بەشی ١: پێشینە و بنەماڵە
-
سەرەتای ژیان و دروستبوونی کەسایەتی.
-
ساڵی ١٩٤٧: ئەرکێکی چارەنووسساز.
-
هاوسەرگیری و ڕەگ و ڕیشەی بنەماڵە.
-
کورتەیەک لە بیرەوەرییەکانی ژیانی دایکم.
بەشی ٢:
-
مامۆستا مەلا مەجید نزهەتزادە، لە حوجرەکانی فەقێیاتی کوردستانەوە تا زانکۆی تاران و ئەزهەر لە میسر.
-
زیندانەکانی ساواک و بە ڕووداوێکی گومانئاویی سەیارە، گیانلەدەستدانی مەلا مەجید نزهەتزادە.
-
کورتەیەک لەسەر کەسایەتیی میرزا ئەحمەد نزهەتزادە.
-
لەژێر چەقۆی کۆماری ئیسلامیدا.
-
پێگەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی.
-
شەش مانگ ئازادی.
-
کۆتایی ڕێگا؛ سەرەتای یادەوەری.
بەشی ٣:
-
٢٠/٠٣/٢٠٢٦ لە پرسەی مامم مەلا حەسەن نزهەتزادە، گێڕانەوەی بەشێک لە ژیانی مامۆستا وەک خۆی، لە زمان بەڕێزێک.
بەشی ١: پێشینەی بنەماڵە
پێش دەستپێک بە چەند وەسفێک لەسەر جەدم نزهەت بەگی ڕەواندوزی کە لە ٢٠١٥ لەسەر داخوازی هاوڕێیەک نووسیم:
بۆ بیرهێنانەوەی نزهەت بەگی ڕەواندوزی، جەدم:
جەدێمن؛
ڕێڤینگێ ڕێگایەکی دوور بوو،
ڕێکاوی؛ ڕێکا ژیان، ژیان ژ کۆڵە دوور بوو.
هیڤیێن ژیانەکی دوور و هوور بوو،
پارێزڤانێ ڕێبازا ڕزگاری و ڕێکا نوور بوو.
وارسێ چاندەکی کوور بوو،
مورشید و شەهیدێ؛ هونەرا پاراستنا سەربەخۆبوونا گەل بوو.
بە ناوی پیاوێکی بێدەنگ، خۆڕاگر و دڵسۆز و براکانی، لە مێژووی ئازارچێشتووی نەتەوەی کورد.
لە مێژووی گەلانی ستەملێکراودا، ناوگەلێک هەن، کە ئەگەرچی لەسەر تاریکانەی خەباتی ئازادیخواز دەدرەوشێنەوە، بەڵام لە بێدەنگیدا ژیاون، لە بێناونیشانیدا قوربانی بوون، دوور لە دیدی مێژووی نووسراو و فەرمی ماونەتەوە. ئەوان کەسانێکن کە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، بەرگەی ئازاری زۆریان لەسەر مل هەڵگرتبوو، بەرگەی کۆچی یەک لە دوای یەک، زیندانی قورس، هەراسانکردنی بەردەوام و ئەشکەنجەدانی سەختیان گرتبوو؛ کەسانێک کە بەبێ بەرخۆدانیان، گێڕانەوەی خەباتەکانی ئەمڕۆی نەتەوەیەک ناتەواو دەبوو.
ئەم یادەوەرییە ڕێزلێنانێکە بۆ یەکێک لەو کەسایەتییانە؛ پیاوێک بەناوی میرزا محەمەد نزهەتزادە و براکانی میرزا ئەحمەد، مەلا حەسەن و مەلا مەجید، نەوەی ڕەگداکوتاوی یەکێک لە بنەماڵەکانی میرنشینی سۆران، و ڕزگاربووینەوەکان کە لە ڕەواندوزەوە تا شنۆ، موکریان، و لە مەرگەوەر تا ورمێ، تەواوی بوونی خۆیان پێشکەش لە پێناو ئازادیی کوردستان کرد.
بنەماڵەیەک بە ڕەگ و ڕیشەی لە میرنشینی سۆران
پێشینەی میرزا محەمەد و براکانی، دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی میرەکانی سۆران لە ڕەواندوز، بنەماڵەیەک کە بەشێکی گرنگی مێژووی خەباتەکانی سەدەی نۆزدەهەمی کوردستانیان لە قاڵبداوە. باوکی میرزا محەمەد، تۆفیق بەگ، فرەزمان و زانا بوو، نەک هەر بە هەردوو شێوەزاری کوردی بەڵکوو بە زمانی عەرەبی، فارسی، تورکیش شارەزا بووە. لە سەردەمی بزووتنەوەی شێخ عوبەیدوڵای نەهریدا، کە باوکی ”نزهەت بەگ” وەک بەرپرسی ماڵی شێخ ئەرکدار بووە، بە بنەماڵە لەناو ئەو شۆڕشەدا بوون. هەروەها تۆفیق بەگ لە کاتی دیلبوونی بەدەست ڕووسەکانی تزاری، فێری زمانی ڕووسی و کەمێکیش ئەڵمانی بووە؛ پیاوێک کە تینوێتیی زانستی، تەنانەت بە زنجیریش نەمرکایەوە.
مێژووی بەسەرهاتەکانی ئەم بنەماڵەیە، لەگەڵ شەڕەکانی دژ بە عوسمانی و ڕووسیای تزاری لە ڕەواندوز تێکەڵ بووە. ئەو بەرەبابە لە میرانی سۆران، ئەوانە بوون کە هەرگیز سەریان نە بۆ عوسمانی، نە بۆ عەجەم، نە بۆ ڕووسەکان و نە بۆ پاشایەتیی هاوردەکراوی عێراق نەنواند.
”سلێمان بەگ/نزهەت – لە بەشدارانی شۆڕشی نەهری و بەرپرسی ماڵی شۆڕش دژ بە عوسمانی و قەجەر – کوڕی مەجید بەگ، کوڕی میر سلێمان بەگ، برای پاشای گەورە” باپیری میرزا محەمەد – بە هۆکاری نەزانراو بۆ من – لەگەڵ هێندێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شێخ محەمەد سەدیقی کوڕی شێخ عوبەیدوڵا پەڕیبوونەوە ڕۆژهەڵات، بەدیل گیران و بە فەرمانی حاکمی تزاری لەگەڵ چەندێک لە دیکە ئەندامانی بنەماڵەی، لە ١٩١٤ لەسێدارە دران. بەپێی هێندێک گێڕانەوە نزهەت بەگ چەند زمانی زانیوە کە لەنێودا زمانی فەڕەنسی یەکێک لەو زمانانە بوو کە لە ئیستەمبۆڵ پەروەردەی لەو زمانە بینیبوو. ”گڵکۆی نزهەت لە بالاوی ورمێیە”.
تۆفیق بەگی کوڕیشی لە ناوچەیەکی دیکە بەدیل گیرا، تا شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ لە سیبیریا بە زیندانی مایەوە. دوای گەڕانەوەی لە زیندانی ڕووسیا، تۆفیق بەگ لەگەڵ سەید تەها دەگەڕێتەوە ڕەواندوز، بەڵام گوشار و تێکهەڵچوونە قورسەکانی مابەینی نەتەوەی کورد و چوارچێوە سەپێندراوەکەی عێراقی نوێدامەزراو، بە هاتنە سەردەسەڵاتی پاشای هاوردەکراوی ئوردونی بە پشتگیریی بەریتانیا، ئەم ساڵانە بنەماڵەی ناچار کردەوە لە باشووری کوردستانەوە، دووبارە ئاوارە ببنەوە و ڕوو لە نەڵیوانی شنۆ، پاشان بۆ مەرگەوەر و شاری ورمێ بکەنەوە.
گەڕانەوەی تۆفیق بەگ لە دیلی، سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ بوو. ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ دایکی میرزا محەمەد — دایە پەریزاد — دەکات، کە دوای کۆچی تۆفیق بەگ دەبێتە کۆڵەکەی ماڵەوە و منداڵانی. چەند ساڵ دوای لەدایکبوونی کچە گەورەکەیان، میرزا محەمەدی کوڕیان لەدایک دەبێت. بەڵام ڕۆژگار مەجالی ئارامیی بۆیان نەهێشتەوە: لە زستانێکی سەختدا – ساڵ و بەروارەکەی نازانم – تۆفیق بەگ لە سەربانێکەوە لە دزەی مەرگەوەر خلیسکە دەبات و دەکەوێتە خوارەوە، دوای ماوەیەک بەهۆی شکانی پشتییەوە کۆچی دوایی دەکات. ئەم ڕووداوە چارەنووسی میرزا محەمەدی لاوی گۆڕی؛ بارگرانیی ژیانی خێزانیی کەوتە سەر شانی، ئەو دەبوو هەم باوک بێت، هەم برایەکی گەورە.
جارێکیان سەبارەت بە بەرواری لەدایکبوونی، پرسیارم لە باوکم کردبوو، وەڵامێکم وەرگرتبوو کە ڕەنگدانەوەی ناڕێکخراویی ئیداری و نادادپەروەریی ئەو سەردەمە بوو: ”تۆمارکەر هەرچی بیویستبا، لەسەر بەڵگەنامەی لەدایکبوون دەینووسی؛ تەنانەت بەرواری لەدایکبوونی دایکتان کە ١٢-١٥ ساڵێک لە من بچووکتر بوو، وەک یەکەمی نەورۆزی ١٣١٢ تۆمار کردووە. نازانم، بەڵام ساڵی لەدایکبوونی دایکت، بە ئەگەری زۆرەوە بە چەند ساڵ کەم و زێدە، لەو ساڵەی ١٣١٢ی خۆری تۆمار کراوە نزیک بێت. ئەوەی من لە داپیرەتم بیستووە، من چەند ساڵێک دوای گەڕانەوەی باوکم لە زیندانی ڕووسە تزارییەکان، هاتوومەتە دونیاوە، کە دەتوانێت مابەینی ساڵەکانی ١٩٢٢-١٩٢٥ی زایینی بووبێت، ئینجا نازانم کام لە ساڵەکان، هاوین بووە، زستان یان وەرزێکی دیکە.”
ڕۆڵی تۆفیق بەگ لە هەوڵەکانی هاوپەیمانیی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لەو سەردەمەدا
تۆفیق بەگ کوڕی نزهەت بەگ و باوکی میرزا محەمەد و برایانی، یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو، کە لە یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگەکانی پارتی هیوا و کۆمەڵەی ژێکاف بەشداریی هەبوو؛ کۆبوونەوەیەک لە ناوچەی مەرگەوەر، لە بناری چیای داڵامپەر، لە خاڵی یەکتربڕینی سێ سنووری دەستکرددا بەڕێوەچوو. هەڵبژاردنی ئەم شوێنە جوگرافییە، جگە لە ڕەچاوکردنی ئەمنی، وەک شوێنی پەیوەندی و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان، گوزارشت لە گرنگیی ستراتیژییەکەی دەکرد.
ئەم کۆبوونەوەیە، دەتوانرێت لە چوارچێوەی پێشهاتە سیاسییەکانی دەیەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، وەک هەوڵەکانی نوخبەی کورد بۆ دروستکردنی جۆرێک لە هاوپەیمانیی سیاسی و ڕێکخراوەیی شی بکرێتەوە. حیزبی هیوا کە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا وەک یەکێک لە یەکەمین حیزبە مۆدێرنەکانی کوردی پێکهێنرا، ڕۆڵێکی گرنگی لە پێشخستنی بیرۆکەی ناسیۆنالیستی و ڕێکخستنی چالاکییە سیاسییەکان هەبوو. لە بەرامبەردا ڕێکخراوی (کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان – ژێکاف) بە ئامانجی زیندووکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکخستنی هێزە کوردییەکان، ببوو بە ئەکتەرێکی کاریگەری گۆڕەپانی سیاسیی ئەو سەردەمە.
هاوکات گۆڤاری ”نیشتمانی ژێکاف”، وەک یەکێک لە گرنگترین پلاتفۆرمە فیکری و میدیاییەکانی ئەو قۆناغە، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕەنگدانەوەی بۆچوونەکان، پتەوکردنی گوتاری ناسیۆنالیستی و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان بزووتنەوە جیاوازەکانی کورددا هەبوو. ئەم گۆڤارە نەک هەر ڕەنگدانەوەی پێشهاتە سیاسییەکانی سەردەمی خۆی بوو، بەڵکوو وەک سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و پتەوکردنی لێکنزیکبوونەوە لە نێوان چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیدا کاری دەکرد.
ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان ئەم بزووتنەوانە، لەگەڵ چالاکییە میدیاییەکانی وەک بڵاوکردنەوەی ”نیشتمان” — ژمارەی ٩ لاپەڕەکانی ٩-١٠ (کە لەم دواییانەدا لاپەڕە ٩-١٠ی پەیوەست بەو کۆبوونەوەیەی ئەو ژمارەیە دۆزراونەتەوە) — بۆ کەمکردنەوەی بۆشاییەکان، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و گەیشتن بە ستراتیژیی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوو. لە وەها چوارچێوەیەکدا، ئامادەبوونی تۆفیق بەگ دەکرێت وەک نیشانەی گرنگیی پێگەی لەنێو نوخبە چالاک و متمانەپێکراوەکانی ئەو قۆناغەدا سەیر بکرێت؛ کەسایەتییەک کە لە پڕۆسەی گفتوگۆ و لێکنزیکبوونەوەی نێوان هێزە جیاوازەکاندا، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.
سەرەتای بەرپرسیارێتی و دروستبوونی کەسایەتیی میرزا محەمەد
میرزا محەمەد دوای کۆچی دوایی باوکی، بەناچاری بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەی لە ڕێگەی بازرگانییەوە پەیدا بکات، لە نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، مەجبووری گەشتی نایاسایی دەبێت. سێ برا بچووکەکەی – میرزا ئەحمەد، مەلا حەسەن و مەلا مەجید نزهەتزادە – بۆ خوێندنی زانستە ئایینییەکان ڕەوانەی قوتابخانەکانی ئەو ڕۆژگارە (حوجرە) کران، خۆیشی بە بەرگەگرتنی سەختییەکان، بژێوی ژیانیانی دابین دەکرد.
زۆرم پێ سەیر بوو، بۆچی مام مەلا حەسەن، هێندە بە کوڵ بۆ کۆچی دوایی باوکم کە کەسێکی بەساڵاچوو بوو دەگری، و لێم پرسی مامە بۆچی؟ بە گێڕانەوەی مەلا حەسەن نزهەتزادەی دووهەم برای بچووکی، لە ڕۆژی کۆچی دوایی میرزا محەمەد نزهەتزادە:
”هەرگیز هەستمان بە نەبوونی باوک نەدەکرد؛ میرزا محەمەد هەم باوک بوو و هەم برا بوو بۆ ئێمە. نەک هەر خێزانەکەی ڕێکخست، بەڵکوو بوو بە مایەی گۆڕانکاری بۆ ناوچەکەش. یەکەمین دوکان لە دزەی مەرگەوەر، هانمانیدا یەکەم کارگەی شیر و پەنیری لە ڕاژان دامەزرێنین، تاوەکوو چەرچی عەجەم چیتر بەرهەمی خەڵک بە هەرزان بەتاڵان نەبەن. دواتر یەکەم باخچەی میوەی لەلایەن خۆی و براکانییەوە چاند، کارێک کە ڕێگەی بۆ چاندنی سێو و دیکەی میوەکان بۆ دەیان خێزانی دیکە کردەوە.”
میرزا محەمەد بڕوای تۆخی بەوە هەبوو، کە پەروەردەی مۆدێرن، ڕێگای ڕزگاریی نەوەکانی داهاتووە. هانی هەرزەکارانی دەدا کە بچنە قوتابخانە زانستییەکان، تەنانەت ئەگەر بەنیازی خوێندنی زانستە ئایینییەکانیش بن، دەتوانن لە پشووی هاویندا ئەم خوێندنە دینییە بە ئەنجام بگەیەنن. ئەم ڕێبازە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک دایک و باوکی نائاگا، ڕەخنەی لێ بگرن و بڵێن:
”ماڵەکەت وێران بێت میرزا محەمەد، تۆ منداڵەکانمان هان دەدەیت و دەیاننێریتە قوتابخانە شەیتانییەکان!”
بەڵام ئەو بە هێمنی وەڵامی دەدایەوە:
”ئەمانە باوەڕداری پاکن، بەڵام لە نەزانیدا گیریان خواردووە؛ دوژمنانی زانینیش ئیمانەکەیان لە بەرژەوەندیی خۆیاندا دەقۆزنەوە.”
ساڵی ١٩٤٧: ئەرکێکی چارەنووسساز
چەند مانگێک پێش ڕووخانی کۆماری کوردستان، میرزا محەمەد، لە تەمەنێکی لاودا، ئەرکێکی مەترسیداری وەرگرت. قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی، داوایان لە شێخ عەبدوڵا – لە بنەماڵەی شێخ عوبەیدوڵا گەیلانی – و تۆفیق بەگی باوکی کرد، کەسێکی متمانەپێکراویان پێویستە بۆ ئەوەی نامەیەکی زۆر نهێنی بگەیەنێتە سلێمانی. شێخ عەبدوڵا گەیلانی و تۆفیق بەگی باوکی، میرزا محەمەدیان بۆ ئەو ئەرکە هەڵبژارد.
ئەم ڕێگا دوور و مەترسیدارەی بە پێ ڕۆیشت، و بە سەرکەوتوویی نامەکەی گەیاندە چەند کەسایەتییەکی کورد لە شاری سلێمانی. بەڵام لە ڕێگای گەڕانەوەدا، لەکاتی پشوودان لە باخچەیەکی نزیک گوندێک، خەڵکی گوندەکە بینییان و بانگیان کرد: ”تۆ کێیت؟”
ئەویش کە ماوەیەکی درێژ لە مەرگەوەر ژیابوو، هەروەها بەهۆی دایکییەوە (دایە پەریزاد) کە لە باوکەوە ”بۆتی” و لە دایکەوە ”برادۆستی” و خوشکەزای شێخ ڕەشیدی لۆلانی بوو، زاراوەکەی زیاتر دەگەڕایەوە سەر کورمانجیی سەروو، وەڵام دەداتەوە: ”بەڵێ ئەزبەنی ڕێڤینگم (ڕێبوارم)”.
گوندییەکان گومانیان لە شێوەزاری کورمانجییەکەی کرد و بە ”موخەریبێ بارزانی” ناویان هێنا. پاشان پۆلیسی مەلەکییان بانگ کرد، دەستگیریان کرد و گواستیانەوە بۆ زیندانی کەرکوک.
(لە ساڵی ١٩٩٢ لێم پرسی: ”ئەو نامەیە چ نامەیەک بوو؟” باوکم بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵامی دامەوە: ”منیش هێندەی تۆ بزانم چی بوو، ئەوەش لەبیر مەکە، ئەگەر هاتوو وەها ئەرکێکت پێ سپێردرا، ئەوە نهێنییەکە تا دوایین مەنزڵ دەبێت بە نهێنی بمێنێتەوە.”)
پێدەچێت دواتر هەندێک کەس ئەو زانیارییەیان دابێت، کە میرزا محەمەد کوڕی هەمان تۆفیق بەگ بووە، هەمان ئەو پیاوەی کە جارێک پاشای هاوردەکراوی عێراق هەواڵی بۆ دەنێرێت: ”لەبەرامبەر وازهێنان لە خواستی کوردستان، ئامادەیە والییەتی مووسڵی ئەو سەردەمەی پێ بسپێرێت”. تۆفیق بەگیش وەڵامی پاشای عەرەبی عێراقی داوەتەوە — کە لە ئوردنەوە هاوردە کرابوو بۆ عێراق: ”تۆیی بێگانە، چۆن دەتوانیت پارێزگاریی خاکی خۆمم پێشکەش بکەیت؟”
میرزا محەمەد دوو ساڵ و نیو لە زیندانی کەرکوک بەسەربردووە. یەکێک لە تاڵترین یادگارییەکانی، بینینی چوار ئەفسەری کۆماری کوردستان بوو کە هەر زوو لەسێدارە دران. بۆ ئەو ئەم چاوپێکەوتنە، برینێک بوو کە هەرگیز لە مێشکیدا ساڕێژ نەبوو.
یادەوەرییەکی دیکەشی ئەوە بوو، کە بەهۆی کۆچی بەردەوام و باری قورسی ژیانی دەربەدەریی ئەو سەردەمە و دواتر بەهۆی مەرگی باوکی و ئەرکی قورسی براکانی، بۆی نەرەخسابوو پەروەردە ببینێت؛ بەتەنیا دوو ساڵێک بە پچڕپچڕی لای هێندێک مامۆستای ئایینی باشوور خوێندبووی. لە زیندانی کەرکوک بە ڕێگای چەند تێکۆشەرێکی کوردی زیندانی، بە باشی فێری خوێندن و نووسینی هەم کوردی و هەم عەرەبی دەبێت. دواتر لە ڕێگەی براکانی خۆیەوە فێری خوێندن و نووسینی فارسیش دەبێت، فێربوونێک کە تا کۆتایی تەمەنی، کتێبی کردبووە نزیکترین هاوڕێی.
میرزا محەمەد وەک هەر سێ برا پەروەردەدیتووەکەی، زۆر بە جوانی شیعرەکانی باتەیی، جزیری، فەقێی تەیران و خانیی شەرح و تەفسیر دەکرد، زۆرێک لە شیعرەکانیشیانی لەبەر کردبوو.
(گێڕانەوەیەکی تایبەت بە برام لە ماڵی من لەگەڵ باوکم: هاوڕێیەکی کرماشانییم پرسیاری ناوەڕۆکی کتێبێکی لە برام کرد، براشم بەبێ ئەوەی کتێبەکەی خوێندبێتەوە، لەسەر گێڕانەوەی هاوڕێیەکی گوتی: ”هیچە!” باوکم بێدەنگ بوو تا هاوڕێیەکەم ڕۆیشت، ئینجا لە برامی پرسی: ”ئەرێ کوڕم ئەو کتێبەت خوێندووەتەوە؟ چۆن دەزانیت هیچە؟” براشم گوتی: ”نەوەڵا بابە، فڵانە کەس گوتی هیچ نییە.” باوکیشم فەرمووی: ”نەسیحەتێک لە باوکت وەربگرە، لەسەر قسەی ئەم و ئەو بڕیار لەسەر ناوەڕۆکی کتێب مەدە، بۆ خۆت بیخوێنەوە، ئەگەر هیچیش بێت، تا بتوانی بە بۆچوونی خۆت پارێزگاری لە هیچبوونی بکەیت تا شەرمەزار نەبیت، ئەگەر نەتخوێندبێتەوە، باشترە بڵێیت نازانم، ڕاحەتی گیانم.”)
هاوسەرگیری، ڕەگ و ڕیشەی بنەماڵەی عەزیزانی بۆتان
میرزا محەمەد دوای ئازادبوونی، هاوسەرگیری لەگەڵ حەبیبە خان کچی گوڵ عەزیزی بۆتی دەکات. بەپێی گێڕانەوەی هەندێک لە ساڵمەندانی ساڵانی ڕابردوو، گوڵ عەزیز لە نەوەی بنەماڵەی ”عەزیزانی بۆتان” بووە، بنەماڵەیەک کە وەک زۆرێک لە خانەدانەکانی بۆتان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا دەربەدەر کران. گواستراونەتەوە بۆ خۆشاب لە هەکاریی ئەو کات و وانی ئێستا، و مەجبوور بە کۆچ بوون. بەپێی گێڕانەوەی زارەکی، پێشگری ”گوڵ” بەهۆی ئەوە بووە کە تاکە منداڵی نێرینەی ئەو بەشەی بنەماڵەی عەزیزان بووە.
دەگوترا گوڵ عەزیز پیاوێکی دەوڵەمەند بوو کە پارەی بەخشیبووە ڕاپەڕێنێکی کورد لە باکوور، ئەمەش بووە هۆی دەستگیرکردنی. بە بەرتیل ڕزگاری بوو و لە زیندان ڕایکرد، بەڵام ئەشکەنجەی سەر جەستەی بە جۆرێک بووە کە لەگەڵ گەیشتن بە مەرگەوەر، گیانی لەدەستداوە.
کورتەیەک لە بیرەوەرییەکانی ژیانی دایکم
دایکم باوکی لە بنەماڵەیەکی بۆتی و دایکی لە بنەماڵەیەکی دری بووە. هیچ زانیاری و بیرەوەرییەکی لە باوکی نەبوو جگە لە ناوی. کاتێک باوکی کۆچی دوایی کرد، تەنها پێنج ساڵ تەمەنی هەبوو. لەو ڕووداوە هیچ بیرەوەرییەکی لە یاد نەمابوو؛ نەیدەزانی باوکی بۆچی و چۆن کۆچی دوایی کردووە، یان چۆن گەیشتوونەتە دزەی مەرگەوەر. ئەوەی لەو ساڵانە لە یادیدا مابوو، زیاتر ئەو تاڵییانە بوون کە سێبەری بەسەر ژیانیدا کێشابوو.
دایکم هەندێک جار بە دڵتەنگییەوە باسی ئەو کاتەی دەکرد کە چۆن خاڵی (ڕەشید) بە توندی و دڕندانە، دایکیانی لە دوو منداڵە بچووکەکەی جیا کردەوە. ئەو و خوشکە بچووکەکەی (فاتیمە) لەناکاو لە باوەشی دایکیان بێبەش بوون و چارەنووسیان بەدەست کەسانی دیکەوە سپێردرا. سەرپەرشتییان بە داپیرە بەساڵاچووەکەیان (نەقشێ) و پورییان (سەیلێ) سپێردرا. بەڵام چارەنووس کاتی زۆری پێ نەدان؛ خوشکە بچووکەکەی، پاشان داپیرەی و دواتر پوریشی کۆچی دواییان کرد. دایکم لەو تەمەنەدا باری قورسی تەنیایی و بێکەسی بوو بە بەشێک لە ژیانی.
لە وەها ڕۆژگارێکی سەختدا، کەسایەتییەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی بە ناوی سەید عەبدوڵا گەیلانی، دەستی یارمەتی بۆ درێژ کرد و خستیە ژێر پشتیوانیی خێزانەکەیەوە. ئەمە پەناگەیەکی ئینسانی بوو بۆی. هەروەها پیاوێکی دیکە بە ناوی حاجی عەبدوڵا (دانیشتووی گوندی شێخان لە شنۆ، هاوسەری دووەمی داپیرەم) وەک باوکێکی ڕاستەقینە ئاگاداری دایکم بوو. ئێمە وەک نەوەکانیش هەمان هەستی باپیریمان بۆی هەبوو.
دایکم هەرگیز تاڵی ئەو ساڵانەی لەبیر نەکرد؛ دابڕان لە دایکی و لەدەستدانی ئازیزانی، ببووە بەشێک لە هزر و چارەنووسی. ئەوەی ئەمڕۆ لەبارەی بنەماڵەی ”عەزیزان” دەیزانین، بەرهەمی ئەو گێڕانەوە پەرشوبڵاوانەیە کە مێژووی نەوەیەکی پڕ لە مەینەتیمان بۆ دەگێڕنەوە.
