Hoppa till innehåll
Hem » ئەمرۆش نیزامی ئاخوندی ئێران بە درۆن هێرشی تێرۆریستی کردە سەر مەڵبەندی ٣ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمرۆش نیزامی ئاخوندی ئێران بە درۆن هێرشی تێرۆریستی کردە سەر مەڵبەندی ٣ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیزامی ئاخوندی ئێران هێرشەکانی بۆ سەر حیزبی دێمۆکڕات و هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵات رانەگرتووە و بەردەوام ئیدامە بە کردوە تێرۆریستیەکانی خۆی دەدا. بەداخەوە هێزەکانی رۆژهەڵات بێ پشتیوان ماونەتەوە و دەستی ئەم نیزامە کراوەیە.

نیزامی ئاخوندی ترسی لە کورد و هێزەکانی رۆژهەڵات هەیە و باشووری کوردستان بۆ وان بێ زەردترین شوێنە کە هێرشی بکاتە سەر، ناوێرێ هێرش بکاتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوان هێزیان هەیە و لە دمی دەدەن.

 

دەقی هەواڵ وەرگیراو لە کوردستان میدیا

کۆماری ئیسلامیی ئێران مەڵبەندی ٣ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نیزیک گوندی دێگەڵەی بە دڕۆن بە ئامانج گرتەوە.

هێرشی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ی خاکەلێوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ئەم کەمپەی شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونی بنەماڵە مەدەنییەکانی حیزب پتر لە ٤ جاری تر هێرشی کرابووە سەر. هەروەها ئەو پەلامارە لە کاتێکدایە کە دۆینی سێشەممە، ٢٥ی خاکەلێوەش کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە، کەمپی سوورداش لە نیزیک سلێمانی و هەروەها چەند ناوچەیەکی دیکەش لە خەلیفان و ڕواندز لە باشووری کوردستان هێرشیان کرابووە سەر. شەپۆلی نوێی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بووە هۆی شەهیدبوونی غەزەل مەولان، پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و برینداربوونی دوو پێشمەرگەی دیکەیە ئەم حیزبە.

هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمرۆ بڵاو بۆتەوە، وێڕای مەحکوومکردنی دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سەروەریی سیاسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە ڕێژیمی ئێران دەبێ بزانێت تێرۆر، تۆقاندن و درۆنباران، ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی سست بکات و ئەم هێرشانە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری بەهێزتر دەکات.

شایانی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەسپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە هەتا ئێستا بە زیاتر لە ١١٠ مووشەک و دڕۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتووە.

 26 خاکەلێوه 2726

***

هاوپەیمانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بڵاوکردەوە

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران:
هێرش لە کاتی ئاگربەستدا، نیشانەی بنبەستی سیاسی و سپاییی رژیمی ئێرانە

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕای گشتی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان!

کۆماری ئیسلامیی ئێران، جارێکی دیکە لە ڕێگەی هێرشی درۆنییەوە، سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانی پێشێل کرد و کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە ئامانج گرتەوە. ئەم هێرشانە کە لە کاتی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا کران، جارێکی دیکە پەردەی لە سەر نێوەرۆکی ڕاستەقینەی ڕێژیمێک لادا کە هیچ کات بڕوای بە ئاشتی و چارەسەری سیاسی نەبووە و سەرکوت، زەبروزەنگ و تێرۆر کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەیەتی. ئەم پەلامارانە نەک نیشانەی هێز نین، بەڵکوو دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێژیم لە حاست ئیرادەی گەلەکەمان و ئەو بنبەستە سیاسی و نیزامییەی کەوتووە، تووشی شڵەژان و ناهومێدی بووە.

بەداخەوە، لە نوێترین شەپۆلی ئەم هێرشانە بۆ سەر کەمپەکانی ”ئازادی”ی حیزبی دێموکرات و ”سوورداش”ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، دوو پێشمەرگە بریندار بوون و ”غەزاڵ مولان”، کچە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، شەهید بوو.

هاوپەیمانیی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت کە بە ئامانجگرتنی شوێنی ژیانی خەڵکی سڤیل و پەنابەران، پێشێلکردنێکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها کۆنڤانسیۆنی ژنێڤە. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا، تەنیا بە مەحکوومکردنی ئەو هێرش و دەستدرێژییانە نەوەستن و هەنگاوی کردەیی بۆ ڕاگرتنی ئەم پەلامارانە بنێن کە هەم بێ ڕێزی و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و هەرێمە و هەم بەهێندنەگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ڕێژیمی ئێران دەبێ بزانێت کە تێرۆر، تۆقاندن و درۆنباران، ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی سست بکات و ئەم هێرشانە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری بەهێزتر دەکات.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان وێڕای نوێکردنەوەی بەڵێن لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری ڕادەگەیەنێت کە هەتا ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان، لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

سڵاو لە شەهیدان و سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٦ی خاكەلێوەی ١٤٠٥ی هه‌تاوی
(١٥/٠٤/٢٠٢٦)

 

بابەتی پەیوەندی دار

نیزامی ئاخوندی بە درۆن هێرشی کردەوە سەر هێزەکانی رۆژهەڵات