لە ١٧ی سێپتامبر ١٩٩٢، دوکتور سادق شەرەفکەندی لەگەڵ فەتاح عەبدولی، هۆمایون ئەردەڵان و وەرگێڕەکەیان نوری دێهکۆردی لە میکۆنۆس لە بەرلینی ئەڵمانیا شەهید بوون .
ئەم تیرۆرە نەک هەر کارەساتێک بوو بۆ بزووتنەوەی کورد، بەڵکو ڕووداوێکی سیاسیی نێونەتەوەیی بوو کە لێکەوتەی بەرچاوی بۆ پەیوەندیی نێوان مافەکانی مرۆڤ، یاسای نێونەتەوەیی و بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان هەبوو.
دادگاییکردنی دەوڵەتی ئێران لە ئەڵمانیا بە هۆی ئەم ڕووداوەوە، سەرنجێکی زۆری لە ئاستی نێونەتەوەییدا ڕاکێشا. بڕیارنامەی دادگا کە ئەم هێرشەی بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ باڵاترین ئاستی سیاسیی دەوڵەتی ئێران بەستەوە، ئەم دۆسیەیەی کردە نموونەیەکی بەرچاو لە باسی نێونەتەوەییی توندوتیژیی سیاسی و دەستتێوەردانی دەوڵەت ئێران لە سنوورە وڵاتانی تر و لە جیهاندا.
لەم ڕوانگەیەوە پرسی کورد بوو بە بەشێک لە خەباتێکی بەرفراوانتر بۆ دیموکراسیکردن و فرەیی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بیرکردنەوەی سیاسی شەرەفکەندی و تێڕوانینەکانی سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی کورد، شیکاری بۆ ئەو پرەنسیپ و هەڵوێستە سیاسییە ناوەندیانە دەکرێت کە چوارچێوەی خاڵە سەرەکییەکانن.
تیرۆر «میکۆنۆس» و ڕەهەندی نێونەتەوەییی توندوتیژیی سیاسی:
تیرۆرکردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی لە بەرلین لە ساڵی ١٩٩٢، بە ڕوونی سەلماندی کە چیتر ناکرێت پرسی کورد تەنیا وەک ململانێیەکی سیاسیی ناوخۆیی لەناو ئێراندا سەیر بکرێت. ئەو ڕووداوە، بارودۆخی بزووتنەوەی کوردی خستە چوارچێوەیەکی فراوانتری نێونەتەوەیییەوە، کە تیایدا پرسەکانی توندوتیژیی، تیرۆر سیاسی، مافی مرۆڤ، سەرکوتی دەوڵەتی و پاراستنی ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بوونە تەوەری سەرەکی.
دادگاییی «میکۆنۆس» بەهۆی ورووژاندنی پرسی بەرپرسیارێتیی دەوڵەت لە هێرشە سیاسییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا، گرنگییەکی بەرچاوی نێونەتەوەییی پەیدا کرد. لە هەمان کاتدا، دادگایییەکە ئەو ئاستەنگە پێکهاتەییانەی نیشان دا کە بزووتنەوە نەتەوەیییەکانی بێدەوڵەت لە سیستەمی نێونەتەوەییدا ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ سیستەمێک کە تیایدا بنەمای «مافی دیاریکردنی چارەنووس»، زۆرجار لەگەڵ سەروەری و بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی دەوڵەتە دامەزراوەکاندا دەکەوێتە ناکۆکییەوە.
لەم ڕوانگەیەوە، ڕووداوی میکۆنۆس نەک هەر هێرشکردنە سەر سەرکردەیەکی سیاسی، بەڵکو بەشێکە لە ململانێیەکی فراوانتر لە نێوان چۆنیەتیی مومارەسەی دەسەڵات لەلایەن دەوڵەتە پاوانخوازەکان و پرەنسیپە جیهانییەکانی ئازادیی سیاسی، سەروەریی یاسا و کەرامەتی مرۆڤ.
دکتۆر سادق شەرەفکەندی؛ وەک بیرمەندێکی سیاسی:
پێشینەی زانستیی دکتۆر سادق شەرەفکەندی و کاریگەرییە بەرچاوەکانی لەسەر میتۆدی سیاسی و ڕوانگەی شیکارییەکەی، بوونە هۆی ئەوەی ڕێبازێکی ڕێکخراو (سیستەماتیک) بگرێتە بەر کە تێیدا دیاردە سیاسییەکان لە ڕێگەی پەیوەندییە مێژووییەکان، هۆکارە پێکهاتەییەکان و بەستەرە بنەڕەتییەکانەوە شیکارییان بۆ بکرێت. بۆ شەرەفکەندی، مێژوو تەنیا کۆمەڵە ڕووداوێکی ڕیزبەندی نەکراو نەبوو، بەڵکو ئامرازێکی شیکاری بوو بۆ تێگەیشتن لەو ئەگەر، بەربەست و هەلومەرجانەی کە ڕەوتی سیاسی دادەڕێژن.
کاریزمای کەسیی دکتۆر شەرەفکەندی لەسەر بنەمای زانین بوو. ئەو باوەڕی وابوو کە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی دەبێت هێزی خۆی لەسەر پەروەردە، دامەزراوەکان و بەشداریی جەماوەری بنیات بنێت. شەرعیەتی سیاسیی ئەو، زیاتر لەسەر زانین، بەڵگەهێنانەوە و بیرکردنەوەی ڕێکخراوەیی وەستابوو. دکتۆر شەرەفکەندی، بەهێزیی بزووتنەوەی نەتەوەیی بە گرێدراوی بە پەروەردە، گەشەپێدانی دامەزراوەیی، هۆشیاریی سیاسی و بەشداریی فراوانی جەماوەر دەبینی.
شەرەفکەندی دوای تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو، بەردەوام بوو وەک دکتۆر قاسملوو لە پەرەپێدانی هێڵێکی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە تێیدا خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکان لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و وتووێژی نێونەتەوەیی تێکەڵ دەبوون. هاوکات، پێویستیی گونجانی ستراتیژی لەگەڵ گۆڕانی دۆخی جیهانیی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد بە ئەرکێکی گرنگ دەزانی.
هەر بۆیە بیرکردنەوەی سیاسیی شەرەفکەندی لەسەر تێکەڵەیەک لە پرەنسیپ و ڕیالیزم دامەزرابوو،پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و مافی چارەی خۆنووسینی سیاسی، لە هەمان کاتدا بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە لە ڕێگەی دامەزراوە دیموکراسییەکان، شەرعیەتی نێونەتەوەیی و ڕێچکەی سیاسیی ئاشتیخوازانە.
ڕەهەندێکی ناوەندیی بیرکردنەوەی سیاسیی دکتۆر سادق شەرەفکەندی، پەیوەندیی نزیکی نێوان ناسنامەی نەتەوەیی و بنەما دیموکراتییەکان بوو ، تەماشای ناسنامەی کوردیی دەکرد؛ ناسنامەیەک کە بەردەوامییەکەی لە ڕێگەی زمان، نەریتی کەلتووری، یادەوەریی بەکۆمەڵ و ڕێکخستنی سیاسییەوە پارێزراو بووە.
دکتۆر شەرەفکەندی جەختی لەوە دەکردەوە کە شوناس و بوونی ئێمە وەک کورد، دژایەتییەک نییە لەگەڵ خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ؛ بە پێچەوانەوە، داننان بە ناسنامەی نەتەوەیی، بەشێکی دانەبڕاوە لە کەرامەتی مرۆڤ. شەرەفکەندی جەختی لەوە دەکردەوە، پرسیارێکی بنەڕەتی هەیە کە دەبێت هەمیشە لەخۆمانی بکەین: «پێش ئەوەی باس لە جیهان، مرۆڤایەتی و بەها گەردوونییەکان بکەین، دەبێت لەوە تێبگەین کە خۆمان کێین و لە چ واقیعێکدا دەژین؟» کاتێک مرۆڤ دەڵێت: «من سەر بە هەموو دونیام و گرنگی بە ناسنامەی کوردبوونیم نادەم»، سەرەتا دەبێت لە خۆی بپرسێت: جیهان چۆن سەیری کەسێک دەکات کە هێشتا مافە سەرەتاییە نەتەوەییەکانی بۆ نەچەسپاوە؟ چۆن کەسێک باسی یەکسانیی نێوان گەلان بکات، لە کاتێکدا هێشتا گەلێک مافی دەربڕینی ئازادانەی زمان، کلتوور و ناسنامەی خۆی لێ زەوت کراوە؟
شەرەفکەندی جەختی لەوە دەکردەوە، نێونەتەوەییبوون (ئینتەرناسیۆنالیزم) و هاوپشتیی مرۆیی، تەنیا لەسەر بنەمای دادپەروەری بنیات دەنرێت. مرۆڤ دەتوانێت هەست بە هاووڵاتیی جیهانبوون بکات، بەڵام کۆمەڵگەی جیهانیی ڕاستەقینە پێویستی بەوەیە کە سەرەتا هەموو نەتەوەکان بە ڕێز و کەرامەتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ناکرێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە نەتەوەکانی چەوساوە ناسنامەی خۆیان لەبیر بکەن، تا ئەو کاتەی مافەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە.
دکتۆر شەرەفکەندی زیاتر لە سێ دەیە لەمەوبەر، باسی لە گرنگیی تێگەیشتن لە بوونی نەتەوەی کورد و خەبات بۆ ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی کرد. پەیامەکەی لەسەر دروستکردنی دژایەتیی نێوان مرۆڤەکان نەبوو، بەڵکو بەرگریکردن بوو لە ناسنامەیەک کە مێژوویەکی دوورودرێژە نکۆڵی لێ دەکرێت.
کوردبوون بە مانای وەستانەوە لە دژی نەتەوەکانی تر نییە، بەڵکو داوای هەمان ئەو ڕێز و مافانە دەکات کە هەموو گەلان و نەتەوەکانی تر شایەنین. تەنیا کاتێک ڕێز لە ناسنامەکان دەگیرێت، برایەتیی ڕاستەقینەی نێوان نەتەوەکان و جیهانێکی دادپەروەر بنیات دەنرێت.
میراتی سیاسی و گرنگیی مێژوویی:
میراتی سیاسیی دکتۆر سادق شەرەفکەندی، لە ڕێگەی سێ پرەنسیپی ناوەندییەوە دێتە دی کە تایبەتمەندیی جیهانی بیر و تێڕوانینی ستراتیژیی شەرەفکەندی بوون:
یەکەم: جەختی لەوە دەکردەوە کە خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکان، دەبێ لە نزیکەوە گرێدراوی پەرەپێدانی دامودەزگا دیموکراسییەکان و سەروەریی یاسا بێت. بە بڕوای دکتۆر شەرەفکەندی، ئایندەیەکی سیاسیی بەردەوام، بە ڕێکاری پاوانخوازانە نایەتە دی، بەڵکو بە بەشداریی جەماوەری، فرەییی سیاسی و ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ مسۆگەر دەبێت.
دووەم: جەختی لە گرنگیی بنچینەی کۆمەڵایەتی و بەشداریی جەماوەری وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ شەرعییەت و مانەوەی درێژخایەنی بزووتنەوە سیاسییەکان دەکردەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، نەدەکرا بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی تەنیا لەسەر بنەمای پێکهاتەی ڕێکخراوەیی بنیات بنرێت، بەڵکو دەبێت لەسەر متمانە، پابەندبوون و بەشداریی چالاکانەی ئەو کۆمەڵگەیە بێت کە نوێنەرایەتیی دەکات.
سێیەم: شیکاریی سیاسیی ئەو، تێگەیشتنێکی واقیعیانەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی پێوە دیار بوو. شەرەفکەندی دانی بەوەدا دەنا کە ئامانجە مێژوویی و نەتەوەییەکان بە دابڕان لە ژینگەی نێودەوڵەتی بەدی نایەن، بەڵکو پێویستیان بە گونجانی ستراتیژی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی و دەرفەتەکانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی هەیە.
بۆیە گرنگیی مێژوویی شەرەفکەندی، تەنیا لە ڕۆڵی ئەو وەک ڕێبەرێکی ڕێکخراوێکی سیاسی (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)دا نییە، بەڵکو لە بەشداریکردنی لە وتاری بەرفراوانتری ناسیۆنالیزم، بێدەوڵەتبوون کورد، دیموکراسیخوازی و شەرعییەتی سیاسیدایە. ئەو نوێنەرایەتیی نەریتێکی سیاسیی دەکرد کە تێیدا مافە نەتەوەییەکان، بە ڕادەیەک سەیر دەکران کە لەگەڵ بەها دیموکراسییەکان و نۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێن.
لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە، پێویستە دکتۆر سادق شەرەفکەندی وەک بیرمەندێکی سیاسی ببینین کە شیکاریی زانستیی لەگەڵ سەرکردایەتیی پراکتیکیدا تێکەڵ کردووە. لێکدانەوەی ئەو بۆ پرسی کورد دەیسەلمێنێت کە سەرکەوتنی بزووتنەوە نەتەوەییەکان تەنیا بە گوتاری مێژوویی یان شوناسی کولتووری دیاری ناکرێت، بەڵکو بە توانای دروستکردنی دامەزراوەی کارا، شەرعییەتی سیاسی و پشتیوانیی نێودەوڵەتیشەوە گرێدراوە.
دوای زیاتر لە سێ دەیە بەسەر تیرۆر شەرەفکەندی لە «میکۆنۆس»، ئەو پرسیارانەی کاری لەسەر کردوون هێشتا زیندوون: گەلێک چۆن دەتوانێت ناسنامەی خۆی بپارێزێت بەبێ ئەوەی دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆی هەبێت؟ چۆن دەتوانرێت مافە نەتەوەییەکان کورد لەگەڵ بەها دیموکراسییەکان ئاشت بکرێنەوە؟ و چۆن یاسای نێودەوڵەتی دەتوانێت باشتر مامەڵە لەگەڵ ململانێی نێوان بەرژەوەندیی دەوڵەتان و داواکاریی نەتەوەکان بۆ دانپێدانان بکات؟
میراتی شەرەفکەندی ئەوە دەردەخات کە گۆڕانکاریی سیاسی، نەک تەنها بە هاوسەنگیی هێز و سەرچاوە ماددییەکان، بەڵکو بە بیرۆکە، زانین، دامەزراوە و ڕێکخستنی بەکۆمەڵیش لە قاڵب دەدرێت. هەر بۆیە ڕامانی سیاسیی ئەو لە لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە نەتەوەییەکان، دیموکراسیخوازی و خەبات بۆ نوێنەرایەتیی سیاسی لە جیهانی مۆدێرندا، هێشتا بەهادار و خاوەن پێگەیە.
دکتۆر سادق شەرەفکەندی؛ قوتابی و جێنشینی دکتۆر قاسملوو:
پەیڤ فەرمایشی دوکتور قاسملوو ئەمەیە، لە ڕێگای ئازادی، میللەتێکی زیندوو دەبێ فیداکاری بکات. بەڵام میللەتێک بیهەوێ زیندوو بمێنێتەوە، میللەتێک بیهەوێ نیشان بدات کە سەربەخۆیە و لە نێو میللەتانی زیندوودا جێگای هەیە، دەبێ نرخی ئازادیی خۆی بدات، ئازادیش لە مێژوودا نیشان دراوە کە نرخی گرانە و بێنرخیش وەرناگیرێت.
دکتۆر شەرەفکەندی خۆی بە هاوکارێکی نزیک، شاگرد و جێنشینی دکتۆر قاسملوو دەزانی. ئەو، دکتۆر قاسملووی وەک ڕێبەر و ڕاهێنەری سیاسیی خۆی دەبینی و زۆرجار ڕۆڵی خۆی وەک یاریدەدەر و سکرتێر وەسف دەکرد، نەک وەک ڕێبەر. ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەو متمانە و باوەڕە سیاسییە قووڵە بوو کە شەرەفکەندی بۆ ڕێبەرایەتی و دیدگای قاسملوو هەیبوو.
پەیوەندیی نێوان ئەو دووانە” قاسملوو ، شەرەفکەندی ”، نەک هەر ڕێکخراوەیی ” حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران”، بەڵکو لەسەر پابەندبوونێکی هاوبەش بە مافەکانی گەلی کورد، دیموکراسی و چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد بنیات نرابوو. دوای تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو لە ساڵی ١٩٨٩دا، شەرەفکەندی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی گرتە ئەستۆ و درێژەی بەو ڕێچکە سیاسییە دا کە قاسملوو دایمەزراندبوو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. سێ ساڵ دواتر، لە له ١٧سێپتامبر ساڵی ١٩٩٢دا، شەرەفکەندیش لەگەڵ هاوکارانی لە بەرلین تیرۆر کرا؛ هێرشێک کە بوو بە هێمای ئەو قوربانییە گەورانەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد ناچار بووە بەرگەی بگرێت.لە هەمان کاتدا، ڕاستییە مێژووییگەلێک هەن کە ناکرێت چاوپۆشییان لێ بکرێت.
شەرەفکەندی هاوبەشی ئەو دیدە بوو و کاری بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئەو میراتە سیاسی و دیپلۆماسییە کرد کە قاسملوو بنیاتی نابوو. ڕەنگە مرۆڤ بۆچوونی سیاسیی جیاوازی هەبێت لەسەر بارودۆخی ئێستا و لەسەر ئەو ستراتیژانەی بزووتنەوە جیاوازەکانی کورد بۆ پەیڕەوکردنیان هەڵی دەبژێرن، بەڵام گرنگیی مێژوویی دکتۆر قاسملوو و دکتۆر شەرەفکەندی و میراتی سیاسی و بەشداریکردنیان لە دۆزی کورددا، ئەستەمە بخرێتە ژێر پرسیارەوە. کەم سەرکردەی کورد هەبووە هێندەی دکتۆر قاسملوو تۆڕی پەیوەندیی نێودەوڵەتی، لێهاتوویی دیپلۆماسی و ئەزموونی سیاسیی هەبووبێت؛ هەروەها کەم کەسیش لە هەلومەرجێکی ئەوتۆی دکتۆر شەرەفکەندیدا، بە هەمان یەکگرتوویی درێژەی بە کارەکانی دابێت.
دکتۆر سادق شەرفکەندی سەقامگیری و ئومێدی نوێی بۆ ئایندە بە حیزب بەخشی:
دوای تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو، حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران ڕووبەڕووی یەکێک لە سەختترین قۆناغەکانی بووەوە. لەدەستدانی دکتۆر قاسملوو، هەم نادڵنیایی سیاسی و هەم خەمی داهاتووی ڕێکخراوەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران دروستکرد. پرسیارەکە تەنیا ئەوە نەبوو کە حیزب چۆن مامەڵە لەگەڵ خەم سەخت و پەژارەدا دەکات، بەڵکو چۆن یەکگرتوویی سیاسی خۆی دەپارێزێت و درێژە بە خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەدات.
لەم دۆخە مەترسیدارەدا دکتۆر سادق شەرفکەندی بوو بە چارەنووسساز. بە ئەزمونی سیاسی و ئیرادە و توانای یەکخستنی تەشکیلاتی بەشداری کرد لە پتەوکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی حیزب و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ ڕێبازە سیاسیەکەی.دکتۆرشەرەفکەندی درێژەی بە هێڵی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران دا و لە هەمان کاتدا هەوڵی دەدا کارەکانی حیزب لەگەڵ هەلومەرجی نوێی سیاسی و ناوچەیی بگونجێنێت. لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا ئەو بۆچوونە بەهێزتر بوو کە تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو بە مانای کۆتایی خەباتی سیاسی نایەت لە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران. بەپێچەوانەوە حیزب بەردەوام دەبی لە داکۆکی لەئازادییە سیاسییەکان و مافە نەتەوەییەکان و مافی چارەنووسی گەلی کورد.
شەرفکەندی لە ڕێگەی ئەم شیکارییەوە، پرسی کوردی خستە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتری ناسیۆنالیزم، و سیاسەتی نێونەتەوەیییەوە،بۆیە دیدگای مێژوویی ئەو، نەک تەنیا ڕوونکردنەوەی ڕابردوو، بەڵکو تێگەیشتن بوو لەو هەلومەرجە سیاسییانەی کە کاریگەرییان لەسەر دەرفەت بۆنەتەوە بێدەوڵەت هەیە بۆ گەیشتن بە دانپێدانان، نوێنەرایەتی و مافی چارەی خۆنووسین.
بیرکردنەوەی سیاسی دوکتور شەرەفکەندی لەسەر قەناعەتێکی بنەڕەتی سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەیی و ڕزگاریی سیاسیی کورد دامەزرابوو. لەم ڕوانگەیەوە خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانی کورد پەیوەندییەکی نزیکی بە پرسەکانی دیموکراتیزەکردن و نوێنەرایەتی سیاسی و مافی خەڵکەوە بۆ کاریگەری لەسەر ئایندەی سیاسی خۆی گرێدا. جیهانی سیاسی ئایدیاکانی دوکتور شەرەفکەندی بەو تێڕوانینە تایبەتمەند بوو کە چارەنووسی نەتەوەیی پێشگریمانە دەکات کە کۆمەڵگایەک کە تێیدا مافەکانی تاک و دەستەجەمعی ڕێزیان لێ بگیرێت و بەشداری سیاسی بەبێ سەرکوتکردن و جیاکاری بەڕێوەبچێت.
خەبات بۆ چارەنووسی نەتەوەیی کورد لە ئاکامدا تەنیا لەسەر دانپێدانانی کورد وەک گەلێکی خاوەن مافە دەستەجەمعیەکان نەبوو، بەڵکو بۆ دروستکردنی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگایەک کە بە یەکسانی و دڵنیایی یاسایی و نفوزی جەماوەری تایبەتمەند بوو.
بۆیە با بە هێز و کۆڵنەدان درێژە بە خەباتی نەتەوەیی بدەین و میراتی سیاسی سەرکردە خۆشەویستەکانمان قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی وهەزران شەهید بەرەو پێشەوە ببەین. تێکۆشان و بیرۆکە و قوربانیدانیان بەشێکە لەو ڕێبازە مێژووییەی کە گەلەکەمان ڕۆیشتووە و پێویستە نەوەکانی داهاتوو بەرەو پێشەوە ببەن. خۆرمان هەرگیز ئاوا نابێت ، تا ئیرادەی ئازادی و کەرامەتی نەتەوەیی بەردەوام بێت.
گەلێک کە بە پرەنسیپە سیاسییەکانی خۆی و بەڵێنەکەی بە نەوەکانی داهاتوو و یادەوەری ئەو کەسانە بمێنێتەوە کە گیانیان بەخت کرد لە پێناو مافەکانیدا، بە چەوساندنەوە توندوتیژی و تیرۆر تێکناچێت. هێزی ئێمە لە یەکگرتوویی و کۆڵنەدانمان و قەناعەتماندایە کە دواجار ئازادی زاڵ دەبێت.
سڵاو لە رەوانی کاک دکتۆر سەعید شەرەفکەندی ، کاک ھومایون ئەردەڵان، کاک فەتاح عەبدولی و، کاک نووری دێھکوردی.
سەرچاوەکان:
* بەڵگەنامەی دادگاییی میکۆنۆس؛ ڕێوشوێنی دادگای فیدراڵیی ئەڵمانیا سەبارەت بە تیرۆرکردنی بەرلین لە ساڵی ١٩٩٢.
* حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ بڵاوکراوە مێژووییەکان و کەرەستەی ئەرشیفیی تایبەت بە دکتۆر سادق شەرەفکەندی و بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد.
حەسەن قارەمانی ١٢-٠٩-٢٠٢٦
