لە مێژووی گەلاندا، هەمیشە خاڵی وەرچەرخان و کارەساتە نەتەوەییەکان تەنیا بە هێزی سەربازیی دوژمنانی دەرەکی نەنووسراونەتەوە، بەڵکوو قووڵترین برینەکان لە ناو ناخی کۆمەڵگاکان خۆیانەوە سەرچاوەیان گرتووە.
کاتێک غەم دەبێتە هاودەمی هەمیشەیی نەتەوەیەک، ئەوە نیشانەی تەنیا بێدەسەڵاتی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵترە کە لە سایەی بێتفاقی، پەرتەوازەیی و بێبەرنامەیی سەرکردە و بڕیاردەرانی سیاسییەوە دروست دەبێت. لەم جۆرە دۆخانەدا، هاوکێشەی ململانێکان دەگۆڕێن؛ زانست و لۆژیک پێگەی خۆیان لەدەست دەدەن و کایەی گشتی دەبێتە قوربانیی چەپڵەڕێزانی جەهل و نەزانی، ئەمەش سەرەتای قۆناغێکە کە تێیدا خاکی نیشتمان و کەرامەتی گەل دەخرێنە ناو بازاڕی سەودای سیاسییەوە.
یەکێک لە گەورەترین تراجیدیاکان، کاتێک ڕوودەدات کە ڕۆژگاری ململانێی دروستی زانستی و فکری بەسەردەچێت و جێگەکەی بە ململانێی بەرژەوەندیی تەسکی شەخسی دەگیرێتەوە. لە غیابی ڕۆشنبیرییەکی ڕاستەقینەدا، نەزانی دەبێتە دەسەڵاتدار و بڕیار لەسەر چارەنووسی داهاتوو دەدات. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانی بێمۆڕاڵ و خۆفرۆش پێگەی پیاوماقووڵی و سەرکردایەتی داگیر بکەن. ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەمەش، مەحکوومبوونی گەلە بە کۆچ، ئاوارەیی، و دەربەدەریی بەردەوام. مرۆڤی ڕەسەن لەسەر خاک و خانەی خۆی دەردەکرێت و خاک دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ پێی داگیرکەرانی دەرەکی. لە ڕاستیدا، داگیرکاری تەنیا هێرشێکی فیزیکی نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی نەرمە کە لەسەر پشتی لێکترازانی ناوخۆیی و لاوازیی پێکهاتەی سیاسیی نیشتمانەکە جێبەجێ دەکرێت.
کاتێک نیشتمان لە کەمینی جەهلدایە و زڕپیاوانی سیاسی بازاڕی پێوە دەکەن، گەل ڕووبەڕووی مەترسیی سڕینەوەی ناسنامە دەبێتەوە. سیاسەتەکانی تەعریب، تەعجیم، یان هەر جۆرە هەوڵێکی تر بۆ گۆڕینی دیموگرافیا و کولتوور، تەنیا بە چاوساغی و بێدەنگیی بەکۆکانی ناوخۆیی سەر دەگرن. ئەوە شۆکێکی گەورەیە کاتێک مرۆڤ دەبینێت لەسەر دەستی هاوزمان و هاونیشتمانیانی خۆی، شەرەف، زێد و تەواوی هەبوونی پێشکەش بە بێگانە دەکرێت. ئەم جۆرە ناپاکیانە تەنیا زیانی ماددی بەدوای خۆیاندا ناهێنن، بەڵکوو دەبنە تەوقێکی ژەهراوی لە گەردنی مێژوودا کە بۆ چەندین نەوە کاریگەرییەکەی بە دەمارەکانی کۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە.
بەڵام لە ناوەڕاستی ئەم هەموو ناخۆشی و بێئومێدییەدا، هەمیشە چاوەکان دەچنە سەر ئایندە. نەوەی نوێ وەک تاقە هیوا و دەرچەی ڕزگاری تەماشا دەکرێت. پێویستە نەوەی نوێ بێتەوە سەر هۆش و ڕاستییەکان و مێژوو وەک خۆی بخوێنێتەوە. ڕزگاریی ڕاستەوخۆ لە کۆت و بەندی جەهل و بێگانەپەرستی، تەنیا لە ڕێگەی زانست، هۆشیاری و یەکگرتووییەوە دەست پێدەکات. هیچ نەتەوەیەک نەیتوانیوە لەسەر سەکۆی چاوەڕوانیی بێگانەدا بگاتە سەرکەوتنی ڕاستەقینە. بێگانە هەمیشە دەرمانی کاتی پێشکەش دەکات تا برینەکە قووڵتر بێتەوە و پشتبەستن بەوان بەردەوام بێت. بۆیە، تاکە چارەسەری بنەڕەتی، تەبایی و برایەتیی ڕاستەقینەی ناوخۆییە؛ ئەوە ڕێگای پێوانەیی و دڵنیای سەرکەوتنی مرۆڤایەتی و نەتەوەییە.
خاک، تەنیا جوگرافیایەک نییە بۆ ژیان، بەڵکوو ناسنامە، کەرامەت و مێژووە. کاتێک نەوەیەک ئامادە نابێت خاکەکەی تەسلیم بکات و بە شانازییەوە پارێزگاری لە مێژووی دێرینی میران و باوانەکەی دەکات، ئومێد دەگەڕێتەوە. پاراستنی ئەم مێژووە، ئەرکێکی ئەخلاقییە کە ڕێگری دەکات لەوەی خوێنی پێشینان کە لە ناو دەماری نەوەکاندا دەگەڕێت، بە فیڕۆ بڕوات. مرۆڤی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، تەنیا بەو هیوایەوە سەر دەنێتە سەر سەرین، کاتێک دڵنیا بێت خوێنی پاکی باوان نەبووەتە قوربانیی یارییە سیاسییەکانی دەستی خۆفرۆشان، بەڵکوو بووەتە گڕێک بۆ زیندووکردنەوەی ئەوین و خۆشەویستی بۆ نیشتمان لە دڵی نەوەی نوێدا. لە کۆتاییدا، هەرچەندە تاریکیی بێتفاقی درێژ بێت، هۆشیاریی زانستی و یەکڕیزی گەل، تەوقی نەداری و مەحکوومیەت تێکدەشکێنێت و ڕێگا بۆ ئاسۆیەکی ڕوونتر دەکاتەوە.
ڕەحیم نزهتزادە
