لە بەرەبەری ٣٧مین ساڵیادی گیانبەختکردنی ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملوو، جێگای شانازییە کە کتێبی ”بە ئاواتی کوردستان” سەبارەت بە خەباتی دوکتور قاسملوو و پرسی کورد،

بەرهەمی لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەوانی خاتوون کاڕۆڵ پروونهیوبێر، رۆژنامەنووسی ڤێنێزوێلایی چاپ کرا.
خاتوون کاڕۆڵ – ناوێکی ئاشنا بۆ گەلێک لە خوێنەران – کە بۆ یەکەمجار لە ئەنستیتووی کورد لە پاریسێ دەگەل دوکتور قاسملوو ئاشنا دەبێت ئاماژە دەکات کاتێک گوتارێک کە بۆ ستایش لە ێیڵماز گۆنەی ئەویش دوای کۆچی دوایی ئەو نووسیبووی و پێشانیی دەدات، قاسملوو ڕووی تێ دەکات و پێی دەڵێت: ”کاتێک کە ئەمن مردم، پێم خۆشە کتێبێک بنووسی، کە لەودا سەبارەت بە داستانی ژیانی من و ئامانجی کورد بدوێت.”
نووسەر دوای گەلێک ساڵان سووربوون و کۆششی بەردەوام و بە پشتبەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان نووسینی ئەم کتێبەی لەمێژە مەیسەر و پێشکەشی خوێنەرانی کردووە. هەر بۆیە ماندوویینەناسی و سووربوونی ئەو لە هەرچی باشتر بەجێگەیاندنی ئەو ئەمەکناسییە جێگای ئەوپەڕی پێزانینە.

لە چاپدانەوەی ئەم کتێبە کە پێداهاتنەوە و نوێکردنەوەیەکی چڕ و پڕە، چەندین ساڵی خایاند و هۆی سەرەکی بۆ ئەم درێژخایاندنەش نەبوونی دەستڕەسی بە ئارشیڤێک بووە کە وای کرد کاری پێداهاتنەوە بە لێکۆڵینەوە و وەرگێرانی کتێبەکە ماوەیەکی زۆر هەڵبگرێت. بۆ وێنە نووسەر، کە بنەمای کارەکەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەوانییە و پێویستی بە پێشکەشکردنی بەڵگەیە، داوای دەقی وەسییەتنامەی پێشەوا قازی محەمەدی دەکرد کە ئێستاشی لەگەڵ بێت هەر بۆمان نەدۆزرایەوە.
هەر لە پەیوەندیی وەرگێڕانی کتێبەکەدا، بۆ ئەوەی هەوڵی خاتوون کاڕۆل گرنگی زیاتری پێ بدرێت، هەموو پەراوێزەکان کە لە کۆتایی هەر بڕگەیەکی کتێبەکەدا هاتووە، هەم دەقی ئینگلیسی و هەم وەرگێڕانەکەی – جا بە کوردی یان فارسی- چاپ کراون بۆ ئەوەی خوێنەران کەڵک لەو سەرچاوانە وەربگرن کە نووسەر بۆ کتێبەکەی پشتی پێ بەستوون.
نووسەر بۆ وەسفی دۆخی نەتەوەیەک کە بە درێژایی مێژوو لە بەرانبەر بەندکردن، قەڵاچۆکردندا خەباتی کردووە، داستانی ڕێبەرێکمان بۆ وێنا دەکات کە هەر لە تەمەنی شازدە ساڵییەوە لە ١٩٤٦ی زایینی، وەک بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی شاری ورمێ، نامەی بۆ پێشەوا قازی نووسی هەتا رۆژی ١٣ی جولای ١٩٨٩ کە لە لایەن مێرکوژانی کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کرا، خۆلیای کوردستانێکی ئازاد بوو و لە خەباتە بەردەوامەکەیدا هەر بەم ئاواتەش گیانی خۆی بەخت کرد.
”بە ئاواتی کوردستان” بنەمایەک و دەکریت سەرەتایەک بۆ چەندین لێکۆڵێنەوەی دیکە دەربارەی خەباتی کورد بە گشتی و بەرخودانی گەلی کورد و هزری دوکتور قاسملوو لە ڕۆژهەڵات پێش و دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی – ١٩٧٩ی زایینی بێت.
لە نێو ئەو دەستکەوتانەی کە گەلی کورد بە تایبەتی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ لە سایەی لێزانی و دووربینی دوکتور قاسملوووە لێیان بەهەرەمەند بوو کە لە کتێبەکەدا هاتوون دەکرێت ئاماژە بە هێندێکیان بکردرێت:
• دامەزراندنی دیسیپلینی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان لە ژێر گەمارۆی ڕێژیمدا؛
• دامەزراندنی فێرگەی سیاسی- سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان
• ڕێکخستن و بەرخودان لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکان لە دوای هێرشی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان
• دامەزراندن و بەڕێوەبردنی قوتانخانەکان بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بۆ کچان و کوڕان
• هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی ڕێکخراوە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاوکاری مرۆیی و دامەزراندنی نەخۆشخانە لە شاخەکانی کوردستان
• پارێزگاریکردن و ڕەفتار دەگەڵ دیلەکانی جەنگ
• پاڵپشتیکردن و پەنادانی رێکخراوە سیاسییەکانی سەرانسەری لە کوردستان
• خۆلادان و بەناپەسندکردنی کاری تێرۆریستی
• پاڵپشتیکردنی یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان، دامەزراندنی پەیوەندی بەردەوام و دۆستانە لەگەڵ خەڵک و لەگەڵ پێشمەرگ
• دامەزراندنی ڕادیۆ و بەشی بەرنامەی فرە زمانی و دەستپێکردنی کاری بەردەوامی ڕاگەیاندن.
لەمەش گرنگتر، ئەم بەرهەمە سەرچاوەیەک بۆ خوێندن لە زانکۆکان بە تایبەت بەشی کۆمەڵناسی، مێژوو، بەشی سایکۆلۆژی کەسایەتیی و بگرە زانستە سیاسییەکانە. هەڵبەت بەستراوەتەوە چۆن و لە کوێ هەوڵی بۆ دەدرێت.
لەم کتێبەیدا خاتوون کاڕۆڵ سپاسی ئەو تیمەی کردووە کە بۆ بەئاکامگەیاندنی هەر دوو چاپی کوردی و فارسی پێکەوە هەوڵیان دا. لەگەڵ ئەوەشدا، بەئەرکی خۆمی دەزانم لێرەدا گەلێک سپاسی برای بەرێزم کاک دیاکۆ هاشمی بکەم کە کتێبە بەنرخەکەی ”پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی” وەک دیاری بۆ ناردم و بۆ یەکەمجار بوو کتێبێکی لەم چەشنەیە ببینم .
ئەوەندەی توانیم کەڵکم لە ڕێنوێنییەکانی وەرگرت؛ ئەم چاکەیەی بەڕێزیان لەبیرناکەم چونکە وەک دەڵێن بۆ من بوو بە فریادڕەس. هەر بۆیە، بۆ هەموو هۆگرانی زمانی کوردی زۆر گرنگە کە ئەم کتێبە بکەنە سەرچاوەیەک بۆ ڕێنووسینی رۆژانەیان کە بێگومان هەر وەک خۆی لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێدەکات بۆ ”ڕێنووسێکی یەکدەست” پێویستە لەبەرچاوی بگرین.
دەگەڵ سپاسی دووبارە بۆ وەشانخانەی ٤٩ کتێب کە ئەرکی لە چاپدانی ئەم دوو بەرگەی گرتە ئەستۆ .
هەڵبەت وەرگێرانی فارسییەکەش ئامادەیە و ئەوانەی هۆگرن دەتوانن پەیوەندی بە چاپەمەنی ٤٩ کتێب بکەن.
