پێش ئەوەی بچمە نێو باسەکە کە ڕەنگە بڕێک درێژ بێ، پێویستە کورت خۆم بناسێنم تا هەرچی نووسیم چاک و خراپ وەباڵەکەی لە ئەستۆی خۆم بێ. من مەلا برایمی مەجیدپورم.

خوێندنی مەلایەتیم لە مەزگەوتی سوری سابڵاغ لە مەدرەسەی علومی دینی، لە خزمەت باشترین مەلای لانیکەم مەڵبەندی موکریان وەک: خوا لێخۆشبوان مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی، مامۆستا مەلا کەریمی شاریکەندی، مامۆستا شێخ عێزەت دینی حوسەینی، مامۆستا محەمەدی ماوەڕانی، مامۆستا سادق واثیقی بیلا کە هەر کامەیان پسپۆڕی بەشێک لە پڕۆسەکە بوون دەرسم خوێندووە و ئیزنی مەلایەتی ١٢ عیلمەم بۆ ئیفتا و تەدریس لەوانە وەرگرتووە و ئیمزای هەموویانی پێوەیە. دە ساڵ مەلایەتیم کردووە و دوای ڕووخانی ڕێژیمی حەمەڕەزا بوومە پێشمەرگە لە ڕیزی حیزبی دێمۆکراتدا. ئێستاش هەر ئەندامی حیزبم و هەر زمان و قەڵەمیشم ماوە ئەویشم لەو بوارەدا دەکار کردووە.
دیارە وەختی خۆشی کە مەلا بووم هێندێک شتم دەکوت کە دەگەڵ بەرنامە و بیری زۆر لە مامۆستاکانی ئەودەم نەدەهاتەوە. وەک ئەوەی دەبوو وتاری نوێژی هەینی بە زمانی فارسی بێ من قەتم بە فارسی نەخوێندەوە. سوپاسی خەڵکی گوندی ئاختەتەر دەکەم کە زۆریان پێخۆش بوو وەک هێندێک جیگا کێشەیان بۆ دروست نەدەکردم! تەنانەت لە مەڵبەندی بۆکانێ هێندێک مەلا پییان دەکوتم (مارکسیستی ئیسلامی!!). ئێستاش ماوەیەکە زۆر شت بە ناوی دین دەنووسرێن و دەکوترێن، لەسەر زۆریان قسەم هەیە. بۆیە هاتمە سەر ئەو باوەڕەی کە بەقەدەر تێگەیشتنی خۆم لەسەر ڕاستی و ناڕاستیان بنووسم. دیارە زۆری دەوێ بەڵام بە پێویستی دەزانم بە وتارێک نەیبڕمەوە و لەسەری بڕۆم. مامۆستاکان باش دەزانن بە فەرمانی خوا چاکە و خراپەی هەر مرۆڤێک قازانج و زەرەرەکەی بۆ خۆیەتی، خوا فەرموویەتی {من عمل صالحا فلنفسە ومن أساء فعلیها وما ڕبک بظلام للعبید} واتە هەرکەس کاری چاک بکات قازانجەکە بۆ خۆیەتی و خراپ بکات زەرەر لە خۆی دەکەوێ. خواش زوڵم لە کەس ناکات. لە جییەکی تر دەفەرموێ: {لیس للإنسان إلا ما سعی} واتە مرۆڤ هەر ئەوەی بۆ حیساب دەکرێ کە کردوویەتی.
زۆربەی ئەو نووسراوانەی دەیانخوێنمەوە هەر هەموویان دوعا و پاڕانەوە و داوا لە خوایە، زۆربەی بەڵگەکانیش حەدیسن. بەڵام لە دیندا هەرچی بکوترێ، دەگەڵ قورئان یەک نەگرێتەوە قبووڵ نییە، هەرچی بە ناوی حەدیس بکوترێ ئەگەر قورئان پشترڕاستی نەکاتەوە بۆ بەڵگەی ئایینی نابێ. لە دەرەوەی ئەوانەش عەقڵ و منطق محەکی ڕاست و ناڕاستەکانن. گومان لەوەدا نییە بڕواداران مافی خۆیانە لە خوای خۆیان بپاڕێنەوە فەرموودەی پەیامبەر ڕەچاو بکەن، بەڵام پێویستتر لە پاڕانەوە، شتی تر زۆرن. ئێمە هەموو شتەکانمان لە نوێژ و دوعا و نەزادا کورت کردۆتەوە و خۆمان لەوانی تر کە لە دوعا زۆر پێویستترن شاردۆتەوە!. فەلسەفەی دروستبوونی مرۆڤ و ئەرکانی نازانین یان پشتگوێمان خستووە. هەر مرۆڤێک ئەرک و مافی هەیە. بەجێهێنانی ئەرکە شرعییەکان بنچینەی عیبادەتەکانە، زۆر ئەرکمان بۆ دیاری کراوە پێویستن و پاداشتیان لەوان کەمتر نییە و بگرە زیاتریشە! وەک: ڕێزگرتن لە جیرانە ماڵان، فریاکەوتنی لێقەوماوان و هەژاران و زۆری تر لەو بابەتانە عیبادیین.
لە بنەماڵە و جیران تێپەڕین دەگەینە ئەرکە ئەخلاقییەکانی ئینسانەکان. ئەوەی خوا لێی قەدەغە کردووین، ئەو کردار و گوفتارانەن کە بۆ کۆمەڵ و تاکەکان زیانی هەیە. کابرایەکی هەژار دەڵێ: هەر دەکوترێ خوا کەریمە دەچم تاقی دەکەمەوە. لە میحرابی مزگەوتدا بەرماڵی بەسەر خۆدا دەدات و دەڵێ (خوایە ڕۆزیم بدەرێ) سێ ڕۆژ لە بن ئەو بەرماڵە هەر ئەو داوایە دەکات و هیچ خەبەر نییە. کابرایەکی جولەکە کوڕیان ببێت دەیەوێ گوێزەبانەی بۆ بکات، دەچێتە مزگەوتێ بزانێت کەسی لێیە بیباتەوە! دەرکەکە دەکاتەوە کەسی لێ نییە، لەبەر خۆیەوە دەڵێ: حەیف کەسی لێ نییە بیبەمەوە! کابرای بن بەرماڵ ئوحوییەک دەکات، جولەکە دەڵێ کابرا ئەتۆ کێی هەستە با بچینەوە ماڵی ئێمە! کابرا دەگەڵیدا دەچێت نانی نیوەڕۆ هات پڵاو و گۆشت ئاشی پێدەگەڕا. کابرا سەری هەڵێناو کوتی: خوایە ڕاستە ئەتۆ ڕازقی بەڵام ئوحوییەکیشی هەر دەوێ.
ڕوو دەکەمە مامۆستایانی ئایینی لە هەر کوێ هەن، دەڵێم: ئێوە بە پێشەوای دین ناسراون، پێشەوا هەر بەرپرسایەتی خۆی لەسەر نییە، بەڵکوو لەبەرامبەر ئەوانەش کە دوای کەوتوون لێپرسراوە. بۆیە لەپێش هەموو کەسێکدا دەبێ سادق بێت، خۆی و ئەرکەکەی بناسێت، هەموو فەتوا و ڕاسپاردەکانی بەکردەوە نیشانی شوێنکەوتووانی بدات. نابێ کردەوەی نەشیاو و قەدەغەکراوەکان بۆ خەڵک بە خراپ بزانێت و بۆ خۆی ئەنجامیان بدات! واتە پێشەنگی کاروانێکە ئەگەر هەتڵە بڕوات عالەمێک بە هیلاک دەدات. لێرەدا دەمەوێ هێندێک لەو کردەوانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە تاک و کۆمەڵەوە هەیە بە بەڵگەی قورئانی بخەمە بەرچاوی خوێنەران و هیواداریشم لە دڵاندا جێ بگرێت و کۆمەڵگەش کەڵکی پێویستی لێ وەربگرێت. بەو نیازەوە لەپێش هەموو شتێک باسی درۆتان بۆ دەنووسم تا بەزانن چەندە تاوانێکی قێزەونە و خوا چی لەبارەیەوە فەرمووە.
(درۆ)
درۆ گوناهێکە کە خوا لە چەند ئایەتێکی قورئانیدا باسی خراپیەکەی دەکات و درۆزنی بەم جۆرە دەناسێنێ: درۆزن هیچ ئیعتیبارێکی لە کۆمەڵگە و تەنانەت بنەماڵەکەشیدا نامێنێ، زۆرینەی خەڵکیش دەیبوغزێنن، دیاردەیەکە بناغەی ژیانی کۆمەڵگە هەڵدەوەشێنێ و خاوەنەکەی لە نێو کۆمەڵگەدا بە سووک و چرووک دەناسێنێ، کورد گوتەنی ڕوورەشی لای خوا و خەڵکە. پەستترین خەسڵەتی مرۆڤ درۆیە. ڕەوتی کارەکان دەشێوێنێ، درۆزن لەبەرچاوی خەڵک سووک و بێبەهایە. مرۆڤەکان خاوەنی هەر شوغڵ و کارێک بن پێویستیان بە هەبوونی ئیعتیبار و بڕوا هەیە بۆ ئەوەی لە کارەکەیاندا سەرکەوتوو بن. ئێمە بۆ سەلماندنی خراپیی درۆ هەوڵ دەدەین ئەو ئایەتە قورئانییانەی سەبارەت بە خراپیی درۆ نێردراون بۆ پەیامبەر و زیانەکانی درۆ دەخەینە بەرچاوی خوێنەران:
(١) سوورەی غافر ۲٨: (إن الله لا يهدي من هو مسرف كذاب) خوا مرۆڤی زۆر درۆزن شارەزا ناکات. ئایەتەکە ئەوەمان پێدەڵێت کەسێک بڕوای بە شتێک هێنا با لەنێو دژبەرانی باوەڕەکەشی بەڕێوە بچێت، هم خۆی دەپارێزێت و هم بە شێوەی تایبەتی لە قاڵبی ڕێنوێنیدا کار بۆ باوەڕەکەی دەکات.
لە زومەڕدا دەفەرموێت: (إن الله لا يهدي من هو كاذب كفار) خوا درۆزنی لەڕادەبەدەر شارەزا ناکات. خوا ناوی درۆی بە خراپ هێناو، درۆزنی لە خەسڵەتە هەرە خراپەکانی مرۆڤی موسڵمان داناوە بۆیە خوا ئاوا بە زۆری و خراپی باسی لێکردووە، ١٠٦ جار و بگرە زیاتریش لە قورئاندا ناوی بە خراپ هێنراوە.
ئەگەر لە قورئاندا هێندێک لە عیبادەتەکان بۆ خۆت و خودایە، نەیانکەی تەنیا حیسابی ئەوەت دەگەڵ دەکرێ نافەرمانیت کردووە، بەڵام لە درۆدا تۆ نافەرمانیشت کردووە، ڕەنگە بەهۆی ئەو درۆیەی تۆ قەباحەتێک ڕووبدات، مرۆڤێک کوژرابێت، یان خەسارەتێکی زۆر لە کۆمەڵگە کەوتبێت، ئەودەم بێئەمری خوات کردووە و زیانت بە خەڵک گەیاندووە. ئەگەر خوا لە هەقی خۆی خۆش بێت لە مافی ئەوانی تر خۆش نابێت. کەوابوو کاکی درۆزن بە خوا و خەڵک و کۆمەڵگە و تەنانەت بە ماڵ و منداڵی خۆشت قەرزداری!
براتان مەلا برایمی مەجیدپور
٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی
١١ / ٩ / ٢٠٢٦ی زایینی
