ئەگەر سەیری مێژووی ڕابردوومان بکەین، پڕیەتی لە کەوتن و هەستانەوە، لە چۆنە پێش و هاتنە دواوە، لە هیوا و لە ناهومێدی،

لە سەرکەوتن و شکان، لە بردنەوە و دۆڕاندن. ئەوانە گشتیان دەرسن و بۆ لێفێربوون دەبن. چونکە تاقیکاری و ئەزموون گرینگترین زانکۆن کە بەبێ دەرس خوێندن دەتوانی لێیان فێر بی. کوردیش گوتوویانە «هەر عەقڵەی لە خەسارێکی». وەک هەموو دەزانن خەباتی ڕەوای گەلی کورد بۆ دابینکردنی مافی نەتەوایەتی بەردەوام هەبووە و تا ئەوڕۆش هەروا لە ئارادایە، بە ئاکام نەگەیشتووە و بەردەوامە. چوار وڵاتی داگیرکەر بە پشتیوانیی کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان هەروا درێژەیان بە داگیرکارییەکانیان داوە. بە بەرچاوی دنیای بەناو پێشکەوتنخواز و ئازاددا کورد فەتوا جیهادی بۆ دەرکراوە، شیمیاباران کراوە، بۆمبی بە ناوی گوڵە نێرگزی بەسەردا دراوە. بە کورتی هەر جینایەتێک کە دەبوو لەگەڵ مرۆڤ نەکرێ، لەگەڵ کورد کراوە! ئەو گشتە دامودەزگا نێودەوڵەتییانەش وەک مێشێکیان لێی میوان نەبێ نەقەیان لێوە نەهاتووە و نایە و بە دەگمەن مەحکووم کراوە. بە داخەوە کورد مەزنترین خەساری لێکەوتووە بەڵام پەرچەکرداری نامرۆڤانەی لە خۆی نیشان نەداوە. دەوڵەت نییە بەڵام لەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکانن زیاتر گرنگیی بە هاوکاری و دەستگیرۆیی لە خۆی نیشان داوە. بە ڕاشکاوی دەڵێم: لە سادەیی و دڵپاکی خۆیڕا فریوی خواردووە و نەخشەی دوژمنان بە دەستی ئەو بەکار هێندراوە.
با زۆری لەسەر نەڕۆم. ماوەیەک لەمەوبەر پکک گەورەترین حیزبی کوردی بە هێز و توانایەکی مادی و نیزامی یەکەم حیزبی کوردستان لە پڕۆسەی جیهانوەتەنیڕا پاش شەهیدێکی زۆر و ئاژاوەنانەوە لە گشت بەشەکانی کوردستان، لەگەڵ «تورک قارداشلەر» یەکی گرت و خۆی هەڵوەشاوە ڕاگەیاند و سی چڵ کەڵاشینکۆفی سووتاند. حکومەتی تورکیش هەوەڵ و ئاخری قسەی ئەوەیە لە تورکیە نابێ ترۆریست بمێنێ! دەقیق یانی ئەوانە ترۆریست بوون، کردەوەی پککش درست پشتڕاستکردنەوەی ئەو مەبەستەیە. کردنەوەی ئەو بابەتەش موخالیف و مووافقی خۆی هەیە، ئەوەش ئاساییە لە سیاسەتی ئازاددا. بەڵام پیلانەکە زۆر لەوە گەورەترە لەوەی لەولاو ئەملا دەگوترێ. تەرحێکە بۆ لەناوبردنی خەباتی نەتەوایەتیی کورد دارژاوە و دەستپێک و ڕێبەرییەکەی بە پکک ئەسپێردراوە. هەموو دەسەڵاتەکە لە دەستی ڕێبەر ئاپۆدایە، ئەویش سورە لەسەر نەمانی خەباتی نەتەوایەتی لە سەرتاسەری کوردستان.
تورکیە تەواو بوو، سوریە ماوە! چونکە بەرفراوانترین مەیدان باکوور و ڕۆژئاوا بوون، نۆرە گەیشتە ڕۆژئاوا و هەر بەو فەرمانەی پکک هەسەدەشی هەڵوەشاوە ڕاگەیاند. بەڕێز مەزڵووم عەبدی لە پلە و ناسناوی ژەنڕاڵی کوردانرا کردە ڕاوێژکاری ئەحمەد شەڕع و ئیتر کاڵەمان دڕا و هەر ئەوەندەمان پێبڕاوە!! باشووری کوردستانیش ئەگەر هەروا بڕوا کارەکە هاسانە و هەر بۆ خۆیان ڕیشەی خۆیان بنکۆڵ کردووە و هەرکات گەیشتە جێگای خۆی ئەوەشیان دەرهێناوە.
ئێستا نەخشەکە دەگاتە قۆناغی ئاخری کە مەسەلەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دەبێ عیلاجی ئەوانیش بکرێ، ئەوەی پێی دەڵێن ڤایرۆس دەبێ بکوژرێ و فاتیحای بەرەوژوور بۆ کورد و خەبات و مافەکەی بخوێندرێ. سوریەشی بە ئەحمەد شەڕع ئەسپارد و باشووریشی خستۆتە ژێر نووکی جەنجەڕی دژایەتیی ناوخۆیان و هێندەی نەماوە. بە نۆبەش بێ، نۆرەی ڕۆژهەڵاتە.
لە درێژایی تەمەنی ٨٦ ساڵیمدا خەباتی گەلی ڕۆژهەڵات بەردەوام لەگەڵ دەسەڵات لە ناکۆکی و شەڕ و گرتن و کوشتن و لەداردان و بەندکردن و ڕاونانی شۆڕشگێڕاندا بووە، بە کمترین توانا گەورەترین دەستکەوتی بۆ کورد مسۆگەر کردووە و لە مێژووی جیهانیشدا سەبت کراوە. کۆماری ڕاگەیاندووە، پێشمەرگەی سازمان داوە، زمان و فەرهەنگ و کلتووری کوردی پەرە پێداوە، یەکێتیی ژنانی پێکهێناوە و گەورەترین قوربانیشی بۆ داوە، لە پێشەواکەیڕا بگرە تا دەگاتەوە کوردێکی سادە سەریان لە پێناوی ڕزگاریی نیشتمان و گەلدا دانابووە. گشت ڕێگایەکی ئاشتی و سوڵحی تاقیکردۆتەوە و قوربانیی وەک قاسملوو و شەڕەفکەندی لەو ڕێگەیەدا داوە.
ئێستا گەڵاڵەی خۆبەدەستەوەدان کە ناویان ناوە سازان بۆ دابەزاندن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمانی ئیمڕالی دەست پێدەکات بەڵام جارێ ڕانەگەیاندراوە. بۆ ئەو مەبەستە هێزە تەسلیمبووەکەی پکک هەمووی لە سنووری ڕۆژهەڵات و باشوور مۆڵ دراوە. بەرنامەکە پەسەند کراوە بەڵام تا ئێستا فەرمانی دەستپێکردنی دەرنەکراوە. دینا ئێستا چاوەڕوانی هەڵوێستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە. هەرچەند هێندێک بەرپرس قسە لە وتوویژ دەکەن ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیهەوێ، بەڵام بە ڕای من سیاسەت بە «ئەگەر» ناکرێ و داری ئەگەریش بۆ کەس بەری نەهێناوە.
پێم وایە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زۆر لەوە تێگەیشتووتر و ئازا و بوێرترن کە بە فێڵی دوژمنانێک هەڵخەڵەتێن کە نە بڕوای بە کورد و ئازادی و تەنانەت هاووڵاتیبوونی کوردان هەیە و نە قەتیش بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی داوە. برا خۆ ئێمە وشتری نێو پەمۆ نین هەر وەنێو کەوین و نەزانین چەندەمان زەرەر لە خۆمان داوە. کورد داوای پلە و مەقام لە ژێر دەسەڵاتی دوژمندا ناکات. چونکە لە ڕابردوو و ئێستاشدا بەرپرسی کوردی پلەبەرز زۆر بوون و هەن، ئەوەی توانای نەماوە یان لە پلە دەگەڕێ گرینگ نییە با بچێ خۆی تەحویل بداتەوە. ئەوەی کورد داوای دەکات و هەزاران شەهید و قوربانی بۆ داوە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانە. هەر باسی خۆموختاری و فیدراڵی دەکەن، بەڵام من بە چاوی خۆم دیومە و زۆرانیش لە ئێوە دیتوتانە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا کورد هەر بەندکراو و کوژراو بووە.
من وەکیلی کورد دەبم هەرکات داگیرکەرانی کوردستان مافی چارەی خۆنووسینیان بە ڕەسمی بۆ کورد قبووڵ کرد، نە شەڕ دەمێنێ و چەکیش دانراوە. وەک چۆن ئەوان بۆ پاراستنی خۆیان هێزی چەکداریان هەیە، پێشمەرگەش لە هەر هەلومەرجێکدا هێزی پارێزەری کوردستانە. هەموو کوردیش لەبەین بەرن کوردستان نە تورکیە و نە سوریە و نە عێراق و نە ئێرانە!! کوردستان ملکی کوردانە.
با ڕێبەرانمان باش بزانن ڕێباز و دروشمی هەشتا ساڵەیان مافی چارەنووس بووە و بێئەژمار شەهیدیان بۆ داوە. زۆر جێگای ترس و نیگەرانییە بەو هەموو ئەزموونە تاڵە دوژمنمان نەناسیبێ و بە درۆیەک فریو بخۆین و ڕەگەڵ ئەوانە بکەوین کە بەهایەکیان بۆ ئەو هەموو قوربانی و خوێنە بەنا هەق ڕژاوانە و هیتری کورد دانەناوە. کورد لە بەرەوڕووبوونەوەی دوژمندا لە دوژمن نەتەرساوە، ئێستا نەرمی دەنوێنێ هەر دەڵێی خۆی بەدەستەوە دەدات و لە دوژمن ترساوە! ئەو ڕێبەرانەی بە ناوی ئاشتی و ئازادی لەگەڵ دوژمنێک کە بڕوای بەو چەمکانە نییە، زۆر لە تۆش بەهێزترە و تۆنێک ئەزموونیشی لەبەردەستدایە، بۆ بڕوا دەکەن؟ بە دڵنیاییەوە ئاوا بڕۆین لە ڕێبازی گەل لامان داوە و گەل هیچی پێنابڕێ و ئەوانیش بە پاداشتی ئەو خۆبەدەستەوەدانە ئەوپەڕەکەی نازناوی ڕاوێژکارییان بە تۆ داوە!!
بەڕێزان سەردانان لە ڕێی ئامانجی گەلدا میراتێکە بە ڕۆژهەڵات و دێمۆکراتەکان بڕاوە.
براتان مەلا برایمی مەجیدپوور
2026/09/02
