کاک هەڵۆ، یادی شەهیدانی میکۆنۆس، ستۆکهۆڵم.
ئەگەر لینکی سەرو کاری نەکرد ، لینکی خوارەوە کلیک بکەن بۆ دیتنی ڤیدیۆکە
دەقی هەواڵ و بەشی لە وێنەکان لە لاپەڕەی کۆمیتەی سوید وەرگیراون
بەڕێوەچوونی سیمینارێک بۆ یادی شەهیدانی میکۆنوس!
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤٠٥/٦/٢١ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٠٢٦/٩/١٢ی زایینی کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە سوئێد سیمینارێکی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی میکۆنۆس لە شاری ستۆکهۆڵم پێکهێنا.
سیمینارەکە بەخێرهێنانی بەشداران لە لایان بەڕێوەبەری بەرنامە، “قادر مێهفەر” دەستی پێکرد.
سروودی نەتەوایەتیی کورد ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بوو بە دەستپێکی بەرنامەکان.
دواتر لە لایان هاوڕێ “نەبەز عەلیدووست” بەرپرسی کومیتەی گشتیی حیزب لە سوئێد لە وتەیەکی کورتدا بەخێرهاتنی میوانەکان و بەشدارانی سیمینارەکە، بەتایبەت مامۆستا “عەبدوڵڵا حەسەن زادە” سکرتێری پێشووی حیزب، یەکێک لە هاوڕێیان هەرە نیزیکی شەهیدانی ڕێبەر و کەسایەتیی ئەدەبی و وەرگێڕی بەناوبانگی کوردستانی کرد.
دوای وتەی بەرپرسی کومیتە بەڕێز
دوکتۆر “حوسێن خەلیقی” ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب و نووسەر و لێکۆڵەری دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک یەکەم کۆڕگێڕ دەستی بە باسەکەی کرد. باسەکەی دوکتۆر خەلیقی لە ژێر سەردێڕی “تیرۆركرانی دوكتۆر شەڕەفكەندی، خەسار و زیانەكانی بۆ سەر حیزبی دێموكڕات و جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان” دا بوو.
ناوبراو باسی ئاشنایی خۆی لە گەڵ نەمر دوکتۆر سەعید کرد و لێوەشاوەیی ناوبراوی دوای شەهیدکرانی دوکتۆر قاسملوو خستە بەرباس، بەڵام بەداخەوە شەهیدکرانی ئەویش ڕێگای نەدا لێوەشاوەیی زیاتری دوکتۆر شەڕەفکەندی ببینین.
دوکتۆر “ئیدریس ئەحمەدی” مامۆستای زانکۆ و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب، دووهەم کۆڕگێڕی ئەو سیمینارە بوو، کە باسەکەی بریتی بوو لە ” دوكتۆر سەعید، هێزی كورد و جوگرافیای كوردستان”.
ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانی دا گوتی: “یادکردنەوەی دوکتۆر سەعید پێوەندی بەو بارودۆخەوە هەیە کە ئێمە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەیبینین. باسی ڕۆڵی کارای شەهید دوکتۆر سەعیدی لە خوێندنەوە و پێشبینی ڕووداوەکاندا کرد، کە بەداخەوە کۆماری ئیسلامی ڕێگای نەدا حیزبی دێموکڕات زیاتر لە لێوەشاوەییەکانی ئەو نەمرە بەهرەمەند ببێت.
دوای باسەکەی دوکتۆر ئیدریس کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهید د. سەعید لە لایان بەڕێوەری بەرنامە خوێندرایەوە.
دواتر پارچە موسیقایەک لە لایان هونەرمەند “هەڵۆ غەریب” پێشکەش کرا.
چەند بروسکەیەک بەو بۆنەوە بۆ یادەکە هاتبوون کە وێڕای داوای لێبوردن بەهۆی کەمی کاتەوە، بە سپاسەوە نێوەکانیان خوێندرانەوە.
-پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پەژاک
-یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران.
-ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان-کومیتەی سوئێد
-کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
دوای ئەو بڕگەیە کۆڕگێڕی سێهەمی سیمینارەکە “”پێشەوا عەلیپوور” ئەندامی ڕێبەریی حیزب، باسەکەی خۆی، کە پێشتر بە تۆمارکراوی بەدەستی بەڕێوەبەرانی سیمینارەکە گەیشتبوو، لە ژێر سەردێڕی؛
“گرنگیی خەباتی نەتەوەیی لە لای شەهید دوكتۆر شەڕەفكەندی” پێشکەش کرد. ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی؛
“من نەوەی دوای ترۆری دوکتۆر سادق شەڕەفکەندیم و لە نیزیکەوە شانازیی هاوخەباتیم لە گەڵی نەبووە، بەڵام گۆشکراوی ئەو ڕێبازەم. ترۆری دژبەران لە ئێران تەنیا تایبەت بە سەردەمی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو ڕێژیمەکانی پێشتریش لە ئێران ئەو شێوە لە لەناوبردنی دژبەرانی خۆیان گرتۆتە پێش و وەک میرات بۆ کۆماری ئیسلامییان بەجێهێشتووە. بڕیاری دادگای میکۆنۆس دەری خست کە ترۆری جیابیرانی ڕێژیم لە دەرەوە بڕیارێکی سیاسیی تەواوی دەزگای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیەوە بوو. کومیتەی عەمەلیاتی ویژە پێکهاتوو لە ڕێبەری باڵا، سەرەک کۆمار، وەزیری کاروباری دەرەوە، وەزیری ئیتلاعات و فەرماندەری سپای پاسداران و دەبیری شۆڕای ئەمنییەتی میللی هەموویان لە گەڵاڵەداڕشتن و بەڕێوەبردنی ئەو ترۆرە دا بەشدار بوون.
دوایین بڕگەی بەرناماکانی سیمینارەکە پێشکەشکردنی پارچە موسیقایەک لە لایان هونەرمەند هەڵۆ غەریب بوو.













