ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، کەمپی ئازادی، شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە نزیک شاری کۆیە، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە ئامانج گیرا.

ئەم هێرشە نوێیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدایە کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، کەمپی سوورداش لە نزیک سلێمانیش کراوەتە ئامانج.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەسپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەتا ئێستا بە زیاتر لە ١١٢ مووشەک و دڕۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتووە.
***
لەم بارەوە لە رووداو دیجیتاڵ: ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە دوو مووشەکی دیکە بۆردوومانکرا.
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ”کاژێر 7:20 بە دوو مووشەکی دیکە هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش.”
لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەی ئەمشەو، سەرچاوەکەی رووداو گوتی، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، چونکە کەمپەکە پێشتر بە تەواوی چۆڵ کراوە و هیچ خێزانێکی تێدا نەماوە.
ئەو کەمپەی لە سوورداش بۆردوومان کراوە، کەمپێکی هاوبەشی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە. کاژێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆش، بە دوو درۆن بۆردوومان کرا.
هەر ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر کەمپێکی دیکەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە. کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێری و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند: ”ئێوارەی ئەمڕۆ بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە سنووری کۆیە، کە کەمپی ژن و منداڵی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتە.”
سەرەڕای ئاگربەست، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامن لە بۆردوومانکردنی کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا ژمارەیەک پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان شەهید و بریندار بوون.
***
پێشمەرگەکان: ئەم هێرشە تێرۆریستیانە وا دیارە لە لایەن حکومەتی عێڕاقەوە رێگەپێدراوە ئەوان هێڕش بۆ سەر باشووری کوردستان ئازادە بە تیرۆریستی نازانن بەڵام دەلێن هەر هێرشێک لە خاکمانەوە بکرێتە سەر دراوسێکانمان تیرۆریستییە !!!!
رووداو دیجیتاڵ: ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هۆشداریی تووند دەداتە ئەو لایەنانەی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاردەهێنن و رایدەگەیێنێت، هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ یان نێردە دیپلۆماسییەکان بە ”کارێکی تیرۆریستی” هەژمار دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتیی سێیەم کۆبوونەوەی خولی ئەمساڵی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی کرد.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەر دەستدرێژییەک لە خاکی عێراقەوە بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ، رووبەڕووی رێکاری تووندی سەربازی، ئەمنی و یاسایی دەبێتەوە و وەکو ”کاری تیرۆریستی” مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە و نێردە نێودەوڵەتییەکان. ئەنجوومەنەکە رایگەیاند، هەر دەستبردنێک بۆ ئاسایشی بارەگا دیپلۆماسییەکان بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەیە و حکومەت رێکاری تووندی کارگێڕی و یاسایی دژی بکەرانی دەگرێتەبەر.
لە بەشێکی دیکەی راسپاردەکاندا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ”چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەت بێت” و لێپێچینەوە لەو کەس و لایەنانە دەکرێت کە لە یاسا دەردەچن و رەوانەی دادگە دەکرێن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمنی، بەدواداچوونی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆر، هاوردەکردنی سیستمی دژە فڕۆکە و دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێی هەرێمی کراوە.
ئەنجوومەنەکە داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد کە رێگە نەدەن خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر عێراق بەکاربهێنرێت و جەختی کردەوە کە ”عێراق خۆی بەرپرسە لە ئاسایشی خۆی و هیچ لایەنێکی دەرەکی مافی دەستوەردانی لە کاروباری ئەمنیی وڵاتەکەدا نییە.”
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا هاوئاهەنگییە دیپلۆماسی و هەواڵگرییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە زیاد بکرێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییە هاوبەشەکان.