی وێرانکەر و سووتێنەر و دوور لە هەموو ئەخلاقێکی مرۆڤانە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێراندا لە ئارادایە؛ یەکیان ناوی ئیسلامی لە خۆی ناوە و خاوەن شارستانیەت و پێشکەوتووە، کەچی بەرهەمەکەیان تەنیا سووتاندن و وێرانکردن و کوشتنە. ئەوانەش ئازارەکان بەژانتر دەکەن و هیچ پێوەندییەکیان بە ئارامی و سوڵح و ئاشتییەوە نییە، بەڵکو تاکە ڕێگای سوڵح و ئاشتی گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنە.

دیارە کۆماری ئیسلامی شیعەیە و بناغەی حکومەتکردنەکەی لەسەر شەڕ و ئاژاوە دانراوە. خومەینیی ئیمامیان فتوای جیهادی بە پێچەوانەی دین و شەڕع بۆ کوردان دەرکرد؛ دروشمی مەرگی ئەمریکا و ئیسرائیلیان چل و حەوت ساڵە وەلەنەناوە. بەرنامەی کاریان بە خەیاڵ ناردنی شۆڕش بۆ دەرەوەیە، بەڵام لە ڕاستیدا شەڕیان بۆ دەرەوە ناردووە. هەر کەس و وڵات و حکومەتێک نەیناسیبن، لابەلا حاڵی کراوە کە گفتوگۆی ئاشتی بۆ تیرۆری دژبەرانی خۆی بەکار هێناوە. لەو هەموو تاوان و جینایەتانەی کردوویانە، کورد پشکی شێری پێ بڕاوە. ئاکام ئەوەیە کورد بەگشتی و کوردی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی، نابێت (ئەگەر بە نرخی مەرگی ئازیزان و لەناوچوونی حیزبەکانیش بێت) فریوی بەڵێنی بێبنەما و فڕوفێڵ و درۆ و دەلەسە بخۆن. بۆ شۆڕشگێڕان گرنگە بە سەربەرزی بمرن نەک سەرشۆڕ و ملکەچ بژین. ئێستا کاتی بڕیارێکی گرنگی بوێرانەیە کە هاوپەیمانیی کوردستانی ڕۆژهەڵات بیدات.

مەبەستم لە نووسینی بابەتەکە بە شێوەی ئایینی ئەوەیە گەلەکەمان زۆرینەی خاوەن ئیمانە و هەندێکیان بە هەڵە لە دین تێگەیێندراون و لاڕێ کراون. پێشەنگی دینەکەشیان هەموو مەلایەکانن؛ یان نازانن یان دینەکەیان فرۆشتووە. کۆماری نائیسلامی بەناوی دین قەڵاچۆی کردووین و دەیکات. هەندێک دینفرۆشیش جینایەتەکانی لەگەڵ کورد پەردەپۆش دەکەن و ڕەوایەتیی شەرعیی پێ دەدەن! بە نەزانی و بە دۆڕاوی پەسنی ئەو گشتە تاوان و نادادپەروەرییە دەخەنە قالبی دینەوە، کە بەپێی ئوسوڵی ئیسلامی بەقەدەر گشتیان تاوانبارن چونکە هانیان دەدەن و بە هەڵە ڕێنوێنییان دەکەن.

براتان
مەلا برایمی مەجیدپوور
٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی
(١٣/ ٤/ ٢٠٢٦ زایینی)