Hoppa till innehåll
Hem » شاعیرێکی هەستناسکی مەڵبەندی پیرانشار (١٩/٤/٢٠٢٦) کۆچی دوایی کرد.، سەید عەلی هاشمی

شاعیرێکی هەستناسکی مەڵبەندی پیرانشار (١٩/٤/٢٠٢٦) کۆچی دوایی کرد.، سەید عەلی هاشمی

دوژمنانی گەلی کورد، لە گوندی سەرووکانێی پیرانشار، نە بەزەییان بە پیرەپیاوی پەککەوتووی پشت‌چەماو، نە بە منداڵی بچکۆلە و سەرپشتی لانک، نە بە ژنی کەمئەندامدا هات. چۆماغ‌بەدەستانی حەسەنی و مەعبوودی بێبەزەییانە ئەو چەند کەسەی دێی کە هەڵنەهاتبوون شەهیدیان کردن.

شەهیدانی سەرووکانێ بریتین لە:

١. عەبدوڵا ئەحمەدنەژاد.

٢. برایم ئەحمەدنەژاد (لە بنەماڵەی کەڵبەشەکان).

٣. ئایشێ گدرون (لە بنەماڵەی ڕەسوشاڵی).

٤. دەروێش حوسێن شایجانی (لە بنەماڵەی سمایل عەبدی).

تێبینی: دەروێش حوسێن لە ماڵەکەی میوانی دەبێ، منداڵی میوانەکەیان لە ناو لانکدا دەسووتێ، دەروێشیش لە تاوی منداڵەکە بە شمشیری دەروێشایەتی شاڵاو بۆ پاسدارەکان دەبا و ئەوانیش هەر لەوێ شەهیدی دەکەن.

٥. مام مارف (ناسراو بە مارفە شەله‌).

٦. عەزیز بایەزیدی (لە بنەماڵەی عەوڵاکۆڵ، ئامۆزای شەهید محەممەد قادری).

٧. مستەفا ئەحمەدی ئازەر (ناسراو بە بنەماڵەی شاوەلە).

٨. قادر کەیانی (ناسراو بە قادر بیچ‌بیچ).

٩. ئەحمەد کاوەمەر.

١٠. دەروێشی پێنج‌برالان.

١١. ئەحمەدی حەسەن‌سوارە (ناسراو بە ماڵی حەسەن‌سوارە).

١٢. مریەم (خوشکی شەهید محەممەد سەرووکانێ و خێزانی حەسەن‌سوارە).

١٣. قادر میران (ناسراو بە بنەماڵەی مام ڕۆستەم).

بەو بۆنەیەوە شاعیری هەستناسک عومەری مستەفای عەوڵاغای دانیشتووی ئاوایی زینیوینجیان، بە ناوی ڕەمزی (داماو لاجانی) بە چەند دێڕێک لە شیعرەکانیدا هەستی ناخی خۆی دژی دوژمن ئاوا دەردەبڕێ:

پازدە بیست نەفەریان کوشت لە سۆفیان و لە کولیج

بۆچی ئەو کارەیان کرد دەستەی جاشوولە و بەسیج

لە گوندی سەرووکانێ شەهید بوو قادر بیچ‌بیچ

لە ئیسلامی خومەینی نە خەجیج ما نە مەنیج

(ئەمن خۆ هەر دەزانم خۆراکی قەل و داڵم)

حیزبی دێموکرات لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی توانای خۆی، بە پشتیوانی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان بەرگری لە خاکی کوردستان و لە مان و مەوجوودییەتی خەڵکەکەی، بەوپەڕی توانا و لەخۆبوردووییەوە کردووە.

شاعیری نابینا و بێ‌ڕووناکی چاوەکان، عومەری مستەفای عەوڵاغای، لە بەشێکی دیکەی شیعرەکانیدا لەسەر سووتاندنی ئاواییەکانی ناوەندی کوردستان و شەهیدکردنی خەڵکی بێتاوان دەڵێ: ”بۆیە دایم دەناڵم” و دووبارە بەو شێوەیە هەستی نێو دڵی دەردەبڕێ.

داماو لاجانی دەڵێ:

با لەبۆت بگێڕمەوە ڕووداوەکەی قەڵاتان

پیرەپیاوی سەدساڵە پشت‌چەماو وەکـوو گۆچان

بە تفەنگ و تەوەر داس، بە سەرنێزە و بە بیوران

دوژمن قەڵت و پەڵتی کرد وەک گۆشتی بەشەخێران

(کاری ئاوا دەبینم بۆیە دایم دەناڵم)

قاڕنێ قەت لە بیر ناکەم بە دایمە وا لەبەر چاو

کێ دیویە بە سەعاتێک چل و پێنج نەفەر کوژراو

هێندێک منداڵی دە ورد، هێندێکیشیان تازەلاو

هێندێک ژن و پیاوی دێ، هێندێکیشیان پیرەپیاو

(لەبۆ شەهیدانی کورد شکاوە هەردوو باڵم)

من هەر لە بیرم ماوە کوشتارەکەی ئیندرقاش

وسووکەند و خانەگێ، چیان لێ کردن دەستەی جاش

هەر شتێکی دەگەیشتنێ زوو دەایانکرد وردوخاش

بۆ پارەیان وا دەکرد دوژمن بـیان داتێ پاداش

(جا چۆن بە پەرۆش نەبم بۆ دۆست و هەواڵانم)

عومەری مستەفای عەوڵاغای، هاوسەری کچی مامم (سۆفی سەیدە) سەید ئاجەر هاشمی بوو.

ڕۆحی شاد بێ و بنەماڵەیان خۆش بن.

سەید عەلی هاشمی