ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی خەرمانانی ۲۷۲۶، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی
لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامی بانگەوازی «هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» بۆ مانگرتنی گشتی، کاسبکاران و بازاڕییان لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان مانیان گرتووە.
بەپێی ڤیدیۆ، ڕاپۆرتی گەیشتوو و پشتڕاستکراوەی لە ئەنجامی بەدواداچوونی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەڕێوەچوونی مانگرتن لە لانی کەم ۱۱ شار پشتڕاست دەکرێتەوە و وردەکارییەکانی لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا دێت؛
سەقز، زێدی ژینا ئەمینی: سەرەڕای کەشی ئەمنی، مانگرتن بەشێوەی بەربڵاو و بەتەواوی بەڕێوە چووە، بەشێوەیەک کە تەنیا نانەوا و دەرمانخانەکان لە ئاستی شاردا کراوە بوون.
سنە، دیواندەرە، مەهاباد، بۆکان و شنۆ: مانگرتن بەشێوەی بەرفراوان بەڕیوە چووە و هەنگاو ئاستی بەشداریی خەڵک لە مانگرتن لە نێوان ۵۰٪ بۆ ۷۰٪ لێکدەداتەوە.
هەروەها لە شارەکانی قوروە، بیجاڕ، مەریوان، کامێران و پیرانشار: بەشێک لە بازاڕییان و کاسبکاران مانیان گرتووە و ڕێژەی بەشداری لەنێوان ۳۰٪ بۆ ۴۰٪ بووە.
ئەو مانگرتنانە لەحاڵێکدا بەڕێوە چوون کە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکان بە بانگکردنی بەرفراوانی چالاکانی مەدەنی و بازاڕییان، سەبارەت بە بەشداری لە مانگرتن هۆشدارییان بە خەڵک دابوو. سەبارەت بە هەمان بابەت، لانی کەم ۱۰ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتن لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد و سنە دەستبەسەر کراون.
هەروەها لە دوێنێوە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت بە چەکی نیوەقورس لە ناوەندی چەند شار وەکوو سەقز، دیواندەرە، سنە و مەریوان جێگیر بوون و کەشی سەربازی بەسەر شاردا زاڵ بووە.
ترساندن، بانگکردنی زۆرەملێ، میلیتاریزەکرانی شارەکان و دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان بە مەبەستی ڕێگری لە مافی ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتنی ئاشتیخوازانەی خەڵک، سەرکوتی ئازادییە بنەڕەتییەکان و ماددەی ۲۱ (مافی کۆبوونەوە و مانگرتنی ئاشتیخوازانە) لە پەیمانی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.
هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۵ی خەرمانانی ۲۷۲۶
****

سپاسنامەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە سەرکەوتنی مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان
17:46 – 25 خەرمانان 2726
خەڵکی سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان!
لە چوارەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی “ژینا – ژن، ژیان، ئازادی”، مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان وەک وەڵامێکی بڕیاردەرانە و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو.
ئەم مانگرتنە گشتییە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو توانایەکی سەربازی و ئەمنیی بۆ میلیتاریزەکردنی شارەکانی کوردستان و دروستکردنی گوشار و هەڕەشەی جۆراوجۆر لەسەر بازاڕییەکان و خەڵک بەکارهێنابوو. بەڵام ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و هەڵوێستی بەرپرسیارانەی دوکانداران و بازاڕییەکان، دەسەڵاتی تووشی شکست کرد. جێگەی ئاماژەیە، پشتیوانیکردن لەم بانگەوازە لەلایەن دەیان حیزب و لایەنی سیاسی، ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستی کوردستان و ئێران و هەروەها پەیوەستبوونی بەشێک لە زیندانیانی سیاسی لە ڕێگەی مانگرتن لە خواردن، دەبێتە نرخێکی گرنگ بۆ کاری هاوبەش و هاوپێوەندی لە تێکۆشانمان دژ بە کۆماری ئیسلامی لە هەر دەرفەت و شوێنێکدا.
سەرکەوتنی ئەم حەرەکەتە مەدەنییە نیشانەی ئاستی بەرزی بەرپرسیارەتیی کۆمەڵایەتی، هۆشیاریی سیاسی، یەکیەتیی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی سەرکوت، هەڵاواردن و سێدارە لەلایەن خەڵکی کوردستانە. هەروەها سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی کوردستان بەشێکی لێکدانەبڕاون و ئەم پەیوەندییە قووڵە سەرمایەیەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە بۆ بەردەوامیی خەبات و هەنگاوەکانی داهاتوو.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، جگە لە ڕێزگرتن لە خۆڕاگریی نەتەوەی کورد و سپاسی ئەو هەڵوێست و یەکگرتووییەی خەڵک لە بەڕێوەبردنی مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان، پێزانینی خۆی ئاراستەی تێکڕای ئەو کەسایەتییە سیاسی، ئەکادیمی و بەتایبەت لایەنە سیاسییەکانی بەلووچ، تورک، فارس، تورکمان و عەرەب دەکات کە بە بڵاوکردنەوەی پەیام و ڤیدیۆ پشتیوانی و هاودەنگیی خۆیان لەگەڵ بانگەوازی مانگرتنەکە دەربڕی. ئەم هاوکاری و پشتیوانییە بەرفراوانە نیشانەی پێگە و پێشەنگایەتیی کوردستانە لە ئاستی سەراسەریی ئێراندا.
هێزە سیاسییەکانی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە کە بەردەوام پابەند دەبن بە نوێنەرایەتیکردن و گەیاندنی دەنگی داواکارییە ڕەوا و مەشروعەکانی کۆمەڵگە و ئەم یەکگرتوویی و هاوبەشییە بە زامنی سەرکەوتنەکانی داهاتوو دەزانن.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٦
