ئیمڕۆ دوای سه‌عاتێك ده‌رس گوتنه‌وه له‌پڕ منداڵه‌كان گوتیان: ”هاتن مامۆستا!” مه‌به‌ستیان ”بێری”و ”كورده” بوو. دوو خوشكی ٦و ٧ ساڵانه‌ی منداڵی شه‌هید مسته‌فا بایه‌زیدی كه قوتابیی قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه بوون.

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش بابیان له‌گه‌ڵ حه‌وت پێشمه‌رگه‌ی دیكه به‌ده‌ستی ئه‌رته‌شی توركیه شه‌هید كرابوو و ئێستا ماوه‌ی مانگێك ده‌بێ ”بێری”و ”كورده” كه له پۆله‌كانی یه‌كه‌م و دووهه‌مدا خه‌ریكی خوێندنن، بێ‌سه‌رپه‌رست و باب ماونه‌وه و بۆ هه‌میشه له خۆشه‌ویستیی باب بێ‌به‌ری بوون. له ماوه‌ی ئه‌و یه‌ك مانگه‌دا توانای خوێندنیان زۆر به چاكی خۆی نواند و منیش له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ته‌واوی ببوومه ئۆگریان.
هه‌رچه‌ند ”كورده” زۆر هه‌ڵسووڕ و بزۆز بوو و زۆرجار ده‌بووه هۆی شێواندنی وانه‌گوتنه‌وه‌م، به‌و وه‌زعه‌ش خۆشم ده‌ویست و زۆر سه‌یر ئۆگری ببووم. چه‌ند ڕۆژ له‌وه‌و پێش بوو كه خاڵیان هاتبوو و ده‌یهه‌ویست ئه‌وان و ئه‌ندامانی دیكه‌ی بنه‌ماڵه‌ی[شه‌هید مسته‌فا بایه‌زیدی] له‌گه‌ڵ خۆی بباته‌وه. له یه‌كێك له رۆژه‌كانی حه‌وتووی ڕابردوودا، ”كورده” هه‌ستایه سه‌رپێ، له حاڵێكدا له‌به‌ر به‌رزیی مێزه‌كه باڵای كورتی دیار نه‌بوو گوتی:
– ”مامۆستا، مامۆستا! ”
ئاوڕم دایه‌وه و گوتم چیه كورده؟ گوتی:
”ئێمه ده‌ڕۆین.”
تێ‌گه‌یشتم مه‌به‌ستی كورده ڕۆیشتنه‌وه له‌گه‌ڵ خاڵیه‌تی. گوتم ده‌چنه كوێ؟ گوتی:
”ده‌گه‌ڵ خاڵم ده‌ڕۆینه‌وه”
ئه‌و شێوه قسه‌كردنه و باڵای وردیلانه‌ی و ڕوانینی هه‌ست‌بزوێنانه‌ی كه كوڵمه سوور و سپییه‌كه‌ی شاهیدییان بۆ ده‌دا زۆریان كار تێ كردم. پێم خۆش بوو پرسیاری زیاتری لێ بكه‌م تا به‌و زمانه شیرینه منداڵانه‌یه‌ی هه‌روا وه‌ڵامم بداته‌وه. به‌ڵام كورده‌ی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵانه مات و بێ‌ده‌نگ ڕاوه‌ستا بوو. ده‌تگوت له ده‌روونیدا هه‌ست به هه‌موو شتێك ده‌كا و وه‌ك موسافیرێكی گه‌وره بیر ده‌كاته‌وه و ده‌زانێ سه‌فه‌ر، دووری و جودایی‌و گیر‌و گرفتی هه‌یه. هه‌ر بۆیه بێ‌ده‌نگ بوو ئیدی هیچی نه‌گوت.
پرسیارم له ”بێری”ی خۆشكی كه ته‌مه‌نی حەوت ساڵ بوو كرد. بێری قسه‌كانی كورده‌ی خوشكی سه‌لماند و درێژه‌ی پێدا كه ”خاڵمان هاتووه و سبه‌ینێ یا دوو سبه‌ی ده‌ڕۆین.”
بیرم له كاتی رۆیشتن و ماڵاوایییا‌ن له ئێمه و قوتابخانه‌كه‌یان ده‌كرده‌وه. بینینی ئه‌و ڕۆژه‌م زۆر له لا دژوار بوو. ئه‌مڕۆ به‌یانی ٤/٨/١٣٧٠، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌م و ناڕه‌حه‌تیی ”بێری” و ”كورده”م كه‌م كردبێته‌وه و مه‌سه‌له‌ی رۆیشتن و جوداییم له بیر بردبێته‌وه، قسه‌كانم به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك و ڕاوێژێكی دۆستانه‌تر درێژه‌دا و گوتم باشه كه چوونه‌وه نامه بۆ من و هه‌ڤاڵانتان ده‌نووسن؟
بێ‌ده‌نگی و سه‌ر له‌به‌رخۆنانیان نیشانه‌ی هه‌موو شتێك بوو؛ له‌ده‌ستدانی بابیان بۆ هه‌میشه، جێ‌هێشتنی شوێنێك كه له‌گه‌ڵی ئاشنان و خوویان پێوه گرتبوو، دابڕان له هه‌ڤاڵی كۆن و مامۆستای نوێ و به‌داخه‌وه بیره‌وه‌ریی مامۆستای ساڵی پێشوو شه‌هید یوونس كه ئه‌مساڵ ئه‌ویش جێگای دیاره و له نێومان‌دا نییه. ”شه‌هید یوونس” مامۆستای ساڵی پێشووی ”بێری”و ”كورده” بوو و هه‌موو كاتێك ناوی ئه‌ویان له‌سه‌ر زار بوو. بێری و كورده ئه‌ویان به مامۆستا وێنس ناو ده‌برد.
سه‌رئه‌نجام رۆژی جودایی و ماڵاوایی هات. به‌یانیی رۆژێكی پاییزی بوو. هه‌تاو له ئاسماندا ده‌دره‌وشایه‌وه، له‌گه‌ڵ بێری و كورده و هه‌موو قوتابییه‌كان له پۆل هاتینه ده‌رێ و له حه‌ساری قوتابخانه له قه‌راغ دارهه‌نجیرێك‌دا كه ته‌نیا نیشانه‌ی سه‌رسه‌وزی له قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه‌دا بوو، كۆ بووینه‌وه. منداڵه‌كانم ریزكردن و بێری و كورده‌م به ته‌شریفاتێكی تایبه‌تی به پێش ریزی قوتابییه‌كا‌دا هێنا. ئه‌و دوو خوشكه ده‌ستیان له نێو ده‌ستی هه‌مووان نا و خوداحافیزییان لێ‌كردن، نۆره‌ی من هات. هه‌ر دووكیانم له باوه‌ش گرت و بۆ دواجار ده‌ستم به‌سه‌ر سه‌ریان‌دا هێنا و كوڵمه سوور‌و گه‌شه‌كانیانم ماچ كرد. به‌ڵام ئه‌وه‌نده ناڕه‌حه‌ت بووم كه خۆم پێ ڕانه‌گیرا. قوتابی‌یه‌كان‌و موسافیره چووكه‌كانم به غه‌م‌و په‌ژاره‌ی منیان زانی و فرمێسكی قه‌تیس ماوی چاومیان دی، زۆربه‌ی ئه‌وانیش گریان. ته‌نانه‌ت چاوه گه‌وره و جوانه‌كانی ”سه‌یران”یش پڕ بوون له فرمێسك. ”سه‌یران” هه‌ڤاڵێكی دیكه‌ی منداڵه‌كان بوو كه به ”هونه‌رپیشه بچووكه‌كه” و به قسه‌خۆش به‌ناوبانگ بوو. ئه‌ویش بۆ ده‌سته‌خۆشكه‌كانی گریا. بۆ دوایی‌هێنان به‌و دیمه‌نه هه‌ستبزوێنه به كچه‌كانی دیكه‌ی پۆله‌كه‌م گوت كه بێری و كورده هه‌تا به‌ر ده‌رگای خۆیان به‌ڕێ بكه‌ن و خۆم بۆ چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك به دوور له چاوانی منداڵه‌كان له گۆشه‌یه‌ك به‌ته‌نیا دانیشتم هه‌تا هێندێك بێمه‌وه سه‌ر خۆم.
ده‌زانم بیره‌وه‌ریی ئه‌و رۆژه بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له بیر و ئه‌ندیشه‌ی من و ره‌نگه له بیر و بیره‌وه‌ریی ”بێری” و ”كورده”و هه‌موو هاوپۆله‌كانیاندا بمێنێته‌وه. له ده‌فته‌ری پۆل له به‌رامبه‌ر ناوه‌كانیاندا به قه‌ڵه‌می سوور رێكه‌وتی رۆیشتنیانم نووسی و نووسیم: ”ئایا بێری و كورده ده‌توانن درێژه به خوێندن بده‌ن؟ داخوا كێ سه‌رپه‌رستیی ئه‌وان ده‌كا؟ هیوادارم كه ئه‌وان بتوانن درێژه به خوێندن بده‌ن و هه‌مو كاتێك سه‌ركه‌وتوو بن.”
فه‌هیم سه‌حرایی
٤/٨/١٣٧٠ ( ٢٦ی ئۆکتۆبری ١٩٩١)
(*)مامۆستای شۆڕشی ئه‌و كاتی قوتابخانه‌ی بنه‌ماڵه حیزبییه‌كانی جێگیر له ”مامه خه‌تیب”(سە بە کۆمیتەی شارستانی شنۆ)،کاتی خۆی ئەم نووسینە جوانەی بە زمانی فارسیی نووسیبوو کە هەر ئەو کات لە گۆڤاری ”لاوان”دا بڵاومان کردەوە. لە بیرم نییە هەر ئەو کات یان ساڵانێک دواتر کردم بە کوردی. ئەوەشم ئێستا لەبیر نییە کە کوردییەکەم لە کوێ بڵاو کردووەتەوە، ئەوەی لە بیرمە هەستی خۆم لەکاتی یەکەم جار خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە، هەروەها لە کاتی وەرگێڕانیدایە. هەستێک کە ئەمڕۆش لەگەڵ خوێندنەوەی، دووبارە تووشی بوومەوە، هەستی خەمباری و لە دڵەوە گریان بۆ چارەنووسی ”بێری” و ”کوردە” و بنەماڵەکەیان. لەو کاتەوە کە ئەم چیرۆکە ڕاستەقینەیە نووسراوە، ٣٥ ساڵ رادەبرێت، بە داخەوە هیچ زانیارییەکم لە چارەنووسی بێری و کوردە و دایکیان دوای گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە… مامۆستا فەهیم سەحراییش چەند ساڵێک دواتر ڕووی کردە وڵاتی ئەمریکا و بە داخەوە ئاگام لێی نییە.
– وێنەکان پێوەندییان بە ڕووداوەکەوە نییە، هەرچەند هی کۆڕی پەروەردە و مامۆستا و قوتابخانە و قوتابیانی شۆرشن.
یادی شەهیدان مستەفا بایزیدی و مامۆستا یونس بلباسی کە ناویان لەم نووسینەدا هاتووە، بەڕێزو گیانیان شاد.


موسافیره بچكۆله‌كان، فه‌هیم سه‌حرایی (*)، وەرگێران لە فارسییەوە: قادر وریا