هەتا ئێستا لە نێو ئەو ڕۆمان و بیرەوەرییانەی دەچنە خانەی ئەدەبیاتی بەرگریی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و من وەک کتێب دیتوومن و خوێندوومنەوە،

کەمترینیان ئاوڕیان لە تێکۆشان و خەباتی تێکۆشەرانی نهێنی داوەتەوە. ئەوکتێبانەی بیرەوەریی خەباتکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان گرتووەتە خۆ و چاپ و بڵاو بوونەوە، هەروەها ئەو ڕۆمان و کۆمەڵەچیرۆکانەی تێکۆشان و خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردووە بە هەوێنی خۆیان، بە زۆری پێوەندییان بە بەشە ئاشکراکەی ئەو خەباتە و تێکۆشەرانی نێو خەباتەکەوە هەبووە. هەڵوەدابوون لە سەر تێکۆشانی سیاسی و بەجێهێشتنی زید و نیشتمان و گیرسانەوە لە دوورەوڵاتی، هەروەها ژیانی پێشمەرگایەتی و ڕووداوەکانی نێو ئەو ژیانە کە تێکەڵاوێک لە سەختی و مەترسی و قوربانیدان و شانازییە، بوون بە هەوێنی نووسینەوەی دەیان کتێبی بیرەوەری، یان ژمارەیەکی بەرچاو چیرۆک و ڕۆمانیان لەسەر بنیات نراوە. بەڵام ئەم بوار و مەیدانانەی خەبات، درێژکراوەی گۆڕەپانێکی دیکەی خەباتن کە خەباتی نهێنییە، خەبات لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمێکی دڕندە کە نیشتمانەکەی ئێمەی بە دەیان هەزار هێزی چەکدار، بە هەزاران مۆڵگە و بنکەی ئاشکرای هێزە سەرکوتکەرەکانی، بە ژمارەیەکی نادیار سیخوڕ و دەست و پێوەند خستووەتە ژێر سێبەری دەسەڵاتی داگیرکەرانە و زۆردارانەی خۆی. پێشمەرگەکان، کادرە ئاشکراکان، ڕێبەرانی سیاسی و تێکۆشەرانی ئاشکرای حیزب و ڕێکخراوەکانی نێو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان، پشت ئەستوور بە تێکۆشانی پڕ مەترسیی ئەندامانی ڕێکخستنە نهێنییەکانی خۆیانە کە دەتوانن درێژە بە ژیانی ڕێکخراوەیی خۆیان بدەن. کەچی ئەو مەیدانەی خەبات لە ڕۆمانی کوردیی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە.
”شەپۆلەکانی شار” لەو دەگمەن ڕۆمانانەیە کە قارەمانەکانی خۆیان لە نێو مرۆڤە لە خۆبوردووەکانی گۆڕەپانی خەباتی نهێنی هەڵبژاردوون.
”شەپۆلەکان چەمکێکی متافۆرییە کە بەری بیری ئارام بوو. ئەو دایهێنابوو. هەتاو و پەشێویش بە دەربڕینێکی شیرین و گونجاویان هاتبووە بەر گوێ و وەک شێعری شاعیرە مەزنەکان لەبەریان بوو.
بە پێی ئەو دەربڕینە میتافۆرییەی ئارام:
گەل دەریایە؛ پێشمەرگە ماسییە و ئەندامە نهێنییەکان شەپۆلەکانی دەریان.
نە ماسی بێ دەریا دەژی، نە دەریا بێ شەپۆل دەبێ و نە شەپۆلیش بێ جووڵەی ئاو دەئافڕێ.” (لاپەڕی ٣٣)
ژینگە و گۆڕەپانی ڕووداوەکانی ڕۆمانی ”شەپۆلەکانی شار”، بە زۆری ڕەوانسەر، کرماشان، و چەند شار و ناوچەیەکی دووروبەری ئەم دوو شارەن. مەودای زەمانیی ڕووداوەکان، ساڵانی دوای داگیرکرانەوەی کوردستان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە. کرۆکی سەرەکیی ڕۆمانەکە، تێکۆشانی چەند لاوێکی لەخۆبوردووە کە لە شانەیەکی نهێنیدا یەکیان گرتووە. ئەوان ئەڵقەی پێوەندیی نێوان شۆڕش(حیزبی سیاسی، پێشمەرگە و…) و خەڵکی شارن. باوەڕیان وایە کە ئازادیی وڵاتەکەیان لە ئازادیی خۆیانەوە دەست پێدەکات. هەستکردن بە پێویستیی خۆ ئازادکردنیش لە گرەوی خوێندنەوە، بەدەستهێنانی ئاگایی، خۆناسین و ناسینی نەتەوەکەیاندایە. ئەم پۆلە لاوە خوێنگەرم و بەهەستە، ژیان و گیانی خۆیان دەخەنە مەترسی بۆ ئەوەی خەڵک وشیار بکەنەوە؛ هاندەری لاوەکانن بۆ گرنگیدان بە ناسنامە و نەتەوە و نیشتمانی خۆیان؛ بە نووسین و بڵاوکردنەوەی دروشمی شۆڕشگێرانە و وریاکەرەوە، ترس دەخەنە دڵی بەکرێگیراوانی داگیرکەری نیشتمانەکەیان و، بانگەشەی نەمانی شۆڕش و کۆتاییهاتنی بەرەنگاریی هێزی پێشمەرگە، پووچەڵ دەکەنەوە. بە دەنگ کادرەکانی ڕێکخستن و پێشمەرگەکانی شاخەوە دەچن و لە کاتی چالاکیی پێشمەرگانە و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا، دەبن بە چاوساغ و ڕێنوێنیان.
ئارام، پەشێو و هەتاو بە ژمارە کەمن، بەڵام چاو و گوێی بزووتنەوەیەکی حەقخواز لەنێو خەڵکەکەیان و، پەیامهێنەری خەباتێکی پیرۆز بۆ دانیشتووانی شارن. ئامانجی ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمان و خەبات لە پێناویاندا، هەموو بوارەکانی ژیانی ئەوانی هێناوەتە ژێر کاریگەریی خۆی. خوێندن، خوێندنەوە و خۆپێگەیاندنیان، مامۆستایەتی و تێکەڵاوییان لەگەڵ بەردەنگەکانیان، وەرزش و گرنگیدانیان بە توانایی جەستەییان، خۆشەویستی و هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان، ڕوانینیان بۆ نەهامەتییەکانی نێو کۆمەڵ و… هتد، گشتیان یەک قیبلەنومایان هەیە: تێکۆشان لە ڕێگەی ڕزگاری. بەڵام ژیانی تێکۆشەرانی نهێنی، هەر بە قسە و بە ڕوالەت ژیانە؛ ژیانە بەڵام ژیانێکی ئاوێتە لە گەڵ دڵەکوتەی بەردەوام؛ هەموو ساتێکی لەگەڵ مەترسیی ئاشکرابوون، لەداوکەوتن و گیران، دەستوپەنجە نەرمکردن لەگەڵ ئەشکەنجە و…دەست لە گیانی خۆشوشتن لە پێناوی نەدرکاندنی نهێنییەکان و ناوی هاوڕێیانی هاوخەباتت تێکەڵە. چارەنووسێک کە سەرئەنجام ڕووبەڕووی”ئارام”، قارەمانی سەرەکیی ”شەپۆلەکانی شار” بۆوە و بە داخەوە… .
خەباتی نهێنی و هەموو جۆرە خەباتێکی سەخت و پڕ لە مەترسی و قوربانیدان، بێ هەبوونی باوەڕێکی پتەو بە ئامانجەکان، هەروەها بێ هەبوونی خەونی گەورە، ناکرێت. دیالۆگ و پلاندانانی نێوان تێکۆشەرانی نهێنی، ئەو پەیامانەی لە ڕێگەی رادیۆی شۆڕشەوە پێیان دەگات، ترس و دڵەخورپەی کەسوکاریان، هاتنەوەی پێشمەرگەکان بۆ نێو شار و کاریگەریی چالاکیی ئەوان لە سەر خەڵک و دوژمن، ئێعدامی بەکۆمەڵی لاوەکان لە لایەن ڕێژیمی دەسەڵاتدارەوە، لەسێدارەدانی لاوێکی شۆڕشگێری وەک ”ئارام” لەبەرچاوی دایکی و خەڵکی شارەکەی، بە گشتی زۆر لەو ڕووداو و دیاردە و پێشهاتانەی لەتوێی ئەم ڕۆمانەدا هاتوون، ئەگەر دەقاودەق نووسینەوەی ژیانی ڕاستەقینەی خەڵکی شارێک و کەسانێکی دیاریکراویش نەبن، بەڵام لە ژیانی ئێمەی کورد و لە پێوەندیی ئێمە و داگیرکەری خاک و نیشتمانەکەماندا، شتێکی ئاسایین، بەڵام کۆتایی ڕۆمانەکە، نەک ڕووداوێکی ڕاستەقینە، بەڵکوو وێناکردنی ئەو خەونەیە کە هەزاران کەس لە تێکۆشەرانی خەباتی نهێنی و ئاشکرا، پێشمەرگەکانی نێو مەتەرێزی خەباتی چەکداری، بەندییە سیاسییەکانی چاوەڕێی پەتی سیدارە، تەمەنێک لەگەڵیدا ژیاون. کۆتایی ڕۆمانی ”شەپۆلەکانی شار” ئەو یوتۆپیایەیە کە دایکان و باوکانی ڕۆڵە شەهیدکراو، تا ساتی مردنیش بە ئاواتیان خواستووە. ئێمەمانانیش کە نزیکەی نێو سەدە و هێندێکمان زیاتریشە هەڵوەدای ئازادیین، بە تایبەتی لەبەرەبەری نەورۆزی ئەمساڵدا، چەند بە تاسەوە ئارەزوومان دەکرد. خەون یان یوتوپیایەکی لەم چەشنە جوان:
”سەرەنجام چرکەساتی چاوەروانکراو دەگات. وێژەری ڕادیۆ بە دەنگێکی حەماسی و تابڵیی بڵند دەقی پەیامەکە پێشکەش دەکات:
سەپۆلەکانی شار! مزگێنییەکی خۆشمان پێیە بۆتان. مزگێنییەک کە ساڵەهای سالە هەموومان چاوەڕوانی بووین. ئاگادارتان دەکەین کە ئەمشەو لە گزینگی بەربەیاندا، پێشمەرگەکان دەگەنە بەرزاییەکانی پشتی شار و چاوەڕوانن لەوێ بە پیرییانەوە بڕۆن و پێشوازییان لێ بکەن. ئاگادارتان دەکەین کە ئەوان ناچنەوە بۆ شاخ، بەڵکوو دەگەڕێنەوە بۆ شار، دەگەڕێنەوە بۆ نێو شار و بە یەکجاری لێی دەمێننەوە.
کاتێک لە ژێرخانەکەوە بە پلیکانەکاندا سەردەکەوتن و پەیامەکەیان لە ڕەمزەوە وەرگێڕابووە سەر دەقی ئاسایی، هەتاو و پەشێو چاوەکانیان پڕپڕ ببوون لە ئاو. وەک کانیی پەنگخواردووی بەهاران تەقیبێتەوە، فرمێسکی شادی گۆنا و ڕوخساری پڕ لە تاسەیانی تەڕ تەڕ کردبوو.
لە بەر هەیوانەکەدا، کە نێرگز[دایکی ئارامی شەهید]یان بینییەوە، بە تەواوی بنەمای نهێنیپارێزییان لە بیر کرد. هەتاو لە حاڵێکدا باوەشی بە دایکیدا دەکرد، موژدەی هاتنەوەی یەکجاریی پێشمەرگەکان و لە نێو ئەوانیشدا بڕوای دەزگیرانی بە دایکی دا. یەکەمجار بوو نێرگز بە دەنگ بگری و لە دڵەوە پێ بکەنێ. بە پێچەوانەی جارەکانی تر فرمێسکەکانی ئەم جارەی فرمێسکی شادی بوون.
ئاسۆ ئەو شەو باڵکێشە. ئاسۆی خۆرهەڵات. بەشێوەیەکی ئەفسووناوی بووە بە رووگە و نیگا و سەرنجی شەپۆلەکانی شاری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
لە ئاوابوونی خۆر و پیربوونی شەودا، بە پێچەوانەی شەوانی ئاسایی، چاوەکان خەو دەتارێنن.خەو دەسرێتەوە و ون دەبێت؛ راست وەک تاریکی لە هەڵکردنی ڕووناکیدا. لە باتی خەو چاوەکان دەچنە چاوەڕوانییەوە. ڕوو لە ئاسۆ دەکەن. ئاسۆش کەیلی شانازییە و سەربەرزانە سەری لە ئاسمان دەسوێ.
لە درێژەی ئەم چاوەڕوانییەدا، نارەناری سروودێکی پڕ لە هیوا لە گوێی دانیشتووانی شاردا دەزرینگێتەوە:
سبەینێ نەورۆزە!
بۆ شار دەمدەمی هەڵمژینی هەوای بێگەردی ئازادییە.
بۆ ڕۆحی ئارام، ئاسوودەیی و ئارامیی هەتاهەتاییە.
بۆ پەشێو، پشووی بە ئازادیی پاش تەمەنێک تێکۆشان و ماندووبوون و شەکەتییە.
بۆ هەتاویش سبەی دەمی لە ئامێزگرتنی مەمی ژیانییە.
هەتاو:
-ئۆخەی! بەیانی کە ڕۆژ دەبێتەوە، هەر گەرد و تۆزی خەم و نائومیدییە، لە بەرپێی ڕەشبەڵەکگێڕاندا لوول دەخوا و بەرەو ئاسمانی بێ بن ملی ڕێگای بێ گەڕانەوە دەگرێت. بەمەش جێ بۆ شادی و پێکەنینی کچ و کوڕ و ژن و پیاوی تامەزرۆی ئازادیی ئەم نیشتمانە بەجێ دەهێڵێت. لەکۆڕی هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکی سبەینێدا، دڵنیام دایکم و ’دایە’، کەس دڵی نایەت چۆپییان لە دەست دەربێنی…
پەشێو بە زەردەخەنەیەکەوە:
منیش دڵنیام سبەینێ، لە دوای ڕەشبەڵەک، دەستپێکی بونیاتنانەوەی وێرانە و کەلاوەکانی ئەم نیشتمانە ڕووخاوەیە. ڕۆژی بەگەلیکردنی وزە و سامانی تالانکراو و دەمی گەڕانەوەی ئەم کوردستانەیە…
هەتاو:
-لەبیریشمان نەچێت لە پاش پشووی نەورۆز، وانەکانی قوتابخانە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەست پێدەکرێتەوە.
پەشێو:
-ئەو سروودەی ئارام تا دوا هەناسەی ژیانی لەسەر زاری بوو!”
٭٭

ڕۆمانی ”شەپۆلەکانی شار”، لە نووسینی ڕەشید حەیدەری، کتێبێکی ٢٠٠ لاپەڕییە، ساڵی ٢٠١٦ لە سوید لە چاپخانەی نینا(ئۆپسالا) چاپ بووە. دستخۆشی لە نووسەر دەکەم. سپاسی کاک رەشید و بەهیە خانمی هاوسەری دەکەم کە بە پێشکەشکردن و ناردنی ئەم کتێبە، بە سەریان کردمەوە.
q.wirya@gmail.com