Hoppa till innehåll
Hem » چووین بە پیر ڕۆژهەڵاتەوە بەڵام داخەکەم، کێشەی شووقە و ئاسایش لە شاری سولەیمانیە، ئەیوب رەحمانی

چووین بە پیر ڕۆژهەڵاتەوە بەڵام داخەکەم، کێشەی شووقە و ئاسایش لە شاری سولەیمانیە، ئەیوب رەحمانی

تیمێک پێشمەرگەی دێرین بووین لە ٤ی مانگی مارسی ٢٠٢٦، پێنج ڕۆژ پاش دەستپێکردنەوەی شەڕی ئەمریکا و ئێران لە ئوروپاوە گەڕاینەوە باشووری وڵات تا لە ئەگەریی چوونەوە ناو ڕۆژهەڵات، پشتیوانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات بین.

چەند ڕۆژی سەرەتا بەم شاخ و ئەو شاخەوە بووین و ئامادەی چوونەوە ناو ڕۆژهەڵات، بەڵام فەرمانی ڕۆیشتنەوە نە لە لایەن کۆمەڵەوە هات و نە لە لایەن هاوپەیمانیەوە تا هاژەکێک لە نزیک شوێنی مانەوەمان درا، کاتێک زانیمان شوێنە حیزبییەکان ئەمنییەتیان نییە و ڕۆشتنەوەش جارێکە مونتەفییە، چووینە سلێمانی و شووقەمان گرت! پێمانوابوو کوژران لە شەڕدا شەرافەتمەندانەترە تا کوژران بە هاژەک و دڕۆن لە حەشارگا و کاتی ماتڵبووندا!
عەرەب و فارسە توریستەکانیش هەر ئەوکارەیان دەکرد و دەچوونە شووقەوە و ئاسایش کاری بەسەریانەوە نەبوو، بەڵام ئێمە هەر شەوی یەکەم کە چووینە شووقەکەوە، سەرەتا کەسێک هات ٢١ هەزار دیناری لێستاندین بۆ مانگانەی موبەڕیدە (بەرقی مۆتۆڕبەرق) نەمانزانی چۆن خێرا زانییان ئێمە هاتووینەتە ئەو شووقەوە، پارەکەمان دایە و بەڕێمان کرد، نیو کاتژمێر دووای ئەو یەکیتر هات ١٥ هەزاری بۆ پارێزگاریی لێستاندین، ئەویشمان دا، لەبەر ئەوەی مناقەشە نەکەین و نەزانن ئێمە ڕۆژهەڵاتین، بەڵام هەر ئەمانە کە سەرەتا پارەکەیان لێستاندین، پاشان ڕاپۆڕتی ئاسایشیان لێدابووین و ئەوەندەی نەبرد دووانیتر لە دەرگایان دا، کاتێک خۆیان ناساند کە ئاسایشن و داوای پاساپۆڕتی ئێمەیان کرد، منیش داوای کارتی پێناسەم لەوان کرد، وتم من لەکوێ بزانم جەنابتان ئاسایشن؟ سەرەتا ویستیان پێناسەیان نیشانم نەدەن، کاتێک زانیان لە چەقی دەرگا وەستاوم و سەیریان دەکەم و سوورم لەسەر بینینی پێناسەکانیان، ئەوجار یەکیان کۆتا هات و پێناسەکەی لە دوورەوە ڕاگرت و نەیهێشت جووان بیخوێنمەوە بەڵام من وشەی ئاسایشم لە کارتەکەیدا بینی و ڕازی بووم، ئەویتریان هەر خێسە و مۆڕەی لێدەکردم و دەستی بە دەمانچەکەیەوە بوو. لە هەموو جیهان کاتێک ئاسایش یان پۆلیس دەچنە بەر دەرگای کەسێک سەرەتا بە هێمنی و بە نیشاندانی کارتی پێناسەی پۆلیس یان ئاسایش خۆیان دەناسێنن، ئەوجار داواکارییەکەیان باس دەکەن، بەڵام ئەمە لە کوردستان زۆری ماوە ببێتە عادەت و یاسا و فەرهەنگ! پاش کۆمەڵێک پرسیار، جەوازەکانمانیان برد و وتیان سبەی کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ وەرنە ئاسایشی کوردسات. لەگەڵ ئەوەشدا کە زانیمان کارەکەیان دروست نییە و ناکرێت لەخۆڕا جەوازمان بەرن، هیچمان نەگووت و ڕۆیشتن. شەو نووستین و ٩ی بەیانی کە بەتەمابووین وردە وردە خۆ حازر کەین و بچینە ئاسایشی ئاسۆسات، لە دەرگامان درا. پرسیم کێیە؟ وڵام دراوە، خۆمانین، هەر ئەوانەی دوێنێ شەو!!
دەرگام کردەوە، هەر ئەو دووانەی دوێنێ شەو بوون بە ٣ سەربازی پڕ چەک لەگەڵیان، بە بێ ئیزن خۆیان کرد بەژووردا و یەکیان فەرمانی دا بە سەربازەکان، گووشی تەلەفونەکانیان کۆ بکەنەوە، نەیاندەویست تەلەفون بۆ یارمەتی بکەین ئەوجار فەرمانی بە سەربازەکانی دا هەموو کوێ بپشکنن؟! (بیری هەڵسوکەوتی پاسدار و عەسکەری بەعسی خستمەوە!) پرسیارمکرد، بۆچی دەپشکنن؟ شتێک ڕوویداوە؟ فەرماندەرەکە تەنیا بە دوو وشەی کورت وتی، ئەرکی خۆمانە!! ئیتر بە گرنگی نەزانی زیاتر بڵێت و ئێمەش لێیان گەڕاین هەموو خانووەکە و هەموو جانتاکانمان گەڕان و ئەوجار خۆشمان و جلوبەرگەکانیشمان گەڕان. چەقۆیەکی بچووکی میوە پاککردنی سەفەریی یەکێک لە هاوڕێکانمان و دەستگایەکی بچووکی ئێلێکتڕۆنیکی منیان لەناو کەلوپەلەکانماندا جیاکردەوە و هەڵیانگرتن و ئەوجار وتیان دەی با بڕۆین
پرسیارم کرد بۆ کوێ؟ وڵامیان نەدامەوە! پرسیارم کردەوە کە ئایا ئێمە گیراوین؟ فەرماندەرەکە وتی ئەرێ گیراون! بردیانینە خووارەوە لە پشت سەیارەیەک سوواریان کردین، کەلەپچە نەکراین، بەڵام پاسپۆڕت و گوشییەکانمان بەوان بوو و لەوکاتەشدا تەلەفونەکەی من چەندینجار زەنگی بۆهات و ئەمزانی هاوڕێیەکم کە نیشتەجێی سلیمانییە هاتبوو بمبینێت و منیش داوام دەکرد ئیزن بەن بەس وڵام بەمەوە کە نیگەران نەبێت، نەیاندەهێشت وڵام بەمەوە، خۆشبەختانە لەو کاتەدا کە سوواریان کردبووین بمانبەن، ئەو هاوڕێیەمان ئێمەی بینیبوو و خێرا تەلەفونی کردبوو بۆ تەشکیلات و شوێن ماشینەکەی ئاسایشیش کەوتبوو بۆ ئەوەی بزانێت بۆ کوێمان ئەبەن. ئێمە کە شارەزا نەبووین، دووایی پێیان وتین بردبوویانین بۆ ئاسایشی کوردسات.
لە ئاسایش پاش هەندێک ماتڵبوون بردیانین بۆ ژووری مودیر کە کوڕێکی لاو بوو، ڕەنگە ١٠ بۆ ١٥ ساڵ لە من لاوتر بوو. ئێمەیان دانیشتاند و ئەویش لە پەستا وەرەقەی بۆ دەهات و واژۆیانی دەکرد و ئێمەش ماتڵ و عاتڵ دانیشتبووین و من عادەتەن لەسەر مۆبلەکە قاچێکم خستە سەر قاچەکەی ترم، پاش چەند چرکەیەک یەک لە سەربازەکان کە لەگەڵمان هاتبووە ژوورەکە بە خێراییەک پێمی گوت قاچت داخە! وتم چی؟ دووپاتیکردەوە و بە دەستیش نیشانی دەدام، قاچت داخە، قاچت داخە، منیش نەمزانی ئەمجارە چ یاسایەکم شکاندووە و کاتێک خەریکبوو قاچم لەویتر بێنمە خووار و ئەمەویست لە سەربازەکە بپرسم بۆچی قاچم داخەم، لەپڕ جەنابی مودیری جەوان دەنگی لێ بەرز کردمەوە و وتی مەگەر تۆ نازانیت لە کوێ دانیشتوویت؟ منیش وتم لێرە لە سەر موبل دانیشتووم، بۆچی چ بووە، دیسان بەدەنگی بەرز وتی تۆ لە ژووری مودیری ئاسایشیت، وتم دەی جا چ بووە؟ بەلایەوە سەیر بوو بەوشێوە بێ ئەهمییەت وڵامیم داوە، ئەوجار وتی تۆ نازانیت ئێرە شوێنێکی عەسکەرییە؟ ئەوجار منیش وەک خۆی دەنگم بەرز کردەوە و وتم جا کاکە تۆ عەسکەریت، من بابایەکی ئوروپایم و عەسکەریش نیم، ئەوجار تۆ بۆ پێم ناڵەیت ئێمەتان بۆچی هێناوە بۆ ئێرە و لە دوێنێ شەوەوە ئیستراحەتتان لێ تێکداوین و جەوازەکانمانتان بردووە و کەل و پەلمان گەڕاون و ….، خێرا قسەکانمی پێ بڕیم و زانی کەم ناهێنم، وتی ئێوە یاساتان شکاندووە و چوونەتە ئەو شووقەوە بە بێ ئیزنی ئاسایش!
وتم باشە مەگەر من ڤیزام وەرنەگرتووە؟ مەگەر مۆری ورودیی و دخولی هەرێمی کوردستان لە پاسپۆڕتەکەم نەدراوە؟ وتم ٥٢ وڵاتی جیهان گەڕاوم، هەر کە مۆری وروودیی لە پاسپۆڕتەکەم درا، ئیتر من ئەتووانم لەو وڵاتەدا بەسەر بەرم تا کاتی یاسایی مانەوەم تەواو ئەبێت، لەو ماوە یاساییەدا ئەتووانم خانوو یا شووقە بگرم، ئەتووانم بچمە هوتێل یاخود بچمە سەحرا و لە ژێر چادر و خێمەدا بژیم، ئەوە کووا پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەیە؟ بەڵێ ئەگەر من شەڕم کرد، قانونم ژێر پێ نا، کاری خراپم کرد، زەرەرم لە وڵاتەکەدا، ئاسایشم تێکدا، ئەوجار ئاسایشیش دێت یەخەم دەگرێت، بەڵام من لێرە هەم ڤیزام هەیە و هەم مۆری دخولم بۆ لێدراوە، ئێستا کاری ئێوە نا یاساییە،نەک کاری ئێمە کە چووینەتە ئەو شووقەوە، ئەویش لە وڵاتی خۆمان! وتی بۆ مەگەر تۆ ئێرانیت یا ئێراقی؟ وتم هیچیان، بە پێی ئەو جەوازەی من کە بە دەستتەوەیە سویسریم، وتی ئەی بۆ ئەڵەیت وڵاتی من، وتم من کوردم و لە کوردستان لەدایکبووم و کوردستان زادگا و شوێنی لەدایکبوونی منە، کەواتە ئێرە وڵاتی منیشە، وتی نەخێر ئێرە ئێراقە و بیری شاعیرانە لێرە نایخوات، پێم بڵێ بزنم کێ خانووەکەی پێتان داوە، وتم دۆستێک یارمەتی داوین هاتووینەتە ناوی، وتی ناوی چییە و هەر ئێستا تەلەفونی بۆ بکە بێت بۆ ئێرە. پاش بڕێک مناقشەی بێ سوودی دیکە، تەلەفونم بۆ ئەو دۆستەی خاوەن شووقەکە کرد و ئەویش پاش کاتژمێرێک بە پەرۆشییەوە خۆی گەیاندو و ژووری مودیرمان نیشان دا و چووە ژوور.
پاش ١٠ خولەکێک منیشیان بانگکردە ژوورەکە و مودیرە گەنجەکە ئەوی تاوانبار کردبوو کە بە بێ ئیزنی ئاسایش خانووی داوە بە ”ئێرانی” (ئەم گرفتی ئێرانی بوونەیان لەگەڵ فارسەکان نەبوو، لەگەڵ ئێمە بوویان) ئەویش وتبووی من پێیانم گووتووە جارێکە مەچنە ناوی تا ئیجازەی ئاسایش وەردەگرن، دیارە ویستبووی لای ئاسایش خۆی تەبرەئە بکات، لە کاتێکدا من وتبووم ئەو یارمەتی ئێمەی داوە وەک چۆن کاتی کۆڕەوەکەی ١٩٩١ ماڵی باوکی من ٣ بنەماڵەی سلێمانیان پەنا دابوو، ئەمیش یارمەتی ئێمەی داوە، و من لە تەلەفونەکەدا پێیم وت تۆش وا بڵێ، بڵێ یارمەتیانم داوە، بەڵام هەوڵ ببوو و ویستبووشی خەتاکە بخاتە ملی ئێمە. منیش کاتێک دیم ئەم دۆستەمان هەندێک ترساو و پەشۆکاوە بە مودیرم گووت ئەو ڕاست ئەکات، بە ئێمەی گووت بچینە ئاسایش، ئێمەش وتوومانە، قەیناکا سبەی دەچینە ئاسایش! ئەمە خاوەن ماڵەکەی ڕزگار کرد و غەڕامە یا زیندانی نەکرا، تەنیا تەعەهودیان لێستاند کە جارێکیتر بە بێ پرسی ئاسایش کلیلی خانوو نەداتە دەست کوردی ڕۆژهەڵات و بەمشێوە ڕزگاری بوو و ئێمەش بێ خانوو ماینەوە و چووین جانتاکانمان هەڵگرت و چووینە ماڵی هاوڕێ و هاوشاری خۆشەویستم کاکە ع. و حەوتوویەک لەلای ئەو ماینەوە و ئەوجار من درام بە ڕاگەیاندن و دوو هاوڕێکەیترم چوونە مۆتێل. منیش بەڕۆژ لە ڕاگەیاندن دەمامەوە و بە شەویش دەچوومە مۆتێل بۆ لای هاوڕێکانم!
پاش ٤ ڕۆژ لە ڕاگەیاندن ئاسایش هاتن و هەموو جەماعەتی ڕاگەیاندنیان بانگ کرد ئەمجارەیان بۆ ئاسایشی ئەزمەڕ و مودیری ئەزمەڕیش کە ئاسۆ ناوێک و ئەمیش هەر گەنج بوو وەک پاسدارێک زۆر بە تووڕەیی و بە جیددیی قامکی لێ بادەداین و چەندینجار هەڕەشەی لێکردین کە خانووی ڕاگەیاندنیش ئەبێ چۆڵ کەین و منیش لەگەڵ ئەویش کەوتمە دەمە دەمە و دەنگمان لەیەک بەرز کردەوە و ئەوجار ”ناوی منی” بەجیا لەسەر وەرەقەیەک نووسی و خستییە گیرفانی، ئەوە بوو کە هاوڕێ پڕشنگ بەرپرسی ڕاگەیاندن نەیهێشت منیش درێژە بە مناقەشەکەی نێوان خۆم و مودیری ئاسایشی ئەزمەڕ بدەم نەکا بەشوێنی ناخۆش بگات و چوومە دەر، کە تەواو بووین لەوێ بە پێی ئەو هەڕەشانە کە لێمان کرا و من چوون نەمدەویست جارێکیتر ڕوبەڕووی ئاسایش ببمەوە و بۆ ئەوەی شتی نەخوازراو و ناخۆش ڕوو نەدات لەگەڵ ئەو دوو هاوڕێ ئوروپییەی دیکەم چووینە خانووێکی دیکە کە هاوڕێ ڕۆژین گرتبووی، بەڵام هەر ئەو شەوە کەسێک لەناو ئاسایش دیسان تەلەفونی بۆ کردین و وتی هەر ئێستا، هەر ئێستا خێرا ئەو خانووە چۆڵکەن و بڕۆن و مەپرسن بۆچی، خێرا بڕۆن. پێمان وابوو ڕاپۆڕت کراوین و دڕۆنمان بۆ دێت، ئێمەش هەرچیمان بۆ کۆکراوە خستمانە ماشینێکەوە و ڕۆیشتین، دیسان بێ جێگا ماینەوە، چ بکەین و چ نەکەین، من پێشنیازی چوونە هۆتێلم دا تا سبەی بزانین چ دەکەین، بەڵام ئەو دوو هاوڕێی لەگەڵم بوون وتیان ئەچین ئەمشەو لە مەقەڕ دەمێنینەوە، منیش وتم کاکە ئاسایش چەن ڕۆژە وتوویە مەقەڕیش نابێ کەسی تیا بمێنێت و منیش لە بوواری ئەمنییەتیی و سڵامەتی خۆمانەوە مەقەڕ بە باش نازانم ئەمشەو دەچینە هوتێل و میوانی من بن، بەڵام ئەوان ئیسراریان کرد کە بچنە مەقەڕ و منیش وتم کەواتە لەبەر یەکەمین هۆتێل کە هاتە سەر ڕێگامان من دابەزێنە و من چوومە هوتێل و ئەوان چوونە مەقەڕ. تازە خۆم شتبوو و چووبوومە ناو جێگا لە تلویزیۆنی ژوورەکەم هەواڵی لێدانی دڕۆن لە سلێمانی ڕاگەیەندرا و هەر ئەوکاتە یەک لەو هاوڕێیانە کە چووبوون بۆ مەقەڕ، هاوڕێ فەرزاد تەلەفونی بۆکردم بە هەڵەداوان و وتی لە مەقەڕ بووین کە دڕۆن لێمانی دا، هەواڵیانم پرسی کە ئایا هەموو سەلامەتن، وتی نازانم، من لە حەمام بووم زرمەی لێ هەستاوە، لەناو تەپ و تۆز و ڕووخاویدا جلەکانم بەتەڕی لەبەر کردۆتەوە و هاتوومەتە دەر، کەسم نەبینیوە و بانگمکردوون کەس وڵامی نەداومەتەوە و ئێستاش ئاسایش دەوری شوێنەکەیان گرتووە و ناهێڵن بچمە پێش و وتم خێرا سووار تاکسی بە و وەرە بۆلای من، وتی باشە، بەڵام دیار نەبوو و لەو ماوەدا دڕۆنی دووهەمیش هەر خۆی بەو شوێنەدا کووتابوو و تەنیا خانووەکە زیاتر ڕووخا و خۆشبەختانە هەموو هاوڕێیانی ناو مەقەڕ بە سەلامەت دەرچووبوون و کەس پڕیشکێکیشی بەر نەکەوتبوو. هەواڵی هاوڕێکمم پرسییەوە وتی هەموومان ڕاگوێزراوین بۆ شوێنێکی ئەمن.
ئیتر ئێمە مانەوەی زیاترمان لە سلێمانی بە باش نەزانی و چووینە هەولێر. لەوێ چەند ڕۆژێک چووینە خانوویەک و ئاگربەست ڕاگەیەندرا، بەناچار بلیتی گەڕانەوەمان گرت و هەر ئەو ڕۆژە کە بەتەمای گەڕانەوە بووین لە کاتی ئاگربڕدا سپای تێرۆریستی پاسداران بە دڕۆن بۆ چەندەمینجار لە سورداشی دایەوە و هاوڕێ #غەزال_مەولان و دوو هاوڕێی دیکەمان بریندار بوون، کە دووایی هەموو زانیمان ئاسایشی سلیمانی و نەخۆشخانەی نەخۆشە دەرونییە ئیسلامییەکان چلۆن هاوڕێ غەزالیان کوشت و کاری کۆماری تێرۆریستی ئیسلامییان بە سەرئەنجام گەیاند.
ئێمە لەڕێگای گەڕانەوەدا بووین کاتێک هاوڕێ غەزال بەخاک سپێردرا و بەداخەوە نەمانتوانی لە بەخاک سپاردنیدا بەشدار بین. یاد و ناوی هاوڕێ غەزال و هەموو گیانبەختکردووانی تازە و کۆنی ڕێگای ڕزگاریی بەرز و بەڕێز بێت.
ئەم گێڕانەوە تەنیا بیرەوەرییەکە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان، ئەوانەی من بینیومن و ئەزمونم کردوون، گەرچی زۆر بە کورتیش نووسیبێتم، بەڵام با ون نەبن و بمێننەوە بۆ دوواڕۆژ!
بڕۆخێت ڕژیمی کۆنەپارێز و ئەهریمەنی و تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی فارسستان و هەموو یارمەتیدەرانیان لە چووارگۆشەی کوردستانی گەورە

***

پێشمەرگەکان: وەرگیراو لە لاپەڕەی نووسەر، روداوێکی دڵتەزێن و راست ، ئێمە رۆژهەڵاتی وەک ئێرانی سەیر دەکرێین و هیوادارین رۆژێک رۆژهەڵات ئازاد بێ و لە خاکی خۆمان بێگانە نەبین.