"an independent online kurdish website

ئەمڕۆ هەواڵێک لەماڵپەڕی ناسراوی “رۆژهەڵات تایمز” ی هاوپیشەی ماڵپەڕی “دیار و نادیار” بڵاو بووەوە کە بوو بە هۆی نیگەرانی هەندێک لە دڵسۆزان و هاوڕێیانی خۆشەویستم و لە رێگای جۆراوجۆری وەک تەلەفوون و فەیسبووک و… پرسیاریان لێ کرووم و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە . وێڕای ئەوەی کە سپاسی هەموویان دەکەم، هاوکات داوای لێبووردنیشیان لێدەکەم کە نەمتوانی یەک یەک وڵامیان بدەمەوە . rambud_lotfpuri25

هەرچەند بابەت و هەواڵی هەندێک ماڵپەری وەک “رۆژهەڵات تایمز ” و ” دیار و نادیار” بۆ ئەوە ناشێن کە وڵامیان بدرێتەوە و هەڵوەستەیان لە سەر بکرێ بەڵام لە بەر رێزی هاوڕێیانی خۆشەویستم و بە هۆی زۆر بوونی نامەکان و هاوشێوەبوونی پرسیارەکانیان وام بە باشتر زانی کە بە نووسینی ئەم روونکردنەوەیەوڵامی ئەو ئازیزانە بدەمەوە.

ئەمن ماوەی پتر لە ٢ ساڵ بوو کە بە هۆی نەخۆشیییەکەوە واتە تومۆرێک کە لە سەرمدا پەیدا ببوو بەردەوام لە ژێر چاوەدێریی دوکتوردا بووم و خەریک چارەسەری بووم. تا ئەوەی کە دوکتورەکەم لە هەولێر پێی وتم بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە و نەشتەرگەریی تومۆرەکەت دەبێ بچییە ئەورووپا و لە کوردستان دەرمان ناکرێ، بۆیە بە راوێژ کردن لە گەڵ دەفتەری سیاسیی حیزب و لە سەر ئیجازەی ئەوان رێگای ئەورووپام گرتە بەر و لە وڵاتی بریتانیا گیرسامەوە و دەستم بە چارەسەری کرد. مۆڵەتی مانەوەی من لە دەرەوەی وڵات ٣ مانگ بوو کە بە هۆی درێژەکێشانی پڕۆسەی دەرمانەکەمەوە ئەم ماوەیە لە لایەن دەفتەری سیاسییەوە بۆ ماوەی ٣مانگیتر درێژ کرایەوە، بەڵام بە داخەوە و بە پێی قسەی دوکتورەکان چارەسەریی نەخۆشییەکەی من ماوەیەکی زیاتری پێویست بوو و لە ماوەی دیاریکراودا کۆتایی نەدەهات بۆیە منیش بە ناردنەوەی بەڵگە پزیشکییەکانم هاوڕێیانی دەفتەر سیاسیم لە بارودۆخی خۆم ئاگادار کردەوە. لە لایەکیتریش ئێمە بڕیاری کۆمیتەی ناوەندیمان هەبوو کە هەر ئەندامێکی رێبەری لە کوردستان بە هەر هۆیەک کە سەردانی دەرەوەی وڵات بکات و لە ماوەی دیاریکراودا نەگەڕێتەوە بۆ کوردستان چیتر ناتوانێ ئەندامی رێبەری بێت و ئۆتۆماتیک بەرپرسایەتییەکەی لە دەست دەدا. بۆیە یا دەبوو دەفتەری سیاسیی حیزب و کۆمیتەی ناوەندی لە بەر من ئەو بڕیارە بشکێنێ و پشت گوێ بخات یا ئەوەی کە بڕیاری حیزبی جێبەجێ بکات و من لە ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی لابەرێت، کە بەرپرسیارانە ئاڵتەرناتیڤی دووهەمی هەڵبژارد .

ئێستاش من نەک هەر بەو بڕیارە واتە لابردنم لە ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی دڵگران نیم ، بەڵکوو شانازی بە حیزب وئەندامانی رێبەریی حیزبەکەمەوە دەکەم کە لە بەڕێوەبردنی بڕیاری حیزبیدا پێداگر و شێلگیرن. پێویستە هاوڕێیانی خۆشەویستم ئاگادار بکەمەوە کە بۆ من هیچ شتێک نەگۆڕاوە ،بە شانازییەوە من هەر ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانم و بە هەموو شێوەیەک کە بۆم بلوێ لە خزمەت حیزب و نەتەوەکەمدام، تەنیا ئەوەندەیە کە لە پۆستی کۆمیتەی ناوەندیدا نەماوم ، بەرپرسایەتییەکم لە دەست داوە کە بە هۆی نەخۆشییەوە نەمدەتوانی ئەرکەکانی بەڕێوە بەرم ، کەوابوو شتێکی هێندە سەیروسەمەر رووی نەداوە کە دوژمن و بەکرێگیراوەکانی پێی شادبن.

تەنیا شتێک کە لە کۆتایی ئەم نوسراوەیەدا ماوە بیڵێم ئەوەیە کە سپاسی ئەندامانی رێبەری حیزب و بە تایبەتی دەفتەری سیاسی دەکەم کە لەم ماوەیەدا بە خەمی منەوە بوون و تەنانەت ئەوەندەش کە لە چوارچێوەی پڕەنسیپ و بڕیاری حیزبیدا دەگونجا دەرفەتیان پێدام ، هەروەها داوای لێبووردن لە هەموو هاوڕێیانی حیزبیم بە تایبەتی ئەو کەسانە دەکەم کە لە کۆنگرەدا دەنگی متمانەیان پێدام و ئەرکی رێبەرایەتییان خستە سەرشانم ، چونکە بەداخەوە نەخۆشی بەرۆکی گرتم و دەرەتانی ئەوەی پێ نەدام بەڵێن و ئەرکەکانم لەو پۆستەدا جێبەجێ بکەم.

دیسان سپاس بۆ بە پەرۆش بوون و هەستی دڵسۆزانەتان.

هاوڕێتان

رامبود لوتف‌پوری

٢٩/٧/٢٠١٤

بریتانیا


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی