

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە سوید
جۆزەردان 2726
ڕۆژی هەینی ١ی جۆزەردان، کادری دێرین و نیشتمانپەروەری نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ”سەید حەسەن هاشمی” ناسراو بە ”خاڵە سەید حەسەن”، لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.
خاڵە سەید حەسەن ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لە گوندی ”قوزلووی چوکەی”ی سەر بە شاری مەهاباد لەدایک بوو. ئەو لە تەمەنی منداڵیدا و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا چاوی بە پێشەوا قازی محەممەد کەوتبوو، کە هەر ئەو دیدارە هەستی نیشتمانپەروەری لە ناخیدا بەئاگا هێنابوو.
لە ساڵی ١٣٤١ی هەتاویدا بەهۆی چالاکیی سیاسی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدا لەلایەن ڕێکخروای ساواکی ڕێژیمی پەهلەوی دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ خرایە بەندیخانە.
دوای ئازادبوونی لە بەندیخانە، بەهۆی مەترسیی دووبارە دەسبەسەرکردنەوەی، ڕووی لە باشووری کوردستان کرد و لە شاری قەڵادزێ لەگەڵ ڕێبەرانی شەهید و تێکۆشەرانی وەک شەهید ئیسماعیل شەریفزادە و نەمران حەمەئەمین سیڕاجی و سالار حەیدەری یەکیان گرتەوە و درێژەیان بە خەبات دا.
ماڵی خاڵە سەید حەسەن لە مەهاباد، هەمیشە وەک بنکەیەکی حیزبی و سیاسیی لێهاتبوو؛ بەجۆرێک پێش ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی، زۆربەی دیدارە نهێنییەکانی شەهید دوکتور قاسملوو و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لەگەڵ تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە لە ماڵی ئەودا بەڕێوە دەچوون. تەنانەت بڕیاری یەکەم خۆپێشاندانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد لە ماڵی ناوبراودا درا.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، خاڵە سەید حەسەن بە ئاشکرا تێکەڵ بە خەباتی حیزب بووەوە و بەهۆی دەستپاکییەکەیەوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەرپرسیاریەتیی بەشی ماڵیی حیزب پێسپێردرا. هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک بەرپرسی نەخۆشخانەی حیزب خزمەتی کرد و لە نێوان کۆنگرەکانی پێنجەم و شەشەمیشدا، وەک ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات هەڵبژێردرا.
ئەم تێکۆشەرە دێرینە لە ساڵی ١٩٨٧ی زایینییەوە لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو، بەڵام تا دواساتەکانی ژیانی پەیوەندیی بە حیزبی دێموکرات و دۆزی ڕەوای گەلەکەیەوە نەپچڕا و هەمیشە وێردی سەر زمانی ئەم ڕستەیە بوو: ”هەرچی دەبی ببە، بەڵام کورد بە.”
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.





کاووس عەزیزی: ماڵئاوا پیری دێموکرات!

حامید گەوهەری: نزیکەی ٦٠ ساڵ لەمەوبەر خاڵە سەید حەسەن هاشمیم ناسی. دوای گەڕانەوەی لە باشوری کوردستان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ئۆفیسی کاک ڕەحیم خەرازیی دامەزرا. کەسێکی ئارام و لەسەرەخۆ و مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروە بوو. لە ساڵی ١٩٧٩وە لە حیزبی دیموکراتدا هاوسەنگەر بووین. لە سویدیش هاوڕێی نزیکی یەکتر بووین. بیرەوەرییەکم لە خاڵە سەید حەسەن هەیە کە هەرگیز لەبیر نەکرد.

جەعفەر حامیدی : رەوانت شادە!

پرسەنامە , مەلا ڕەسووڵ پێشنماز
خوشک و برایانی بەشدار لە ماتەمینی کاکە سەید حەسەنی هاشمی؛ ئەو کەسەی کە بە پاکی ژیا و بە جوانی مرد. ئەو کەسەی کە لە هەموو تەمەنی ژیانی دا دڵئێشی و ئازاری بۆ هیچ گیانلەبەرێک نەبوو؛ ئەو کەسەی کە هەموو کەسەکانی خۆش دەویست و خۆشیان دەویست؛ ئەو کەسەی کە نموونەی بەرزی خووخسڵەتی جوانی و ئینسانی بوو؛ ئەو کەسەی بە «جووجی مامی» هەموو منداڵە ئاوارە کوردپەروەرەکان ناوبانگی دەرکردبوو؛ ئەو کەسەی کە لە سەداقەت و پاکی دا هەموو کەسەکان سەروماڵ و گیانیان پێ دەسپارد.
خەبات، زیندان و بیرەوەرییەکانی سەردەمی شۆڕش
ئەو کەسەی کە چقڵی چاوی داگیرکەرانی کوردستان بوو؛ ئەو کەسەی کە لەسەر مافی ڕەوای میللەتەکەی چەند جار زیندانی و ئەشکەنجە کرا؛ ئەو کەسەی کە لە جیاتی جارێک، چەندەها جار تووشی ئاوارەیی، نەدامەتی و دوورە کەسوکار و منداڵەکانی بوو.
ئەو کەسەی کە لەگەڵ زیندەیاد کاک عومەری قازی، زیاتر لە ۵۰ ساڵ لە شاری مەهاباد و لەناو جەرگەی دوژمن دا، پەیوەندیی هەستەکانی حیزبییان لەگەڵ ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات پاراست. بۆ خۆم هەتا گەڕانەوەمان و ڕووخانی شا، وەک بەرپرسی تەنیزماتی نهێنی پەیوەندیم پێیانەوە بوو؛ ناوی نهێنیی من «چەوەندەر» و کاک سەید حەسەنیش «گێزەر» بوو؛ کورتانی بارگینەکانی عەزیزی برام و خزمێکی ترمان شوێنی حەشاردانی نامەکانمان بوو.
ئەو کەسەی کە بەدوای ئاشکرابوونی حیزبی دێموکراتدا و لە یەکەم کۆبوونەوەمان لە شاری مەهاباد لە ماڵی کاک محەمەدی سیڕاجی، لە تەقسیمی کارماندا لەسەر داوا و پێشنیاری من، بە شاهیدیی کاک مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە، بوو بە بەرپرسی ماڵی حیزب و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە پاک پاکتر بوو.
ڕۆژانی تەنگانە و سەختییەکانی کۆچبەرێتی
ئەو کەسەی کە لە ڕۆژە تەنگانەکان، بێبژێوی، هەڵوەدایی و دوور لە جگەرگۆشەکانی، چەند ساڵ و مانگان لە ناوچەی پشدەر و قەڵادزێ لەگەڵ ئێمە ژیا (کە تەنیا گەلاوێژی کچم، دایکم و هاوسەری ڕەحمەتیم لەگەڵ بوو) و لە یەک ژووردا بووین.
ئەو کەسەی کە ساڵی ۱۹۶۶ بەهۆی گیروگرفتی منداڵەکانیەوە، بە ناچاری و لەسەر داوای کاک حاجی سەید ڕەحمانی ڕەحمەتی، خۆی ڕادەست کردەوە؛ لە گوندی شۆڕئاوای مەنگوڕان کە وێکڕا سەفەرمان کردبوو، کاتی لێکدابڕانمان هەتا توانی بەسەرمدا گریا، چونکە من تەنیا مابوومەوە و ڕاپۆرتیشیان لێ دابووین و سێ پاسگای ژاندارم تاقیبیان دەکردین. ئەو کەسەی دوای ڕادەستبوونەوە، ماوەیەکی زۆر هەموو ڕۆژێ لە سەعات هەشتی بەیانییەوە سازمانی ئەمنییەت لە شوێنی چاوەڕوانی ڕایانگرتبوو بۆ ئەوەی بەناوی بکەن و خەڵک لای وابێ پەیوەندیی بە ساواکەوە هەیە؛ بەڵام بێگومان بە پێچەوانەوە، هەم لەناو خەڵک و هەمیش لەناو سەرکردایەتیی حیزب دا لە جاران خۆشەویستتر بوو.
ئەو کەسەی کە لە دوا هەناسەکانی ڕژێمی شای چەپەڵ و تێهەڵدراودا، لەگەڵ کۆمەڵێک تێکۆشەری خاوەن ڕابردوو لە ورمێ خرانە زیندانەوە، بەڵام قەت کۆڵی نەدا و جار لە جار لەسەر بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانەی خۆی جەسوورتر بوو.
هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵە و سوپاسگوزاری
ئامادەبووانی دڵبەپەرۆش و تێکڕای خزمان و کەسوکاری کاکە سەید حەسەن و جگەرگۆشە دڵبەسوێکانی، بە تایبەت جەمیلە گیان، عومەر، نەشمیل، شیلان، برازا و خوشکەزا؛ تێکڕاتان لە غوربەت، دوورەوڵاتی و هەر شوێنێک کە هەن، نەک هەر شەریکی ئەو غەمە قورسەتانم، بگرە بەهۆی ئەو هەموو ڕابردووەی کە لە منداڵی منداڵیمانەوە بە یەکەوەمان بووە، لە هەمووان دڵبەغەمترم و بەپەرۆشم. هیوام وایە هەموو لایەکمان سێبووریمان هەبێ و دڵی خۆمان بە ئاکارە جوان و باشەکان و شۆڕشگێڕییەکەی خۆش کەین و شانازی بکەین کە لە بنەماڵەکانمان دا کەسێکی ئاوا خزمەتگوزار و خۆشەویستی تێکڕای خەڵکی کوردستانمان لەناو دا هەڵکەوتووە.
سەید گیان، سەیدی پەپوولەئاسا و خۆشەویستەکەی گەورە و چکۆلە؛ بە هیوام لێرە چۆن و چ ناووبانگێکت وەدی هێنابوو، لەو لایش و لە دڵی تێکڕای ئەو خەڵکەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ڕێڕەویش بۆ جارێک چاویان پێت هەڵەنگوتبێ بە زیندوویی بمێنێتەوە و یاد و یادەوەرییە خۆشەکانت نووقڵی سەرزاری دانیشتنەکان بێ.
دوا وتەم ئەوەیە؛ لەو ماوە کەمەی سێ ڕۆژەدا، ئەگەر بڵێم بە خۆم و بە منداڵەکانمەوە زیاتر لە دوو هەزار تەلەفۆن، لایک و کۆمێنتمان بۆ هاتووە بۆ هاودەردی، زیادەڕۆیم نەکردووە، هەموویشی بە یەک شێوە سیفەتە باش و شازەکانیان وەبیرمان دەهێناینەوە.
بەشی پێنجەم: ڕوونکردنەوەیەکی زەرووری لەسەر خزمایەتی بنەماڵەکە
ڕوونکردنەوەیەکی زەروور؛ بەهۆی ئەوەی کە ئێمە (ئەو دوو حەسەن و ڕەسووڵە) هەتا ئێستاش بەشێک لە منداڵەکانیشمانیش نازانن ئێمە خزمایەتیەکەمان چۆنە، بە پێویستم زانی بۆتان باس بکەم:
سەید حەسەن و مەلا حەسەن خاڵۆزا و پوورزان؛ سەید حەسەنیش دایکی ئامۆزای ئێمەیە کە ناوی پوورە مریەم بوو، دەبێتە کچی مەلا محەمەدی کوڕی حاجی مەلا عەوڵای یاڕاڵی. کاتێک کە ڕووسەکان ئێرانیان داگیر کردووە، لە گوندی یاڕاڵی لە ماڵی باپیرم، لەگەڵ برا گەورەکەی خۆی مەلا سەعدوڵا و برازایەکیان شەهید کراون، ئەوەش بەسەرهاتێکی دوورودرێژی لەسەرە؛ هەر لەو گوندە ڕووسێک لەسەر مەسەلەی ئەخلاقی بە دەستی ئامۆزایەکی بابم بەناوی مەلا ئیبراهیمی ڕەش کوژراوە، بە تۆڵەی ئەو ڕووسە هاتوون ئەو دوو مامەی من و برازایەکیان شەهید کردووە.
من و کاک حەسەنی ڕستگاریش هەم براین هەمیش ئامۆزاین؛ ساڵێک پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان، مام مەلا ئیبراهیم کە برا گەورەی بابم بوو فەوتی کرد لە سابڵاغ. ئەو کات بۆ ئەوەی کە ئامۆژنە پەریزادم (دایکی کاک حەسەن و پووری سەید حەسەن) بە خۆی و بە دوو کوڕەوە (حەسەن و حوسێن) بێسەرپەرشت نەبێ و حەسەن و حوسێن هەست بە بێبابی نەکەن، دوای ساڵێک خاڵەکانی حەسەن (خاڵ حاجی سەید قادر، حاجی مەلا سەید عەبدوڵای مەدەنی و حاجی سەید محەمەدی سەیدی) ئامۆژنمانیان بە نهێنی لە بابم مارە کردبووەوە. ئێستا من و حەسەن لەو پەیوەندییەدا خوشکێکی بەشەریکمان هەیە بەناوی فاتم کە هاوسەری نەمر مەلا سولەیمان عەباسی بوو.
ئەمن لە چوار دایک خاوەنی ۳۲ خوشک و برا بووم کە گەورەکەیان بۆ خۆمم و ئاخرەکەشیان ڕەنگە لەو سەرەخۆشییە دا حزووری هەبێ کە ئەسعەد پێشنمازە، بەڵام لە ڕاستی دا برا، هاودەم، هاوقوتابی، هاوخەبات و تێکۆشانی من هەر ئەو دوو حەسەنە بوون.
کۆتایی و سوپاسگوزاری
لە کۆتاییدا، لەگەڵ سوپاس و پێزانینم بۆ گشت بەشدارانی پرسەکەمان، داوام لە دۆست، هاوخەبات و خزمی خۆشەویستم مامۆستا مەلا عەبدوڵای حەسەنزادە هەیە کە بە نوێنەرایەتیی هەموو ئێمە، وەک کەسێک کە زیاتر لە ۶۵ ساڵە لە نزیکەوە پەیوەندی و تێکەڵاوی خزمایەتی لەگەڵمان بووە (بە تایبەتی کاتی خۆی سەید حەسەن ئەوی بە من ناساند)، پڕ بە هەموو ئاکارە جوانەکانی لەسەری بدوێ. بە سوپاس و پێزانینم بۆ گشت لایەک.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم لەجیاتی تێکڕای بنەماڵەکانمان، سوپاسی کاک سمایلی حاتەمی (هاوژینی جەمیلە) بکەم کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە پێویست بە ئەرکی خۆیان هەستاون بۆ خزمەت بە کاکە سەید حەسەن.
دڵسۆزی گشت لایەکتان
مەلا ڕەسووڵ پێشنماز
26/5/2026